سه‌رکرده‌کانی داعش ده‌ستیان به‌هه‌ڵاتن کرد

10/24/2014 1:18:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گومانیان کرد که‌ کۆتایی داعش نزیکه‌، ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رکرده‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌ له‌موسڵ‌‌و تکریت ریزه‌کانیان جێهێشت، ئه‌مه‌ش پاش رێکه‌وتنێکی نهێنی که‌ به‌شێکیان به‌هۆیه‌وه‌ بڕێک پاره‌یان پێدراو به‌شێکی تریان گه‌ره‌نتیان پێدرا که‌ سه‌لامه‌تی گیانیان ده‌پارێزرێت.
 
به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ نهێنییه‌ هاوڵگریانه‌ی "نیقاش" له‌به‌رپرسێکی باڵای ئه‌منی عێراقییه‌وه‌ ده‌ستی که‌وتوون، چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی ده‌ستڕۆیشتووی داعش له‌و ناوچانه‌ دیار نه‌ماون که‌ ئێستا له‌ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوه‌که‌دان، به‌تایبه‌تیش له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین.
 
زانیارییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی دیار نه‌ماون ئه‌وانه‌ن که‌ سه‌رپه‌رشتی گۆڕه‌پانه‌کانی شه‌ڕو ئه‌و ناوچانه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن، به‌شی هه‌ره‌ زۆریشیان له‌و که‌سانه‌ن که‌ هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقین.
 
سه‌رچاوه‌که‌ی "نیقاش" ئه‌وه‌ش باس ده‌کات که‌ یه‌کێک له‌هه‌ڵاتووه‌کان ناوی عه‌لی حه‌مدانییه‌ که‌ به‌نهێنی پارێزی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی ناسراوه‌، هه‌روه‌ها سه‌رکرده‌یه‌کی تری نه‌ناسراویش هه‌یه‌ که‌ به‌رپرسی ده‌سته‌ی پاسه‌وانی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادییه‌و له‌هه‌موو جموجۆڵه‌کانیدا له‌گه‌ڵیدایه‌.
 
ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ که‌ خۆی داوایکرد ناوی بڵاونه‌کرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "دیارنه‌مانی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی داعش پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ چه‌ند ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگری عه‌ره‌بی‌و بیانی توانیویانه‌ دزه‌ بکه‌نه‌ ناو ریزه‌کانی داعشه‌وه‌و بڕوا به‌و سه‌رکردانه‌ بهێنن که‌ واز له‌رێکخراوه‌که‌ بهێنن‌و زانیارییان بده‌نێ‌ له‌باره‌ی جموجۆڵه‌کانی، ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پاره‌ یان به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر ناکرێن".
 
به‌قسه‌ی ئه‌بو زه‌که‌ریا حه‌تاب که‌ یه‌کێکه‌ له‌سه‌رکرده‌کانی گروپێکی چه‌کداریی دژه‌ داعش له‌ناو موسڵ‌ هۆکارێکی تری وازهێنانی ئه‌و سه‌رکردانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداری نه‌ناسراوه‌وه‌ رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌ته‌وه‌.
 
حه‌تاب که‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا هیچ یه‌کێک له‌گروپه‌ چه‌کداره‌کان ناتوانن رووبه‌رووی داعش ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا چوونه‌ته‌ پاڵ‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌ نوێیه‌ی بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی داعش له‌موسڵ‌ پێکده‌هێنرێت.
 
زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی داعش که‌ بڕیاری ئه‌منی‌و خزمه‌تگوزارییان به‌ده‌سته‌ له‌موسڵ‌ عێراقین‌و له‌خودی دانیشتوانی ناوچه‌که‌ن، وه‌ک حه‌تاب ده‌ڵێت ئێستا له‌لای خه‌ڵک ناخۆشه‌ویستن بۆیه‌ چه‌ند گروپێکی چه‌کداری له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردوون‌و پێیان راگه‌یاندوون که‌ دوای ده‌رکردنی داعش ده‌کوژرێن، بۆیه‌ به‌شێکیان له‌به‌ر پاراستنی ژیانی خۆیان وازیان له‌داعش هێناوه‌.
 
ره‌نگه‌ چه‌ند رۆژی رابردوو پڕکێشه‌ترین ماوه‌ی ته‌مه‌نی داعش بووبێت له‌وکاته‌وه‌ی له‌ 10ی حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر موسڵدا گرتووه‌، چونکه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا له‌هه‌موو به‌ره‌کان شکستی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وت، هه‌ر له‌کۆبانییه‌وه‌ هه‌تا سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبارو باشووری به‌غدا، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌سه‌دان چه‌کداری لێکوژرا.
 
به‌پێی ئاماری هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری‌و ناوخۆی عێراقی له‌رۆژی 10 هه‌تا 20ی ئه‌م مانگه‌ 150 چه‌کداری داعش له‌سه‌هلی نه‌ینه‌واو ره‌بیعه‌و زوممار کوژراون، هه‌روه‌ها 50 چه‌کدار له‌تکریت‌و 100 له‌دیاله‌و 80ی تریش له‌ئه‌نبارو ناوچه‌کانی خوارووی به‌غدا.
 
له‌سوریاش زانیارییاکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکدا داعش 500 چه‌کداری له‌کۆبانی لێکوژراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌هۆی بۆردومانی فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ره‌قه‌و ده‌یرلزۆر ده‌یانی تری لێکوژراوه‌.
 
ئه‌م شکسته‌ گه‌وره‌یه‌ وایکردووه‌ به‌شێک له‌سه‌رکرده‌کانی وازبهێنن، چونکه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی کۆتایی داعش نزیکه‌، ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی سه‌رۆکی رێکخراوه‌که‌ش فه‌رمانیداوه‌ ئه‌و که‌سانه‌ بکوژرێن که‌ وازیلێده‌هێنن.
 
هه‌ندێ‌ زانیاریش باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی به‌شێکی زۆری پاره‌که‌ی داعشی له‌رێی چه‌ند سه‌رمایه‌دارێکی وڵاتانی که‌نداوه‌وه‌ ناردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق تا له‌ئه‌گه‌ری شکستیدا له‌فه‌وتان بپارێزرێن‌و له‌ئاینده‌دا بۆ پشتیوانی رێکخراوه‌که‌ی سودیان لێ‌ ببینێت.
 
ره‌شید سامه‌ڕایی پسپۆڕی ئه‌منی به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و سه‌رکردانه‌ی خیانه‌تیان له‌داعش کردووه‌و هه‌ڵهاتوون، باشترین ده‌ستکه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی، چونکه‌ ده‌توانرێ‌ سوودیان لێ‌ ببینرێت بۆ ئاشکراکردنی پلانه‌کانی داعش‌و شوێن‌و مۆڵگه‌کانیان".
 
داعش که‌ ساڵی رابردوو له‌قاعیده‌ جیابووه‌وه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا رێکخراوێکی عێراقییه‌و زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌کانی له‌ئه‌فسه‌رانی سوپاو ده‌زگای هه‌واڵگری پێشووی عێراقین‌و به‌شداری چه‌ند خولێکی ئاینییان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌ن بیرێکی ئاینی توندڕه‌و، به‌قسه‌ی سامه‌ڕایی هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پشت له‌رێکخراوه‌که‌ بکه‌ن.
 
سامه‌ڕایی روونیده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت "سه‌رکرده‌کانی داعش که‌سانێکن که‌ ساڵانێکی دوورو درێژه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕکردن راهاتوون، به‌ڵام چه‌ند ساڵێکی که‌مه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی بیرێکی ئاینی توندڕه‌و، بۆیه‌ له‌رووی ئاینییه‌وه‌ باوه‌ڕیان لاوازه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی قاعیده‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ که‌سانێک بوون له‌سه‌ر ئه‌و بیره‌ توندڕه‌وه‌ راهێنرابوون، ئینجا پاش ئه‌وه‌ فێری شه‌ڕکرابوون، بۆیه‌ سه‌رکرده‌کانی داعش ئاسانتر پشت ده‌که‌نه‌ رێکخراوه‌که‌".
 
له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵهاتنی به‌شێک له‌سه‌رکرده‌کانیدا، داعش به‌فه‌رمانی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ناو موسڵ‌ مانۆڕێکی سه‌ربازه‌ گه‌وره‌ی رێکخست تا هێزو توانای خۆی نیشان بدات، له‌و مانۆڕه‌دا چه‌کدارانی داعش به‌ده‌یان ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نی نوێ‌‌و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌کانی موسڵ‌ سوڕانه‌وه‌.
 
هه‌ر پاش ته‌واوبوونی مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌که‌ داعش ده‌ستیکرد به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێکی ره‌شبگیر له‌شاره‌که‌دا که‌ تیایدا چه‌ندین ئه‌فسه‌ری سوپاو پۆلسی پێشوو عێراق‌و له‌وانه‌ش که‌ به‌م دواییه‌ ته‌وبه‌یان کردووه‌ ده‌ستگیرکراون‌و خراونه‌ته‌ ئه‌و باڵه‌خانه‌ حکومیانه‌ی که‌ ئێستا داعش وه‌ک گرتوخانه‌ به‌کاریان ده‌هێنێت.
 
خه‌ڵکی موسڵ‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ پاش هه‌ڵهاتنی ئه‌و سه‌رکردانه‌، هه‌ریه‌ک له‌ئه‌بو محه‌مه‌د عه‌دنانی وته‌بێژی داعش‌و ئه‌بوبه‌کر خاتونی والی موسڵ‌‌و ئه‌بو عه‌لا عه‌فری فه‌رمانده‌ی رێکخراوه‌که‌ له‌قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له‌سوریا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی موسڵ‌ بکه‌ن‌و جڵه‌ویان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.
 
وه‌ک هه‌ولێکی تر بۆ ده‌رخستنی هێزو توانای خۆی، داعش هه‌ڵمه‌تێکی کتوپڕی بۆ ناوچه‌کانی سه‌هلی نه‌ینه‌واو ره‌بیعه‌و به‌نداوی موسڵ‌ ئه‌نجامدا که‌ ئێستا له‌ژێر کۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دان، له‌دیاله‌ش به‌ره‌یه‌کی له‌قه‌ره‌ته‌په‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وێش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌وڵێک لێکدرایه‌وه‌ بۆ په‌رده‌پۆشکردنی رووداوی هه‌ڵاتنی سه‌رکرده‌کانی.

ئا: موسته‌فا حه‌بیب


زۆرترین خوێندراو