به‌سره‌ داوای وه‌زاره‌تی سیادی ده‌کات

9/3/2014 4:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش   

ناوه‌ ناوه‌ خه‌ڵکی به‌سره‌و به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌ ده‌نگیان لێ‌ به‌رز ده‌بێـه‌وه‌و داوا ده‌که‌ن له‌ناو وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌کاندا یه‌کیان بۆ به‌سره‌ بێت، به‌ڵام تائێستا ئه‌و داوایه‌یان گوێی لێنه‌گیراوه‌.
  
به‌سره‌ که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگای عێراقه‌ له‌رووی نه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی تائێستا له‌حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کان به‌ریکه‌وتووه‌ ته‌نها 5% پۆسته‌ حکومییه‌کانه‌، ئه‌مه‌ش له‌ئاست خواستی خه‌ڵکی شاره‌که‌دا نییه‌.
 
هاشم لعێبی راگه‌یاندکار که‌ له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ کارده‌کات له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌سره‌ ئیستیحقاقی ده‌ستوری خۆی نه‌دراوه‌تێ‌، له‌کاتێکدا گه‌وره‌ترین رۆڵی هه‌یه‌ له‌ئابوری عێراقدا به‌تایبه‌تی له‌رووی نه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌روازه‌ ئاوییه‌کانی لێ کۆبوونه‌ته‌وه‌و هاوسنوری کوه‌یت‌و ئێرانه‌".
 
هاشم باس له‌وه‌ش ده‌کات ئه‌و پارێزگایه‌ به‌چوار ملیۆن دانیشتوانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی سێ‌ ده‌یه‌ی رابردوودا کوشته‌ی ده‌ستی شه‌ڕو ململانێکان بووه‌‌و له‌وه‌شدا قه‌ره‌بوو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.
 
دانیشتوان‌و به‌رپرسانی شاره‌که‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن تایبه‌تمه‌ندی به‌سره‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت له‌دابه‌شکردنی پۆسته‌کاندا، بۆیه‌ داوای وه‌زاره‌ته‌کانی نه‌وت‌و گواستنه‌وه‌و جێگری سه‌ره‌ک کۆمار ده‌که‌ن، به‌و پێیه‌ی پارێزگاکه‌یان گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی نه‌وته‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌کانی له‌سه‌ره‌.
 
وا نه‌بێت ئه‌م داواکارییه‌ نوێ بێت، چه‌ند جارێکه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێکهێنانی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کاندا دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی که‌س گوێیان لێبگرێت، ئه‌وه‌ی تائێستا به‌به‌سره‌ بڕاوه‌ ته‌نها وه‌زیری ده‌وڵه‌ته‌ بۆ کاروباری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، که‌ ئه‌وه‌ش پۆستێکه‌ نه‌ سیادییه‌و نه‌ خزمه‌تگوزاری، پێناچێت له‌م حکومه‌ته‌ نوێیه‌شدا چانسی گه‌وره‌یان هه‌بێت.
 
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و داواکارییه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵکی به‌سره‌ گه‌شبین نین، چونکه‌ ده‌زانن دابه‌شکردنی پۆسته‌کان له‌عێراقدا به‌پێوه‌ری ئابوری‌و گرنگی پارێزگاکان ناپێورێت، به‌ڵکو ده‌که‌وێته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی به‌شه‌ پشکی تایفی هاوسه‌نگی نێوان کوتله‌کان، به‌شێکی خه‌تاکه‌ش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی نوێنه‌رانی پارێزگاکه‌، چونکه‌ به‌سره‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 24 په‌رله‌مانتاری هه‌یه‌، که‌چی به‌ده‌گمه‌ن به‌شێوه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌ ده‌نگیان لێوه‌ هاتووه‌.
 
عه‌باس جورانی که‌ یه‌کێکه‌ له‌به‌رپرسانی حیزبی شیوعی له‌به‌سره‌ له‌مڕووه‌ ده‌ڵێت "گوێمان لێنه‌بووه‌ نوێنه‌رانی به‌سره‌ له‌په‌رله‌مان داوای ئیستیحقاقی پارێزگاکه‌ بکه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌باسی پێکهێنانی هه‌رێمیشدا ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌نگیان لێوه‌ دێت".
 
جورانی هۆکاره‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی به‌سره‌ له‌پارێزگارو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ که‌سایه‌تی کاریگه‌ر نین‌و ره‌چه‌ڵه‌کیان له‌به‌سره‌ نییه‌، هه‌رچی په‌رله‌مانتارانی پارێزگاکه‌شه‌ گوێیان به‌داواکاری به‌سره‌ نه‌داوه‌.
 
هه‌ستی ناوچه‌گه‌رێتی له‌عێراقدا له‌پاش ساڵی 2003وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ له‌پارێزگاکانی فوراتی ناوه‌ڕاست لایه‌نی پیرۆزی ئاینی به‌سه‌ر لایه‌نی سیاسیدا زاڵبووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌کانیش له‌نه‌جه‌ف‌و که‌ربه‌لا بوون، بۆیه‌ هه‌میشه‌ پۆسته‌ گرنگه‌کان بۆ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ بووه‌، ئه‌وه‌تا له‌دوو خولی رابردوودا پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران به‌ر که‌ربه‌لا که‌وتووه‌.
 
خه‌ڵکی به‌سره‌ پێیان وایه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆیان ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش چانسی به‌سره‌ له‌وه‌رگرتنی پۆسته‌ گرنگه‌کان که‌م ده‌کاته‌وه‌.
 
جورانی به‌"نیقاش"ی وت "به‌هۆی ئه‌وه‌ی مالیکی باڵاده‌ست بووه‌ که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆی بردووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابی که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ دیاره‌کان بووه‌ که‌ پاشه‌کشه‌یان کردووه‌".
 
مه‌سه‌له‌ی راگرتنی هاوسه‌نگی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌وه‌ی به‌سره‌ له‌پۆسته‌ گرنگه‌کان بێبه‌ش بێت، ئه‌وه‌تا به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌به‌سره‌ بوون، بۆیه‌ کاتێک ئه‌و کوتله‌یه‌ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی وه‌رگرتووه‌، ئیتر چانسی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ پۆسته‌ سیادییه‌کان بۆ به‌سره‌ وه‌ربگرێت، هه‌رچی کوتله‌ی ئه‌حراری موقته‌دا سه‌دریشه‌ ئه‌و دوو پۆسته‌ وه‌زارییه‌ی وه‌ریگرتووه‌ بۆ پارێزگای عه‌مماره‌ بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌وێ براوه‌ بوون.
 
له‌لێدوانێکی پێشووتردا ئه‌حمه‌د سه‌لیتی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ داوایکرد پشکی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌به‌سره‌ بدرێت‌و وتی "ئاستی نوێنه‌رایه‌تی جێبه‌جێکردن‌و یاسادانان له‌گه‌ڵ‌ قه‌باره‌ی به‌سره‌و گرنگییه‌ ئابورییه‌که‌یدا ناگونجێت".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ به‌سره‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌رێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌رپرسانی تری حکومه‌تی ئیتیحادی پشکی خۆی پێنه‌دراوه‌، ره‌خنه‌ی له‌نوێنه‌رانی به‌سره‌ش گرت‌و وتی "سه‌رۆکی ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی کوتله‌کان خۆیان هه‌موو بڕیارێک ده‌ده‌ن‌و رێ‌ به‌نوێنه‌ره‌کان ناده‌ن".
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ عه‌لی عه‌بدولحه‌کیم سافی نوێنه‌ری مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی باڵا داوایکرد یه‌کێک له‌وه‌زاره‌ته‌کان به‌نوێنه‌رانی به‌سره‌ بدرێت، ئه‌وه‌شی به‌بیر هێنایه‌وه‌ "له‌حکومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ری ئێستادا به‌سره‌ له‌رووی وه‌زاره‌ته‌وه‌ بێبه‌شکراوه‌".
 
عه‌لی که‌نعان چالاکوانی سیاسی له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌سره‌ پشکی خۆی پێنه‌دراوه‌، چونکه‌ کوتله‌ گه‌وره‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامییه‌کان نوێنه‌رانی به‌سره‌ ناپاڵێون‌و ته‌نها چاویان له‌سه‌ر پایته‌خته‌".
 
که‌نعان ده‌ڵێت "لایه‌نه‌ سیاسی‌و مه‌ده‌نییه‌کان تێڕوانینێکی هاوبه‌شیان نییه‌ له‌باره‌ی چۆنێتی نوێنه‌رایه‌تی‌و وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌ته‌کان‌و بابه‌تی هه‌رێم‌و پشکی داهاتی نه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌دروستکردنی ده‌سته‌یه‌کی به‌رگرییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پێکهاته‌ سیاسییه‌کان که‌ له‌نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و عه‌شایه‌ره‌کان‌و یاساناسان‌و ئابوریناسان پێکهاتبێت‌و له‌به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستی ناوه‌ند بوه‌ستنه‌وه‌و داوای مافی به‌سره‌ بکه‌ن".
 
هه‌رچه‌نده‌ به‌شێکی زۆر له‌هاوڵاتیانی به‌سره‌ وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن بێهیوان له‌وه‌ی داواکارییه‌کانیان بێته‌دی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوویان نییه‌و که‌سایه‌تی سیاسی ده‌ستڕۆیشتوویان تیا هه‌ڵنه‌که‌وتووه‌، به‌ڵام چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌ته‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی لایه‌ک له‌وان بکاته‌وه‌.
 
ئا : وه‌حید غانم


زۆرترین خوێندراو