مالیکی ماڵێکی وێران بۆ عه‌بادی جێده‌هێڵێت

8/17/2014 1:05:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

نێوه‌ڕۆی دووشه‌ممه‌ی رابردوو فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆماری عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رکرده‌ی حیزبی ده‌عوه‌ی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت راسپارد، ئه‌مه‌ش دوا واده‌بوو له‌به‌رده‌م سه‌ره‌ک کۆماردا مابوو بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک بۆ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران راپسپێرێت.
 
عه‌بادی ده‌بێته‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی پێنجه‌مین حکومه‌تی عێراقی له‌پاش ساڵی 2003وه‌‌و به‌ر له‌چه‌ند رۆژێکیش وه‌کو جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا.
 
له‌ماده‌ی 76ی ده‌ستوردا هاتووه‌ "سه‌ره‌ک کۆمار پاش 15 رۆژ له‌ده‌ستبه‌کاربوونی، پاڵێوراوی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی بۆ پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راده‌سپێرێت".
 
رۆژی 11ی مانگی رابردوو سه‌رۆک کۆمار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا، ده‌بوو رۆژی 26ی هه‌مان مانگ که‌سێک بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت راپسپێردرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین کوتله‌ نه‌یتوانی له‌و واده‌یه‌دا پاڵێوراوێک ئاماده‌ بکات، به‌فێڵێکی نایاسایی واده‌که‌ درێژکرایه‌وه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ کرا که‌ رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زان وه‌ک پشوو هه‌ژمار ده‌کرێت‌و ناچێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و واده‌یه‌وه‌ که‌ له‌به‌رده‌ست سه‌رۆک کۆماردایه‌.
 
تائێستا ناوه‌ڕۆکی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ نهێنییه‌ روون نییه‌ که‌ چۆن له‌بری مالیکی، حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپێردرا، ته‌نانه‌ت پێده‌چێت مالیکی خۆیشی تووشی سه‌رسوڕمان بووبێت، چونکه‌ له‌رێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌و له‌گرته‌یه‌کی سێ‌ خوله‌کیدا له‌پڕ سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆک وه‌زیران‌و چه‌ند که‌سێکی تر ده‌رکه‌وتن، ئه‌وه‌ش کاتی راسپاردنی عه‌بادی بوو.
 
ده‌وڵه‌تی یاسا که‌ خۆی ساڵی 2009 یه‌که‌مین جیابوونه‌وه‌ی له‌ناو هاوپه‌یمانێتی شیعه‌دا دروستکرد، ئێستا بۆخۆی پارچه‌بووه‌، گروپێک پشتیوانی عه‌بادی ده‌که‌ن‌و ده‌سته‌یه‌کیش هێشتا له‌ریزی مالیکیدان.
 
عه‌بادی توانی 38 په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا به‌لای خۆیدا رابکێشێت، هه‌رزوو ره‌وتی سه‌در به‌ 34 په‌رله‌مانتارو مواتین به‌ 31 په‌رله‌مانتارو موسته‌قیلون به‌ 12 په‌رله‌مانتارو ره‌وتی ئیسلاح‌و فه‌زیله‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌شه‌ش په‌رله‌مانتار چوونه‌ پاڵی، به‌م پێیه‌ش 127 کورسی شیعه‌ پاڵپشتی عه‌بادییان کرد، دوای ئه‌وانیش 70 په‌رله‌مانتاری سوننه‌و 63 په‌رله‌مانتاری کورد هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بوو، له‌کاتێکدا سه‌رۆک وه‌زیران بۆ پێکهێنانی کابینه‌که‌ی 165 کورسی پێویسته‌.
 
هه‌ندێ‌ له‌سیناریۆکان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌دوا ساته‌کاندا کوده‌تایه‌کی ناوخۆیی له‌حیزبی ده‌عوه‌دا روویداوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پشتیوانی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی که‌ تائێستاش په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر باشی له‌گه‌ڵ‌ سه‌رکرده‌کانی ده‌عوه‌دا هه‌یه‌و ئه‌و بڕوای پێهێناون که‌ پشت بکه‌نه‌ مالیکی‌و پشتیوانی عه‌بادی بکه‌ن.
 
سیناریۆیه‌کی تر باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ریکا توانیوێتی بڕوا به‌ئێران بهێنێت که‌ مانه‌وه‌ی مالیکی مانای ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا ده‌که‌وێته‌ ده‌ست داعش، هاوکات داوای له‌ئێران کردووه‌ که‌ مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌ رازی بکات به‌وه‌ی پشتیوانی عه‌بادی بکه‌ن‌و پشت بکه‌نه‌ مالیکی، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ به‌هاوکاری ئیبراهیم جه‌عفه‌ری کراوه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌سیاسه‌تمه‌داره‌ شیعه‌ دیارو ده‌ست رۆیشتووه‌کان.
 
پاڵپشتی گه‌وره‌ی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی
هێشتا چه‌ند کاتژمێرێک به‌سه‌ر راسپاردنی عه‌بادیدا تێپه‌ڕ نه‌بووبوو هه‌رزوو پاڵپشتی نێوده‌ڵه‌تی‌و ناوخۆیی گه‌وره‌ بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی راسپێردراو خرایه‌ روون، ئه‌مه‌ش به‌روونی ئه‌وه‌ی ده‌رخست که‌ چه‌نده‌ مالیکی بێزراو بووه‌، چونکه‌ هه‌رچه‌نده‌ عه‌بادی شیعه‌یه‌و له‌هه‌مان حزبی مالیکییه‌ که‌چی به‌و به‌هێزییه‌ پشتیوانی ده‌کرێت.
 
عه‌لی شمخانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی که‌ نوێنه‌ری عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌ رایگه‌یاند "کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی ره‌وتی یاسایی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق ده‌کات.
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا پێشوازی له‌راسپاردنی عه‌بادی کرد بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌ که‌ له‌ویلایه‌تی ماساچۆسی خوێندیه‌وه‌ رایگه‌یاند "پێشوازی له‌دیاریکردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ‌ ده‌که‌م، عێراقییه‌کان هه‌نگاوێکی ئیجابیان هه‌ڵهێنا".
 
یه‌کێتی ئه‌وروپاش به‌هه‌مان شێوه‌ پێشوازی له‌هه‌نگاوه‌که‌ کردو له‌به‌یاننامه‌یه‌کیدا هاتبوو "پێشوازی له‌بڕیاری سه‌رۆک کۆمار فواد مه‌عسوم ده‌که‌ین به‌راسپاردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ سه‌رۆک وه‌زیران".
 
عه‌بدوڵا بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای سعودییه‌ پیرۆزبایی له‌و هه‌نگاوه‌ کردوو هیوای خواست "عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو جیهانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی".
 
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش "یه‌کێتی هێزه‌ نیشتیمانییه‌کان" که‌ سه‌رجه‌م حزبه‌ سوننییه‌کان له‌خۆده‌گرێت پێشوازی له‌راسپاردنی عه‌بادی کردوو رایانگه‌یاند ئه‌و راسپاردنه‌ "هیوای گۆڕانکاری ده‌بوژێنێته‌وه‌" ئاماژه‌یان به‌وه‌ش کرد که‌ پشتیوانی عه‌بادی ده‌که‌ن‌و دانوستان له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانێتی شیعه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ‌، میلیشیای "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و موقته‌دا سه‌در به‌هه‌مان شێوه‌ پاڵپشتی خۆیان راگه‌یاند.
 
له‌ساڵی 2003وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ پاڵێوراوێکی سه‌رۆک وه‌زیران هێنده‌ی عه‌بادی پاڵپشتی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و له‌بواری سیاسییدا زۆر شاره‌زا نییه‌، به‌ڵام پشتیوانییه‌کان هانی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باری گرانی سه‌رشانی که‌مێک سووک بێت.
 
یه‌که‌مین ئاسته‌نگ که‌ دێته‌ به‌رده‌م عه‌بادی ئه‌وه‌یه‌ مالیکی رازی نییه‌ ده‌سه‌ڵات راده‌ست بکات، ئه‌مه‌شی به‌روونی له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ‌ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانی سوپاو پۆلیس راگه‌یاند‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌ستوری پێشێل کردووه‌و دادگای فیدراڵیش نه‌یتوانیوه‌ به‌کاری خۆی هه‌ڵبستێت.
 
له‌رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ به‌رده‌وام لایه‌نگرانی مالیکی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی به‌غداو خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و داوای مانه‌وه‌ی مالیکی ده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ ژماره‌یان له‌چه‌ند سه‌د که‌سێک تێپه‌ڕ ناکات‌و ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن هاوشێوه‌ی سیناریۆیی لایه‌نگرانی محه‌مه‌د مورسییه‌ له‌میسر.
 
جگه‌ له‌مه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ‌ ئه‌گه‌ر عه‌بادی بێت یان هه‌ر که‌سێکی تر چه‌ندین دۆسێی ئاڵۆزی ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئابوری له‌به‌رده‌ستدایه‌و ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێک یان چه‌ند ساڵێکی بوێت بۆ چاره‌سه‌ریان.
 
داعش‌و میلیشیاکان
رێکخراوی داعش گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر حکومه‌تی نوێی عێراق که‌ ئێستا یه‌ک له‌سه‌ر سێی خاکی عێراقی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌باکوره‌وه‌ به‌موسڵ‌ ده‌ست پێده‌کات‌و له‌خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ دیاله‌و له‌خۆرئاواوه‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبار، تائێستاش سوپا نه‌یتوانیوه‌ یه‌ک بستی ئه‌و خاکه‌ به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌.
 
شوان ته‌ها ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "هێزه‌کانی عێراق ناتوانن به‌ته‌نها رووبه‌رووی داعش ببنه‌وه‌، پاڵپشتی ئه‌مه‌ریکاو هه‌وڵی سیاسییان پێویسته‌".
 
سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ بڕوا به‌ئه‌مه‌ریکا بهێنێت که‌ وه‌ک چۆن پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن ئاوهاش پشتیوانی سوپا بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا پێشتر ره‌تیکردبۆوه‌ هاوکاری مالیکی بکات.
 
حکومه‌تی نوێ‌ ده‌بێت چاو به‌په‌یکه‌ری سوپادا بخشێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی له‌به‌ره‌نجامی پاشه‌کشه‌ی له‌موسڵ‌‌و تکریت له‌رۆژی 10ی حوزه‌یران ده‌رکه‌وت ئه‌و سوپایه‌ چه‌نده‌ فشۆڵ‌‌و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه‌، هه‌روه‌ک ده‌بێت به‌پلانی ئه‌منیشدا بچێته‌وه‌.
 
گرفتێکی تری به‌رده‌م عه‌بادی، میلیشیا شیعه‌کانه‌، ئێستا پێنج میلیشیای جیاوازی شیعه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌ چالاکن، به‌ڵام دیارترینیان عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌قه‌ که‌ ترسێکی زۆری له‌دڵی دانیشتوانی به‌غدا دروستکردووه‌و له‌ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌کانی ئه‌نبارو تکریت‌و باکورو باشووری به‌غدا کاری تایفی ده‌کات.
 
مالیکی به‌رده‌وام پشتیوانی ئه‌م میلیشیایانه‌ی ده‌کردو پاره‌و چه‌ک‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌دانێ‌، خه‌ڵکیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن حکومه‌تی نوێ‌ به‌بێ‌ مالیکی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م میلیشیایانه‌ چۆن ده‌بێت.
 
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "نیقاش" که‌وتووه‌ سه‌رکرده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌ سونییه‌کانی وه‌ک "سوپای ئیسلامی"‌و "سوپای راشیدین"و "ته‌ریقه‌ی نه‌قشبه‌ندی" نامه‌یان بۆ به‌رپرسانی شیعه‌ ناردووه‌و پێیان راگه‌یاندوون ئاماده‌ن له‌دوای رۆیشتنی مالیکییه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.
 
مه‌رجی ئه‌م هێزانه‌ش ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ سوپا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌ سوننه‌نشینه‌کان، له‌به‌رامبه‌ردا خۆیان به‌ڵێن ده‌ده‌ن که‌ داعش له‌و شارانه‌ ده‌ر بپه‌ڕێننه‌ ده‌ره‌وه‌، زانیارییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌ سوپای ئه‌مه‌ریکاش له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی هاوشێوه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌شاره‌ سوننه‌نشینه‌کان دروست بکات.
 
ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوننه‌و کورد
له‌رووی سیاسییه‌وه‌ کێشه‌ گه‌لێکی زۆرو زه‌وه‌ند له‌به‌رده‌م سه‌رۆک وه‌زیراندایه‌، له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ دۆسێی ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ کوردو سوننه‌کان که‌ به‌ده‌ست تاکڕه‌وی مالیکییه‌وه‌ گیرۆده‌ بووبوون، کورد داوا ده‌کات ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ی بۆ بگێڕدرێته‌وه‌ که‌ مالیکی به‌هۆکاری سیاسی بڕیبووی، هه‌روه‌ها گرفتی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شاری که‌رکوکه‌ که‌ ناوچه‌یه‌کی جێناکۆکه‌و له‌پاش کشانه‌وه‌ی سوپای عێراقه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌.
 
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌سوننه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ روونه‌ که‌ زۆربه‌ی شاره‌ سونییه‌کان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ‌ مالیکی هه‌بوو، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیداری‌و ئه‌منییه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندبوونه‌وه‌، مالیکی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌رکرده‌ سونییه‌کان ده‌کرد که‌ رووبه‌رووی دادگایان ده‌کاته‌وه‌و ده‌ستگیر ده‌کرێن، یه‌کێک له‌دیاترین ئه‌و سه‌رکردانه‌ش رافیع عیساوی وه‌زیری دارایی بوو که‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌، ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌کرێت که‌ ئه‌حمه‌د عه‌لوانی په‌رله‌مانتاری سوننه‌ تائێستا له‌یه‌کێک له‌گرتووخانه‌کانی ناوچه‌ی سه‌وزدایه‌و ماوه‌یه‌کی زۆریشه‌ تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆک کۆماری پێشوو له‌ده‌ست پێنج حوکمی دادگایی بۆ له‌سێداره‌دانی هه‌ڵهاتووه‌و ئێستا له‌تورکیایه‌.
 
له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ماوه‌ی حوکمی مالیکی هیچی له‌سه‌ر ناوترێت ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت له‌رووی دیبلۆماسییه‌وه‌ شکستخواردوو بووه‌، مالیکی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا هێرشی کرده‌ سه‌ر سعودیه‌و تورکیاو ئه‌رده‌ن‌و تاوانباری کردن به‌وه‌ی پاڵپشتی گروپه‌ جیهادییه‌ توندڕه‌وه‌کان‌و ئه‌ندامانی حزبی به‌عس ده‌که‌ن، هه‌روه‌ک کاتێک له‌روسیا نزیکبووه‌وه‌ بۆ کڕینی چه‌ک به‌ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عێراق‌و ئه‌مه‌ریکای شێواند.
 
باری خراپی ئابوری‌و گه‌نده‌ڵی
ره‌نگه‌ هیچ یه‌کێک له‌کێشه‌کانی تر وه‌کو دۆسێی ئابووری بۆ سه‌رۆک وه‌زیران زه‌حمه‌ت نه‌بێت، ئێستا رێژه‌ی کورتهێنانی بودجه‌ی عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 30%، هه‌روه‌ک ئاستی نه‌ختینه‌که‌ی له‌سندوقی گه‌شه‌پێدانی عێراق دابه‌زیوه‌، ئه‌و سندوقه‌ی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ بۆ پاڵپشتی عێراق پێکهێنرابوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌تا ئێستا بودجه‌ی ئه‌مساڵ‌ بڕیاری لێنه‌دراوه‌، له‌کاتێکدا په‌رله‌مان خۆی بۆ بودجه‌ی ساڵی داهاتوو ئاماده‌ ده‌کات.
 
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح که‌ پسپۆڕێکی ئابورییه‌ له‌مڕووه‌ به‌"نیقاش"ی وت "عێراق ساڵانی 2012و 2013 بڕی 18 ملیار دۆلاری له‌سندوقی گه‌شه‌پێدان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا دابه‌زیوه‌ بۆ پێنج ملیار دۆلار".
 
کاری سندوقی گه‌شه‌پێدانی عێراق ئه‌وه‌ بوو هه‌ر کورتهێنانێک چاره‌سه‌ر بکات که‌ رووبه‌رووی عێراق ده‌بێته‌وه‌، هه‌تا پاره‌ی ئه‌و سندوقه‌ش که‌م بکات ئاستی کورتهێنان‌و رێژه‌ی کێشه‌ ئابورییه‌کان روو له‌هه‌ڵکشانه‌.
 
نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی وت "رێژه‌ی کورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 30%، هه‌روه‌ک دواکه‌وتن له‌په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی حکومه‌ت به‌بێ‌ هیچ چاودێریه‌ک بڕێکی زۆری پاره‌ خه‌رج بکات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شه‌ڕی داعش به‌شێکی زۆری پاره‌ی عێراقی برد".
 
له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ هه‌تا ئێستا مالیکی ئاماده‌نییه‌ حیسابی خیتامی ساڵانه‌ بداته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربکه‌وێت خه‌رجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت چه‌ند بووه‌، زۆربه‌ی جاریش بیانووه‌که‌ی حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ کێشه‌ی ته‌کنیکی هه‌یه‌، یان خه‌تای دواکه‌وتووی سیسته‌می ژمێریاری وه‌زاره‌ته‌کانه‌.
 
رێکخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌راپۆرتی ساڵی 2013دا له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهانه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ عێراق ریزبه‌ندی یه‌که‌می لیسته‌که‌ی گرتووه‌و له‌دوای ئه‌وه‌وه‌ سۆماڵ‌‌و سۆدان‌و لیبیاو سوریا دێت.
 
خالید عانی شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتوو ره‌نگه‌ هه‌ر چوار ساڵه‌که‌ی ته‌مه‌نی سه‌رۆکایه‌تی خۆی ته‌واو بکات، هێشتا به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بێت بۆ ئه‌و کێشانه‌ی مالیکی خولقاندوونی"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "مالیکی چه‌ندین دوژمنایه‌تی دروستکردووه‌و کێشه‌ی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، کاری شوێنگره‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هه‌موویان چاره‌ بکات".

موسته‌فا حه‌بیب  


زۆرترین خوێندراو