ژنێکى مه‌سیحی ‌چه‌ند مانگێک له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بووه‌

1/23/2015 3:27:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

که‌ سه‌رجه‌م دانیشتوانی گونده‌که‌ی له‌ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتن، راحیل بڕیاریدا به‌ته‌نها بمێنێته‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیرکرا، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێک خۆی‌و نۆ که‌سی به‌ته‌مه‌نی تر ئازادکران.
 
کاتێک که‌ بینی وێنه‌که‌ی بووه‌ته‌ به‌رگی زۆربه‌ی رۆژنامه‌کان، راسته‌وخۆ ئه‌و کاته‌ی به‌بیرهاته‌وه‌ چۆن گه‌یشته‌ ناوچه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌نزیک که‌رکوک‌و تێگه‌یشت مۆته‌که‌ی مه‌رگ له‌کۆڵی بووه‌ته‌وه‌.
 
راحیل تاکه‌ که‌س بوو له‌و پێنج هه‌زار هاوڵاتییه‌ مه‌سیحییه‌ی گوندی کرملیس (30کم خۆرهه‌ڵاتی موسڵ‌) که‌ بڕیاریدا ناوچه‌که‌ جێنه‌هێڵێت‌و به‌ته‌نها رووبه‌رووی چاره‌نووسی خۆی ببێته‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی داعشدا که‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌کانی دۆڵی نه‌ینه‌وای که‌وته‌ ده‌ست، ئه‌و له‌وێ‌ به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌ مایه‌وه‌ که‌ ترس‌و دڵه‌راوکێیان گه‌یانده‌ هه‌موو شوێنێک.
 
دوای رێگایه‌کی دوو رۆژه‌ی دوورو درێژ، ئه‌و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ گه‌یشته‌ هه‌ولێرو به‌که‌سوکاره‌که‌ی شاد بووه‌وه‌ له‌چادرگه‌کانی شارۆچکه‌ی عه‌ینکاوه‌ی هه‌ولێر، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت خه‌ڵک به‌تاسه‌وه‌ گوێ‌ بۆ چیرۆکه‌کانی پێنج مانگی رابردووی ده‌گرن که‌ له‌نێوان کرملیس‌و موسڵدا به‌سه‌ری بردووه‌.
 
زۆرکه‌س ئه‌وه‌یان لێده‌پرسی که‌ یه‌که‌مجار چه‌کداره‌کان بینیویانه‌ چییان کردووه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ش که‌ ده‌ست به‌سه‌ر بووه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووه‌؟
 
راحیل چیرۆکه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: "که‌ هاتنه‌ ناو گونده‌که‌ لێیان پرسم چۆنه‌ رات نه‌کردووه‌، منیش وتم 71 ساڵه‌ له‌م گونده‌ ده‌ژیم‌و هه‌رچییه‌کم لێبکه‌ن چۆڵی ناکه‌م".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ له‌گونده‌که‌ مامه‌وه‌ (4ی ئاب تا 24ی تشرینی یه‌که‌م) به‌ته‌نها به‌شه‌قامه‌کاندا ده‌سوڕامه‌وه‌و گوێم به‌قسه‌کانی ئه‌وان نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێکیش به‌ئاسماندا ته‌قه‌یان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌".
 
ده‌شڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا خواردن‌و خواردنه‌وه‌یان بۆ دابین ده‌کردم‌و هه‌ندێ‌ جار نه‌رم‌و هه‌ندێجاری تر توڕه‌و توند بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان به‌رده‌وام ده‌گۆڕان".
 
ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ تاکه‌ شاهیدێکه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دزی‌و تاڵانییه‌ی داعش له‌ناوچه‌که‌دا کردوویانه‌‌و چۆن په‌لاماری ماڵ‌‌و حاڵی خه‌ڵکییان داوه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی بۆیان نه‌ده‌برا ده‌یانشکاند، ته‌نانه‌ت تانکی سه‌ربانیشیان کون ده‌کرد".
 
ئه‌و ماوه‌یه‌ راحیل په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ‌ داعش نه‌بووه‌، له‌کاتی گێڕانه‌وه‌ی قسه‌کانیدا ئاوڕی له‌کوڕه‌ مامه‌که‌ی دایه‌وه‌ که‌ له‌که‌نیسه‌ی کرملیس کاری ده‌کردو پێی وت "تا له‌گونده‌که‌ مابوومه‌وه‌ نه‌مهێشت ماڵه‌که‌تان تاڵان بکه‌ن، ته‌نانه‌ت وێنه‌ی دایک‌و باوکتم له‌دیواره‌که‌ کرده‌وه‌و له‌شوێنێکی باش بۆم هه‌ڵگرتی".
 
ئامۆزاکه‌ی لێی پرسی "ئه‌ی بوتڵه‌ بیره‌که‌ی که‌ هه‌ڵواسرابوو شکاندیان"، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ "نا نه‌یان شکاند، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ‌ خۆیان بردیان" له‌و کاته‌دا هه‌موو دانیشتوانی ناو چادره‌که‌ ده‌ستیان کرد به‌پێکه‌نین.
 
چه‌کدارانی داعش بێهیوا بوون له‌وه‌ی راحیل گونده‌که‌ چۆڵ بکات، بۆیه‌ خستوویانه‌ته‌ ئۆتۆمبێلێکی خۆیانه‌وه‌و بردوویانه‌ته‌ خانه‌ی به‌ساڵاچوانی موسڵ‌، ئه‌م به‌شه‌ی چیرۆکه‌که‌ی به‌ده‌نگێکی خه‌مهێنه‌وه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌.
 
کاتێک یه‌کێک له‌منداڵه‌کان پرسیاری بارودۆخی (ئیستیقراره‌)ی لێکرد، له‌وه‌ڵامدا وتی "ئاه‌ ئه‌و داماوه‌ تائێستاش ده‌نگی له‌گوێمدا ئه‌زرنگێته‌وه‌، که‌ به‌جێمهێشت خواردنێکی زۆرم بۆ جێهێشت".
 
(ئیستیقراره‌) ناوی پشیله‌که‌ی راحیله‌، ئه‌و که‌ تائێستا شووی نه‌کردووه‌و هه‌ردوو براکه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین، وه‌ک کچی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پشیله‌یه‌دا ده‌کرد.
 
کاتێک که‌چووه‌ته‌ خاڵه‌ی به‌ساڵاچووان بارودۆخی باشتر بووه‌، چونکه‌ له‌ژوورێکدا داندراوه‌ که‌ دوو ژنی تری مه‌سیحی تیا بووه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان‌و کارمه‌نده‌کانیش که‌وتووه‌ته‌ قسه‌و ئیتر که‌سێک هه‌بووه‌ ده‌رده‌دڵی خۆی بۆ بکات، به‌ڵام له‌وێش چه‌کدارانی داعش له‌کۆڵی نه‌بوونه‌ته‌وه‌و ناوه‌ ناوه‌ سه‌ردانی خانه‌که‌یان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌که‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان بهێنن ببنه‌ موسوڵمان.
 
له‌و کاته‌وه‌ که‌ که‌سوکاره‌که‌ی زانیویانه‌ چووه‌ته‌ موسڵ هه‌وڵیانداوه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بکه‌ن، کوڕه‌ مامه‌که‌ی ده‌ڵێت "له‌رێی که‌سێکی تره‌وه‌ توانیم به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ‌ بکه‌م‌و زانیم له‌ژیاندا ماوه‌".
 
له‌و ماوه‌یه‌شدا ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ به‌ختی نه‌بووه‌، چونکه‌ ئامۆزاکه‌ی هه‌وڵیداوه‌ له‌رێی ئه‌و که‌سه‌ی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی رێکخستووه‌ بیگه‌ێنێته‌ هه‌ولێر، به‌ڵام که‌سه‌که‌ دوای ئه‌وه‌ی پاره‌ی خۆی وه‌رگرتووه‌، دیار نه‌ماوه‌.
 
یه‌کێک له‌و چیرۆکانه‌ی که‌ راحیل له‌بیری ناچێته‌و دادگاکه‌ی داعشه‌، له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ له‌خانه‌ی به‌ساڵاچووان بووه‌ تاکه‌ جارێک که‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ دادگای شه‌رعی داعش بووه‌، ئه‌و کاته‌ زانیوێتی که‌ حه‌وت پیاوی تری مه‌سیحی له‌و خانه‌یه‌دا بوون‌و هه‌موویان پێکه‌وه‌ به‌ پاسێک براون.
 
راحیل باسی ئه‌و رۆژه‌ ده‌کات‌و ده‌ڵێت "له‌به‌رده‌م گه‌نجێکی ریش درێژدا وه‌ستاین‌و داوای لێکردین ببین به‌موسوڵمان‌و بۆ ماوه‌ی نیو کاتژمێر باسی قورئان‌و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ری کرد، پاش ئه‌وه‌ فه‌رمانیدا ببرێینه‌وه‌ بۆ خانه‌که‌و یه‌کی قورئانێکیشیان داینێ‌، به‌ڵام وه‌ک خۆتان ده‌زانن من خوێنده‌واریم نییه‌".
 
پاش چه‌ند رۆژێک له‌چوونه‌ به‌رده‌م دادگا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی به‌ساڵاچووان پێی راگه‌یاندوون که‌ ئه‌و ده‌ مه‌سیحییه‌ ئازاد ده‌کرێن، راحیل ده‌ڵێت "بڕوامان نه‌کرد ئه‌م مۆته‌که‌یه‌ کۆتایی بێت‌و جارێکی تر که‌سوکاره‌که‌مان ببینینه‌وه‌".
 
رۆژی دواتر براونه‌ته‌ ناو هه‌مان پاسی پێشوو به‌ره‌و رێی که‌رکوک رۆیشتووه‌، پێیان وابووه‌ ئیتر به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌برێن که‌ بکوژرێن، به‌ڵام پاسه‌که‌ له‌نزیک سه‌نگه‌رێکی خۆڵ‌ وه‌ستاوه‌و ئه‌وانی داگرتووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
 
چیرۆکه‌که‌ له‌مه‌دا کۆتایی نه‌هاتووه‌، چونکه‌ راحیل‌و هاوه‌ڵه‌کانی که‌وتوونه‌ته‌ نێوان سه‌نگه‌ره‌کانی داعش‌و پێشمه‌رگه‌وه‌، له‌و به‌ریشه‌وه‌ له‌لای پێشمه‌رگه‌ رێگه‌ نادرێت له‌موسڵه‌وه‌ هیچ که‌سێک بچێته‌ که‌رکوک، ئیتر بارودۆخی هه‌ر چۆنێک بێت.
 
هه‌رچه‌نده‌ دوان له‌به‌ته‌مه‌نه‌کان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بوو، به‌ڵام دوو رۆژ له‌بازگه‌یه‌ک هێڵدراونه‌ته‌وه‌و رێی تێپه‌ڕبوونیان پێ‌ نه‌دراوه‌، تا ئه‌و کاته‌ی که‌نیسه‌ی که‌رکوک بڕوایان به‌پارێزگار هێناوه‌ رێی چوونه‌ ژووره‌وه‌یان پێبده‌ت، ئه‌م مانه‌وه‌یه‌ش کاری له‌ته‌ندروستی به‌ساڵاچووه‌کان کردووه‌.
 
راحیل له‌هه‌ولێر وه‌ک پاڵه‌وان پێشوازی لێکرا، کاتێک له‌رێی بڵندگۆیه‌که‌وه‌ به‌خه‌ڵکه‌ ئاواره‌که‌ی کرملیس راگه‌یه‌ندرا که‌ گه‌یشتووه‌ته‌وه‌، هه‌موویان ده‌ستیان کرد به‌هه‌لهه‌له‌ لێدان‌و دابه‌شکردنی شیرینی‌و پێشبڕکێیان بوو بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن.
 
ئێستا راحیل بووه‌ته‌ جێی سه‌رنجی رۆژنامه‌نووس‌و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ حه‌زیان به‌پرسیارکردن‌و بیستنی چیرۆکه‌کانی سه‌رکێشییه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی ده‌یانه‌وێت چاره‌نووسی که‌سوکاره‌کانیان بزانن که‌ له‌مانگی حوزه‌یرانی رابردووه‌وه‌ دیار نه‌ماون. دواجار چیرۆکی راحیل هه‌تا هه‌تایه‌ له‌یاده‌وه‌ری کرملیس‌و دۆڵی نه‌ینه‌وادا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئا : خاڵس جومعه‌


زۆرترین خوێندراو