بۆردومانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رله‌ 42 ساڵ

4/26/2016 3:59:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سۆران حه‌سه‌ن



له‌مێژووى دوورو نزیکى گه‌له‌که‌ماندا زۆرن ئه‌و شارو شارۆچکانه‌ى که‌ هه‌میشه‌ جێى تێڕامانى دوژمن بوون و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌کى جدى هه‌نگاوه‌ نه‌زۆکه‌کانى به‌عس بوون ، ‌ رۆژى 26-4-1974 دوو رۆژ دواى بۆردومانى زانکۆى سلێمانى و شارى قه‌ڵادزێ - فڕۆکه‌کانى  حزبى به‌عسى فاشیست  به‌پێشکه‌وتوترین و قه‌ده‌غه‌ترین چه‌کى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ ناپاڵمى ڕوسى بوو په‌لامارى شارى هه‌ڵه‌بجه‌یانداو له‌چه‌ند خوله‌کێکدا  نزیکه‌ى 52 هاوڵاتى بێگوناهیان شه‌هید کرد له‌ خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى و به‌هه‌زاران که‌سى دیکه‌ش ئاواره‌ى سنورى ئێران بوون.

 بۆردومانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزێ له‌ئاکامى ئه‌و ڕق و کینه‌ هات که‌ حزبى به‌عسى عه‌فله‌قى له‌ دژى ئه‌و دوو شاره‌ قاره‌مانه‌ى کوردستان هه‌ڵیگرتبوو وه‌ک دوو وێستگه‌ى گرنگ و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ که‌ هه‌رده‌م ووشه‌ى (نا) یان به‌ گوێ دوژمناندا ده‌دا و ڕازى نه‌بوون ئیراده‌ى به‌هێزى گه‌لى کوردستان کپ بکرێته‌وه‌.

هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزێ وه‌ک دوو شارى زیندوو بۆ چه‌ندان جار ڕق و کینه‌و ئاگرو ئاسنى دوژمنانیان به‌سه‌ردا بارێنراوه‌ و ڕوبه‌ڕووى جۆره‌ها زوڵم و سته‌م بونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م کارانه‌ى نه‌ک بوه‌ته‌ بێ هێزى و نوچ نه‌دانى هاونیشتمانیانى ئه‌و شارانه‌ به‌ڵکو زیاتر جۆش و خرۆشى کوردایه‌تى و به‌رگرى له‌خاک نیشتمان لایان زیاد بوه‌. 

ئاشکرایه‌ ڕژێمى گۆڕبه‌گۆێ‌ له‌ جێ به‌جێ کردنى به‌نده‌کانى ڕێکه‌وتنى ١١ ى ئازارى ١٩٧٠ له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌ماندا ڕاستگۆ نه‌بوون و به‌ پلانێکى گڵاویان داڕشت تا له‌ ڕێکه‌وتى ٢٤-٤-١٩٧٤ شاڵاوى بۆردومانى شارى قه‌لادزێ ى ده‌ست پێکردو زانکۆى سلێمانى که‌ئه‌و کات له‌و شاره‌ بوو  بویه‌ ئامانج و به‌ سه‌دان خوێندکارو هاوڵاتى بێدیفاع شه‌هیدو بریندار بوون، له‌ڕۆژى ٢٦-٤-١٩٧٤ کاتژمێر٣:30 ى پاشنیوه‌ڕۆ هه‌ڵه‌بجه‌ وێستگه‌یه‌کى ترى جه‌نگ و په‌لامارى دڕندانه‌ى فاشیه‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى به‌غدا بوو ،له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌کانى ڕژێمه‌وه‌ بۆردومانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌کى ناپاڵم کراو 52 شه‌هید و به‌ده‌یان بریندارو به‌هه‌زاران که‌س ماڵ وێران و ئاواره‌ى سنوره‌کانى ئێران بوون و ده‌روازه‌یه‌کى نوێ بۆ ماڵوێرانى کورد ده‌ستیپێکرده‌وه‌.

هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌میشه‌ جێى سه‌رنجى دوژمنه‌کانى گه‌له‌که‌مان بوه‌و به‌عسیه‌کان دژ به‌ ویست و خواستى گه‌له‌که‌مان هه‌رچى یه‌کى پێکرابێت له‌هه‌ر کوێ یه‌کى کوردستاندا بوبێت درێغى نه‌کردووه‌و ئه‌وه‌ى نه‌یکرد بۆى نه‌کرا. له‌م یاده‌دا پێویسته‌ ستایشى خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێت که‌ به‌رده‌وام پشت و په‌ناى شۆڕش بوون و هه‌رگیز سه‌ریان بۆ دوژمن نه‌وى نه‌کردووه‌و هه‌مووکات به‌شى شێریان له‌ قوربانییه‌کان به‌ر که‌وتووه‌.

له‌کاتێکدا که‌به‌نێو  ئه‌م یادانه‌ى مانگى ئازارو نیساندا گوزه‌ر ده‌که‌ین کوردستان به‌ چه‌ندین قه‌یران و کێشه‌ى ئاڵوزدا ده‌ڕوات و ئاینده‌ى گه‌له‌که‌مان تا دێت ته‌م و مژاوى تر ده‌بێت، که‌ پێده‌چێت کێشه‌کان ئیراده‌یه‌کى گه‌وره‌یان پێویست بێت بۆ چاره‌سه‌ر کردنیان .

پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌شێوازێکى زانستیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ ڕوبه‌ڕوى گیروگرفته‌کان بێته‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانى یه‌کبخات به‌ئاراسته‌ى که‌م کردنه‌وه‌ى کاریگه‌رییه‌کانى ئه‌و قه‌یرانانه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵکى کوردستان و زووبه‌زوو قه‌یرانى سیاسى ده‌ستى بۆ ببرێت و خاڵى هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه‌‌ له‌پێناو هه‌ماهه‌نگى زیاترى لایه‌نه‌کان بۆ دورخستنه‌وه‌ى داعش و فه‌راهه‌مکردنى ژیانێکى شایسته‌ بۆ جه‌ماوه‌رى کوردستان که‌ به‌بێ دوودڵى ئێستا خه‌ڵکى کوردستان به‌ بارودۆخێکى زۆر ناجێگیرو هه‌ستیارو خه‌ماوى دا ده‌ڕوات که‌ هیچ هیوایه‌ک بۆ باش بوونى ڕه‌وشه‌که‌ نابینێت. ‌ 

پێشمه‌رگه‌ وه‌ک قه‌ڵایه‌کى پۆڵاین به‌رگرى له‌خاکى پیرۆزى کوردستان ده‌کات و هه‌موو لایه‌ک پێویسته‌ به‌گیانى پێشمه‌رگانه‌وه‌ کار بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى کوردستان بکات و جیاوازییه‌کان وه‌لا بنرێن . وه‌ پێویسته‌  ئه‌م یادانه‌ هانده‌رمان ده‌بێت بۆ به‌هێزبوونى خۆشه‌ویستیمان بۆ کوردستانى ئازیزو پشت و په‌ناى هێزى پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان  .

هه‌زاران سڵاو له‌گیانى پاکى شه‌هیدانى بۆردومانه‌که‌ى 26-4-1974 هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى و سه‌رفرازى کوردستان.


زۆرترین خوێندراو