4
7 شه‌ڕی حه‌ویجه‌ ئاسانه‌و جارێکی تر پێشمه‌رگه‌و حه‌شد رووبه‌رووی یه‌ک نابنه‌وه‌
9/7/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز 

نیقاش 





وته‌بێژی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌پارێزگای که‌رکوک رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌و جارێکی تر گرژی‌و پێکدادان دروست نابێته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تائێستا دووجار گرژی‌و پێکدادان له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌که‌رکوک‌و سه‌لاحه‌دین روویداوه‌، به‌ڵام عه‌لی حوسێنی وته‌بێژی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌که‌رکوک له‌چاوپێکه‌وتنێکی "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌ترسی رووبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌وان‌و پێشمه‌رگه‌ ره‌ویوه‌ته‌وه‌.

وته‌بێژه‌که‌ی حه‌شدی شه‌عبی رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان بۆ شه‌ڕی حه‌ویجه‌ ئاماده‌ن‌و به‌شداری ده‌که‌ن سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی لایه‌نه‌کانی دیکه‌، پێی وایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاسان ده‌بێت‌و چه‌ند سه‌عاتێک ده‌خایه‌نێت.

نیقاش: بارودۆخی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌چی ئاستێکدایه‌، ئایا ئێوه‌ش هاوشێوه‌ی هێزه‌کانی دیکه‌ گرفتی پێداویستی سه‌ربازییتان هه‌یه‌؟

عه‌لی حوسێنی: هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌سنوری که‌رکوک له‌دوو لیوا پێک هاتووه‌ ئه‌وانیش لیوای 16و لیوای 52، به‌رپرسیارێتیان له‌گوندی سه‌رحه‌ی سه‌ر به‌قه‌زای دووزخورماتووه‌ ده‌ست پێده‌کات تاکو ده‌گاته‌وه‌ گوندی به‌شیر له‌باشوری رۆژئاوای که‌رکوک، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گرفتی پێداویستی سه‌ربازیمان هه‌بووه‌ به‌ڵام هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و گرفته‌نه‌ نه‌بێت رێگر له‌به‌رانبه‌ر شه‌ڕی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر.

نیقاش: به‌پێی ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌یت هێزه‌که‌ی ئێوه‌ له‌هه‌ردوو پارێزگای که‌رکوک‌و سه‌لاحه‌دین هه‌ن، باشه‌ هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه‌ هه‌یه‌؟

عه‌لی حوسێنی: دوای ئه‌وه‌ی دانیشتوانی گوندی به‌شیر له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه‌ کوشتارگه‌ریان به‌رانبه‌ر ئه‌نجامدراو ئاواره‌ی که‌مپه‌کانی که‌رکوک بوون‌و دواتر غازی خه‌رده‌ل دژی دانیشتوانی ناحیه‌ی تازه‌ به‌کارهێنرا،  لیوای 16و لیوای 52 به‌بڕیاری مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای ئاینی دروستبووه‌ تاکو بتوانین له‌شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر به‌شداری بکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌بڕیاری لیژنه‌ی ئه‌منی یان فه‌رمانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی عێراق دروست نه‌بووین، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌، کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی ده‌رخست که‌ ده‌توانین به‌و په‌پوه‌ندییه‌ی له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌کان هه‌یه‌ داعش به‌ره‌و له‌وناچوون ببه‌ین، هه‌ر بۆ زانیاریتان ئه‌و دوو لیوایه‌ که‌ زۆرینه‌ی تورکمانی شیعه‌ مه‌زهه‌بن له‌خه‌ڵکی ناوچه‌کانی تسعین‌و تازه‌و داقوق‌و به‌شیرو خورماتوو پێکهاتووه‌.

نیقاش: به‌ڵام کورد گومانده‌کات دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی له‌سنوری که‌رکوک‌و دووزخورماتوو ئامانجێکی سیاسی هه‌بێت؟

عه‌لی حوسێنی: نه‌خێر ئامانجی سیاسیمان نییه‌، چونکه‌ به‌بڕیاری حزبی دروست نه‌بووین، به‌ڵکو به‌فتوای مه‌رجه‌عی باڵای ئاینی دروست بووین که‌ ده‌مانه‌وێت ناوچه‌کانی که‌رکوک به‌تایبه‌ت ناوچه‌ شیعه‌نیشینه‌کان به‌هاوکاری برا پێشمه‌رگه‌کان بپارێزین.

نیقاش: حه‌شدی شه‌عبی له‌که‌رکوک بڕیار له‌کێ‌ وه‌رده‌گرێت بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌کی سه‌ربازی؟

عه‌لی حوسێنی: فه‌رمان له‌به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی عێراق وه‌رده‌گرین، هه‌روه‌ها فه‌رمانی به‌رێزان هادی عامری سه‌رۆکی رێکخراوی به‌درو مه‌هدی ئه‌بو موهه‌ندیس فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌کداره‌کانی حه‌شدی شه‌عبی جێبه‌جێ‌ ده‌که‌ین.

نیقاش: هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌ڵێن ئێوه‌ له‌وڵاتانی دراوسێوه‌ هاوکاری سه‌ربازی ده‌کرێن؟

عه‌لی حوسێنی: ئێمه‌ خوازیار بووین وڵاتانی دراوسێ‌ هاوکاری ئێمه‌یان بکردایه‌، به‌ڵام هاوکاری نه‌کراوین، ته‌واوی پێداویستیه‌ سه‌ربازییه‌کانمان له‌حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌.
 

نیقاش: ئه‌ی بۆچی هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌ڵێن ئێران هاوکاریتان ده‌کات؟

عه‌لی حوسێنی: نه‌ده‌ترسم‌و نه‌ده‌یشارمه‌وه‌، ئێمه‌ قه‌رزاری ئێرانین له‌رووی پێداویستی سه‌ربازی‌و هاوکاریکردنی برینداره‌کانمان، ده‌مه‌وێت ئه‌م هاوکارییه‌ش هه‌موو جیهان بزانێت که‌ شانازی به‌و هاوکارییه‌ی ئێرانه‌وه‌ ده‌که‌ین، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئێران کردویه‌تی دڵنیام مێژوونوسان به‌ئاوی ئاڵتوون ناویان ده‌نوسێته‌وه‌، کاتێک به‌غداد له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدرا به‌هه‌مان شێوه‌ ئێران نه‌یهێشت بکه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی داعش، ئه‌م هاوکارییه‌ی ئێرانیش به‌شێوه‌یه‌کی نافه‌رمی نییه‌، به‌ڵکو به‌رێکه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقی تاکو جارێکی تر عێراقێکی نوێ‌ دروست ببێته‌وه‌ که‌ ئاسایشی تێدا جێگیر بێت.

نیقاش: ئێران راسته‌خۆ چه‌ک‌و پێداویستیی سه‌ربازی به‌ئێوه‌ داوه‌؟

عه‌لی حوسێنی: نه‌خێر، به‌ڵکو پێداویستیه‌ سه‌ربازییه‌کان ده‌درێت به‌حکومه‌تی ناوه‌ند دواتر دابه‌ش ده‌کرێته‌وه‌ به‌سه‌ر لیواکانی حه‌شدی شه‌عبی .

 

نیقاش: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ره‌کانی که‌رکوک‌و خورماتوو له‌ چ ئاستێکدایه‌؟

عه‌لی حوسێنی: په‌یوه‌ندییه‌کانمان زۆر توندوتۆڵه‌، چونکه‌ هه‌ردوولامان بووین به‌ئه‌مری واقیع‌و ناتوانین یه‌کتر بکوژێنینه‌وه‌، نه‌ک ته‌نیا له‌که‌رکوک‌و خورماتوو، به‌ڵکو له‌موسڵ چه‌ند ناوچه‌یه‌ک به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان حه‌شدی شه‌عبی‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌پارێزن.

نیقاش: سه‌رکردایه‌تی کورد زۆرکات هێزه‌کانی ئێوه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات به‌رفاندن‌و ئه‌نجامدانی توندتیژی به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، بۆچوونی ئێوه‌ چییه‌؟

عه‌لی حوسێنی: هه‌موو سه‌رکردایه‌تی کوردی ئه‌و بۆچوونه‌ی نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ گوێ‌ له‌بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان ده‌گرین‌و به‌رێزه‌وه‌ قبوڵی ده‌که‌ین، من ئه‌مه‌ن به‌لاوه‌ سه‌یره‌، هه‌ندێ‌ له‌و هێزه‌ کوردیانه‌ بۆچی بوونی ئێمه‌ به‌مه‌ترسی ده‌زانن که‌ له‌خوێن‌و گۆشتی یه‌کن، به‌ڵام هاتنی هێز تورکیا به‌ئاسایی ده‌زانن‌و پێشوازی لێده‌که‌ن؟

نیقاش: سه‌باره‌ت به‌کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌، عه‌ره‌به‌ سوونه‌کان ره‌زامه‌ند نین حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری بکات، ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟

عه‌لی حوسێنی: له‌لیوای 16 حه‌شدی شه‌عبی خه‌ڵکی حه‌ویجه‌و ناحیه‌کانی ده‌روبه‌ری تێدایه‌، تێناگه‌م بۆ ئاماده‌نین حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ بکات له‌کاتێکدا ئێمه‌ ئاماده‌کاریمان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ به‌شداری بکه‌ین، رۆژانه‌ دانیشوانی حه‌ویجه‌ که‌ ئاواره‌ ده‌بن له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئێمه‌وه‌ پێشوازیان لێده‌کرێت، دواتر ده‌بێت په‌له‌ بکه‌ین له‌کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ زانیاریمان هه‌یه‌ ژیانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش زۆر سه‌خت بووه‌و ته‌نانه‌ت به‌هۆی که‌مخۆراکیو پێداویستی ته‌ندروستی رووبه‌رووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه‌.

 

نیقاش: له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ سه‌خت نابێت؟

عه‌لی حوسێنی: به‌وته‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی رێکخراوی به‌در شه‌ڕی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ چه‌ند کاتژمێرێک ده‌خایه‌نێت، چونکه‌ داعش توانای به‌رگری‌و هێرشبردنی نه‌ماوه‌ شه‌ڕی ئه‌وان ته‌نیا بۆته‌ چاندنی بۆمبی چێنراو.

نیقاش: فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ بکات فرۆکه‌ی هاوپه‌یمانان به‌شداری ناکه‌ن، ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

عه‌لی حوسێنی: به‌راشکاوی پێت ده‌ڵێم، له‌کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی موسڵ که‌ حه‌شدی شه‌عبی‌و پێشمه‌رگه‌و فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی عێراق به‌شداریان کردووه‌ ئامانجی زیاتر پێکاوه‌ له‌و شه‌ڕه‌ی فرۆکه‌ی هاوپه‌یمانان به‌شداریان کردووه‌، ئینجا له‌کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر هێزی هاوپه‌یمانان هه‌مان بۆچوونیان هه‌بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ر خۆیان به‌شداریان کرد.

نیقاش: له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه‌، دووجار به‌ریه‌که‌وتن له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی روویدا، گه‌ره‌نتی چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رووبه‌رووبوونه‌وانه‌ دروست نه‌بنه‌وه‌؟

عه‌لی حوسێنی: من نامه‌وێت بچمه‌وه‌ ئه‌و کاته‌ی شه‌ڕو پێکدادان له‌نێوان ئێمه‌و پێشمه‌رگه‌ دروست بووه‌، چونکه‌ ئێستا گرنگه‌ که‌ تێگه‌یشتن له‌نێوان به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌رکی سه‌ره‌تاو کۆتایمان ببێته‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆرو پاراستنی خورماتوو، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ له‌ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر به‌هێز له‌نێوان ئێمه‌‌و ئیداره‌ی خورماتوو هه‌بێت‌و جارێکی تر گرژی‌و پێکدادان له‌نێوان حه‌شدی شه‌عبی‌و پێشمه‌رگه‌دا رووناداته‌وه‌.

نیقاش: هه‌ندێ‌ لایه‌ن ده‌ڵێن هێزه‌ شیعه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک ئه‌گه‌ر بکرێ‌ خه‌ڵکی ئێرانی ده‌هێنن له‌که‌رکوک ده‌نگ بدات، ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

عه‌لی حوسێنی: من له‌ئێرانه‌وه‌ هاتووم، به‌ڵام ناسنامه‌م عێراقیه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ که‌س ده‌یانه‌وێ‌ ئێمه‌ هه‌ر به‌ئێرانی بناسێنن، حاڵی ئێمه‌ وه‌ک کوردێک وایه‌ که‌ له‌ئه‌ڵمانیا مافی په‌نابه‌ری وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌که‌رکوک ده‌توانێت ده‌نگ بدات، چونکه‌ خه‌ڵکی که‌رکوکه‌و دۆخێکی تایبه‌ت وایکردووه‌ له‌ئه‌ڵمانیا بژی.


ئا : شاڵاو محه‌مه‌د


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌مریکا قه‌ت له‌ عێراق تێنه‌گه‌یشت
که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى دێنه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمى کوردستان
بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group