داعش موسڵ‌ له‌جیهانی ده‌ره‌وه‌ داده‌بڕێت

12/5/2014 12:16:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

رۆژ به‌رۆژ گه‌مارۆکه‌ی داعش له‌سه‌ر خه‌ڵکی موسڵ‌ چڕتر ده‌بێته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆری بورجه‌کانی مۆبایلی تێکداوه‌ یان له‌کاری خستوون، ئێستا په‌وه‌ندی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌ پچڕاوه‌.
 
به‌ر له‌دوو رۆژ له‌رادیۆی زهوری سه‌ر به‌شاره‌وانی موسڵ‌ به‌یاننامه‌یه‌ک به‌ناوی وته‌بێژی داعشه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌، تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ کاری کۆمپانیاکانی مۆبایل له‌سنوری "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت"دا کۆتایی هاتووه‌و جارێکی تر ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رگای کرده‌وه‌ به‌رووی ئه‌گه‌ره‌کانی هه‌نگاوی داهاتووی داعش له‌کاتێکدا بۆخۆی زۆر سوودی له‌مۆبایل بینیوه‌.
 
هه‌ندێ‌ که‌س پێیان وایه‌ داعش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌ک ئاماده‌سازییه‌که‌ بۆ ئه‌گه‌ری هێرشی به‌رفراوانی حکومه‌ت بۆ سه‌ر موسڵ‌، هه‌ندێکی تر وایده‌بینن که‌ بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌مه‌سه‌له‌ داراییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 
ئه‌ندازیارێکی بواری په‌یوه‌ندییه‌کان که‌ خۆی داوایکرد به‌جابر ناوی ببرێت پێی وایه‌ کۆمپانیاکانی مۆبایل له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌نین سه‌رانه‌ به‌داعش بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌و رێکخراوه‌ ده‌یه‌وێت تۆڵه‌یان لێبکاته‌وه‌و ده‌ڵێت "نا چێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ داعش بۆ به‌رگرتن له‌هێرشی سه‌ربازی مۆبایل په‌ک بخات، له‌کاتێکدا کۆمپانیاکانی بواری ئینته‌رنێت هه‌ر کارده‌که‌ن‌و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری په‌یوه‌ندیکردنی خۆڕایی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌".
 
زۆرکه‌س په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ هه‌ندێ‌ کۆمپانیای مۆبایل راده‌کێشن‌و تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن به‌وه‌ی هه‌م سه‌رانه‌یان داوه‌ته‌ داعش‌و هه‌م به‌هۆی سیمکارته‌ نه‌ناسراوه‌کانیانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌خه‌ڵک کراوه‌و پاره‌ی لێسه‌ندراوه‌.
 
ئه‌م خه‌ڵکانه‌و له‌نێویشیاندا عومه‌ر ماجیدی رۆژنامه‌نووس پێی وایه‌ به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه‌ی له‌رابردوودا سه‌رانه‌یان ده‌دا به‌داعش، ئێستا به‌هۆی فشاری حکومه‌ت‌و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و کاره‌ بکه‌ن، بۆیه‌ داعش په‌لاماریان ئه‌دات.
 
عومه‌ر ده‌ڵێت "بورجی کۆمپانیاکانی مۆبایل له‌ناو ماڵی خه‌ڵکیدا داندراون‌و مانگانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بڕێک کرێیان پێده‌درا، ئێستا داعش که‌وتووه‌ته‌ په‌لاماردانیان، هه‌ندێ‌ خه‌ڵکیش وا مه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ن داعش له‌و رێیه‌وه‌ بیه‌وێت پاره‌ له‌کۆمپانیاکان بسه‌نێت".
 
له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوودا هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی بازرگانی گه‌وره‌ یان بچووک کرابێته‌وه‌ گروپه‌ چه‌کداره‌کان به‌زۆر سه‌رانه‌یان لێسه‌ندووه‌، بۆیه‌ خه‌ڵک پێیان وایه‌ قاعیده‌و دواتریش داعش هه‌ندێ‌ کۆمپانیای مۆبایلیان ناچار کردووه‌ که‌ سه‌رانه‌یان بده‌نێ‌‌و ئێستا ئه‌و کۆمپانیایانه‌ ئاماده‌نین پاره‌که‌ بده‌ن.
 
هه‌ندێک که‌س له‌گۆشه‌نیگایه‌کی تره‌وه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڕوانن‌و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی داعش ده‌یکات رێوشوێنێکی ئه‌منییه‌ بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندی خه‌ڵکه‌ ناڕازییه‌که‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان که‌ ئێستا له‌هه‌رسێ‌ به‌ره‌ی باکورو باشوورو رۆژهه‌ڵات له‌ده‌ستپێشخه‌ریدان.
 
ره‌بیع عه‌ونی چالاکوانی سیاسی له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "بڕینی په‌یوه‌ندی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ترسێکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی موسڵ‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ دواهه‌مین په‌ناگه‌ی ئه‌و گروپه‌یه‌ له‌عێراقدا".
 
ره‌بیع ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد ئه‌م هه‌نگاوه‌ی داعش پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ چه‌ند رۆژێکه‌ هاتوچۆی هاوڵاتیانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی موسڵ‌ قه‌ده‌غه‌ کردووه‌، چونکه‌ خه‌ڵکێکی زۆر له‌و واقیعه‌ تاڵه‌ هه‌ڵدێن نه‌ کاره‌بایان هه‌یه‌و نه‌ ئاو، ئه‌وانه‌شی ده‌یانه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌ن ده‌بێت یه‌کێک ببێته‌ که‌فیلیان‌و به‌ڵێن بدات پاش ده‌ رۆژ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند خاڵێکی پشکنینی له‌ناو شاردا داناوه‌.
 
لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌ی باشه‌ ئه‌گه‌ر داعش کاری کۆمپانیاکانی مۆبایل په‌ک بخات، خۆی چۆن په‌یوه‌ندییه‌کانی گرێ‌ ده‌دات له‌و ناوچه‌ به‌رفراوانه‌ی به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی.
 
هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ له‌ناو موسڵه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ داعش پشت به‌ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی ئاسمانی ده‌به‌ستێت وه‌ک ته‌له‌فۆنی سوره‌ییا، هه‌روه‌ها له‌رێی ئینته‌رنێتیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ئه‌نجام ده‌دات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌کی سنورداردا، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌و سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌ی له‌هێزه‌ ئه‌منی‌و هه‌واڵگیرییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستی که‌وتوون پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 9ی حوزه‌یران له‌موسڵ‌ هه‌ڵهاتن.
 
به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی داعشه‌وه‌ به‌ده‌یان که‌س له‌وانه‌ی کارت‌و پێداویستییه‌کانی مۆبایل ده‌فرۆشن مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یان لێنیشتووه‌، چونکه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بنه‌ به‌شێک له‌و سوپا بێکاره‌ی له‌موسڵدا هه‌ن.
 
ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ موسڵ‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ده‌پچڕێت‌و ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نها کۆمپانیایه‌کی ئینته‌رنێته‌ که‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌هه‌ر کاتێکدا داعش ئه‌وه‌ش بپچڕێت‌و موسڵ‌ له‌جیهانی ده‌ره‌وه‌ی داببڕێت.
 
ئا : نه‌وزه‌ت شه‌مدین


زۆرترین خوێندراو