عه‌بادی ده‌بێت هه‌ر خه‌ریکی راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی مالیکی بێت

9/20/2014 5:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

ره‌نگه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ناچاربێت خۆی به‌راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی نوری مالیکییه‌وه‌ سه‌رقاڵبکات، چونکه‌ ئه‌مه‌ گرنگترین داواکاری ئه‌و کوتله‌ سیاسییانه‌یه‌ که‌ له‌حکومه‌ته‌که‌یدا به‌شدار ده‌بن، دیارترین ئه‌و هه‌ڵانه‌ش دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌که‌سه‌ نزیکه‌کان خۆیه‌تی له‌دوا رۆژه‌کانی فه‌رمانڕه‌واییدا.
 
پاش پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی عێراق له‌رۆژی 8ی ئه‌م مانگه‌، سه‌رجه‌م کوتله‌ سیاسییه‌کان جه‌ختیان له‌دوو بابه‌تی گرنگ کرده‌وه‌، یه‌که‌میان بریتی بوو له‌دانانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ رێکخستنی کاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی مالیکی ئاماده‌نه‌بوو دایبنێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک به‌ده‌ست خۆیه‌وه‌ بێت.
 
دووه‌میشیان په‌یوه‌ست بوو به‌حیزبه‌ شیعه‌کانی ناو "ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی" له‌باره‌ی پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی باڵا له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی به‌شداری ئه‌و کوتله‌یه‌ هه‌تا له‌رێیه‌وه‌ بڕیاره‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌کان به‌سازان ده‌ربکرێن، مالیکی به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پێکنه‌ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌کانی وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌.
 
له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر به‌لای لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و زنجیره‌ بڕیارانه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ که‌ مالیکی له‌چه‌ند کاتژمێری کۆتایی فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا داونی، دیاترینیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری دامه‌زراندنی که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆیه‌تی له‌پۆسته‌ هه‌ستیاره‌کاندا، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی پاره‌و پول به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان.
 
ماوه‌یه‌کی که‌م به‌ر له‌وه‌ی مالیکی له‌پۆسته‌که‌ی لاببرێت بڕیاریدا عه‌لی عه‌لاق ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و ئه‌ندامی باڵای حیزبی ده‌عوه‌و که‌سی نزیک له‌خۆیه‌وه‌، وه‌ک پارێزگاری بانکی ناوه‌ندی عێراقی ده‌ستنیشان بکات، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر بڕیارێک له‌دادگاوه‌ ده‌رچوو به‌زیندانیکردنی سینان شه‌بیبى پارێزگاری پێشووی بانکی ناوه‌ند بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ‌.
 
شه‌بیبى چه‌ند جارێک دژی هه‌وڵه‌کانی مالیکی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌ کاروباری بانکی ناوه‌ندو راکێشانی پاره‌ی یه‌ده‌گ، هه‌ندێ‌ له‌چاودێران ده‌ڵێن به‌و هۆیه‌وه‌ مالیکی تۆمه‌تی بۆ هه‌ڵبه‌ستووه‌و ناچاری کردووه‌ وڵات جێبهێڵێت، که‌سێکی وه‌ک عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی ئێستاش پێی وایه‌ بڕیاره‌که‌ی له‌باره‌ی شه‌بیبییه‌وه‌ ده‌رکراوه‌ سته‌مکارییه‌و داوایکرد له‌بری ئه‌وه‌ پاداشت بکرێت.
 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مالیکی چه‌ند بڕیارێکی تری داوه‌، وه‌ک دیاریکردنی عه‌لی موسه‌وی وته‌بێژی حکومه‌ت به‌به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی زیا قره‌یشی به‌ڕێوه‌به‌ری دارایی نوسینگه‌ی مالیکی به‌بریکاری وه‌زیری پلاندانان، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی عه‌لی شه‌لا په‌رله‌مانتاری پێشووی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆکی ئه‌میندارانی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی.
 
هه‌رچی بڕیاره‌کانی تریشه‌ ئه‌وا کوتله‌ سیاسییه‌کان ئاگاداری نین، چونکه‌ به‌نهێنی ده‌رکراون، هه‌ندێ‌ له‌په‌رله‌مانتاران له‌پشت په‌رده‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ مالیکی به‌ده‌یان که‌سی نزیکی خۆی له‌فه‌رمانگه‌ ئه‌منی‌و حکومییه‌ هه‌ستیاره‌کان دامه‌زراندووه‌و به‌شێکی تریانی خانه‌نشین کردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی پاره‌ی خه‌رجکردووه‌و پله‌ی به‌رزی به‌خشیوه‌ته‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی سوپا که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی ده‌وێت.
 
حه‌سه‌ن ساری په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌وه‌ ده‌کات که‌ حکومه‌تی پێشوو ده‌ریکردوون، به‌تایبه‌تی که‌ زۆرێک له‌و بڕیارانه‌ پێشوه‌خته‌ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانیان پێویست بووه‌".
 
 
ئه‌و بڕیارانه‌ی ساری مه‌به‌ستێتی له‌ماده‌ی 103ی ده‌ستوردا ئاماژه‌یان پێکراوه‌ کاتێک هاتووه‌ "ده‌بێت په‌رله‌مان رازی بێت له‌سه‌ر دامه‌زراندنی پۆسته‌ مه‌ده‌نییه‌ باڵاکان، بۆ نموونه‌ دیاریکردنی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆکان، له‌نێویشیاندا بانکی ناوه‌ند".
 
هه‌روه‌ها له‌ماده‌ی 63ی ده‌ستوردا هاتووه‌ "ده‌بێت په‌رله‌مان رازی بێت له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ له‌سوپاو به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری"، به‌ڵام مالیکی هیچ حسابێکی بۆ ئه‌م به‌ندانه‌ نه‌کردووه‌.
 
زۆربه‌ی ئه‌و به‌رپرس‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی مالیکی دایمه‌زراندوون ئێستاش هه‌ر رێز له‌بڕیاره‌کانی مالیکی ده‌گرن‌و ئه‌وه‌نده‌ گوێ‌ به‌عه‌بادی ناده‌ن، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێکیش مالیکی ره‌خنه‌ی له‌و بڕیارانه‌ گرت که‌ عه‌بادی ده‌ریان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نه‌ی تر ئه‌رکی سه‌رشانی قورس بکات.
 
مالیکی جێگری سه‌رۆک کۆمار کاتێک هه‌فته‌ی رابردوو چووه‌ که‌ربه‌لا، شوێنی له‌دایکبوونی خۆی، ره‌خنه‌ی له‌دوو بڕیاری نوێی عه‌بادی گرت، یه‌که‌میان راگرتنی بۆردومانی ئه‌و ناوچانه‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نیان تێدایه‌و به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن هاوشێوه‌ی موسڵ‌‌و فه‌لوجه‌، به‌و پێیه‌ی بۆردومانه‌که‌ خه‌ڵکێکی زۆری بێتاوان له‌ناو ده‌بات، دووه‌میشیان پێکهێنانی سوپایه‌کی تایبه‌ت بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک.
 
چه‌ند سه‌عاتێکیش دوای بڕیاره‌که‌ی عه‌بادی به‌راگرتنی بۆردومانی ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان، که‌چی فرۆکه‌کانی سوپا هه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌و بۆردومانه‌، ئه‌مه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌ی هێنایه‌ ئاراوه‌ که‌ ئاخۆ فه‌رمانده‌کانی سوپا گوێ‌ له‌بڕیاره‌کانی عه‌بادی ده‌گرن یان ئێستاش هه‌ر چاوه‌ڕێی فه‌رمانی مالیکین.
 
راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی مالیکی یه‌کێکه‌ له‌قورسترین ئه‌رکه‌کانی عه‌بادی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وه‌ ئاسانتره‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆی له‌ئاینده‌دا ئه‌و هه‌ڵانه‌ دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ کوتله‌ جیاوازه‌کان له‌شیعه‌و سوننه‌و کورد گفتوگۆیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی یاسایی به‌ده‌ست بهێنرێت، له‌پێش هه‌مووشیانه‌و دانانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و دانانی په‌یڕه‌وێک بۆ ناوخۆی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی.
 
له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌میر کنانی په‌رله‌مانتاری ئه‌حراری سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌در به‌"نیقاش"ی وت "حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڵێنی به‌کوتله‌کان داوه‌ که‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابنێت هه‌تا هه‌موو بڕیاره‌کان نه‌که‌ونه‌ ده‌ست سه‌رۆک وه‌زیران".
 
له‌هه‌ردوو کابینه‌که‌ی مالیکیدا (2006 - 2014) هیچ یاسایه‌ک نه‌بوو که‌ کاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێکبخات، هیچ کام له‌وه‌زیر‌و بریکاری وه‌زاره‌ته‌کانیش سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆیان نه‌ده‌زانی، بۆیه‌ ده‌بوو پرسیار به‌مالیکی بکردایه‌ بۆ ده‌رکردنی هه‌ر بڕیارێک، تا ئه‌ویش رازی نه‌بوایه‌ بڕیاره‌که‌ ده‌رنه‌ده‌چوو.
 
هه‌ر به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌م یاسایه‌وه‌ رێشوێنێک نه‌بوو نیسابی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دیاریبکات، چونکه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا زیاتر له‌دوو له‌سه‌ر سێی وه‌زیره‌کان کشانه‌وه‌و له‌کۆی 27 وه‌زیر ته‌نها شه‌شیان مانه‌وه‌، که‌چی مالیکی هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌حوکم، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌هه‌ر وڵاتێکی تر بوایه‌ حکومه‌ته‌که‌ به‌ده‌ستله‌کارکێشاوه‌ هه‌ژمار ده‌کرا.
 
هه‌موو جارێکی مالیکی وه‌زیره‌کانی سه‌ر به‌حیزبه‌که‌ی یان ئه‌وانه‌ی نزیکبوون له‌خۆیه‌وه‌ به‌شوێنگره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ داده‌نا که‌ ده‌کشانه‌وه‌، له‌جاری دووهه‌می هه‌ڵبژاردنه‌وه‌شیدا ماوه‌ی هه‌ره‌ زۆری حوکمه‌که‌ی هه‌ر خۆی وه‌زیری به‌رگری‌و ناوخۆ بوو له‌پاڵ‌ سه‌رۆک وه‌زیراندا.
 
ته‌نها کوردو سوننه‌ به‌ده‌ست سیاسه‌ته‌کانی مالیکییه‌وه‌ گیرۆده‌ نه‌بووبوون، بگره‌ لایه‌نه‌ شیعه‌کانی وه‌ک ره‌وتی سه‌درو ئه‌نجومه‌نی باڵا به‌ده‌ست په‌راوێزخستنیان له‌لایه‌ن مالیکییه‌وه‌ ده‌رده‌داربوون، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان هۆکاری سه‌رۆکی بوون له‌وه‌ی بگاته‌ کورسی حوکم.
 
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ حیزبه‌ شیعه‌کانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی پێداگری ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وێکی ناوخۆی خۆیان هه‌بێت‌و ده‌سته‌یه‌کی باڵا بڕیاره‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌ گرنگه‌کان ده‌ربکات.
 
هه‌ندێ‌ له‌په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند ره‌وتی سه‌درو ئه‌نجومه‌نی باڵاو حیزبی فه‌زیله‌و چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان ده‌سته‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی پێکبهێنرێت که‌ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م حیزبه‌کانی تێدابێت‌و کاری چاودێریکردنی بڕیاره‌کانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران بێت‌و ده‌بێت به‌ر له‌بڕیاره‌ گرنگه‌کان راوێژ به‌و ده‌سته‌یه‌ بکات.
 
هه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێگه‌نه‌ده‌ن هیچ سه‌رۆک وه‌زیرانێک زیاتر له‌دوو خول له‌پۆسته‌که‌یدا بمێنێته‌وه‌ بۆ رێگرتن له‌و خواسته‌ی مالیکی که‌ ده‌یویست 12 ساڵ‌ حوکم بکات، هه‌روه‌ها رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌زیرێکی سه‌ر به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو بیگۆڕن.
 
هه‌موو لایه‌نه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی مالیکی ئاسان نییه‌، بۆیه‌ زۆرێک له‌په‌رله‌مانتاران حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادییان ناوناوه‌ "حکومه‌تی قه‌یران" به‌و پێیه‌ی ده‌بێت ئه‌م چوار ساڵه‌ هه‌ر خه‌ریکی راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ یاسایی‌و ده‌ستوری‌و ئه‌منییه‌کانی مالیکی بێت به‌تایبه‌تی که‌ سێیه‌کی خاکی عێراق له‌ده‌ستی حکومه‌تدا نه‌ماوه‌و که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش.


 ئا: موسته‌فا حه‌بیب    



زۆرترین خوێندراو