ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌برنج‌و گۆشت

4/18/2014 8:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، نرخی گۆشت له‌به‌سره‌ به‌رزبۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوڵاتیانی نیگه‌ران کردووه‌و هیوا ده‌خوازن زوو له‌ده‌ست هه‌ڵبژاردن رزگاریان ببێت.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی گۆشت‌و خوارده‌مه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌کان په‌یوه‌ندی به‌و داوه‌ته‌ زۆرو زه‌وه‌ندانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ کاندیدو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌ پشتیوانه‌کانیان رێکی ده‌خه‌ن.
 
کازم زایر که‌ مامۆستایه‌کی سه‌ره‌تاییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ زۆربه‌ی کاندیده‌کان پێیان وایه‌ له‌رێی پڕکردنی سکی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ ده‌نگیان پێ کۆده‌کرێته‌وه‌، وتیشى  "هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک ئه‌مه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، کاندیده‌کان به‌برنج‌و گۆشت خه‌ڵکی له‌ده‌وری خۆیان کۆده‌که‌نه‌وه‌".
 
زایر ده‌ڵێت "ئه‌م کاندیدانه‌ پاره‌ی زۆریان پێیه‌و گوێناده‌نێ‌ به‌دڵی خۆیان خه‌رج ده‌که‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵکی هه‌ژارو داهات مامناوه‌ند به‌ئاگری گرانبوونی نرخ ده‌سوتێن، چونکه‌ هیچ لایه‌نێک نییه‌ چاودێری بازاڕ بکات‌و نازانین که‌ی نرخه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ باری جارانیان".
 
پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ داوه‌تکردن شوێنی شێوازه‌کانی پێشووی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگی گرتبێته‌وه‌، چونکه‌ جاران کاندیده‌کان به‌تانی‌و خۆراکیان دابه‌ش ده‌کردو به‌ڵێنیان به‌خه‌ڵک ده‌دا که‌ شوێنی نیشته‌جێبوون‌و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بکه‌ن‌و دایان بمه‌زرێنن، به‌ڵام ئیتر خه‌ڵکی زۆر باوه‌ڕیان به‌و به‌ڵێنانه‌ نه‌مابوو.
 
فرۆشیارانی مه‌ڕوماڵات له‌ناوچه‌ی حه‌ی حوسه‌ینی قه‌زای زوبێر ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ که‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا به‌هۆی خواستی زۆره‌وه‌ نرخی ئاژه‌ڵ‌ به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا په‌نجا به‌رزبووه‌ته‌وه‌.
 
حه‌سه‌ن فه‌لیح یه‌کێک له‌فرۆشیارانی مه‌ڕو ماڵات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌هه‌موو کاتێکی تر بۆ ئه‌وان پڕفرۆشترینه‌‌و ده‌ڵێت "به‌رپرس‌و پاڵێوراوو سه‌رۆک عه‌شیره‌ت‌و بازرگانه‌کان هه‌موویان مه‌ڕوماڵات ده‌کڕن، رۆژ نییه‌ چه‌ند داوه‌تێک رێکنه‌خرێت".
 
فه‌لیح ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێستا نرخی مه‌ڕێک له‌نێوان 300 بۆ 500 هه‌زار دیناردایه‌، له‌کاتێکدا جاران نیوه‌ی ئه‌و نرخه‌ی هه‌بووه‌.
 
محه‌مه‌د واسب که‌ فه‌رمانبه‌رێکه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌نیاز بووه‌ به‌بۆنه‌ی خه‌ته‌نه‌کردنی کوڕه‌که‌یه‌وه‌ مه‌ڕێک سه‌رببڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ گران بووه‌ پێی نه‌کڕاوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "نرخه‌کان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزبووبوونه‌وه‌ ناچاربووین خه‌ته‌نه‌کردنی کوڕه‌که‌مان بۆ پاش هه‌ڵبژاردن دوابخه‌ین".
 
له‌به‌سره‌ 750 کاندید له‌نێو 25 لیستدا کێبڕکێیانه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان، دیارترینیان بریتین له‌لیسته‌کانی ده‌وڵه‌تی یاساو مواتین‌و ئه‌حرارو وه‌ته‌نیه‌و به‌دیل‌و چه‌ند لیستێکی سێبه‌ری گه‌وره‌کانیش.
 
به‌شێک له‌دانیشتوانی ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ژماره‌یه‌ک له‌پاڵێوراوه‌کان بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌داوه‌ته‌کاندا ده‌یانبینن، وه‌ک جاسم محه‌مه‌دی ده‌ستگێڕ ده‌ڵێت "خاوه‌نی حه‌وت منداڵم، ئه‌و داوه‌تانه‌ فرسه‌تێکی باشه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنی ژه‌مێکی چه‌ور، ئه‌وه‌ی من ده‌ستم ده‌که‌وێت له‌کاسپییه‌که‌مدا به‌شی ئه‌وه‌ ناکات مانگی جارێک گۆشتی پێبکڕم".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پاڵێوراوه‌کان ده‌یانه‌وێت به‌داوه‌ت ده‌نگمان بکڕن، ئه‌وانه‌ش که‌ فریای داوه‌ت ناکه‌ون به‌له‌فه‌ دابه‌شی ده‌که‌ن".
 
ئێستا پاڵێوراوه‌کان کێبڕکێیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کامه‌یان زۆرترین مه‌ڕو ماڵات سه‌رده‌بڕێت، له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌بو سالمی قه‌ساب ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ شه‌وو رۆژ به‌رناکه‌وێت‌و ده‌ڵێت "به‌رده‌وام ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌کرێت، ئێستا سێ‌ که‌سی تریشم له‌گه‌ڵه‌ که‌چی فریای سه‌ربڕینی ئه‌و هه‌موو ئاژه‌ڵه‌ ناکه‌وین که‌ له‌داوه‌ته‌کاندا به‌کار ده‌هێنرێن".
 
ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌یره‌ زۆربه‌ی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان فێری یارییه‌که‌ بوون، به‌جۆرێک هه‌ریه‌کێک له‌پاڵێوراوه‌کان سه‌ردانیان بکات دڵی ناشکێنن‌و به‌ڵێنی ده‌نگی پێده‌ده‌ن‌و داوه‌تیشی بۆ رێک ده‌خه‌ن، به‌و هیوایه‌ی پاش ده‌رچوونی کاره‌کانیان نه‌وه‌ستێت.
 
ئه‌م داوه‌تانه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆری گه‌نجان‌و بێکاران، به‌تایبه‌تی بۆ پارێزگایه‌ک که‌ رێژه‌ی بێکاری تیایدا هه‌ڵکشاوه‌.
 
به‌سره‌ 60% یه‌ده‌گی هه‌موو نه‌وتی عێراقی له‌خۆگرتووه‌و رۆژانه‌ یه‌ک ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ ده‌کات، که‌چی به‌پێی قسه‌ی به‌رێوه‌به‌ری ئامار رێژه‌ی هه‌ژاری له‌و پارێزگایه‌دا گه‌یشتووه‌ته‌ 34%.
 
له‌هه‌موو ئه‌و داوه‌تانه‌دا هیچ یه‌کێک له‌پاڵێوراوه‌کان به‌ڵێنی باشکردنی گوزه‌ران به‌ده‌نگده‌رانیان ناده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌پێی قسه‌ی سه‌عید عامری چالاکوانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌و ده‌ڵێت "پێده‌چێت کاندیده‌کان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ کار بکه‌ن که‌ نزیکترین رێگا بۆ گه‌یشتن به‌ده‌نگی ده‌نگده‌ران گه‌ده‌یه‌".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌شێک له‌کاندیده‌کان ته‌نها وه‌ک ژماره‌ له‌خه‌ڵکی ده‌ڕوانن، ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده‌ مه‌ێ‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگدا سه‌رده‌بڕین، له‌کاتێکدا ده‌بوو به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشکه‌وتوویان پێبوایه‌ بۆ ده‌ربازکردنی وڵات له‌م پاشاگه‌ردانییه‌".


سه‌لیم وه‌ززان - به‌سرا 


زۆرترین خوێندراو