داعش به‌ به‌رپرسیار داده‌نرێت له‌ ئه‌نجامدانى پاکتاوى نه‌ژادى دژ به‌ کورد و که‌مینه‌کانى تر

8/17/2017 6:32:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز






رۆژى سێشه‌ممه‌ 15-8-2017  وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا راپۆرتى ساڵانه‌ى "ئازادى ئایینى له‌ جیهاندا" بڵاوکرده‌وه‌، له‌ به‌شى تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى  که‌ داعش ده‌رهه‌ق به‌ "کورد، ئێزیدی، موسڵمانه‌ شیعه‌کان و ئه‌نجامیداون ، و داعش به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت  به‌رامبه‌ر جینۆسایدى ئێزیدی، مه‌سیحى و موسڵمانه‌ شیعه‌کان له‌و ناوچانه‌ى کۆنترۆڵى کردبوون به‌ر له‌وه‌ى ئازاد بکرێنه‌وه‌، داعش پێڕه‌وانى ئاینه‌ جیاوازه‌کانى کردووه‌ته‌ ئامانج" و پاکتاوى نه‌ژادى و لاقه‌کردن و ڕفاندن و به‌کۆیله‌کردن و کوشتنى به‌کارهێناوه‌، هه‌روه‌ها داعش به‌ به‌رپرسیار داده‌نێت له‌ ئه‌نجامدانى تاوان دژ به‌ مرۆڤایه‌تى و پاکتاوى نه‌ژادى دژ به‌ گروپگه‌لێک و له‌ هه‌ندێک که‌یسدا دژ به‌ موسڵمانانى سوننى و کورد و که‌مینه‌کانى تر.
 
له‌م باره‌وه‌ د. دیندار زێبارى سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێم پێشوازى له‌  راپۆرتى ساڵانه‌ى "ئازادى ئایینى له‌ جیهاندا ده‌که‌ین که‌ ساڵانه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ ئازادییه‌ ئایینییه‌کان و ره‌وشى پێکهاته‌ ئایینییه‌کان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان بڵاوى ده‌کاته‌وه‌، کوردستان هه‌میشه‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌ و نیشته‌جێ بوونى پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و نموونه‌ى پێکه‌وه‌ژیانى نێوان ئه‌م پێکهاتانه‌ بووه‌، و له‌ مادده‌ى (5)ى ڕه‌شنووسى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان هاتووه‌ که‌: گه‌لى هه‌رێمى کوردستان پێکهاتووه‌ له‌ کورد، تورکمان، عه‌ره‌ب، کلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتیانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان واته‌ پێڕه‌وانى ئایینه‌کانى دیکه‌ وه‌ک که‌مایه‌تى سه‌یر نه‌کراون به‌ڵکو به‌ پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵگاى کوردستانى دانراون هه‌روه‌ها له‌ دواى ئازادکردنى عێراق له‌ ساڵى ٢٠٠٣ هه‌رێمى کوردستان تاکه‌ شوێنه‌ که‌ تیایدا هه‌موو پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بییه‌کان هه‌ست به‌ ئاسووده‌یى ده‌که‌ن و هیچ که‌سێک له‌سه‌ر جیاوازى نه‌ته‌وه‌یى رووبه‌ڕووى کێشه‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام پشتگیرى له‌ پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى ده‌کات به‌بێ ره‌چاوکردنى جیاوازى ئایینی، مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان ببێته‌‌ ماڵ و مه‌نزڵگاى پێکهاته‌ ئایینى، نه‌ته‌وه‌یی، که‌لتورى، ئیتنیه‌ جیاوازه‌کان. حکومه‌تى هه‌رێم به‌ یه‌کسانى هه‌ڵسوکه‌وتى له‌گه‌ڵ ئه‌و پێکهاتانه‌ کردووه‌ و هیچ  نیاز و نیه‌تى جیاکاریکردنى نه‌بووه‌ دژ به‌م پێکهاتانه‌.
 
زێبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر گرنگیدانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ لایه‌نى که‌لتوورى و په‌روه‌رده‌یى پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بیه‌کانیش وتی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گرنگى به‌ په‌ره‌پێدانى رۆشنبیرى و هونه‌رى پێکهاته‌‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاینییه‌کان له‌ کوردستان ده‌دات و ئه‌مه‌ش له‌ هه‌یکه‌لى کارگێڕى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ به‌ بوونى دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى یه‌کێکیان بۆ تورکمان و ئه‌وى دیکه‌ بۆ سریانى. باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سریانى له‌ دهۆک هه‌یه، هه‌روه‌ها پاڵپشتى دارایى ژماره‌یه‌ک ناوه‌ندى ڕۆشنبیرى، تیپى هونه‌رى تورکمانى، کلدانى، ئاشوورى، ئێزیدى، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ کراوه‌‌ت له‌ ڕێگاى هاریکارى کردنیان وگرنگیدان به‌ دابونه‌ریت و که‌له‌پوورى دێرینیان وه‌ک دامه‌زراندنى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى مۆزه‌خانه‌ى سریانى و چاپکردنى سه‌دان کتێب به‌ زمانه‌کانى کوردى، عه‌ره‌بى، سریانى، تورکمانى.
 
سه‌باره‌ت به‌ بوارى په‌روه‌رده‌ش سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وتی: له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ش هیچ تاکێکى پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینه‌‌کان ناچار نه‌کراوه‌ که‌ به‌زمانى کوردى بخوێنن یاخود رێگرییان لێکرابێت به‌ زمانى دایک بخوێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ده‌یان قوتابخانه‌ به‌ زمانى که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان له‌ناو هه‌رێم و ناوچه‌ کوردستانیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌ ده‌یان قوتابخانه‌ هه‌یه‌ خوێندن تێیدا به‌ زمانى سریانییه‌ به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى که‌ کریستیانى زۆره‌‌ وه‌ک (هه‌ولێر/ عه‌نکاوه‌، شه‌قڵاوه‌، کۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌کۆیه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ک حه‌مدانییه‌، به‌رتله‌‌، تلکێف، قه‌ره‌قۆش، کرملیس، ئه‌لقۆش). به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تایبه‌ت به‌ خوێندنى سریانى له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌. له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌‌کى تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى دهۆک سه‌رپه‌رشتى خوێندنى ئایینى ئێزیدى ده‌کات که‌ زۆربه‌یان له‌ سنوورى شارى دهۆک و زیاتریش له‌ شارى موسڵه‌.
 
رێزگرتن له‌ پێکهاته‌ ئایینییه‌کان و رێگادان به‌ ئه‌نجامدانى سرووته‌ ئایینییه‌کانى تایبه‌ت به‌ خۆیان یه‌کێکه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم پێداوه‌، له‌م باره‌وه‌ زێبارى وتی: له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى جگه‌ له‌ موسڵمانان گشت پێکهاته‌ ئایینییه‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌وانه‌ش (ئێزیدی، کریستیان، جوو، کاکه‌یی، زه‌رده‌شتی، به‌هائی، صابیئه‌ مه‌ندائی) بۆ راپه‌راندنى کاروباره‌کانیان به‌وپه‌ڕى ئازادى و دوور له‌ هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێک و هاریکارییان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى کۆنگره‌ و کۆنفرانس و گردبوونه‌وه‌ى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ کاره‌ گرنگه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ پته‌و کردنى گیانى ته‌بایى و پێکه‌وه‌ژیان له‌ نێوان پێکهاته‌کانى هه‌رێم.
 
له‌ چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کریستیانه‌کان رۆڵى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ ده‌رکردنى بڕیاره‌کان، راوێژ له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى کریستیان و که‌نیسه‌کانیش ده‌کرێ، هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تى کریستیانه‌کان له‌ زۆربه‌ى داموده‌زگا حکومییه‌کان هه‌یه‌ و پۆستى به‌رز به‌ که‌سایه‌تییه‌کانى کریستیان سپێردراوه‌. له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینی/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاروبارى کریستیانه‌کان مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ زیاتر له‌ (هه‌شت) که‌نیسه‌ى بیانى کار بکه‌ن له‌ کوردستان و خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش بکه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ ئاواره‌کان، جگه‌ له‌مه‌ کریستیانه‌کان به‌و په‌ڕى ئازادییه‌وه‌ گشت بۆنه‌ و ئاهه‌نگ و سرووته‌ ئایینییه‌کانى خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌بێ بوونى هیچ به‌ربه‌ستێک، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ کریستیانه‌کان گشت پێکهاته‌ ئایینییه‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ پشتگیرییان لێده‌کرێت.
 
زیبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ کریستیانه‌کانى جیهان به‌ رێزه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڕوانن سه‌باره‌ت به‌ پێکهاته‌ ئایینییه‌کان و له‌م رووه‌ووه‌ وتی: رۆژى 27/9/2015 له‌ هه‌ولێرى پایته‌خت و له‌ رێوره‌سمێکى ئایینى گه‌وره‌دا به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى ڤاتیکان مه‌راسیمى گواستنه‌وه‌ى کورسیى مه‌رجه‌عى ئاشوورییه‌کانى جیهان و ناوه‌ندى کڵێساى رۆژهه‌ڵات له‌ ئه‌مریکاوه‌ بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات که‌ هه‌رێمى کوردستان لانکه‌ى ئازادى و دیموکراسى و ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیانى سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌کانه‌ له‌ هه‌مان کاتدا بوونى ئه‌و ناوه‌نده‌ ئایینییه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان پێگه‌ى هه‌رێم له‌ ئاستى جیهانى زیاتر به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و جاران که‌ هه‌ولێر پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان بوو ئه‌وا ئێستا بووه‌ته‌ پایته‌ختى ئایینى زۆرێک له‌ کریستیانیه‌کانى جیهان، هه‌روه‌ها کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ دڵگه‌رمى به‌ کریستیانیه‌کان ببه‌خشێت وڵاتى خۆیان خۆش بوێت و واز له‌ کۆچ بێنن. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکى مێژووییه‌، چونکه‌ له‌ ساڵى ١٩٣٣وه‌ باره‌گاى سه‌ره‌کیى پاتریاکى ئاشوورییه‌کانى جیهان له‌ عێراق چووبووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ شیکاگۆ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕینى زیاتر له‌ ٨٠ ساڵ ناوه‌نده‌که‌ بۆ عێراق گه‌ڕێندراویه‌وه‌ و هه‌ولێرى  پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵبژێردرا، ئه‌زموونى حوکمڕانیى چه‌ند ساڵى رابردووش ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ که‌ باشترین شوێنى پێکه‌وه‌ ژیانى ئایین و نه‌ته‌وه‌کانه‌.
 
سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تیشکى خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ رزگار کردنى ئێزیدییه‌ رفێنراوه‌کانى ده‌ست داعش و وتی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ رۆژى 25/11/2014 لێژنه‌یه‌کى دامه‌زراند بۆ کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى و به‌دواداچوون له‌ که‌یسى ئێزیدییه‌ رفێندراوه‌کان و بودجه‌یه‌کى تایبه‌تى ته‌رخان کردووه‌ بۆ رزگارکردنیان، دواى گه‌ڕانه‌وه‌شیان حکومه‌ت هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک ده‌کات بۆ حه‌واندنه‌وه‌یان ودووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نێو کۆمه‌ڵگا. له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم توانراوه‌ ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ رفێندراوه‌کان ئازاد بکرێن.
 
به‌پێى دوایین ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاروبارى ئێزیدییه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى ژماره‌ى ئافره‌ته‌ رفێنردراوه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌: به‌ر له‌ هاتنى داعش ژماره‌ى ئێزیدییه‌کان له‌ عێراق نزیکه‌ى (550000) پێنج سه‌د و په‌نجا هه‌زار که‌س بووه‌، له‌ ئه‌نجامى داگیرکردنى ناوچه‌کانیان له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ نزیکه‌ى ( 360000) سێ سه‌د و شه‌ست هه‌زاریان ئاواره‌ بوون و (1293)یان شه‌هید بوون، (6417) هاووڵاتى کوردى ئێزیدى رفێندراون له‌وانه‌ ( 3547)یان ئافره‌ت و (2870)یان پیاو بوون.به‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانى حکومه‌ت ژماره‌ى ئێزیدییه‌ رزگارکراوه‌کان (3092) بووه‌ له‌وانه‌ (1102) ئافره‌ت و (335) پیاو و (848) کچ و (807) کوێ‌ رزگار کراون، ئه‌وانه‌ى تا ئێستا رزگار نه‌کراون ژماره‌یان (3325) که‌سه‌ له‌وانه‌ (1597) ئافره‌ت و (1728) پیاون که‌ له‌ ده‌ست داعشدا ماون.
 
له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بییه‌کان به‌ پاڵپشتى و هاوکارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕى به‌رگرى دژى داعش و رزگار کردنه‌وه‌ى ناوچه‌کانیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ساڵى 2014 هێزى فه‌رمى و تایبه‌تى کریستیان و ئێزیدییه‌کان دامه‌زراوه‌ که‌ له‌ژێر فه‌رمانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌م دواییه‌ هێزى به‌رگرى له‌ ئێزیدخانه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر میلاکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌ نزیکه‌ى (٤٠٠٠) پێشمه‌رگه‌ پێکهاتوون، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌کات و ڕاهێنان و چه‌ک و پێداویستیى سه‌ربازیشیان بۆ دابین ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌رگرى له‌ ناوچه‌کانى خۆیان بکه‌ن و به‌شدارى بکه‌ن له‌ رزگار کردنه‌وه‌ى ناوچه‌کانیان، چونکه‌ زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى کریستیان و ئێزیدییه‌کان تێیدا نیشته‌جێن ده‌که‌ونه‌ سنوورى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان.
 
له‌کۆتاییدا دیندار زێبارى سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وتی: یه‌کێک له‌ سه‌روه‌رییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى کردن بوو له‌ نزیکه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر که‌ به‌شى زۆریان له‌ پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بییه‌کان بوون، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌بێ جیاوازى و به‌پێى تواناى خۆى پێشوازى لێکردن و هاریکارى و پێداویستى بۆیان دابینکرد، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ که‌لتووره‌ مێژووییه‌یه‌ که‌ ده‌یان ساڵه‌ کوردستان پێى ناسراوه‌ و هه‌میشه‌ پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کوردستانیان به‌ پێگه‌ى خۆیان زانیوه‌ و تێیدا هه‌ستیان به‌ ئارامى و سه‌قامگیرى کردووه‌ و رووداوه‌کانى دواى ساڵى 2003ى عێراق و دواتر هاتنى تیرۆریستانى داعش به‌ڵگه‌یه‌کى زیندووه‌ که‌ هه‌میشه‌ کوردستان شوێنى پێکه‌وه‌ژیانى نێوان پێکهاته‌ ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌ جیاوازه‌کان بووه‌.


زۆرترین خوێندراو