داعشی ئه‌سڵی‌و داعشی چینی

8/8/2014 6:07:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش   

پێده‌چێت له‌مه‌ زیاتر گروپی چه‌کداره‌کانی ئه‌و ناوچه‌نه‌ی له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی داعشدان نه‌توانن ناکۆکییه‌کانیان بشارنه‌وه‌و ئێستا ململانێی نێوانیان بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، شه‌ڕی ساردی تێپه‌ڕاندوه‌و به‌قسه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقیش بێت باڵێک له‌هه‌وڵدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌داعش جیابنه‌وه‌، به‌ڵام شکستیان هێناوه‌.
 

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی داعش شوێنپێی خۆی له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین‌و خوارووی که‌رکوک قایمکرد، ئیتر ئه‌و گروپه‌ چه‌ند راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد ده‌بێت هه‌موو ده‌سته‌و تاقمه‌ چه‌کدارییه‌کان به‌یعه‌تی ئه‌بو به‌کر به‌غدادی "خه‌لیفه‌"ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بکه‌ن، که‌چی له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند هێزێک به‌و فه‌رمانه‌ رازی نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئێستا له‌ناوخۆی ئه‌و گروپه‌دا ده‌یان چه‌کدار له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ده‌سته‌یه‌کی تر پێکبهێنن‌و خۆیان له‌فه‌رمانه‌کانی به‌غدادی وه‌لا بنێن.
 
به‌پێى زانیاریه‌کانی "نیقاش" که‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی باڵای ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقه‌وه‌ ده‌ستی که‌وتوه‌، ئێستا له‌پارێزگای نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دین‌و قه‌زای حه‌ویجه‌ نۆ گروپی چه‌کداری چالاکییان هه‌یه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌: گروپی نه‌قشبه‌ندی که‌ به‌باڵی چه‌کداری حزبی به‌عس ناسراوه‌، ئه‌نسارسوننه‌، ڕێکخراوی سه‌ربازی شۆڕگێران، ئه‌نجومه‌نی چه‌کداری سه‌رۆک هۆزه‌کان، سوپاى موجاهدین، سوپای عه‌شایه‌ری له‌نه‌ینه‌واو حه‌ویجه‌، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق‌و شام، گروپی جیهادی سه‌له‌فیه‌ت، به‌ڵام له‌ناویاندا داعش باڵاسته‌و ئه‌وه‌نیتری ناچار کردووه‌ بچنه‌ ژێر رکێفی فه‌رمانه‌کانیه‌وه‌.
 
له‌دوای رۆژی 6ی حوزه‌یرانه‌وه‌ عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌کانی خوارووی که‌رکوک رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌و پێنج ناحیه‌ی قه‌زاکه‌ (زاب، عه‌باسی، ره‌شاد، ریاز، مولته‌قا) بکه‌وێته‌ ده‌ست داعش، چونکه‌ چه‌کدارانی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ وه‌ک شانه‌ی نوستوو کاریان بۆ داعش ده‌کرد‌و له‌گه‌ڵ‌ نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ گورزی خۆیان وه‌شاندوو ناوچه‌که‌یان کۆنترۆڵکرد، له‌وه‌ به‌دواوه‌ چه‌کدارانی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ وه‌ک چه‌کداری داعش ناسێنران‌و بونه‌ به‌شێک له‌سیسته‌می سه‌ربازی ئه‌و گروپه‌.
 
هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن چه‌کداره‌ کۆنه‌کانی داعش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م چه‌کداره‌ نوێیانه‌دا متمانه‌یه‌کی ته‌واو له‌نێوانیاندا نییه‌، چونکه‌ چه‌کداره‌ کۆنه‌کان پێیان وایه‌ ئه‌مانه‌ی تازه‌ چوونه‌ته‌ گروپه‌که‌وه‌ داعشی راسته‌قینه‌ نین‌و به‌رژه‌وندی کۆیکردوونه‌ته‌وه‌، چه‌کداره‌ نوێیه‌کانیش له‌گه‌ڵ‌ سیاسه‌تی پێ‌ له‌زه‌برو زه‌نگی داعشدا هه‌ڵناکه‌ن‌و نایانه‌وێت کت‌و مت هه‌موو فه‌رمانه‌کان جێبه‌جێ‌ بکه‌ن.
 
ئه‌فسه‌رێکی پله‌باڵای ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌که‌رکوک که‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "له‌دوای ئه‌وه‌ی داعش فه‌رمانیداوه‌ سه‌رجه‌م گروپه‌ چه‌کداره‌کانی تر له‌ژێر ئاڵاکه‌ی ئه‌ودا کۆببنه‌وه‌، ئێستا له‌ناوخۆی ئه‌و گروپه‌و له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌کانی تریشدا ناکۆکی سه‌ریهه‌ڵداوه‌.
 
ئه‌فسه‌ره‌که‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌که‌رکوک ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "سه‌رۆک هۆزه‌کانی حه‌ویجه‌ که‌ خۆیان داوه‌ته‌ پاڵ چه‌کدارانی داعش داوایان له‌والی قه‌زای حه‌ویجه‌ کردووه‌ ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕابگه‌یه‌نێت تاکو ڕێگای نێوان که‌رکوک-حه‌ویجه‌ بکرێته‌وه‌، به‌ڵام والی ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ئه‌و داواکاریه‌ن کردووه‌ به‌خائین ناوی هێناون، به‌م هۆیه‌وه‌ بارگرژی که‌وتووه‌ته‌ نێوانیان".
 
به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شریتی رووداوه‌کان ئه‌وه‌ روونده‌بێته‌وه‌ که‌ ناکۆکی نێوان داعش‌و سه‌رۆک هۆزه‌کان له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌کردووه‌، به‌ڵکو مێژوویه‌کی کۆنتری هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر چه‌کداره‌ جیهادیه‌کانی داعش که‌ به‌ڕه‌گه‌ز مه‌غریبی جه‌زائیرو ئه‌فغانی‌و چیچانین، هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر ماڵی سه‌رۆک هۆزی عوبه‌یدو ماڵه‌که‌یان سوتاندووه‌، هه‌روه‌ها شێخ مونزر عه‌بدوڵا که‌ یه‌کێک له‌که‌سایه‌تیه‌ دیاره‌کانی عه‌شیره‌تی عوبێد ڕفێنراوه‌، دوای ئه‌ویش ماڵی شێخ عیسا موحسین که‌سایه‌تی دیاری عه‌شیره‌تی جبوریان ته‌قانده‌وه‌.
 
به‌وته‌ی ئه‌فسه‌ره‌که‌ی ده‌زگای هه‌وڵگری عێراق هۆکاری په‌لاماره‌کانی چه‌کداره‌ جیهادیه‌کانی داعش به‌رانبه‌ر به‌و که‌سایه‌تیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ داوایانکردوه‌ داعش په‌لاماره‌کانی به‌رانبه‌ر به‌سیاسه‌تی مالیکی  توندتر بکاته‌وه‌و ئاگربه‌ستیش له‌گه‌ڵ کورد ڕابگه‌یه‌نێت.
 
به‌هۆی پێکهاته‌ی عه‌شایه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌، چه‌کدارانی عه‌شیره‌ته‌کان که‌ ئێستا له‌ناو داعشدان، زیاتر وه‌لایان بۆ عه‌شیره‌ته‌کانی خۆیان هه‌یه‌ نه‌ک داعش، بۆیه‌ له‌دروستبوونی هه‌ر ناکۆکییه‌کدا لای عه‌شیره‌ته‌که‌یان هه‌ڵده‌بژێرن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌وڵی جیابوونه‌وه‌ له‌ناو داعشدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا وه‌ک گاڵته‌جاڕییه‌ک ناوی چه‌کداره‌کانیان جیا کردووه‌ته‌وه‌، به‌چه‌کداره‌ کۆنه‌کانی داعش ده‌ڵێن "داعشی ئه‌سڵی"‌و به‌و چه‌کدارانه‌ش که‌ له‌عه‌شیره‌ته‌کانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ پاڵ‌ داعش ده‌ڵێن "داعشی چینی" به‌و مایه‌ی کوالێتییه‌که‌یان باش نییه‌و وه‌ک ئه‌وانی تر ره‌سه‌ن نین.
 
نیقاش له‌ڕێگای چه‌ند سه‌رۆک هۆزێکی قه‌زای حه‌ویجه‌وه‌ زانیویه‌تی ژماره‌یه‌ک سه‌رۆک هۆز له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌ی سه‌ر به‌عه‌شیره‌ته‌کانی جبوری‌و جومه‌یلی‌و تیره‌ی به‌گاره‌و ته‌میمی بوون‌و له‌ڕیزه‌کانی داعشدا بوون، چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون له‌داعش جیاببنه‌وه‌و له‌ژێر ناوی "ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق" درێژه‌ به‌کاری چه‌کداری بده‌ن‌و دادوه‌ر سه‌باح سلیمان دادوه‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ى دادگای حه‌ویجه‌ بکرێته‌ سه‌رپه‌رشتیاریان.
 
پلانی ئه‌م گروپه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌پاش جیابوونه‌وه‌یان سێ‌ داواکاری فه‌رمی رابگه‌یه‌نن، ئه‌وانیش: کردنه‌وه‌ی ڕێگای که‌رکوک - حه‌ویجه‌و ئازادکردنی دیله‌کانی سه‌حوه‌و پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌لای داعشن، له‌گه‌ڵ‌ په‌یداکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی قه‌زای حه‌ویجه‌، به‌ڵام به‌هۆی دزه‌کردنی زانیارییه‌وه‌ داعش به‌هه‌وڵه‌که‌ی زانیووه‌و هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر ماڵی دادوه‌ر سه‌باح‌و 7 له‌هاوه‌ڵه‌کانی ڕفێندران بۆ شوێنێکی نادیار.
 
به‌وته‌ی ئه‌فسه‌رێکی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق بۆ "نیقاش" جگه‌ له‌و هه‌وڵه‌ له‌ناو داعشدا چه‌ند گروپێکی تر هه‌ن ده‌یانه‌وێت جیاببنه‌وه‌و ده‌سته‌ی نوێ‌ پێکبهێنن، به‌ڵام له‌دوای ئاشکرابوونی ئه‌و هه‌وڵه‌وه‌، هیچیان ناوێرن هه‌نگاو به‌و ئاراسته‌یه‌ بنێن.
 
داعش له‌رووی میدیاییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژاردوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵێکی له‌و شێوه‌یه‌ به‌درۆ بخاته‌وه‌، هه‌رزوو له‌سه‌ر په‌یجه‌که‌ی خۆیان له‌تویته‌ر که‌وتنه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ک که‌ تیایدا ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌کانی حه‌ویجه‌ ده‌رده‌که‌ون که‌ پشتیوانی بۆ داعش ده‌رده‌بڕن‌و گوایه‌ به‌یعه‌ت ده‌ده‌ن که‌ پشتیوانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی بکه‌ن.
 
له‌و وێنانه‌دا چه‌ند سه‌رۆک هۆزێک به‌جلوبه‌رگی عه‌ره‌ب ده‌رکه‌وتون که‌ گوێڕایه‌ڵی والی قه‌زای حه‌ویجه‌ ده‌که‌ن  به‌ڵام به‌وته‌ی مه‌حمود ئیبراهیم خه‌ڵه‌ف سه‌رۆکی هۆزی به‌گاره‌ له‌قه‌زای حه‌ویجه‌ (55 کم له‌باشوری رۆژئاوای که‌رکوک) "سه‌رۆک هۆزه‌کانی حه‌ویجه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌یعه‌تکردنی به‌غدادیان بۆ ئه‌نجامدانی کاری جیهادی ڕه‌تکردۆته‌وه‌".
 
ئه‌و سه‌رۆک هۆزه‌ی به‌گاره‌ بۆ "نیقاش" ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ ژماره‌یه‌ک سه‌رۆک هۆز له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان گروپێکی چه‌کداری بۆ به‌رگریکردن له‌خۆیان دوست بکه‌ن، به‌ڵام داعش ده‌یه‌وێت بیخاته‌ ژێر رکێفى خۆیه‌وه‌ که‌ ئێستا باڵاترین گروپی چه‌کداریه‌ له‌قه‌زای حه‌ویجه‌".
 
به‌قسه‌ی سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریش بێت له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا داعش به‌م تۆکمه‌ییه‌ی ئێستا نامێنێته‌وه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی ئه‌و چه‌کداره‌ نوێیانه‌ی چوونه‌ته‌ پاڵی ورده‌ ورده‌ پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن‌و ده‌شزانن داعش لێیان خۆش نابێت، بۆیه‌ جگه‌ له‌چه‌کگرتنه‌ ده‌ست‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش یان جێهێشتنی ناوچه‌که‌، هیچ چاره‌یه‌کی تریان نابێت.

ئا : شاڵاو محه‌ممه‌د  
 
 

 


زۆرترین خوێندراو