له‌کوردستان ژیان راوح ده‌کات یان وه‌ستاوه‌ یان به‌ره‌و دواوه‌ دێت؟

11/30/2015 10:54:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 سۆران حسن

بۆ سێ ساڵ ده‌چێت هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕه‌وشێکى ناجێگیرو ناهه‌موار دا ژیان ده‌گوزه‌رێنێت که‌ به‌ ڕاى من هۆکاره‌که‌ى نیوه‌ى بۆ خۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و نیوه‌ى هۆکارى ده‌رکییه‌،.

ئێمه‌ 25 ساڵه‌ حکومه‌تى خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریمان هه‌یه‌و به‌ دیاریکراوى له‌ 2003 وه‌ کێشه‌ى گه‌وره‌مان ڕوبه‌ڕوو نه‌بۆته‌وه‌ به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ى هیچ نه‌بوبێت به‌رگه‌ى که‌مترین فشارمان نه‌گرت. یان با بڵێین نه‌مانتوانیوه‌ باجى هه‌ڵه‌کانى ڕابردووى خۆمان بده‌ین له‌وه‌ى نه‌مانزانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کى ته‌ندروست و ئیدارییانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ین ئه‌ویش هه‌موى له‌به‌رخاترى چه‌ند به‌رپرسێکى نا به‌رپرس، 
گه‌ر تۆزێک بیر بکه‌ینه‌وه‌و ئاوێ‌ بده‌ینه‌وه‌ بارودۆخه‌کان له‌کوردستان ماوه‌یه‌ک ڕاوحى ده‌کرد له‌جێ ى خۆیداو ماوه‌یه‌کیش وه‌ستاو ئێستاش وا خه‌ریکه‌ هێدى هێدى به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.

بێگومان مه‌به‌ستم هه‌موو سێکته‌ره‌کانه‌ له‌ کوردستان به‌بێ جیاوازى ، من زۆر جار له‌خۆم ده‌پرسم ئایا تۆ بڵێ ى له‌م هه‌رێمه‌ که‌سانێکى پسپۆرو دڵسۆزو لێهاتووى تیادا نه‌بێت که‌ گشت بیرکردنه‌وه‌کانیان به‌ئاراسته‌ى پێشخستنى بواره‌ جیاجیاکان بێت و ئه‌م قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌کانه‌ى به‌رۆکى وڵاتمان ده‌گرێت بتوانن چاره‌سه‌رى گونجاوى بۆ بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێک جاریش وه‌ڵامى خۆم ده‌ده‌مه‌وه‌ له‌وه‌ى به‌ڵێ هه‌رێمى کوردستان لێوان لێوه‌ له‌ که‌سانى خاوه‌ن به‌هره‌و به‌تواناو دڵسۆزو زیره‌ک که‌ ده‌توانن پلان بۆ ڕوبه‌ڕوى گرفتى گه‌وره‌ دابنێن و سه‌رکه‌وتوو بن تیایدا که‌ به‌ڕاستى ناوى دره‌وشاوه‌و که‌سانى زۆر هه‌ن که‌ ناویان بهێنم به‌ڵام دڵنیام ڕێگه‌یان پێنادرێت و  چه‌نده‌هاى ساڵه‌ کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆر ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌م ووڵاته‌ گرتوه‌و ڕێگه‌ناده‌ن که‌س بێته‌ پێشه‌وه‌و خاوه‌ن عه‌قڵه‌ ژیره‌کان ده‌بێت هه‌ر له‌دواوه‌ ته‌ماشاى کاره‌ قێزه‌ونه‌کانى ئه‌وان بکه‌ن.

قسه‌کانم ئاراسته‌کراو نیه‌ ته‌نها بۆ لایه‌نێک یان گروپێک یان ده‌سته‌و تاقمێک به‌ڵکو گومانم نیه‌ هه‌ر لایه‌نه‌و  یان هه‌ر تاکێک له‌م هه‌رێمه‌ به‌شى خۆى به‌رپرسیارێتى به‌رده‌که‌وێت، که‌ نه‌مانتوانیوه‌ به‌پێ ى پێویست و به‌هه‌ماهه‌نگى هه‌موان فشارێکى ته‌ندروست و مه‌ده‌نیانه‌ دروست بکه‌ین بۆ نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵکاران و دیاریکردنى خاڵه‌ لاوازه‌کان یان له‌سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان باشترین نوێنه‌رو به‌هێزترین حکومه‌ت دروست بکه‌ین که‌له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى زانستیانه‌ کاروباره‌کانى به‌ڕێوه‌ببات.

له‌کوردستان ئه‌وه‌نده‌ى خۆ خه‌ریک ده‌کرێت به‌ کێبڕکێ ى ناشه‌ریفانه‌وه‌ نیو هێنده‌ بۆ ئاینده‌ى خه‌ڵکى کوردستان سه‌رقاڵ بونایه‌ ڕۆژمان به‌م ڕۆژه‌ نه‌ده‌گه‌یشت، سه‌روه‌ت و سامانێک له‌کوردستان هه‌یه‌ گه‌ر به‌ده‌ست هه‌ر میلله‌تێکى دیکه‌وه‌ بوایه‌ ئێستا خۆى ده‌کرده‌ ڕه‌قه‌مێکى گه‌وره‌و پێگه‌ى خۆى به‌رده‌وام پته‌وتر ده‌کرد ، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌و بودجه‌یه‌ى ساڵانه‌ هاتۆته‌ کوردستان له‌هه‌ر جێگایه‌کى تر بوایه‌ ئێستا خاوه‌نى گه‌وره‌ترین ووڵاتى هه‌نارده‌کارى بواره‌کانى کشتوکاڵ و پیشه‌سازى و ده‌یان بوارى تر ده‌بوو .
 
به‌ڕاى من ئێستاش کات له‌به‌ر ده‌ستا ماوه‌ هه‌موان بیر له‌ ڕێگا چاره‌کان بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام به‌ چاندنى ئینتیمایه‌کى ڕاستگۆیانه‌ له‌ هزرو بیرى گشت تاکێکى کوردستانیداو به‌ کردارى بسه‌لمێنرێت که‌ هه‌وڵه‌کان به‌ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ر ده‌نرێت و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت بۆ هیچ که‌سێک نیه‌و جیاوازى بیروبۆچون و ڕه‌نگ و ده‌نگ له‌گه‌ڵ که‌س ناکرێت.

گه‌ر هه‌نگاوى کردارى نه‌نرێت ئه‌وا  ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌نگاو به‌ره‌و داهاتویه‌کى نادیار ده‌نێین که‌ مه‌ترسییه‌ بۆ نه‌وه‌کانى ئێستاو داهاتووش.


زۆرترین خوێندراو