کاکه‌ حه‌مه‌ .. . کۆڵه‌که‌ى به‌هێزى شۆڕش‌، پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌و کۆڵنه‌ده‌ر

8/3/2016 8:57:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  سۆران حسن





کاکه‌ حه‌مه‌ .. ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر ، پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌و کۆڵنه‌ده‌ر ، کۆڵه‌که‌ى به‌هێزى شۆڕش‌ ، سه‌رکرده‌ى ڕابردوو ئێستا و داهاتوو .

له‌ خه‌باتى ڕزگارى نیشتمانى و هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ستهێنانى ئازادى و مافى چاره‌نوس و پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤ دا، که‌من ئه‌و کاریزمایانه‌ى ده‌بنه‌ سومبولى شۆڕش و به‌رخودانه‌کان.

کاکه‌ حه‌مه‌ى حاجى محمودى گوڵه‌خانه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ خوێن گه‌رم و به‌هه‌ڵوێسته‌ى که‌ هه‌موو ژیانى لاوێتى و خۆشى خۆى به‌خشییه‌ میلله‌ته‌که‌ى و له‌ ته‌مه‌نى 23 ساڵیدا چه‌کى شه‌ره‌ف و به‌رگرى و به‌رخودانى له‌شان کرد و بویه‌ یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و شه‌ره‌فى هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شۆڕشى نوێ ى پێبه‌خشراو هه‌ر له‌و نێوه‌نده‌شدا ته‌قاندنى یه‌که‌م فیشه‌کى ئه‌و شۆڕشه‌ى پێبڕاو ناوى چوه‌ مێژووى پێ‌ سه‌روه‌رى گه‌لى کوردستانه‌وه‌.

ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ یه‌کێک بوو له‌و گه‌نجه‌ ئازایانه‌ى که‌ له‌گونده‌که‌ى خۆیاندا بویه‌ سه‌رمه‌شقى ده‌یان و سه‌دان تێکۆشه‌رى تر که‌ ئاره‌زووى خه‌بات و به‌رخودانیان هه‌بوو ، که‌ زوڵم و سته‌میان بۆ قبوڵ نه‌کراو به‌که‌مترین تواناو چه‌که‌وه‌ ڕوبه‌ڕوى گه‌وره‌ترین سوپاى ناوچه‌که‌و دڕنده‌ترین دیکتاتۆر بوونه‌وه‌ له‌پێناو به‌رگرى له‌ شه‌ره‌ف و بوونى گه‌لى کوردستان له‌سه‌ر خاک و ئاوى خۆی.

هه‌ر به‌زوویى ناوى کاکه‌ حه‌مه‌ له‌ناو شۆڕشى نوێ ده‌نگى دایه‌وه‌و خۆى کرده‌ یه‌کێک له‌ ژماره‌ کاریگه‌ره‌کان که‌ دوژمن حسابى تایبه‌تى بۆ ده‌کرد، پله‌کانى پێشمه‌رگایه‌تى هه‌نگاو به‌هه‌نگاوو زۆر به‌خێرایى بڕیوه‌ ئه‌ویش به‌هۆى لێهاتووى و خۆنه‌ویستى و ئازایه‌تیانه‌وه‌ بووه‌ .

دیاره‌ کاریزمابوونى ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌دره‌وشاوه‌یى ده‌رکه‌وتوه‌و پاش ماوه‌یه‌کى که‌م له‌ ژیانى پێشمه‌رگایه‌تى و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى دام و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانى به‌عس و تۆمارکردنى داستانى بێ وێنه‌ ، پله‌ی به‌رز وه‌رده‌گرێت و به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌تر ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانى .

گومانى تیادا نیه‌ و پیاهه‌ڵدانیش نیه‌ که‌ ناوى کاکه‌ حه‌مه‌ یه‌کێک بوه‌ له‌و ناوه‌ زێڕین و گه‌شانه‌ى شۆڕشى ئازادى خوازانه‌ى گه‌له‌که‌مان که‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ سه‌نگ و قورسایى شۆڕشى میلله‌ته‌که‌مانیان گه‌یاندۆته‌ لوتکه‌و به‌ گیانى خۆیان و خانه‌واده‌و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانیان وانه‌ى نوێیان به‌ دوژمنانى نه‌ته‌وه‌که‌مان داوه‌و هه‌رگیز سڵیان له‌ هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌کردۆته‌وه‌ له‌و سه‌دان و هه‌زاران ئاسته‌نگه‌ى بۆیان دروستکراوه‌.

ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ له‌دواى ساڵى 1979 و دروست بوونى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالستى کوردستان یه‌کێک بوو له‌ سه‌رکرده‌ کاریگه‌ره‌کانى شۆڕش و ده‌شتى شاره‌زوور و هه‌ولێر و سلێمانى شاهیدى قاره‌مانێتى و ڕۆڵى به‌رچاوى پێشمه‌رگه‌کانى سۆسیالست بوون به‌ ڕابه‌رایه‌تى و پێشه‌وایه‌تى کاک محمدى حاجى محمود.

ناتوانم به‌پێ ى پێویست و گه‌وره‌یى ئه‌و زاته‌ سه‌راپاى ژیانى سیاسى و پێشمه‌رگایه‌تى به‌ ته‌واوى باس لێوه‌ بکه‌م به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ له‌ مێژووى خۆیاندا چه‌ندین وانه‌ى مه‌زنیان فێرى نه‌وه‌کانى گه‌لى کورد کردووه‌ له‌وانه‌ : 

(سه‌رکرده‌یه‌کى خاکى ، خۆنه‌ویستى ، قاره‌مانێتى ، کۆڵنه‌دان ، به‌رخودان ، قوربانیدان ، تێکۆشان له‌پێناو مافه‌کانى مرۆڤ ، کۆڵه‌که‌یه‌کى به‌هێز بۆ شۆڕش و کوردایه‌تى .....).
له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى گه‌له‌که‌شمانه‌وه‌ ئه‌و سه‌رکرده‌ خاکیه‌ى گه‌له‌که‌مان به‌ شێوازێکى جیاوازتر درێژه‌ى به‌ خه‌بات و تێکۆشان داو جگه‌ له‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى 1992 و به‌ چه‌ند پیلانێک ڕێگه‌ نه‌دراو حزبى سۆسیالست له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت به‌شداربێت ئه‌و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ى به‌ خوێنى سه‌دان و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و حزبه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ کارى نه‌کرده‌ سه‌ر ڕه‌وتى خزمه‌تکردنى سۆسیالسته‌کان بۆ ووڵات و هه‌رێمه‌که‌ى خۆیان و هه‌رچیه‌کیان پێکرابێت له‌ خزمه‌تکردن و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌و به‌رگرى له‌ خاک و نه‌ته‌وه‌و زمان و کلتورو فه‌رهه‌نگى گه‌له‌که‌مان درێغیان نه‌کردوه‌.

به‌ پێویستى ده‌زانم ڕۆڵى ئاشته‌وایى کاک محمدى حاجى محمود هه‌میشه‌و هه‌رده‌م به‌گرنگییه‌وه‌ باسى لێوه‌ بکرێت و چ له‌خه‌باتى شاخ و چ له‌خه‌باتى شار ڕۆڵى کاریگه‌رى گێڕاوه‌و هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵى نزیک بونه‌وه‌ى بیرو بۆچونه‌ جیاوازه‌کاندا کارى کردوه‌و به‌ شاهیدى دۆست و دوژمنیش هه‌مووکات قسه‌ى به‌ڕێزیان گوێ ى بۆ گیراوه‌و کارى له‌سه‌ر کراوه‌.

له‌ دروستبوونى شه‌ڕى نه‌گریسى داعش ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ شۆڕشگێڕه‌ به‌بێ گوێ دانه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کى که‌سى و حزبى چه‌کى به‌رگرى کرده‌وه‌ شانى و له‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕدا ده‌بینرا ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ 26-11-2014 له‌ کاتى به‌رگرى له‌خاکى پیرۆزى کوردستان له‌ ڕۆژئاواى که‌رکوک و له‌شه‌ڕێکى ئێجگار قورسدا کاکه‌ عه‌تاى کوڕى کاک محمدى حاجى محمود ده‌چێته‌ کاروانى هه‌رگیز نه‌مرانه‌وه‌. 

کاکه‌ حه‌مه‌ بۆ کوردستان و شۆڕشه‌ ڕه‌واکه‌ى سه‌لماند که‌ یه‌کێکه‌ له‌و سه‌رکردانه‌ى که‌ به‌ خوێنى خۆیان و ڕۆڵه‌کانیان و باشترین له‌ پێشمه‌رگه‌کانیان به‌هه‌مان نه‌فه‌سى ڕابردوو به‌رگرى له‌ نیشتمان ده‌که‌ن و ڕێگه‌ ناده‌ن دوژمنانى خاک و ووڵات زه‌فه‌رمان پێ بهێنن.

ئێستاش له‌ سه‌رو به‌ندى بارودۆخى ناسکى هه‌رێمى کوردستان و ناکۆکى هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ر و بابه‌ت و هه‌بوونى چه‌ندین قه‌یران که‌ یه‌خه‌و به‌رۆکى میلله‌ته‌که‌مانى گرتووه‌ هه‌وڵى ئاشته‌وایى و لێک نزیک بونه‌وه‌ى لایه‌نه‌کانى له‌سه‌ر شانى خۆى داناوه‌و دیبلۆماسیه‌تى خۆى خستۆته‌ کار به‌ ئومێدى هه‌نگاو نان به‌ره‌و قۆناغێکى تر و ڕێککه‌وتنه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و کۆتایى هێنان به‌و قه‌یرانه‌ى هموو گه‌له‌که‌مانى له‌ باشورى کوردستان گیرۆده‌ کردووه‌ .

سڵاوو درود بۆ سه‌رکرده‌ى ماندونه‌ناس و پێشمه‌رگه‌ى ڕێگاى سه‌ختى خه‌بات کاکه‌ حه‌مه‌ى حاجى محمود و هه‌موو ئه‌و سه‌رکرده‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌ به‌ ئازایه‌تى و ڕاستگۆیى و خه‌باتى نه‌پساوه‌یان خزمه‌تى کوردو کوردستانیان کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو