پرسى پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق و ململانێى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان

7/20/2014 5:29:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى 8 ساڵه‌ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌یه‌ن کورده‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت له‌ئێستادا ململانێکان له‌سه‌ر ئه‌وپۆسته‌ چڕبۆته‌وه‌ ،له‌کاتێکدا به‌پێى ئیستحقاق و رێکه‌وتنه‌کان ئه‌وپۆسته‌ بۆ کورده‌ ،به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نه‌کانى ترى عێراقه‌وه‌ کاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ راگه‌یه‌ندراوه‌  .

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ که‌ناڵى سۆمه‌رییه‌ى راگه‌یاندووه‌، که‌ 
حه‌نان فه‌ته‌لاوى سیڤى خۆى ناردووه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و یه‌کێکه‌ له‌و کاندیدانه‌ى که‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو رکابه‌رى له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار بکه‌ن.

به‌پێى یاساى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار،پێویسته‌ کاندیدى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار دوو له‌سه‌ر سێ ده‌نگى په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبێنێت.

فه‌ته‌لاوى به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ که‌ به‌رگریکارێکى سه‌رسه‌ختى نورى مالیکى سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌ڕێکه‌رى عێراقه‌، به‌رده‌وامیش لێدوانى تووند له‌ دژى نه‌یارانى مالیکى ده‌دات و له‌ ماوه‌ى رابردووشدا چه‌ندین جار هێرشى کردووه‌ته‌ سه‌ر کورد و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان.



  هه‌روه‌ها پێشتریش هه‌ریه‌ک  له‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌بادى و مه‌هدى حافز سیڤى خۆیان پێشکه‌ش کردوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق و تورکمانه‌کانیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ کاندیدى خۆیان هه‌بووه‌ .

 له‌لاى خۆشیه‌وه‌ په‌رله‌منتار ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌بادى جه‌ختى کردوه‌ گرفته‌ مه‌زهه‌بیه‌کان و ململانێى حزبى عێراقى گه‌یاندۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ خراپه‌ى ئێستا و له‌ هه‌مان کاتیشدا داویکرد کاندیده‌کان له‌سه‌ر تواناو لێهاتویى و خۆشه‌ ویستى نیشتمان ململانێى یه‌کترى بکه‌ن و پیشنیاریکرد له‌ پێکهێنانى حکومه‌تى ئاینده‌ى عێراقدا وه‌زاره‌تێک سه‌باره‌ت به‌دیاریکردنى کاندیده‌کان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌کان دروستبکرێت تاکو ڕێگه‌ بگرێت له‌ دابه‌شبوونى عێراق .

ئه‌مه‌جگه‌ له‌ فه‌تلاوى ژماره‌یه‌کى تر له‌ کاندیه‌کانى کوتله‌ جیاوازه‌کان خۆیان کاندید کردوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار به‌پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردنه‌کان پۆستى سه‌رۆک کۆمار پۆستى لایه‌نى کوردییه‌ و دواین جار نورى مالیکى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق جه‌ختى له‌ سه‌ر وه‌رگرتى ئه‌و پۆسته‌ کردۆته‌وه‌ له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌ .

هاوکات  موحسین سه‌عدون ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق پشکى کورده‌ و زۆربه‌ى لایه‌نه‌کان کۆکن له‌ سه‌ر وه‌رگرتى ئه‌و پۆسته‌ و به‌هیچ جۆرێک سازش ناکه‌ین ئه‌و پۆسته‌ هیچ لایه‌نێک یان پێکهاته‌یه‌کى تر وه‌ریبگرێت.

 شایه‌نى باسه‌ تا ئَیستا لایه‌نه‌ کوردیییه‌کان به‌تایبه‌تیش یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ سه‌ر دیاریکردنى کاندیدێک بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ڕیک نه‌که‌وتون.


زۆرترین خوێندراو