ڕه‌وشى په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ ئێستادا

6/9/2016 5:10:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سۆران حه‌سه‌ن

گومانى تیادا نیه‌ ڕه‌وشى خوێندن و په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ هه‌رێمى کوردستاندا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى ڕابردوودا جیاوازییه‌کى ئه‌وتۆ ده‌بینرێت له‌ به‌رزى کوالێتى خوێندن و نزمى ئاستى زانست و خوێندن له‌ ئێستادا، نامه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ هۆکاره‌کانى دابه‌زینى ئاستى هه‌م مامۆستاو هه‌م خوێندکارانیش چونکه‌ پێم وایه‌و ئه‌و هه‌ویره‌ ئاو زۆر ده‌کێشێت .

به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌رنجم داوه‌ به‌م ساڵانه‌ى دوایى له‌ مامۆستاى زانکۆوه‌ بگره‌ بۆ خواره‌وه‌ تا ئاستى بنه‌ڕه‌تى و به‌هه‌مان شێوه‌ش خوێندکارانیش، ئاستى زانستى و فێرکردنیان زۆر لاوازه‌و به‌جۆرێک هه‌ندێک له‌ مامۆستایه‌کى زانکۆ هێنده‌ى مامۆستایه‌کى سه‌ره‌تایى جارانى پێ نیه‌.

ئه‌مه‌وێت له‌سه‌ر ڕه‌وشى ئه‌مساڵى خوێندن له‌ کوردستان بوه‌ستمه‌وه‌ که‌ به‌ ساڵێکى پێ‌ قه‌یرانى (سیاسى و ئابورى و ئیدارى و په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستى و خزمه‌تگوزارى و ... هتد) تێپه‌ڕبوین و کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر تاک به‌تاکى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌جێ هێشتوه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو ساڵ و نیوه‌ قه‌یرانى دارایى یه‌خه‌ى هه‌رێمى کوردستانى گرتوه‌و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان لێ ى زه‌ره‌رمه‌ند بوون و هه‌ریه‌که‌و به‌شێوازێک کێرڤى ژیانیان هاتۆته‌ خوارو ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌نگاو به‌ره‌و خراپتر ده‌نێت، ئه‌م دابه‌زینه‌ش کاریگه‌رى ته‌واوى خسته‌ سه‌ر که‌رتى په‌روه‌رده‌و فێرکردن و ماوه‌ى زیاتر له‌ سێ مانگى خوێندنى ئه‌مساڵ به‌ بایکۆتى مامۆستایان به‌ڕێکرا که‌ ئه‌وه‌ش واى کرد مه‌نهه‌جى خوێندن سه‌قه‌ت بکرێت و مامۆستایان دابڕێن له‌ سیسته‌مه‌که‌و خوێندکارانیش پشتیان له‌هه‌موو شتێک سارد بوه‌وه‌ ، لێره‌دا ئه‌وه‌ى هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌م قه‌یرانانه‌بوو بریتى یه‌ له‌ هۆکاره‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌کییه‌کان به‌ وورده‌کاریه‌کانیه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا ئه‌مه‌وێت شرۆڤه‌ى بکه‌م و بوه‌ته‌ جێ ى پرسیارێکى گه‌وره‌ لام ئه‌وه‌یه‌ : مامۆستایان له‌ پاش شکاندنى بایکۆته‌کانیان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌کانى خوێندن ده‌ستیان کرده‌وه‌ به‌ ده‌وام ئه‌ویش به‌ نیوه‌ چڵى و هه‌فتانه‌ دوو یان سێ ڕۆژ ده‌وامیان ده‌کرد به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ باس ده‌کرێت به‌تایبه‌ت مامۆساتایانى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یى تیرئاسا به‌سه‌ر بابه‌ته‌کاندا تێپه‌ڕیون و ڕۆژانه‌ زۆرترین حصه‌یان داوه‌ به‌ خوێندکاران به‌بێ گوێدانه‌ بارى ده‌رونى و قورسى ژیانى خانه‌واده‌ى خوێندکاران، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى بڵێن مه‌نهه‌جمان ته‌واو کرد و له‌ دانانى زۆرینه‌ى پرسیاره‌کانیشدا معقدترین پرسیار بۆ خوێندکار دانراوه‌و پاشان له‌ تصیح کردنیشیاندا که‌مترین هاوکارى خوێندکار کراوه‌ یان هه‌ر نه‌کراوه‌ و نمونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ڕاسب بوونى ژماره‌یه‌کى زۆره‌ له‌ خوێندکاران .

به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى زانکۆو په‌یمانگاکان که‌ به‌ڕاى من گرنگترین و هه‌ستیارترین قۆناغى خوێندنه‌ چونکه‌ خوێندکار له‌وێوه‌ ده‌نێرێته‌ گشت بواره‌کانى کارکردن و خزمه‌تکردنى گشتى و تایبه‌تییه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌وێ که‌مترین حصه‌ به‌ خوێندکاران دراوه‌و وه‌ک زانیاریم هه‌یه‌ وانه‌ هه‌یه‌ له‌ زانکۆو په‌یمانگاکان سه‌رجه‌مى وانه‌که‌ پێنج په‌ڕه‌ى لێ نه‌خوێنراوه‌و ئاسانکاریش بۆ خوێندکار ده‌کرێت.

لێره‌دا ده‌بینم (بانێکه‌و دوو هه‌وا) ئه‌و قۆناغه‌ى که‌ پێویسته‌ باشترین زانست فێرى خوێندکار بکرێت و به‌شێوازێک خوێندکار ئاماده‌بکرێت بۆ کار، جدییه‌تى زۆرى تیا نابینم و زۆربه‌ى زۆرى خوێندکارانى زانکۆو په‌یمانگاکان ته‌نها شه‌وانى به‌ر له‌ تاقیکردنه‌وه‌کان سه‌عى ده‌که‌ن و 99% یان ده‌رده‌چن و ئه‌وانه‌ى که‌ ده‌مێننه‌وه‌ و له‌ خولى دووه‌مدا ده‌رده‌چن مه‌گه‌ر خوێندکارێک خۆى نه‌یه‌وێت ده‌ربچێت، 
به‌ڵام ئه‌و ده‌رچونه‌ کامه‌ ده‌رچونه‌یه‌: ئه‌وه‌یه‌که‌ زۆرینه‌ى خوێندکاره‌کان‌ بایى فلسێک سوودى له‌ خوێندنه‌که‌ وه‌رنه‌گرتوه‌و هیچ عیلمێکى بۆ دواى خۆى پێ نییه‌و ته‌نها ناوێکى گه‌وره‌ى هه‌ڵگرتوه‌ که‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى پوچه‌.

به‌ڵام ئه‌مه‌وێت بڵێم خراپى ئاستى خوێندکاران بۆ که‌م و کورتى ده‌وامى مامۆستایان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌وه‌ى مامۆستایان له‌ داواکردنى مافى یاسایى خۆیان کردیان به‌رامبه‌ر به‌ حکومه‌ت خوێندکاران به‌ قورسى باجه‌که‌یان دا. 

ئه‌م ڕه‌وشه‌ بێ سه‌رو به‌ره‌ى ئێستاى کوردستان له‌که‌رتى په‌روه‌رده‌دا پێویستى به‌چاره‌سه‌ر کردن هه‌یه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵاو پلاندانان و بۆ خواره‌وه‌ . هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا فه‌زیحه‌یه‌کى تر باس ده‌کرێت که‌ پرسیارى قۆناغه‌کانى پۆلى 9 و 12 ى ئاماده‌یى دزه‌یان پێکراوه‌و به‌ر له‌ تاقیکردنه‌وه‌کان مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌رچه‌نده‌ به‌ته‌واوى پشت ڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام پێم وایه‌ له‌خۆوه‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌ نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر پرۆسه‌که‌و به‌شێک له‌ ڕاستى لاى خه‌ڵکه‌ .


زۆرترین خوێندراو