پێویسته‌ 25 ى حوزه‌یران بکرێته‌ هه‌وێنى یه‌کڕیزى و ته‌بایى نێو ماڵى کورد

6/24/2016 4:23:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سۆران حه‌سه‌ن





خه‌ڵکى کوردستان زۆر رۆڵه‌ى دڵسۆزو چاپوک و چاونه‌ترسى پێشکه‌ش به‌ نیشتمان کردوه‌ ، که‌م شوێن له‌ کوردستان هه‌یه‌ که‌ به‌ خوێنى لاوانى ئازاو بوێرى کورد نه‌نه‌خشابێت و لاوێکى کوردى تێیدا سه‌رى نه‌نابێته‌وه‌. که‌واته‌ نه‌ته‌وه‌ى کورد به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌توانێ بڵێ گه‌وره‌ترین نرخى بۆ ئازادى داوه‌. 

ئه‌وه‌ که‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ توانیویه‌تى بۆ ده‌یان ساڵ له‌ پێناو مافه‌کانى دا بێ پسانه‌وه‌ ئاڵاى خه‌بات و تێکۆشان به‌ شه‌کاوه‌یى رابگرێت، له‌م راستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، کورد تا گه‌یشتن به‌ لوتکه‌ى ئازادى له‌ خه‌بات راناوه‌ستێت ئه‌گه‌رچى نرخى ئه‌و ئازادییه‌ش خوێن و ژیانى ڕۆڵه‌کانى بێت. 

ئازادی نرخی گرانه‌‌و هه‌روا به‌ سانایی به‌ده‌ست نایه‌ت، ئه‌و گه‌لانه‌ی که‌ ئێستا زنجیری دیلی‌و کۆیلایه‌تی یان پساندوه‌‌و به‌ ئازادیی ده‌ژین‌و چاره‌نووسیان له‌ده‌ستی خۆیاندایه‌ له‌درێژه‌ی خه‌بات‌و به‌ربه‌ره‌کانییه‌کی قاره‌مانانه‌‌و شۆڕشگێڕانه‌دا توانیویانه‌ به‌ ئازادى ده‌ژین، خه‌بات‌و به‌ربه‌ره‌کانیش له‌به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران‌و دیکتاتۆراندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی‌و مافی چاره‌ی خۆنوسین هه‌وڵ‌‌و تێکۆشان‌و فیداکاری ده‌وێت، به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی پێ‌ له‌ کێشه‌‌و ئاڵۆز‌‌ى و له‌هه‌مان کات دا پڕ له‌ فیداکاری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که‌ قۆناغی ژێرده‌سته‌یی‌و کۆیله‌تییان تێپه‌ڕاندوه‌‌و ئێستا له‌ قۆناغی ئازادى و گه‌شه‌کردن‌ دان، هه‌روه‌ک ده‌وترێت (گه‌لێک ئازادی بوێت‌ ده‌بێت‌ نرخی ئه‌و ئازادیه‌ش بدات).

حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستانیش له‌ دروستبونیه‌وه‌ تا هه‌نوکه‌ (1976 - 2016) ئامانجى سه‌ره‌کى ئازادى و مافى مرۆڤ و چه‌سپاندنى دیموکراسى بوه‌ بۆ کۆمه‌ڵگاى کوردستان و به‌رده‌وامیش باجى خۆیداوه‌ به‌ خوێنى ڕۆڵه‌کانى ، که‌ به‌پێ ى ئاماره‌کان تا ئێستا زیاتر له‌ 4500 شه‌هیدى به‌خشیوه‌ته‌ خاکى کوردستان و به‌رقه‌رار بوونى ئاشتى و ئازادى بۆ خه‌ڵکى کوردستان. 

ده‌خوازم یادى 25-6 ڕۆژى شه‌هیدى حزبى سۆسیالیست بکرێته‌ هه‌وێنى یه‌کڕیزى و ته‌بایى نێو ماڵى کوردى و ده‌ست له‌ناو ده‌ست هه‌نگاو به‌ره‌و به‌دى هێنانى ئامانجى گه‌وره‌ى میلله‌ته‌که‌مان و گه‌لى کوردستان هه‌ڵبگرن.

وه‌ پێویسته‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان هه‌وڵى نزیکبونه‌وه‌و چاره‌سه‌رى گشت قه‌یرانه‌کان بده‌ن و سه‌ر گۆڕى شه‌هیدان بکه‌نه‌ شوێنى کۆبونه‌وه‌یان و پاشان ڕێککه‌وتنیان.


زۆرترین خوێندراو