کارتی ئه‌لیکترۆنیش بازاڕی بۆ په‌یدابوو

4/6/2014 1:04:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
‌نیقاش

بۆ رێکخستنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان‌و رێگری له‌ساخته‌کاری، له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا کارتی ئه‌لکترۆنی ده‌نگدان به‌کارده‌هێنرێت، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و کارته‌ش چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ده‌نگدان بکات‌و ئێستا بازاڕگه‌رمی بۆ دروست بووه‌.
 
له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان که‌ بریار وایه‌ 30ی ئه‌م مانگه‌ (نیسان) به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیه‌که‌مجار کار به‌سیسته‌می کارتی ئه‌لکترۆنی ده‌کرێت، به‌ڵام ئێستا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی سیاسی کڕین‌و فرۆشتن به‌و کارته‌وه‌ ده‌که‌ن تا له‌ده‌نگدان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سوودی لێببینن.
 
کارتی ئه‌لکترۆنی ده‌نگدان کارتێکی پلاستیکییه‌ که‌ ناوی ده‌نگده‌رو زانیارییه‌ پێویسته‌کانی تیا تۆمارکراوه‌و سیمکارتێکی له‌سه‌ره‌ که‌ بڕیار وایه‌ رێی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌نگدان له‌ده‌نگده‌ر بگرێت.

 
له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردوودا له‌عێراق‌و به‌تایبه‌تی له‌هه‌رێمی کوردستان، به‌شێک له‌هاوڵاتیان‌و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌کرد که‌ ده‌نگده‌ر هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی ساخته‌ زیاد له‌جارێک له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێکی دیاریکراو ده‌نگ ده‌دات، چونکه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی پرۆسه‌که‌ی پێ رێکخراوه‌ کۆنه‌و بواری ساخته‌کاری هێشتووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ که‌ کۆمسیۆن ده‌یه‌وێت له‌رێی کارته‌ نوێیه‌که‌وه‌ رێ‌ له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ بگرێت.
 
له‌سه‌ره‌تای مانگی شوباتی رابردووه‌وه‌ کۆمسیۆن ده‌ستی کردووه‌ به‌دابه‌شکردنی ئه‌و کارتانه‌و تائێستا له‌کۆی   21 ملیۆن‌و 503 هه‌زار کارتى ئه‌لیکترۆنى دروستکراوه‌، به‌پێی وته‌ی سیروان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان 16 ملیۆن هاوڵاتی عێراق کارتى ئه‌لیکترۆنى ده‌نگدانی وه‌رگرتووه‌.
 
  هه‌ر به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کۆمسیۆن رێژه‌ی وه‌رگرتنی کارتی ده‌نگدان له‌هه‌رێمی کوردستان له‌به‌شه‌کانی تری عێراق زیاتره‌و پێشبینیشی کرد رێژه‌ی وه‌رگرتنی کارته‌که‌ بۆ 80% به‌رزبێته‌وه‌.
 
رۆژی ده‌نگدان ده‌نگده‌ر مه‌رجه‌ کارته‌ ئه‌لکترۆنییه‌که‌ی پێبێت که‌ له‌پاڵ‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی تری ره‌سمی وه‌ک پیناسی باری شارستانی یان ره‌گه‌زنامه‌ یان پاسپۆرت ده‌نگی پێبدات.
 
ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ناو هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌نگوباسی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی سیاسی ئه‌و کارته‌ به‌نزیکه‌ی 200 دۆلار له‌ده‌نگده‌ر ده‌کڕن‌و پێناسێکی ساخته‌ به‌هه‌مان ناوه‌وه‌ بۆ که‌سێکی تر ده‌رده‌هێنرێت که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌نگ بدات، یاخود کارتی ئه‌و که‌سانه‌ وه‌رده‌گرن که‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌کاری ده‌هێننه‌وه‌.
 
له‌باره‌ی کڕینی ئه‌و کارته‌شه‌وه‌ ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان که‌ نه‌یوست ناوی ئاشکرا بکرێت به‌"نیقاش"ی رایگه‌یاند"کڕینه‌وه‌ی کارتی ئه‌لیکترۆنی ده‌نگده‌ر له‌لایه‌ن هه‌ندێک لایه‌نی سیاسیى راستییه‌کى حاشاهه‌ڵنه‌گره‌و به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌ر ده‌ستدایه‌".
 
به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ئه‌مجاره‌ حیزبه‌که‌ی به‌وردی چاودێری جموجۆڵی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌کات که‌ ساخته‌رکاری له‌و کارته‌دا ده‌که‌ن، باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ لایه‌نێکی سیاسى به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک خۆی ئاماده‌کردوه‌ بۆ ته‌زویرو به‌کارهێنانی نایاسایی ئه‌و کارته‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێک بهێنێت.
 
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ربه‌ست مسته‌فا سه‌رۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌لێدوانێکیدا بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌ی رونکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان گوێیان له‌مه‌سه‌له‌ی کڕین‌و فرۆشتنی ئه‌و کارتانه‌ نه‌بووه‌و پێی وایه‌ کارته‌که‌ به‌رێژه‌یه‌کی به‌رچاو رێده‌گرێت له‌ئه‌نجامدانی ساخته‌کاری‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد له‌سه‌ر کارته‌که‌ سیم کارتێک هه‌یه‌، که‌ داتاى ‏ده‌نگده‌رى له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌، کارته‌که‌ سه‌عات 7 به‌یانى رۆژى 30ى نیسان ده‌که‌وێته‌کار، به‌رده‌وام ده‌بێت تا سه‌عات شه‌شى ئێواره‌ى ‏هه‌مان رۆژ، دواتر له‌کارده‌که‌وێت،  بۆ ماوه‌ى مانگێک ناتوانرێت ده‌نگى پێبدرێته‌وه‌.
 
هه‌رچه‌نده‌ کۆمسیۆن پێداگری ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کارته‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو رێده‌گرێت له‌ساخته‌کاری‌و دووباره‌ ده‌نگدان، به‌ڵام لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان پێیان وایه‌ مادام ئه‌و کارته‌ له‌سه‌ر تۆمارێکی "پیس" دروستکراوه‌، بۆیه‌ بواری ساخته‌کاریی هێشتووه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌و لایه‌نانه‌ مه‌به‌ستیان له‌تۆماری "پیس" ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆماری ده‌نگده‌ران ناوی دووباره‌ی تێدایه‌و چه‌ند ساڵیشه‌ ناوی مردووه‌کان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌.
 
له‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ له‌ 21ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی هه‌رێم‌و ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتارانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان رایانگه‌یاند زیاتر له‌ 90 هه‌زار ناوی دووباره‌ له‌تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ناوی زیاتر له‌170 هه‌زار مردوو نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ رێی تێده‌چێت به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌نگ بدرێت.
 
زمناکۆ جه‌لال ئه‌ندامی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند"دروستکردنی کارتی ئه‌لیکترۆنی له‌سه‌ر بنه‌مای تۆمارێکی پیسه‌ که‌ تیایدا ناوی مردو نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌و ناوی دوباره‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌ها په‌نجه‌مۆری تیا نییه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین کێشه‌ دروست ده‌کات".
 
زمناکۆ جه‌لال وتی "پێویسته‌ کۆمسیۆن سه‌رجه‌م ناوی دوباره‌و مردوو له‌لیستێکدا کۆبکاته‌وه‌‌و ده‌ریان بهێنێت تا بنه‌مای تۆمارێکی پاک‌و بێگرفت دابڕێژێت".
 
له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانی کڕین‌و فرۆشتنی ئه‌و کارتانه‌، ئێستا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌مه‌ودوا ئه‌و کارتانه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی ده‌زگا حکومییه‌کانیش به‌کارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگده‌ر کارتی ده‌نگدانه‌که‌ی نه‌فرۆشێت.
 
سه‌ربه‌ست مسته‌فا سه‌رۆکی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ئه‌و کارته‌ نه‌فه‌وتێنێت لای خۆی هه‌ڵیبگرێت، به‌وته‌ی ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ هیچ بڕیارێکی دیاری کراو نییه‌ بۆ به‌کارهێنانی کارته‌که‌ بۆ مه‌به‌ستی تر، به‌ڵام پێی وایه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردن بڕیارێک ده‌رباره‌ی ئه‌و کارته‌ ده‌ده‌کرێت.
 
رێگه‌یه‌کی تر که‌ پشتی پێبه‌ستراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر بیر له‌فرۆشتنی کارته‌که‌ی نه‌کاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ فه‌توای پیاوانی ئاینی بڵاوده‌کرێته‌وه‌ به‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی کڕین‌و فرۆشتن به‌و کارته‌وه‌ "حه‌رامه‌".
 
 ئه‌حمه‌د حسێن مامۆستای ئاینی پشتگیری بۆچوونی ئه‌و ژماره‌یه‌ک له‌پیاوانی ئاینی تر ده‌کات به‌وه‌ی هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ک به‌و کارته‌وه‌ "حه‌رامه‌"و به‌"نیقاش"ی وت "فرۆشتنه‌وه‌ کارتی ده‌نگدان حه‌رامه‌و ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رى ده‌گرێت له‌به‌رانبه‌ر فرۆشتنی کارته‌که‌، شکاندنی نه‌فسیه‌ت‌و قودسیه‌تی خۆیه‌تی، به‌لای خواوه‌ فرۆشتنی نه‌فس بۆ پاره‌ بێت یان بۆ هه‌ر شتێکی تر حه‌رامه‌و له‌سه‌ری سزا ده‌درێت".
 
ئێستاش نازانرێت ئاخۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌ له‌سه‌ر کارته‌که‌و هه‌موو هه‌وڵه‌کانی تریش رێگری ده‌کات له‌فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و کارتانه‌ یاخود ئه‌وه‌ی به‌دوای ساخته‌دا ده‌گه‌ڕێت، هێشتا فێڵی تری به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌.


زۆرترین خوێندراو