4
7 موقته‌دا سه‌در گره‌و له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌کات
25/6/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز

نقاش 





موقته‌دا سه‌در سه‌رقاڵى جموجوڵێکی سیاسى جێسه‌رنجه‌، چونکه‌ دوای کشانه‌وه‌ی له‌هاوپه‌یمانێتی شیعه‌و کشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌کانی له‌حکومه‌ت، له‌هه‌وڵى پێکهێنانى هاوپه‌یمانییه‌کدایه‌ باز به‌سه‌ر تایفه‌گه‌ریدا بدات.

چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ بزووتنه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در سه‌رقاڵى چالاکییه‌کى سیاسى هه‌ستپێکراوه‌ وه‌ک ئاماده‌کارییه‌ک بۆ ئاڵوگۆره‌ سیاسییه‌کانى داهاتوو که‌ دیارترینیان هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانه‌ که‌ گرنگترین‌و مه‌ترسیدارترین هه‌ڵبژاردنه‌ له‌دواى ساڵى 2003 که‌ بڕیاره‌ ساڵى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت، له‌م رووه‌شه‌وه‌ سه‌در له‌ وتووێژى جددیدایه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى مه‌ده‌نى له‌ وڵات بۆ پێکهێنانى هاوپه‌یمانییه‌ک که‌ یه‌که‌مین هاوپه‌یمانى له‌و جۆره‌یه‌ له‌نێوان بزووتنه‌وه‌یه‌کى ئیسلامى شیعه‌‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کى مه‌ده‌نى عه‌لمانیدا.

له‌ به‌غدا‌و نه‌جه‌ف چه‌ند ئه‌ندامێکى بزووتنه‌وه‌ى مه‌ده‌نى سه‌رقاڵى کۆبوونه‌وه‌ى چڕوپڕن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى ره‌وتى سه‌در که‌ دوو ته‌وه‌ر له‌خۆده‌گرن ئه‌وانیش بریتین له‌ تاووتوێکردنى ئاینده‌ى جوڵانه‌وه‌ى سیاسى نێوان هه‌ردوولا‌و به‌ستنى هاوپه‌یمانییه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ ئاینده‌دا، و ته‌ئکیدکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ هه‌فتانه‌ییه‌کان له‌ هه‌موو رۆژانێکى هه‌ینى له‌ به‌غدا‌و پارێزگاکانى دیکه‌دا.

هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌که‌ تواناى خۆى بۆ کارى سیاسى تاقیکردۆته‌وه‌‌و له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا توانى ناڕه‌زایى له‌دژى یاساى ئازادى راده‌ربڕین له‌ په‌رله‌مان کۆبکاته‌وه‌ له‌ڕێى ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى بیناى په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتارانى ره‌وتى سه‌در له‌ ناو په‌رله‌ماندا، هه‌روه‌ک هاوپه‌یمانییه‌که‌ ده‌یان په‌رله‌مانتارى کۆکردووه‌ته‌وه‌ له‌دژى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن که‌ هه‌ردوولا داواى گۆڕینى ئه‌ندامانى ده‌که‌ن به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ئه‌ویش به‌هۆى تۆمه‌تبارکردنى به‌لایه‌نگریکردنى نورى مالیکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوو.

سه‌ره‌ڕاى جیاوازییه‌ ئایدیۆلۆجییه‌ ئاشکراکانى نێوان سه‌دریه‌کان‌و مه‌ده‌نییه‌کانیش، به‌ڵام خاڵى هاوبه‌شى گرنگ هه‌ردوولاى  کۆکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گرنگترینیان دژایه‌تیکردنى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووه‌، چونکه‌ ره‌وتى سه‌در به‌ سه‌رسه‌ختترین دوژمنى مالیکى داده‌نرێت‌و هیچ هه‌فته‌یه‌ک به‌بێ لێدوانى دژبه‌یه‌کى هه‌ردوولا تێناپه‌ڕێت، هه‌روه‌ک لیژنه‌کانى هه‌ماهه‌نگى خۆپیشاندانه‌کانیش دژایه‌تى مالیکى ده‌که‌ن که‌ به‌ دژایه‌تیکردنى یه‌که‌م جوڵانه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى ناسراوه‌ که‌ له‌ 25ى شوباتى 2011دا به‌ڕێوه‌چوو کاتێک سوپا‌و فڕۆکه‌ى بۆ لێدانى خۆپیشانده‌رانى بێ چه‌ک به‌کارهێنا‌و هه‌ندێکیشیانى ده‌ستگیرکرد.

له‌ 19ى ئایارى رابردوودا موقته‌دا سه‌در له‌ چاوپێکه‌وتنێکى ته‌له‌فزیۆنیدا وتی: "مالیکى سێیه‌کى عێراقى فرۆشتووه‌‌و ده‌نگى خۆمى ناده‌مێ تا ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیران له‌ ئاینده‌دا" پاش دوو هه‌فته‌ش له‌ قسه‌کانى سه‌در، مالیکى له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ره‌خنه‌ى له‌ ره‌وتى سه‌در گرت‌و وتی: "ئه‌وان چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانى سیاسى شیعه‌‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى پۆل ده‌خوێنن". هه‌روه‌ک مالیکى ره‌خنه‌شى له‌ خۆپیشاندانه‌کان گرت‌و وتى له‌دژى ئیسلامییه‌کان ئاڕاسته‌کراون.

سه‌در له‌ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانى شیعه‌

ئه‌و حزبه‌ شیعانه‌ى له‌ ساڵى 2003وه‌ حوکمى عێراقیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست شانازى به‌وه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ ساڵانى 2005، 2009‌و 2014 خاوه‌نى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى بوون، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنیشدا ئه‌و حزبانه‌ 178 کورسیان له‌ کۆى 328 کورسى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ده‌ستهێنا.

هاوپه‌یمانى شیعه‌ پێکهاتووه‌ له‌ هاوپه‌یمانى "ئه‌حرار"ى سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در (34 کورسی)، هاوپه‌یمانى "مواتن" به‌سه‌رکردایه‌تى عه‌ممار حه‌کیم (30 کورسی)، "ره‌وتى چاکسازى نیشتمانی" به‌ سه‌رکردایه‌تى ئیبراهیم جه‌عفه‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێستا (6 کورسی)، هاوپه‌یمانى "فه‌زیله‌" (6 کورسی)، "هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا" (101 کورسی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ فراکسیۆنى "سادیقون"ى سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى "عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق" (یه‌ک کورسی).

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مالیکى هه‌وڵ ده‌دات سه‌رله‌نوێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حوکم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دروشمى زۆرینه‌ى سیاسى له‌ حوکمدا هه‌ڵگرتووه‌ نه‌ک سازانى نیشتمانى نێوان شیعه‌‌و سوننه‌‌و کورد، له‌وه‌شدا گرووپه‌ چه‌کداره‌ شیعه‌کانى سه‌ر به‌ ئێران که‌ هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ مالیکى بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو راگه‌یاندووه‌، پشتیوانى ده‌که‌ن.

به‌ڵام جیابوونه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ "هاوپه‌یمانى شیعه‌" واته‌ له‌ده‌ستدانى نزیکه‌ى 30 کورسى په‌رله‌مان به‌وه‌ش هاوپه‌یمانى سیاسى شیعه‌ زۆرینه‌ى سیاسى له‌ده‌ست ده‌دات که‌ دواى هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک به‌ده‌ستى ده‌هێنا، هاوکات سه‌در به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌کان‌و چه‌ند هێزێکى دیکه‌ پێکبهێنێت له‌وانه‌ هاوپه‌یمانى "وه‌ته‌نیه‌" به‌سه‌رکردایه‌تى ئه‌یاد عه‌لاوى جێگرى سه‌رۆک کۆمار.

نیسانى رابردووش ناوى ئه‌حمه‌د سه‌در له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى ده‌رکه‌وت که‌ کوڕى ئه‌و برایه‌ى موقته‌دا سه‌دره‌ که‌ له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عى ئایینى محه‌مه‌د سه‌درى باوکیان له‌ ساڵى 1999 له‌ نه‌جه‌ف له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام حسێندا تیرۆرکران، چونکه‌ موقته‌دا سه‌در بڕیارى داوه‌ برازا گه‌نجه‌که‌ى بهێنێته‌ مه‌یدانى سیاسى که‌ ته‌مه‌نى 31 ساڵه‌.

ئه‌حمه‌د سه‌در له‌ مانگى نیساندا چه‌ند دیدارێکى به‌رفراوانى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى حزبه‌ سوننیو کوردیه‌کان ئه‌نجام دا له‌چوارچێوه‌ى جموجوڵه‌ سیاسییه‌کانى ره‌وتى سه‌در‌و ئاماده‌کارى بۆ قۆناغى دواى رێکخراوى "داعش"، به‌ڵام دیدارى له‌گه‌ڵ "هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا" به‌سه‌رکردایه‌تى مالیکى ئه‌نجام نه‌دا.

 په‌رله‌مانتار عه‌لى شوه‌یلیه‌ له‌ فراکسیۆنى "ئه‌حرار" به‌ "نیقاش"ى وت فراکسیۆنه‌که‌یان هه‌وڵى پێکهێنانى کوتله‌یه‌کى سیاسى نا تایفى ده‌دات که‌ هێزى شیعیو سوننیو کوردیو عه‌لمانى له‌خۆده‌گرێت "چونکه‌ هاوپه‌یمانیه‌ تایفیه‌کان شکستى خۆیان سه‌لماندووه‌‌و پێویسته‌ هه‌مان ئه‌و هه‌ڵانه‌ دووباره‌ نه‌کرێنه‌وه‌".

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ره‌وتى سه‌در یه‌که‌م لایه‌نه‌ که‌ ده‌ستپێشخه‌رى کردووه‌ بۆ شکاندنى هاوپه‌یمانییه‌ تایفیه‌کان‌و له‌و پێناوه‌شدا ده‌ستبه‌ردارى زۆر شت بووین، وه‌زیره‌کانمان له‌ حکومه‌ت کێشایه‌وه‌ تا ئازادى به‌ سه‌رۆک وه‌زیران ببه‌خشین له‌ هه‌ڵبژاردنى وه‌زیرانى ته‌کنۆکرات له‌کاتێکدا کوتله‌کانى دیکه‌ ئه‌وه‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌‌و سووربوون‌و به‌شبه‌شکارى تایفى له‌ حوکمدا".


خاڵه‌کانى هێزى سه‌در

له‌وه‌ته‌ى موقته‌دا سه‌در له‌ ساڵى 2008وه‌ میلیشیاى مه‌هدى سڕکردووه‌، که‌وتووه‌ته‌ ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران‌و بڕیارى داوه‌ خوێندنه‌ ئایینیه‌که‌ى له‌ شارى قوم رابگرێت‌و شوێنى نیشته‌جێبوونیشى گۆڕیوه‌ بۆ لوبنان‌و دواى ئه‌وه‌ش له‌ڕووى ئایینیه‌وه‌ هه‌ڵوێستى میانه‌ڕه‌وانه‌ى په‌یڕه‌وکردووه‌‌و له‌ڕووى سیاسیشه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستى ده‌سته‌بژێرى فه‌رمانڕه‌وا بووه‌، چونکه‌ لێکنزیکبوونه‌وه‌یه‌کى ئاشکراى له‌گه‌ڵ سوننه‌ى عێراق هه‌بووه‌‌و جارێک له‌ مزگه‌وتى ئه‌بو حه‌نیفه‌ له‌ ناوچه‌ى ئه‌عزه‌میه‌ى سوننه‌نشین له‌ به‌غدا نوێژى کرد‌و ره‌خنه‌شى له‌ میلیشیا شیعیه‌کانى نزیک له‌ ئێران گرتووه‌ که‌ به‌ "میلیشیا پیسه‌کان" ناویان ده‌بات به‌هۆى تێوه‌گلانیان له‌ کرده‌وه‌ى به‌ئامانجگرتنى تایفیانه‌ له‌ شه‌ڕه‌کانى دژ به‌ "داعش"دا.

له‌ نیسانى ساڵى 2016یشدا سه‌در پشتیوانى بۆ خۆپیشاندانه‌ هه‌فتانه‌ییه‌کان راگه‌یاند که‌ ره‌وتى مه‌ده‌نى له‌ به‌غدا‌و ژماره‌یه‌ک پارێزگاى دیکه‌ ماوه‌ى دووساڵ بوو رێکیده‌خستن‌و به‌ هه‌زاران لایه‌نگریشى گه‌رموگوڕیه‌کى زۆریان به‌ بزووتنه‌وه‌ى ناڕه‌زاییه‌کان دا، خۆیشى به‌شدار خۆپیشاندانه‌کانى کرد، تا په‌ره‌ى سه‌ند بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز‌و بیناى په‌رله‌مان‌و داوایان له‌ حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان ده‌کرد چاکسازى سیاسى فراوان ئه‌نجام بدرێت‌و حکومه‌تێکى ته‌کنۆکرات پێکبهێنرێت وه‌ک ده‌ستپێشخه‌رییه‌کیش به‌ئاڕاسته‌ى حکومه‌تێکى نا حزبیدا، ده‌ستبه‌ردارى وه‌زیره‌کانى بوو له‌ حکومه‌ت.

سه‌ره‌ڕاى تۆمارى پێ‌ له‌ ناکۆکیو جیابوونه‌ له‌نێو ره‌وتى سه‌در له‌ ساڵانى رابردوودا، به‌ڵام هێشتا پارێزگارى له‌ جه‌ماورێکى زۆر کردووه‌ له‌ نێو شیعه‌کاندا، چونکه‌ سه‌در ته‌نیا که‌سه‌ بتوانێت له‌ چه‌ند سه‌عاتێکدا سه‌دان هه‌زار که‌س له‌ دانیشتووان کۆبکاته‌وه‌ له‌کاتێکدا حزبى شیعه‌ى دیکه‌ شکستیان هێناوه‌ له‌وه‌دا به‌هۆى گۆشه‌گیربوونیان له‌ جه‌ماوه‌رى شیعه‌ به‌وپێیه‌ى چه‌ند حزبێکن له‌ده‌ره‌وه‌ هاتوون، بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ى سه‌در ته‌نیا حزبه‌ ئه‌ندامه‌کانى له‌ناو وڵاتدا بوون له‌ سه‌رده‌مى حوکمى سه‌دام حسێنى سه‌رۆکى پێشوودا.

هێزى ره‌وتى سه‌در له‌سێ فاکته‌ردایه‌ که‌ بریتین له‌ که‌سێتى سه‌در که‌ ئلهامبه‌خشى ملیۆنان شیعه‌ى هه‌ژاره‌ له‌ به‌غدا‌و پارێزگاکانى باشوور‌و هێزى چه‌کدراى که‌ خۆى له‌ (سوپاى مه‌هدى له‌ رابردو‌و سه‌رایاى سه‌لام له‌ ئێستادا) ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ها باڵى سیاسى که‌ له‌ حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکاندا چالاکه‌، ئه‌م فاکته‌رانه‌ش پێکه‌وه‌ به‌ یه‌کگرتوویى ماونه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ى دووچارى نه‌خشه‌ى سیاسى عێراق هاتوون.

ئه‌م فاکته‌ره‌ سه‌ره‌کیانه‌‌و له‌گه‌ڵیشیاندا هه‌وڵه‌کانى سه‌در به‌ئاڕاسته‌ى به‌ستنى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ مه‌ده‌نیو سوننیو کوردیه‌کان، ده‌ریده‌خه‌ن که‌ ره‌وتى سه‌در فاکته‌رێکى گرنگ ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌ماندا، چونکه‌ حزبه‌ شیعه‌کان به‌بێ سه‌در نابنه‌ خاوه‌نى زۆرینه‌ى ته‌قلیدی، هاوکات حزبه‌ سوننیو کوردیه‌کانیش هه‌وڵى به‌ستنى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ سه‌در ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى رێ له‌ گه‌یشتنى سه‌رۆک وه‌زیرانێکى توندڕه‌و به‌ حوکم بگرن، که‌واته‌ ئایا سه‌در ده‌بێته‌ ئه‌سپى ته‌رواده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا؟


ئا : موسته‌فا حه‌بیب


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌مریکا قه‌ت له‌ عێراق تێنه‌گه‌یشت
که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى دێنه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمى کوردستان
بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group