هه‌رێمى سکۆتله‌ندا سه‌ربه‌خۆى ره‌تکرده‌وه‌

9/19/2014 1:43:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

خه‌ڵکى سکۆتله‌ندا له‌ چوارچێوه‌ى رێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییدا، بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بمێننه‌وه‌ .
 
ئه‌نجامى رێفراندۆمه‌ مێژووییه‌که‌ى سکۆتله‌ندا مانه‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بوو.

پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ کاتژمێر 7 ى به‌یانى رۆژى پێنج شه‌ممه‌ 18 ى ئه‌یلولى 2014  ده‌ستى پێکرد و تا ١٠ى شه‌وى هه‌مان رۆژ  به‌ کاتى سکۆتله‌ند به‌رده‌وام بوو.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا که‌ له‌ ٣٢ ناوچه‌ى سکۆتله‌ندا به‌ڕێوه‌چوو و بۆ ئه‌وه‌ى که‌مپینى سه‌ربه‌خۆیى سکۆتله‌ندا سه‌رکه‌وتووبێت ، ده‌بوایه‌ یه‌ک ملیۆن و ٨٥٢ که‌س ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیى بدایه‌، 

له‌و رێفراندۆمه‌دا که‌ پرسیارى (ئایا سکۆتله‌ندا ببێته‌ وڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ؟" به‌وه‌ڵامى (به‌ڵێ‌ ، نه‌خێر ) بوو ئاراسته‌ى زیاتر له‌ چوار ملیۆن سکۆتله‌ندى کرا که‌ رێژه‌ى 80% ى خه‌ڵک به‌شداریان تێداکرد  به‌ڵام به‌پێ کۆتا ئامار  دوو ملیۆن و 1926 هه‌زار که‌س ده‌نگیان به‌ (نه‌خێر) واته‌بۆ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا و ملیۆنێک و 617 هه‌زار و 989  که‌سیش ده‌نگیان به‌(به‌ڵى) بۆ سه‌ربه‌خۆیى دا.
به‌مه‌ش ئه‌نجامى رێفراندۆمه‌که‌ى سکۆتله‌ندا مانه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا.



رێژه‌ى دانیشتوانى سکۆتله‌ندا پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هه‌زار که‌سه‌،ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌سه‌ره‌وه‌ ١٦ ساڵى بوو، دوێنێ چوونه‌ سه‌ر سه‌ندوقى ده‌نگدان.

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ ئالیکس سالمۆند سه‌رۆک وه‌زیرانى سکۆتله‌ندا له‌ باره‌ى ئه‌نجامى رێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى سکۆتله‌ندا رایگه‌یاند : " بڕیارى مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا که‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکى سکۆتله‌نداوه‌ دراوه‌، قبووڵ ده‌که‌ن و داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵکى سکۆتله‌ندا ده‌که‌م ئه‌و بڕیاره‌ په‌سه‌ند بکه‌ن."

سالمۆند که‌ هاوکات سه‌رۆکى پارتى نه‌ته‌وه‌یى سکۆتله‌ندایه‌ که‌ پێشه‌نگى بۆ سه‌ربه‌خۆیى ده‌کرد، دواى ئاشکرابوونى ئه‌نجامى رێفراندۆم له‌ شارى ئه‌دینبورگ گوته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و گوتی: "زۆر سوپاسى ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ ده‌که‌م که‌ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیى سکۆتله‌ندا داوه‌، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا زۆرینه‌ى خه‌ڵکى سکۆتله‌ندا بڕیارى ئه‌وه‌ى داوه‌ که‌ له‌ به‌ریتانیا جیانه‌بێته‌وه‌ و منیش ئه‌و بڕیاره‌ى خه‌ڵکم قبووڵه‌ و داوا له‌ هه‌موو سکۆتله‌ندییه‌کان ده‌که‌م که‌ ئه‌و بڕیاره‌ دیموکراتییه‌ى خه‌ڵک په‌سه‌ند بکه‌ن."

ئالیستایر دارلینگ که‌ سه‌رپه‌ره‌شتى که‌مپینى (پێکه‌وه‌ باشترین)ى حکومه‌تى به‌ریتانیاى ده‌کرد، دواى ئاشکرابوونى ئه‌نجامى رێفراندۆمه‌که‌ رایگه‌یاند : "خه‌ڵک پێکه‌وه‌ بوونى هه‌ڵبژارد نه‌ک جیابوونه‌وه‌."

دارلینگ جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ ئه‌نجامى رێفراندۆم بۆ به‌ریتانیا و سکۆتله‌ندا زۆر زۆر گرنگه‌.

هه‌روه‌ها دیڤد کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا ده‌ڵێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى به‌ په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا دراون به‌جێده‌هێنرێن و ره‌شنووسى یاساى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش مانگى کانوونى یه‌که‌م ئاماده‌ ده‌بێت.
 
دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى ریفراندۆمى سکۆتله‌ندا، دێڤد کامیرۆن له‌ له‌نده‌ن له‌ به‌رده‌م کۆشکى سه‌رۆکایه‌تى وه‌زیران وته‌یه‌کى پێشکه‌شکرد.

کامیرۆن به‌م رسته‌یه‌ ده‌سپێکى وته‌کانى به‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "خه‌ڵکى سکۆتله‌ندا بڕیاریاندا، بڕیارێکى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌. بڕیاریاندا ده‌ست له‌ وڵاته‌که‌مان به‌رنه‌ده‌ن که‌ له‌ چوار نه‌ته‌و پێکدێت. خۆشحاڵم به‌مه‌."

سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا هه‌روه‌ها وتی: "ئێستا کاتى ئه‌وه‌یه‌ شانشینى یه‌کگرتوو له‌سه‌ر یه‌ک رێگا بڕوات و پێشبکه‌وێت، ئه‌مه‌ش به‌ رێککه‌وتنێکى دادوه‌رانه‌ و هاوسه‌نگ له‌نێوان خه‌ڵکانى سکۆتله‌ندا، ئێنگڵته‌را، وێڵز و ئیرله‌نداى باکوور ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت."

کامیرۆن ئاماژه‌ى به‌وشدا که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر بڕواى به‌ شانشینى یه‌کگرتوو هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو شتى زیاتر ده‌یه‌وێ پێکه‌وه‌بن و گوتی: "به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا دیموکراتیم. بڕیارى دانى مافى ریفراندۆم به‌ خه‌ڵکى سکۆتلاند، بڕیارێکى راست بوو."

سه‌رۆک وه‌زیرانى بریتانیا جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ دواى ریفراندۆمه‌که‌ پێویسته‌ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کان له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى سکۆتله‌ندا به‌ شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى بجوڵێن و ئه‌مانه‌ بۆ ئینگڵته‌را، وێڵز و ئیرله‌نداى باکووریش هه‌ر وایه‌.

کامیرۆن له‌ به‌رده‌وامى قسه‌کانیدا وتیشی: "داوا له‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ گۆمانه‌وه‌ ته‌ماشاى به‌ڵێنه‌کانمان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستور ده‌که‌ن، با بزانن ده‌سته‌ڵاتمان داوه‌ته‌ حکومه‌ته‌که‌مان و دڵنییابن له‌ جێبه‌جێ کردنى به‌ڵێنه‌کانمان. بڕیاره‌ پڕۆسه‌ى زیادکردنه‌وه‌ى مافى سکۆتله‌ندا له‌لایه‌ن لۆرد سمیسه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت. زیادکردنى ماف له‌ سکۆتله‌ندا له‌بواره‌کانى باجدانان، خه‌رجکردن و هاوکارى کۆمه‌ڵاتى ده‌بێت. ره‌شنووسى یاساى دانى ئه‌و مافانه‌ مانگى کانوونى دووه‌م بڵاو ده‌کرێته‌وه‌."

کامیرۆن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى داواى دووباره‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ له‌ لایه‌ن سکۆتلانداوه‌ گوتی: "ریفراندۆم دووباره‌ ناکرێته‌وه‌. خه‌ڵکى سکۆتلاندا بڕیارى خۆیان دا. سکۆتلاندا یه‌کێتى هه‌ڵبژارد."

له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ شاژنى به‌ریتانیا ئه‌لیزابیتى دووه‌م لێدوانێکى چاپه‌مه‌نى له‌ باره‌ى ئه‌نجامى رێفراندۆمه‌که‌وه‌ پێشکه‌ش بکات .

پێشتر حکومه‌تى به‌ریتانیا به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى دابوو که‌ ئه‌گه‌ر له‌و رێفراندۆمه‌دا بڕیارى مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا ده‌ربچێ، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاته‌کانى په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا زیاتر ده‌کرێن.

په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا که‌ ساڵى ١٩٩٩ دامه‌زراوه‌، له‌ بواره‌کانى که‌رتى په‌روه‌رده‌وه‌ تا ته‌ندروستى و کشتووکاڵ و پیشه‌سازى بۆ خۆى بڕیار ده‌دات و سیاسه‌ته‌کانى خۆى جێبه‌جێ ده‌کات، به‌ڵام له‌بوارى سیاسه‌تى ده‌ره‌کی، به‌رگرى و کۆچ، هاوکارییه‌کانى راى گشتى و وزه‌ و چه‌ندین بوارى دیکه‌، په‌رله‌مانتاره‌کانى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا خاوه‌ن مافى قسه‌کردنن.

په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا هاوکات بڕیار له‌سه‌ر سیسته‌م و رێژه‌ى مالیاته‌کانیش ده‌دات.
له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى ١٨ى ئه‌یلوول رۆژى ئه‌نجامدانى رێفراندۆم، رێژه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى پشتگیرییان له‌ رێفراندۆم ده‌کرد رووى له‌ زیادبوون کردبوو و ئه‌مه‌ش ببوو هۆى نیگه‌رانى حکومه‌تى به‌ریتانیا، بۆیه‌ به‌ریتانیا جه‌ختى له‌وه‌ کردبۆوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگى نا بۆ سه‌ربه‌خۆیى سه‌رکه‌وێت، ئه‌وا په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا له‌ بوارى دارایى و سیسته‌مى باجه‌کاندا ده‌بێته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکى زیاتر و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ هه‌ر سێ پارته‌ سیاسییه‌ به‌هێزه‌که‌ى به‌ریتانیا پشتگیرى له‌و پێشنیاره‌ بکه‌ن.

سه‌رۆکوه‌زیرانى پێشووى به‌ریتانیا گۆردۆن براون که‌ بۆ خۆى سکۆتله‌ندییه‌، رۆژى نۆى ئه‌یلوول پلانێکى ئاشکرا کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ ١٩ى ئه‌یلوول، رۆژێک دواى رێفراندۆمه‌که‌ پلانى پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌ په‌رله‌مانى سکۆتله‌ند جێبه‌جێ ده‌کرێت، له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌دا که‌ حکومه‌تیش پشتگیرى لێ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى په‌رله‌مانى سکۆتله‌ندا زیاتر بکرێن، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت تا کۆتایى مانگى داهاتوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ئاماده‌ بکرێت و پڕۆژه‌ یاساى تایبه‌ت به‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌یش مانگى کانوونى دووه‌م پێشکه‌شى په‌رله‌مان بکرێت.

به‌ پێى ئه‌نجامى ژماره‌یه‌ک راپرسى که‌ پێش رێفراندۆمه‌که‌ ئه‌نجامدرابوون، زۆرتربوونى ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى پشتگیرییان له‌ سه‌ربه‌خۆیى ده‌کرد، ببووه‌ هۆى نیگه‌رانى حکومه‌تى به‌ریتانیا.

بۆ ئه‌وه‌ى رێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى رۆژى ١٨ى ئه‌یلوولى ساڵى ٢٠١٤ ئه‌نجام بدرێ، له‌ رۆژى ١٥ى تشرینى یه‌که‌مى ساڵى ٢٠١٢ ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌ریتانیا و سکۆتله‌ندا په‌یمانى ئه‌دینبورگیان ئیمزا کردبوو و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لایه‌نگرانى جیابوونه‌وه‌ و مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ که‌مپینى جیاجیایان به‌ڕێوه‌ برد.


زۆرترین خوێندراو