موسڵ دوای داعش له‌به‌رده‌م چه‌ند بژارده‌یه‌کدایه‌

9/27/2014 12:46:00 AM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
‌ 
هێرشی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌موسڵ  له‌هه‌ڵکشاندایه‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا گه‌رمی گفتوگۆکان له‌سه‌ر چاره‌نووسی موسڵ‌ له‌دوای نه‌مانی داعش هه‌ڵده‌کشێت‌و له‌وه‌ ده‌ترسن جارێکی تر شاره‌که‌ بکه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غداو تووشی ئه‌زموونی تاڵی پێشوو ببنه‌وه‌.
 
که‌من ئه‌و که‌سانه‌ی بڕوایان به‌سیسته‌می ناوه‌ندی هه‌یه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنداو هیوابڕاو نین له‌وه‌ی په‌رله‌مانی نوێ‌ چاکسازی له‌ده‌ستوردا بکات ‌و به‌هاوکاری عه‌بادی هه‌ڵه‌کانی مالیکی بسڕێته‌وه‌و وڵات له‌و جه‌ڵده‌ تایفییه‌ رزگار بکات که‌ لێی داوه‌.
 
کاتێک رۆژی 23ی ئه‌م مانگه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی بڕیاریدا نوسینکه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌کداره‌کان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانی سوپا له‌هاوشێوه‌ی فه‌ریق عه‌بود قه‌نبه‌ر یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری عێراق‌و فه‌ریق عه‌لی غێدان فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پیاده‌ خانه‌نشین بکات، گه‌شبینه‌کان هێنده‌ی تر ئاسووده‌ بوون به‌وه‌ی ئاسۆیه‌ک ماوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر.
 
ئه‌وانه‌ی هیوایان به‌چاکسازی هه‌یه‌ زۆربه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق یان شاره‌کانی تر نیشته‌جێن‌و له‌موسڵ دا نین، له‌نێویاندا ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نووس‌و رۆشنبیر هه‌ن که‌ نه‌یاره‌کانیان پێیان وان تووشی خه‌یاڵپڵاوی بوون.
 
زۆربه‌ی دانیشتوانی موسڵ  به‌عه‌ره‌ب‌و کوردو تورکمان‌و مه‌سیح‌و ئێزدییه‌وه‌ پێیان باشه‌ پاش رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی داعش شێوه‌یه‌کی نوێی ئیداره‌دان بۆ پارێزگاکه‌یان دابڕێژرێت، که‌مترین داواکاریشیان چه‌سپاندنی سیسته‌می لامه‌رکه‌زییه‌ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌و ره‌خساندنی هه‌لی کارو ده‌سه‌به‌رکردنی ئارامی.
 
له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری موسڵ  به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "قۆناغی پێشبینیمان تێپه‌ڕاندو چوینه‌ته‌ قۆناغی هه‌نگاونان له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ی بارودۆخی نوێی عێراق"، ئه‌و مه‌رجی ئه‌وه‌یه‌ له‌رێی سیسته‌مێکی سه‌ربازی گرێدراو به‌ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داعش وه‌ده‌ربنرێت نه‌ک له‌رێی میلیشیاو سه‌حوه‌کانه‌وه‌، باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ئاماده‌کاری ده‌کرێت بۆ دروستکردنی گروپی شه‌ڕکه‌ری بڕواپێکراو که‌ دواتر ده‌لکێنرێن به‌گاردی نیشتیمانییه‌وه‌.
 
نوجێفی وتیشی "ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ به‌رگریکاری راسته‌قینه‌ له‌دژی داعش بخه‌ینه‌ سیسته‌مێکه‌وه‌ که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئارامی بچه‌سپێنین، دوژمنی راسته‌قینه‌مان داعشه‌و ده‌توانین جیاکاری بکه‌ین له‌نێوان داعش‌و ململانێ‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌و مه‌زهه‌بی‌و سیاسییه‌کان، چونکه‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی دووهه‌میان به‌حیکمه‌ت‌و لێزانی ده‌کرێت".
 
نوجێفی سێ‌ مانگ زیاتره‌ سه‌رسه‌ختانه‌ باسی بیرۆکه‌ی دروستکردنی هه‌رێمی موسڵ  ده‌کات، ئێستاش زۆرێک له‌و هاوڵاتیانه‌ی پێش حوزه‌یران له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون پشتیوانی ده‌که‌ن.
 
به‌تێڕوانینی ئه‌مانه‌ پێکهێنانی هێزێکی ئه‌منی له‌خه‌ڵکی موسڵ  هه‌نگاوی یه‌که‌مه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاکه‌یان، هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ساڵی 1991ه‌وه‌ خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌کی نوێی سیاسی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌سامانی نیشتیمانی ببینێت‌و کاروباری ئابوری هه‌رێمه‌کان به‌ڕێوه‌ ببات، به‌جۆرێک ئاینده‌ی چوار ملیۆن که‌س دابین بکات که‌ ئێستا نیوه‌یان ئاواره‌ن.
 
عه‌بدولکه‌ریم راشیدی توێژه‌ری سیاسی پێی وایه‌ قۆناغی پاکبوونه‌وه‌ له‌داعش درێژه‌ ده‌کێشێت‌و هه‌ردوو بژارده‌ی لامه‌رکه‌زی‌و دروستکردنی هه‌رێم یه‌ک له‌یه‌ک تاڵترن، به‌و هۆیه‌ی هه‌ڵوێستێکی روونی سیاسی له‌ئارادا نییه‌و نوێنه‌رانی پارێزگاکه‌ش له‌په‌رله‌مان بێده‌نگن.
 
راشیدی به‌"نیقاش"ی وت "پاش ده‌رهێنانی شێرپه‌نجه‌ی داعش قۆناغی ئه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کان حکومه‌تێکی لۆکاڵی نوێ‌ پێکبهێنرێت که‌ کاری ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراقدا دانوستان بکات بۆ دیاریکردنی شێوه‌ی نوێی ئیداره‌که‌".
 
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "به‌ر له‌وه‌ی داعش بێت ناکۆکی قوڵی سیاسی له‌موسڵ دا هه‌بوو، بێگومان پاش کۆتایی هاتنی داعش ئه‌مه‌ کۆتایی نایه‌ت، ئه‌بێت هه‌مووانیش خۆیان بۆ ئه‌و راستییه‌ ئاماده‌ بکه‌ن که‌ 16 یه‌که‌ی ئیداری له‌موسڵ  ده‌بێته‌وه‌و ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ داعش دوا فیشه‌کی نا به‌ماده‌ی 140ه‌وه‌ که‌ کاری ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی رێکده‌خست".
 
به‌بڕوای راشیدی‌و زۆرێکی تر له‌چاودێران ئه‌مه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ دێت هه‌رێمێکی بچووک‌و لاواز ده‌مێنێته‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌نبار یان دیاله‌و سه‌لاحه‌دین که‌ هه‌موویان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانیان‌و ده‌ربازبوون له‌کاریگه‌رییه‌کانی فه‌رامۆشکردنیان له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ کات‌و توانای زۆریان ده‌وێت.
 
هه‌ربۆیه‌ هه‌ندێکی تر به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ باس له‌سیسته‌می لامه‌رکه‌زیی ده‌که‌ن، به‌جۆرێک موسڵ  له‌ناو عێراقێکی پته‌وو یه‌کگرتوودا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ پێیان وایه‌ مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ سه‌رکه‌وتنی سیسته‌مه‌که‌ بوونی هاوبه‌شییه‌کی راسته‌قینه‌یه‌.
 
له‌مڕووه‌وه‌ سه‌عد هانی پاڵێوراوی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی رابردوو به‌"نیقاش"ی وت "سیسته‌می لامه‌رکه‌زی چاره‌ی ده‌ردی موسڵ  ده‌کات، به‌جۆرێک سه‌ربه‌خۆیی ئیداری له‌چوارچێوه‌ی پارێزگاکه‌دا هه‌بێت به‌پشتیوانی حکومه‌تی ناوه‌ند، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌کانی ئاینده‌ دورده‌خاته‌وه‌ وه‌ک جیابوونه‌وه‌ یان بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌کی".
 
به‌لای هه‌ندێ‌ له‌پێکهاته‌کانی موسڵ وه‌ هیچ کام له‌م بژاردانه‌ مانایان نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پارێزگارییان لێنه‌کرێت، چونکه‌ هه‌موو کات له‌به‌رده‌م مه‌ترسی بومه‌له‌رزه‌ی داعشدا ده‌بن.
 
یه‌زیدییه‌کان که‌ له‌شه‌نگال تاڵاوی داعشیان چه‌شت هه‌روه‌ها تورکمانه‌کانی قه‌زای ته‌له‌عفه‌رو مه‌سیحی‌و شه‌به‌ک له‌حه‌مدانیه‌و به‌رته‌ڵه‌و به‌عشیقه‌، هه‌موویان ئه‌و مه‌ترسیه‌یان هه‌یه‌.
 
ئه‌و پێکهاتانه‌ داوا ده‌که‌ن ناوچه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌خۆیان له‌سه‌هلی موسڵ  دروست بکرێت که‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌رپه‌رشتی بکات، ئیتر به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ شێوه‌ی موسڵ ی ئاینده‌ چۆن ده‌بێت، مادام ئه‌وان ناوچه‌ له‌ده‌ستچووه‌کانیان به‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه‌و به‌هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی خۆیان.

 
      سه‌رچاوه‌ : نیقاش


زۆرترین خوێندراو