کوردو کورت بینى ...!

4/9/2016 8:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

هه‌ردى لۆته‌رى


 به‌درێژاى ساڵانى ڕابردوو له‌ دواى ڕوخانى ڕژێمى سه‌دام حسێن و له‌ پێکهێنانى کابینه‌ جیاوازه‌کانى حکومه‌تى عێراق سه‌رکردایه‌تى سیاسى هه‌رێمى کوردستان به‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و توانایه‌وه‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌ دابووه‌ که‌ عێراقى به‌ناو فیدڕاڵ دواى ڕژێم بکاته‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ى که‌ له‌سه‌پێى خۆى بوه‌ستێت و کوردیش وه‌ک هاوبه‌شێکى ڕاسته‌قینه‌ له‌و وڵاته‌دا به‌گشت مافه‌کانى خۆى شادبێت و وه‌ گشت ئه‌وشتانه‌ى ده‌ست بکه‌وێت که‌کارى بۆ کردوون ، به‌ڵام بێخه‌به‌ر له‌وه‌ى که‌ ئه‌م دڵسۆزیه‌ و کارکردنه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌زیانى خۆى شکاوه‌ته‌وه‌ . ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌رزى واقعدا ده‌بینرێت به‌درێژاى ئه‌و 13 ساڵه‌ى ڕابردوو له‌م کارکردنه‌ ئه‌مڕۆى لێ به‌رهه‌م هاتوه‌ که‌ کورد به‌م ڕاده‌یه‌ له‌و گه‌مه‌سیاسیه‌ چاره‌نوس سازه‌دا په‌راوێز بخرێت . 

په‌رته‌وازه‌ى کورد له‌ ناوخۆیداو نه‌بوونى به‌رنامه‌ى سیاسه‌ت کردنێکى تۆکمه‌ و به‌ژه‌وه‌ندى پارته‌ کوردیه‌کانى باشور به‌جیا له‌گه‌ڵ کوتله‌و پارته‌کانى ترى عێراق تیمى کوردى له‌ هێرش به‌ریه‌وه‌ بۆ به‌رگیرى کردن و ته‌نانه‌ت بۆ پاشه‌کشێیه‌کى زۆریش له‌ به‌غداى به‌دواى خۆیدا هێنا . کورد وه‌ته‌نى ( ئه‌گه‌رجارێک غه‌دریان لێ کردى خوا ئه‌وان بگرێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوو جار غه‌درت لێ کرا ئه‌وا خوا خۆت بگرێت ) سیاسیه‌کانى و ده‌ست ڕۆشتوانى ئه‌م هه‌رێمه‌ باش له‌وه‌ تێگه‌یشتون که‌ ئێستا عێراق عێراقى پێش2013 نه‌ماوه‌ ئه‌گه‌رچیش حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى خاکێکى زۆرى عێراقى له‌ده‌ست داوه‌ و له‌ جه‌نگى شه‌ڕى دژى داعش وه‌ک پێویست نى یه‌ و خه‌ڵکێکى زۆرى وڵاته‌که‌ى ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ به‌ڵام به‌وپه‌ڕى توانایه‌وه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ کوردستان پشتگوێ بخات . ئه‌وه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردودا له‌ سه‌ر شانۆى سیاسى عێراق نمایش کرا ، ئه‌و په‌یامه‌ى بۆ کورد پێ بوو که‌ ئێمه‌ بێ ئێوه‌ش ده‌توانى گشت گوڕانکاریه‌ک بکه‌ین و ئێوه‌ش ناچاربکه‌ین که‌ به‌م سیاسه‌ته‌ى ئێمه‌ ڕازى بن . سه‌ره‌ڕاى جیاوازیه‌کانى سونه‌و شیعه‌کانى عێراق به‌ڵام ئه‌وان له‌وپه‌ڕى لێک نزیک بوونه‌وه‌دان له‌ئه‌گه‌رى هه‌ر ڕێکه‌وتنێکیشیاندا هاوشێوه‌ى کابینه‌ى پێشو ده‌بێت کورد به‌ناچارى و لاوازیه‌وه‌ بچێته‌ ژێر ڕکێفى سیاسیه‌ته‌کانى به‌غداوه‌ .

 مێژووى ئه‌و 13 ساڵه‌ى که‌ڕابرد ئه‌وه‌ى سه‌لماند که‌ کورد له‌زۆر سیاسه‌تى دا کورت بین بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ى به‌دواى ئیمتیاز و پۆسته‌وه‌ بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌دواى چه‌سپاندنى ماف و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ى کێشه‌و ناکۆکیه‌کانه‌وه‌ نه‌بووه‌ ، له‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ى گله‌ى له‌ تیمى کورد ده‌کرێت له‌ به‌غدا دوو ئه‌وه‌نده‌ش گله‌ى له‌ پشتوانى ناوخۆى هه‌رێم ده‌کرێت که‌ وه‌ک پێویست نه‌بوون بۆ پشتوانى ئه‌و نوێنه‌رانه‌ .
 پێویست بوو سه‌رکردایه‌تى کورد کۆمیسێونێکى چه‌ند گروپى تایبه‌ت مه‌ند له‌ که‌سانى باڵاده‌ستى ناو حزبه‌کان و ئه‌کادیمیا پێک بهێنێت بۆ زۆر کێشه‌ بابه‌تى جیاواز ڕه‌وانه‌ى به‌غدایان بکات بۆ هه‌ر گفتو گۆیه‌ک و ڕێکه‌وتنێک و کارێک که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ مافى گه‌لى کورد ئه‌و کۆمیسێۆنه‌ به‌ هاوده‌نگى په‌رله‌مان کارى له‌سه‌ربکات و به‌ ئه‌وانى بسپێردرێت به‌ڵام هه‌رێم نه‌ک ئه‌وه‌ى نه‌کردووه‌ به‌ڵکو زۆر پرسى فه‌رامۆش کراوى ساڵانى ڕابردووشى به‌نیوه‌ ناچڵى و کارله‌سه‌رنه‌کردن هێشتۆته‌وه‌و ته‌واى نه‌کردووه‌ و سپاردوونى به‌قه‌ده‌رى ساڵانى دادێن .

 ئه‌وه‌ى له‌ ساڵانى 2003 و دواتر نه‌هاته‌دى و له‌گه‌ڵ هاتنى داعشیش نه‌هاته‌دى پێده‌چێت هه‌رنه‌یه‌ته‌دى چونکه‌ ڕابردوو ده‌ێته‌ بنیات و پاشخانى داهاتوو.


زۆرترین خوێندراو