ئیتر به‌سه‌ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ ڕاستییه‌کان

1/22/2016 4:00:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سۆران حه‌سه‌ن


گومانى تیادا نییه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ هه‌رێمى کوردستان دووچارى قه‌یران له‌دواى قه‌یران ده‌بێته‌وه‌و چاره‌سه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیش هێشتا ده‌ستى بۆ نه‌براوه‌ یان هه‌نگاوه‌کانى چاره‌سه‌ر زۆر کزو لاوازن، چیرۆکى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ باسى جۆراو جۆرى لێده‌کریت و هه‌ریه‌که‌ خۆى به‌ تۆمه‌تبار نازانێت له‌و ڕوه‌وه‌ به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت قسه‌یه‌کى مالیکیم وه‌بیر دێته‌وه‌ که‌ به‌ وه‌فدى کوردى وتبوو (نه‌وته‌که‌تان هه‌ڵبگرن بۆ دواى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رزان فرۆشى مه‌که‌ن) .

ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت به‌ نهێنى و ئاشکرا له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ بویه‌ هۆکارى سه‌ره‌کى بڕینى بودجه‌ى 17% و دروستبوونى کێشه‌و قه‌یرانى دارایى چونکه‌ بێ گومان ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى که‌ ده‌رده‌هێنراو ده‌فرۆشرا هه‌موو پاره‌که‌ى نه‌ده‌هاته‌وه‌ گیرفانى حکومه‌ت و له‌وێشه‌وه‌ بۆ گیرفانى خه‌ڵکى کوردستان. ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئێستاشه‌وه‌ ئیداره‌یه‌کى تۆکمه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى دانه‌نراوه‌و پسپۆرییه‌کان کارى خۆیان ناکه‌ن و موحاصه‌صه‌ى حزبى پشکى شێرى له‌ دام و ده‌زگاکاندا گرتوه‌و به‌جۆرێک پاشا گه‌ردانى دروستبوه‌. 

جێى داخه‌ هۆکاره‌کانى ئه‌م قه‌یرانه‌ زۆرن که‌ ئێمه‌ ئێستا بمانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌کان شرۆڤه‌ بکه‌ین کاتێکى زۆرو زه‌وه‌ندمان پێویسته‌ که‌ پێ ده‌چێت به‌ چه‌ند کتێبێک و ڕاپۆرتێک کۆتایى نایه‌ت، هه‌ر له‌ حکومه‌تى په‌نجا به‌ په‌نجا وه‌  بگره‌ تا دروستبوونى شه‌ڕى براکوژى و به‌هه‌ده‌ردانى سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌م ووڵاته‌ به‌ کڕینى چه‌ک و فیشه‌ک و دروستکردنى سه‌نگه‌ر له‌دژى یه‌کترى و پاشان له‌دواى ڕێککه‌وتنى ستراتیژى قۆناغێکى ترى به‌ هه‌ده‌ردان هاته‌ ئاراوه‌ که‌ گرتنه‌به‌رى شا ڕێگاى بازرگانى گشتى و بازرگانى نه‌وته‌ .

پاره‌ى 17% ى بودجه‌ى کوردستان بۆ ماوه‌ى 10 ساڵى  ته‌واو نه‌توانرا موچه‌ى دوومانگى پێ پاشکه‌وت بکرێت و ئه‌م له‌ ڕقى ئه‌و به‌ ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرى خۆى ده‌کرده‌ موچه‌خۆرى حکومه‌ت  که‌ ئێستا بوته‌ بارگرانییه‌ک که‌ به‌که‌س چاره‌سه‌ر ناکرێت.

جگه‌ له‌م بوارانه‌ که‌ تیر ئاسا گوزه‌رمکرد پێیاندا ده‌یان بوارى تریش هه‌ن که‌ ئابورى ئه‌م ووڵاته‌یان خستۆته‌ ژێر بارێکى نائاسایى و قورسه‌وه‌ له‌وانه‌ 20 ملیار دۆلارى قه‌رز له‌سه‌ر حکومه‌ت که‌ که‌س نازانێت ئه‌م قه‌رزه‌ چۆن کراوه‌و به‌چى خه‌رجکراوه‌ جگه‌ له‌ نه‌دانى موچه‌ى پێنج مانگى موچه‌خۆران، 
حکومه‌تى هه‌رێم که‌ به‌ حکومه‌تى بنکه‌ فراوان ناوى ده‌برا ئێستا بوه‌ته‌ حکومه‌تى بنکه‌ قه‌یران و ڕۆژ به‌ ڕۆژ بارودۆخى خه‌ڵک و بژێویان ڕوه‌و خراپ بوون ده‌ڕوات و حکومه‌ت و حزبیش کیسه‌ڵ ئاسا ڕوبه‌ڕوى دۆخه‌که‌ ده‌بنه‌وه‌ .

حکومه‌تى هه‌رێم گه‌ر زۆر به‌جدى له‌ وه‌زعه‌که‌ تێناگات ئه‌وا ته‌نها سه‌یرى دوو سێ ڕۆژى ڕابردوو بکات له‌ دابه‌زینى داهاتى خه‌ڵک و بژێوى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و فرۆشتنى چه‌که‌ ئه‌ڵمانییه‌کان که‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ هاتبوون و بڕینى بانکى زانکۆى کۆیه‌ وچونه‌ سه‌ر ماڵان و هتد...

لێره‌وه‌ وه‌ک تاکێکى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێم قه‌یراه‌که‌ زۆر جدییه‌و خه‌ڵک زۆر وه‌زعى شڕه‌ و به‌داخن له‌ به‌رپرسان و هه‌نگاوه‌کانى چاکسازیش جێ ى هیوا نین و گه‌ر وا بڕوات به‌که‌وش و کڵاشى خۆتاندا ناگه‌ن.‌


زۆرترین خوێندراو