عێراق له‌لێواری مایه‌پوچبووندایه‌

11/22/2014 11:21:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

نرخی جیهانی نه‌وت به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا بیست‌و پێنج هاته‌ خواره‌وه‌و له‌گه‌ڵیشیدا تێچوونی شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش رۆژ به‌رۆژ زیاد ده‌کات، له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌شدا نه‌بوونی پلانی ئابوری له‌لای حکومه‌تی پێشوو که‌ قاسه‌یه‌کی به‌تاڵى ئه‌م حکومه‌ته‌ دایه‌ ، وایانکردووه‌ ئابوری عێراق روو له‌داڕمان بکات.
 
به‌رپرسانی حکومه‌تی عێراقی چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵک دڵنیا بکه‌نه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی رووبه‌رووی وڵات بووه‌ته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی باس له‌جۆری داهاته‌کان بکه‌ن، به‌ڵام ژماره‌کان ئاماژه‌یه‌کی تر ده‌رده‌خه‌ن‌و ده‌یسه‌لمێنن که‌ عێراق له‌به‌رده‌م قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ئابوریدایه‌.
 
هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م قه‌یرانه‌ مایه‌پوچبوونی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ که‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌کی یه‌ده‌گی تێدا نییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی به‌رزی‌و نزمی نرخی نه‌وت، ئێستاش حکومه‌ت هه‌رچی هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی داعش خه‌رجی ده‌کات‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ که‌ حکومه‌تی پێشوو خۆی دزییه‌وه‌ له‌ده‌رکردنی یاسایی بوجه‌ی 2014 بۆیه‌ عێراق که‌وتووه‌ته‌ بارێکه‌وه‌ که‌ به‌غیلی پێنابرێت.
 
به‌هۆی هه‌ڵکشانی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی جیهانه‌وه‌، نرخی به‌رمیلێک نه‌وت دابه‌زیوه‌ بۆ 80 دۆلار، له‌کاتێکدا سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر نرخه‌که‌ی 116 دۆلار بوو، ئه‌مه‌ش نزمترین ئاسته‌ که‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا نه‌وت پێی گه‌یشتبێت.
 
عێراق یه‌کێک ده‌بێت له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئێجگار دابه‌زینی نرخی نه‌وتی پێوه‌ دیار ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ هیچ پلانێکی بۆ حاڵه‌تێکی له‌م شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌و بودجه‌ی ساڵانه‌که‌شی به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ مه‌زه‌نده‌ کراوه‌.
 
هه‌فته‌ی پێشوو عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وت رایگه‌یاند عێراق رۆژانه‌ دوو ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کات‌و نرخی هه‌ر به‌رمیلێکیش به‌نزیکه‌یی 70 دۆلاره‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو بڕی خه‌مڵێندراوی بودجه‌ ئاماژه‌ پێبکات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش قورس نییه‌و به‌لێکدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێی ده‌کاته‌ 63 ملیار دۆلار بۆ ساڵێک، ئه‌م ژماره‌یه‌ش بۆ عێراق وه‌ک کاره‌سات ده‌بینرێت.
 
کۆنترۆڵکردنی به‌شێکی زۆری خاکی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وایکردووه‌ ئاستی به‌رهه‌می نه‌وتی که‌رکوک له‌ 670 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار به‌رمیل، چونکه‌ نه‌وتی که‌رکوک ده‌بێت له‌رێی موسڵه‌وه‌ بچێته‌ تورکیا که‌ ئێستا به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌.
 
ماوه‌ی پێنج ساڵی ره‌به‌قه‌ عێراق هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌کی ده‌ست ده‌که‌وێت خه‌رجی ده‌کات‌و هیچی پاشه‌که‌وت نه‌کردووه‌ بۆ حاڵه‌تێکی نه‌خوازراو یان چاوه‌ڕواننه‌کراوی وه‌ک شه‌ڕی داعش.
 
حاڵه‌تێکی تری سلبیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌تی پێشوو له‌بودجه‌دا نرخی نه‌وتی به‌که‌متر له‌ 15 دۆلار له‌نرخی ئاسایی خۆی ده‌ستنیشان کردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی ئه‌کره‌م هیتی پسپۆڕی ئابوری هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئابورییه‌.
 
هیتی به‌"نیقاش"ی وت "حکومه‌ته‌کانی دراوسێمان کاتێک بودجه‌ داده‌ڕێژن، نرخی نه‌وت به‌که‌متر له‌ 40 دۆلار له‌نرخی ئاسایی خۆی ده‌ستنیشان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی دابه‌زینی کتوپڕی نرخ بگرن، به‌ڵام حکومه‌تی پێشووی عێراق پێناچێت ئه‌گه‌رێکی له‌م شێوه‌یه‌ی له‌به‌رچاو گرتبێت".
 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێک ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیادیکردووه‌، بۆیه‌ بودجه‌ی عێراقیش ساڵ‌ به‌ساڵ‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌شدا به‌شی پاشه‌که‌وت لێکنه‌دراوه‌ته‌وه‌و چی هاتووه‌ خه‌رجکراوه‌.
 
ساڵی 2011 کۆی بودجه‌ی عێراق گه‌یشته‌ 82 ملیار دۆلار، ساڵی دوای ئه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 100 ملیار دۆلارو له‌ساڵی 2013 گه‌یشته‌ 115 دۆلار، ئه‌مساڵیش وه‌زاره‌تی دارایی بڕی بودجه‌ی به‌ 140 ملیار دۆلار خه‌مڵاندووه‌، به‌ڵام به‌مه‌زه‌نده‌کردنی نرخی به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 90 دۆلار.
 
کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌تی پێشوو کارێکی کردووه‌ سیسته‌می ئابوری هه‌موو ساڵێک چاوه‌ڕێی زیادبوونی پاره‌ بکات‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ری که‌مبوونه‌وه‌ لێکنه‌دراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ عێراقی رووبه‌رووی قه‌یرانی دارایی کردووه‌ته‌وه‌.
 
هه‌فته‌ی پێشوو حکومه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی دوورو درێژ گفتوگۆی له‌سه‌ر بودجه‌ کرد، پاش چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیران رایگه‌یاند حکومه‌ت بڕیاریداوه‌ سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ په‌یڕه‌و بکات، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی‌و سه‌ربازی دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ موچه‌ی ئه‌وان که‌مناکات.
 
زۆربه‌ی چاودێران ئۆباڵی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی حکومه‌تی پێشوو به‌سه‌رۆکایه‌تی نوری مالیکی، چونکه‌ نه‌یتوانیوه‌ بودجه‌ی 2014 ئاماده‌ بکات‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌بێ‌ هیچ پاڵپشتییه‌کی یاسایی 65% ئه‌و بودجه‌یه‌ خه‌رجکراوه‌و که‌سیش نازانێت پاره‌که‌ بۆکوێ‌ چووه‌.
 
ئه‌نوه‌ر سه‌عید پسپۆڕی ئابوری به‌"نیقاش"ی وت "حکومه‌تی پێشوو نزیکه‌ی 70 ملیار دۆلاری له‌پاره‌ی نه‌وت خه‌رج کردووه‌ به‌بێ‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، ئێستا ناتوانرێت وردبینی له‌سه‌ر بکرێت ئاخۆ ئه‌و پاره‌یه‌ براوه‌ یان نا".
 
سه‌عید ده‌شڵێت "ئه‌م حکومه‌ته‌ کاتێک ده‌توانێت رووبه‌رووی قه‌یرانی ئابوری ببێته‌وه‌ که‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان له‌سه‌ر کار لاببات‌و له‌رێی بانکه‌کانه‌وه‌ قه‌رز بدات‌و پاره‌ی کۆمپانیاکانی دڵنیایی بجوڵێنێت".
 
ئه‌وه‌ روونه‌ که‌ جه‌نگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش هۆکارێکی تری ئه‌م قه‌یرانه‌یه‌، چونکه‌ حکومه‌ت ناچاربووه‌ بڕێکی زۆری چه‌ک بکڕێت‌و پاره‌ی هه‌زاران شه‌ڕکه‌ری خۆبه‌خش بدات.
 
هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌ت به‌فه‌رمی بڕی تێچووی شه‌ڕی داعشی رانه‌گه‌یاندووه‌، که‌ ره‌نگه‌ به‌هۆی نه‌بوونی داتای پێویست‌و بوونی گه‌نده‌ڵی دارایی‌و ئیدارییه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ دیاره‌ که‌ تێچوونه‌که‌ی ئێجگار گه‌وره‌یه‌و کاتێک ساڵی رابردوو بودجه‌ بۆ ئه‌مساڵ‌ ئاماده‌کراوه‌، ئه‌گه‌ری شه‌ڕێکی قورسی له‌م چه‌شنه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌.
 
هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی عێراق له‌چاوپێکه‌وتنێکی ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند مالیکی چه‌ند ملیار دۆلارێکی له‌دروستکردنی هێزی چه‌کداری نانیزامیدا خه‌رجکردووه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌م پاره‌یه‌ش بێ‌ هیچ پلانێک خه‌رجکراوه‌، به‌ڵام زێباری هیچ ژماره‌یه‌کی ته‌واوی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌.
 
کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگاکانیش، ئه‌وه‌تا هه‌رسێ‌ پارێزگای ئه‌نبارو که‌ربه‌لاو واسیت مایه‌پوچبوونی خۆیان راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووشدا بودجه‌ی 2015 په‌سه‌ند نه‌کرێت ئه‌وا پارێزگاکانی تریش مایه‌پوچبوونی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن.
 
به‌رپرسانی حکومی‌و پسپۆڕانی ئابوری به‌روونی ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن که‌ ساڵی داهاتوو هیچ پرۆژه‌یه‌کی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره‌ ئه‌نجام نادرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان که‌م ده‌بێته‌وه‌ نه‌ک موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌زه‌حمه‌ت پاره‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ ده‌ستبخرێت که‌شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا ئه‌و رێکخراوه‌ به‌دوای هه‌ر خاڵێکی لاوازی حکومه‌تدا وێڵه‌.

ئا : موسته‌فا حه‌بیب


زۆرترین خوێندراو