عومه‌ر رامبۆ دواى نزیکه‌ى 16 ساڵ زیندانى بێ تاوان ده‌رچوو

12/22/2015 12:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


زۆرجار ئاشکرا بونى راستیه‌کان  له‌روداوێکدا ماوه‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت زۆرجاریش ئاشکرا بوونى راستیه‌کان چه‌ندین ساڵ ده‌خایه‌نێت و که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک ده‌بنه‌ قوربانى ئه‌و دۆسیه‌یه‌، ره‌نگه‌ له‌راستیدا واش نه‌بێت ،هه‌روه‌ک ده‌بینین چه‌ندین که‌س دواى تێپه‌ربوون و وه‌رگرتنى سزا له‌سه‌ر تاوانێک،به‌ڵام ده‌رئه‌نجام  بێ تاوان ده‌رده‌چن ، عومه‌ر که‌ریم شه‌ریف یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ى 15 ساڵ و 6 مانگ له‌ئێران زیندانى ده‌کرێت له‌سه‌ر تاوانێک ،به‌ڵام دواجار بێتاوان ده‌رده‌چێت .

 
عومه‌ر که‌ریم شه‌ریف له‌کاتى به‌جێگه‌یاندنى کارى پێشمه‌رگایه‌تى له‌چیاى سورێن تۆمه‌تبار کرا به‌کوشتنى که‌سێکى سه‌ربه‌ ئێران له‌گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ى تردا به‌ناوه‌کانى (جه‌مال حه‌مه‌مراد بانى بنوکى و جه‌لال ئه‌حمه‌د چناره‌ى) له‌لایه‌ن  کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ داواکران .

بۆ ئه‌مه‌به‌سته‌ش حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  داواى کرد لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى هاو به‌شى هه‌ردولا له‌سلێماى دروست بکرێت ،به‌ڵام کۆمارى ئیسلامى ئێران داواکه‌ى ره‌تکرده‌وه‌ و داوایان له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ کردن ،دواتر له‌لایه‌ن ئاسایشى گشتى له‌ئیداره‌ى سلێمانى وئاسایشى سلێمانى نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و نوێنه‌رى حزبى سۆسیالیست و نوێنه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌رۆژى 29-7-2000 لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ عومه‌ر که‌ریم و جه‌مال حه‌مه‌ مراد کرا،له‌کاتێکدا جه‌لال ئه‌حمه‌د چناره‌ى شارى سلێمانى جێ هێشتبوو .

دواتر له‌رۆژى  31- 7-2000 به‌بێ‌ ئاگادارى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و ته‌واو بوونى لێکۆڵینه‌وه‌، له‌لایه‌ن ئاسایشى سلێمانیه‌وه‌ له‌رێگاى مه‌رزى باشماخه‌وه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ عومه‌ر که‌ریم شه‌ریف و جه‌مال حه‌مه‌ مراد راده‌ستى کۆمارى ئیسلامى  ئێران ده‌کرێن .

دواى تێپه‌ربوونى 4 ساڵ به‌سه‌ر زیندانى کردن و بێ تاوانى  جه‌مال حه‌مه‌ مراد ئازادکرا ،به‌ڵام عومه‌ر که‌ریم بڕیارى له‌سێداره‌دانى بۆده‌رچوو ،دواتر به‌هۆى هه‌وڵه‌کانى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وحزبى سۆسیالیست له‌رێگاى به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى تارانه‌وه‌ ،هه‌روه‌ها چه‌ندین شایه‌تحاڵ له‌روداوه‌که‌ که‌ بێ‌ تاوانى ناوبراویان ئه‌سه‌لماند سزاکه‌ى که‌کرایه‌وه‌ بۆ زیندانى هه‌تاهه‌تایى .

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و نوێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌رده‌وام بوون له‌هه‌وڵه‌کانیان بۆ سه‌لماندنى راستیه‌کان و بێ تاوانى عومه‌ر که‌ریم شه‌ریف له‌و تاوانه‌ى به‌سه‌ریدا سه‌پێندرابوو تادواجار له‌ 15-12-2015 دواى 15 ساڵ و شه‌شه‌ مانگ زیندانى ئازاد کرا .

جه‌لال حاجى ئه‌حمه‌د چناره‌یى که‌به‌هه‌مان دۆسیه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان دادگایى کراوه‌و بڕیارى له‌سێداره‌دانى بۆده‌رچووه‌ .

ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ که‌بڵێین کێ به‌رپرسه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ى که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌عومه‌ر که‌ریم شه‌ریف که‌ماوه‌ى 15 ساڵ و 6 مانگ و جه‌مال حه‌مه‌ مراد ماوه‌ى 4 ساڵ له‌زیندان به‌رێیان کردووه‌ ،له‌گه‌ڵ  زراندنى ناوناوبانگیان  به‌تۆمه‌تى کوشتن،چۆن قه‌ره‌بوو ئه‌کرێنه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها  جه‌لال حاجى ئه‌حمه‌د چناره‌یى که‌به‌هه‌مان تاوان بریارى له‌سێداره‌دانى بۆده‌رچووه‌ ئاخۆ ئه‌ویش بێ‌ تاوانه‌ یان نا ؟  بۆیه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌دۆسیه‌که‌یدا بچێته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیارى دروست بدرێت .


زۆرترین خوێندراو