مانه‌وه‌و نه‌مانه‌وه‌ى به‌ریتانیا له‌ نێو یه‌کێتى ئه‌وروپادا

6/21/2016 9:53:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئاشتى گه‌رمیانى 





له‌ ٢٣ - ٦ - ٢٠١٦ که‌ ڕۆژى پێنچ شه‌ممه‌ رۆژێکى گرنگ و هه‌ستیار ده‌بێت بۆ خه‌ڵکى به‌ریتانیا که‌ ڕۆژى ڕیفراندۆمه‌ بۆ مانه‌وه‌و نه‌مانه‌وه‌یان له‌ نێو یه‌کێتى ئه‌وروپادا ، که‌ ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێک له‌خۆ ده‌گرێت وه‌ چه‌ند خاڵێک هه‌یه‌ که‌ هه‌ندێک له‌ سیاسه‌ت مه‌دارو توێژه‌ره‌کانى به‌ریتانیا گه‌یشتوونه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ که‌ به‌ریتانیا ده‌بێت ده‌رچێت له‌م یه‌کێتى ئه‌وروپایه‌ که‌ تا دێت کێشه‌ دروست ده‌کات بۆ به‌ریتانیا ، وه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خاڵانه‌ چین که‌ به‌ریتانیا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن له‌مانه‌وه‌یان له‌نێو یه‌کێتى ئه‌وروپا وه‌ ئه‌و سوودانه‌ چین که‌ خه‌ڵکى به‌ریتانیا سوودمه‌ند ده‌بن له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان ؟  بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌نج و تێڕوانینى چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کم وه‌رگرتووه‌ له‌ ڕۆژنامه‌کانى هۆڵه‌ندى و به‌ریتانى  که‌ به‌م شێوه‌یه‌ لێدوانیان داوه‌ : 
سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا دیڤید کامیرۆن له‌ سایدى ئۆن لاین نیده‌رلاند ده‌ڵێت (( سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ئازادى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ ڕا ده‌ربڕین )) بۆیه‌ من ڕێز له‌ ڕاى خه‌ڵکى ووڵاته‌که‌م  ده‌گرم . وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا به‌رێز تیریسا مه‌یى پێ ى وایه‌ هه‌ندێک کێشه‌ى تر هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌وروپا بمێنێته‌وه‌ وه‌کو خۆى ده‌ڵێت (( من ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرم ئه‌منیه‌ت و ڕێ گرتن له‌ تیرۆرو تیرۆرستان ده‌بێت پێکه‌وه‌ ده‌ستى یه‌ک بگرین )) وه‌ زۆر له‌ ووڵاتانى جیهانیش مانه‌وه‌یان پێ باشتره‌ له‌ نێو یه‌کێتى ئه‌وروپادا. 

ئه‌ندامێکى کۆمسیونى ئه‌وروپى به‌رێز (( کلاوده‌ جونکیر)) ده‌ڵێت ڕۆژى هه‌ینى داهاتوو به‌ڕاشکاوى هه‌موو ڕایه‌کان یه‌کلاده‌بنه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا وه‌ بۆ ٢٧ ئه‌ندامه‌که‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپاش. له‌ سایتى نیده‌رلاند ئۆنلاین سه‌رۆک وه‌زیرانى هۆڵه‌ندا به‌رێز (( مارک ڕووته‌)) ئه‌و ووته‌یه‌ى پشت ڕاست کرده‌وه‌ وه‌ پێ ى باشه‌ که‌به‌ڕێز ئه‌نجلامێرکل ڕاوێژکارى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا به‌رێز کامیرۆن گفتووگۆیان کردوه‌ که‌ کامیرۆن ده‌توانێت هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى که‌له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا بمێننه‌وه‌ . 

لێره‌دا من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ دوو بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ له‌نێو خودى به‌ریتانیادا واته‌ له‌لاى خه‌ڵک یان له‌نێو ده‌زگا فه‌رمیه‌کاندا  ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێک پێیان باشه‌ ده‌ربچن له‌و یه‌کێتى یه‌ وه‌هه‌ندێکى تر پێیان وایه‌ ده‌بێت بمێننه‌وه‌ له‌نێو ئه‌و یه‌کێتى یه‌دا ، ئه‌و خاڵانه‌ى که‌ خه‌ڵک ڕازین ده‌ربچن و ناڕازین له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا ئه‌مانه‌ن :

١. سوودى ده‌رچوونى به‌ریتانیا له‌نێو یه‌کێتى ئه‌وروپا ئه‌وه‌یه‌ چیتر یه‌کێتى ئه‌وروپا ناتوانێت بابه‌تى کۆچ و په‌ناهه‌نده‌کان به‌زۆر ڕه‌وانه‌ى به‌ریتانیا بکات. 

٢.ئه‌و ووڵاتانه‌ى که‌ بوون به‌ ئه‌ندام له‌م ساڵانه‌ى دوایدا وه‌کو بولگاریا وه‌ ڕۆمانیا وه‌ پۆڵه‌ندا که‌له‌ بنه‌ڕه‌تدا بناغه‌ى ئابووریان داڕماو بووه‌ ، ده‌بێت به‌ریتانیا هاوکاریان بکات و داڕماوى یه‌کانیان پێ‌ بکاته‌وه‌ به‌پێ ى قه‌باره‌ى خۆى که‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا بۆى داده‌نێت .

٣.خه‌ڵکى به‌ریتانیا ڕایان وایه‌ که‌ نابێت خه‌ڵکانى ئه‌و ووڵاتانه‌ى تازه‌ وه‌رگیراو له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا بێن بۆ کار بۆ به‌ریتانیا ، حکومه‌ت هاوکارى کۆمه‌ڵایه‌تى وه‌کو سوسیال و پاره‌ى منداڵ و خێزان بدات ، ئه‌مه‌ کارى کردۆته‌ سه‌ر ئابوورى ژیانى به‌ریتانیه‌کان.

٤.به‌ریتانیا ئه‌گه‌ر له‌کۆت و بڕیاره‌کانى ئه‌وروپا ده‌ربچێت به‌ڕاى خه‌ڵک ماناى ئه‌وه‌ نى یه‌ که‌ بازرگانى کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ڕا ده‌وه‌ستێت واته‌ ئابووریان تێک ده‌چێت ، بۆیه‌ پێیان باشه‌ له‌یه‌کێتى ئه‌وروپى ده‌ربچن.

ئه‌و خاڵانه‌ى که‌ هه‌ندێک له‌ خه‌ڵکى به‌ریتانیا پێیان باشه‌ بمێننه‌وه‌ له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا به‌م شێوه‌یه‌یه‌ :


١.ده‌رچوون له‌یه‌کێتى ئه‌وروپا واى ده‌بینن که‌ زیان به‌ئابوورى به‌ریتانیا ده‌گه‌یه‌نێت.
٢.ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ دواى به‌ریتانیاوه‌ هه‌موو یه‌کێتى ئه‌وروپا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.
٣.هه‌موو جیهان پشتگیریان ده‌کات له‌ کاتێکدا له‌نێو یه‌کێتى ئه‌وروپا دا بن.
٤.هه‌لى کارو بنه‌مایى ژیان  وهاتوو چۆو گواستنه‌وه‌ که‌م ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌ریتانیادا له‌کاتێک جیا ببێته‌وه‌ بۆیه‌ پێیان باشه‌ گرێ دراوى یه‌کێتى ئه‌وروپا بن .
٥. بابه‌تى تیرۆر و تیرۆرستان له‌ ئێستا هه‌مه‌ ئاهه‌نگى هه‌یه‌ بۆ کار کردن ، له‌و کاته‌دا به‌ریتانیا خۆى به‌ته‌نها به‌رپرسى ووڵاته‌که‌ى ده‌بێت.
٦.به‌ریتانیه‌کان کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ سکوتلاند هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕێگایه‌ک بۆ جیابوونه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ووڵات.

ئه‌م خاڵانه‌ى که‌ باسم کرد ئه‌مه‌  سه‌ره‌نجى خه‌ڵکى ووڵاتى به‌ریتانیایه‌ له‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیونى یه‌کانیان که‌ ڕایان داوه‌ ، له‌کاتێکدا ئیتالیایه‌کانیش ڕایان وایه‌ که‌ به‌ریتانیا ده‌ربچێت له‌یه‌کێتى ئه‌وروپا ئه‌وانێش ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێن .هه‌موو ڕایه‌کان ده‌مێننه‌وه‌ بۆ ڕۆژى ٢٣ - ٦ - ٢٠١٦ که‌ زۆربه‌ى ده‌نگه‌کان چى ده‌ڵێن .


زۆرترین خوێندراو