داعش موسڵی کردووه‌ته‌ کارخانه‌ی دروستکردنی ته‌قه‌مه‌نی

10/31/2014 12:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

تائێستا داعش له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنی خزمه‌تگوزاری‌و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی چه‌ند مانگێکه‌ رایگه‌یاندووه‌ ده‌سته‌پاچه‌یه‌، که‌چی رۆژ به‌رۆژ بره‌وی زیاتر به‌توانای سه‌ربازی خۆی ده‌دات‌و موسڵیش بووه‌ته‌ پێگه‌یه‌کی باش بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رووه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
 
له‌هه‌فته‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ داعش بووه‌ به‌ڵا بۆ گیانی دانیشتوانی موسڵ‌ به‌گشتی‌و ناوچه‌ی حه‌ی نور له‌به‌شی رۆژهه‌ڵاتی شاره‌که‌ به‌تایبه‌تی، له‌وێ‌ سه‌ره‌تا پیتی "نون"ی له‌سه‌ر ماڵی مه‌سیحییه‌کان نووسی‌و له‌سه‌ر ماڵی شیعه‌و سوننه‌ هه‌ڵاتووه‌کانیشی نوسی "موڵک‌و ماڵی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"، له‌وه‌ به‌دواشه‌وه‌ له‌کاتی بۆردومانه‌کان خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌ حه‌شارداو ئێستاش دانیشتوانه‌که‌ی ترسێکی زۆریان له‌جموجۆڵی داعش هه‌یه‌.
 
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێک دایکی عوده‌ی له‌سه‌ربانی خۆیانه‌وه‌ ته‌ماشای باخچه‌ی ماڵه‌که‌ی دراوسێیانی کردووه‌و بینیوێتی چه‌ند گه‌نجێک به‌به‌رده‌وامی چاڵ‌ هه‌ڵده‌که‌نن بێ‌ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆچی واده‌که‌ن، هه‌رزووش مێرده‌که‌ی له‌و رووداوه‌ ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌.
 
پاش سێ‌ رۆژ هه‌مان ژن چه‌ند چه‌کدارێکی تری بینیوه‌ که‌ باری ئۆتۆمبێلێکیان له‌و ماڵه‌ به‌تاڵکردووه‌ته‌وه‌، سه‌رنجی داوه‌ چه‌ند به‌رمیلێکیان پێیه‌ به‌قه‌باره‌ی جیاواز که‌ زۆر به‌وریاییه‌وه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌، ئیتر له‌وه‌ دڵنیا بووه‌ که‌ پێشبینی مێرده‌که‌ی راسته‌ کاتێک وتوویه‌تی خانووی ماڵه‌ مه‌سیحییه‌که‌ی دراوسێیان ده‌که‌نه‌ کۆگای هه‌ڵگرتنی چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نی.
 
داعش به‌م شێوه‌یه‌ ماڵه‌ به‌تاڵه‌کانی موسڵ‌ به‌کارده‌هێنێت، چونکه‌ دورن له‌سه‌رنجی فرۆکه‌کانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاشکراش ببن، ئه‌وا له‌ناو ماڵ‌‌و گه‌ڕه‌کدان‌و به‌ئاسانی ناپێکرێن، به‌تایبه‌تی که‌ بۆردومانی پێشووی مۆڵگه‌ی چه‌کدارانی داعش ژن منداڵیشی تیا بووه‌ته‌ قوربانی، هه‌ر بۆیه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیران داوایکردووه‌ فرۆکه‌ عێراقییه‌کان ئیتر بۆردومانی شاره‌کان نه‌که‌ن.
 
به‌سه‌دان‌و بگره‌ به‌هه‌زاران ماڵ‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک ده‌رگاکانیان داخراوه‌و که‌س نه‌یوێراوه‌ لێیان نزیک ببێته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک داعش ئاراسته‌ی هێرشه‌که‌ی گۆڕی‌و روویکرده‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا‌و په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یدا له‌شنگال‌و ره‌بیعه‌و سه‌هلی نه‌ینه‌وا، ئیتر هاوکێشه‌که‌ گۆڕا.
 
ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنه‌ بینوێتی له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تری شاره‌که‌ش به‌تایبه‌تی له‌حه‌ی عه‌ره‌بی باکوری موسڵ‌ که‌وتووه‌ته‌ به‌ر چاوی خه‌ڵک، کاتێک داعش ماڵه‌ چۆڵه‌کانی کردووه‌ته‌ کارگه‌ی بۆمب چاندن‌و ترسێکی زۆری له‌ناو خه‌ڵکیدا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شێکی دانیشتوانه‌که‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان چۆڵکردووه‌ نه‌وه‌ک له‌کاتی بۆردومانی فرۆکه‌دا بته‌قنه‌وه‌.
 
ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ به‌دیاریکراوی له‌سه‌ر یه‌کێک له‌رێگا گرنگه‌کانی داعشه‌ که‌ بۆ گوێزانه‌وه‌ی چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نی بۆ به‌ره‌ی به‌نداوی موسڵ‌ به‌کاریده‌هێنێت که‌ له‌وێ‌ شه‌ڕێکی قوڵی له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌.
 
نزیک له‌ماڵی بیلال سه‌میر که‌ خاوه‌نی سێ‌ منداڵه‌، داعش به‌رمیل‌و ئۆتۆمبێلیان به‌بۆمب ده‌چاند‌و ته‌قینه‌وه‌یان ئاماده‌ده‌کرد، چونکه‌ ماڵه‌که‌ی دراوسێیان که‌ ماڵی به‌رپرسێکی موسڵ‌ بوو، بووه‌ته‌ باره‌گایه‌کی گرنگی داعش.
 
سه‌میر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌هه‌ر ساتێکدا چاوه‌ڕێی روودانی کاره‌ساتێک بوون، چونکه‌ به‌شێوه‌یه‌کی نیمچه‌ به‌رده‌وام هاتوچۆ بۆ ئه‌و ماڵه‌ کراوه‌و چه‌ند ئۆتۆمبێلێک کیسه‌ی پڕو وه‌یارو ته‌لی جۆراوجۆریان گوێزاوه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌و پیاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ بێ هیوا بووه‌ له‌وه‌ی له‌و ترسه‌ رزگاریان ببێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ ماڵ‌‌و منداڵه‌که‌ی چوونه‌ته‌ ماڵی برایه‌کی که‌ له‌گه‌ڕه‌کێکی تره‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی له‌به‌رپرسى ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی پرسیوه‌ که‌ی کاره‌که‌یان ته‌واو ده‌بێت، ئه‌ویش پێی وتووه‌ "ئێمه‌ له‌شه‌ڕێکداین له‌پێناو ئیسلام، کێ‌ له‌خۆی ده‌ترسێت ده‌توانێت دوور بکه‌وێته‌وه‌".
 
ئه‌و موڵک‌و ماڵانه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ وه‌ک ده‌ستکه‌وتی شه‌ێ‌ لێیان ده‌ڕوانێت‌و به‌کاریانده‌هێنێت، جا یان ده‌یداته‌ خێزانی چه‌کداره‌کانی، یاخود ده‌یانکاته‌ باره‌گای خۆی.
 
له‌به‌رێکی شاره‌که‌ گه‌وره‌ترین ناوچه‌ی پیشه‌سازی هه‌یه‌ که‌ داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌و پڕیه‌تی له‌کانزاو کارخانه‌، ئه‌مانه‌ش باشترین شوێنن بۆ ئه‌وه‌ی داعش ته‌قه‌مه‌نیان لێ‌ دروست بکات‌و ئێستا چه‌ند که‌سێکی شاره‌زا له‌وێ‌ شه‌وو رۆژ له‌کاردان، هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ زۆرێک له‌وانه‌ به‌ر له‌حوزه‌یرانیش هه‌ر بۆ داعش کاریان کردووه‌، به‌ڵام ئێستا سه‌ربه‌ستانه‌تر ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن.
 
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌فته‌ی رابردوو داعش هه‌ڵمه‌تێکی ده‌ستپێکرد بۆ ژماردنی ئه‌و خانووانه‌ی خاوه‌نه‌کانیان جێیان هێشتووه‌، موسڵیشی کرد به‌چه‌ند که‌رتێکه‌وه‌ که‌ هه‌ر که‌رتێکی به‌ناوی به‌رپرسی ژماردنه‌که‌وه‌ ناوناوه‌ تا به‌زوویی کاره‌که‌یان رابپه‌ڕێنن.
 
بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڕه‌کی بیسانی نوێ‌ چه‌ند ماڵێک هه‌ن که‌ خاوه‌نه‌کانیان به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری‌و په‌ککه‌وتنی خوێندنگاو زانکۆوه‌ جێیان هێشتووه‌، که‌نعان عومه‌ر یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی خۆی‌و خێزانه‌که‌ی چوونه‌ته‌ که‌رکوک، به‌ڵام زانیوێتی که‌ داعش ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و ماڵه‌دا گرتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌رێی ژماردنه‌که‌وه‌ زانیویانه‌ که‌ چۆڵه‌.
 
که‌نعان هه‌رزوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ موسڵ‌ بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌ی بده‌نه‌وه‌، پاش هه‌وڵ‌‌و ماندووبوونێکی زۆر به‌ئاواته‌که‌ی گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دراوسێیه‌کی بۆ شایه‌دی بردووه‌و رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و هه‌ڵنه‌هاتووه‌، به‌ڵکو ژنه‌که‌ی بردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، چونکه‌ نه‌خۆشه‌.
 
ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌خه‌ڵکی شاره‌که‌ توانیبێتیان ده‌ست بگرن به‌ماڵ‌‌و حاڵی خۆیانه‌وه‌و داعش نه‌بێته‌ خاوه‌نی، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا به‌شی هه‌ره‌ زۆری خانووی مه‌سیحی‌و شیعه‌کان بوونه‌ته‌ کارخانه‌ی دروستکردنی ته‌قه‌مه‌نی‌و نازانن ئاخۆ پاش داعش ده‌بنه‌وه‌ خاوه‌نی یاخود نا.

 ئا:  خاڵس جومعه‌- موسڵ 


زۆرترین خوێندراو