داعش وەک نمایشێکی نوێ لەفێندامێنتالیزمى ئیسلامی توندڕەو

10/15/2016 4:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

وه‌نه‌وشه‌ که‌ریم زاده‌



ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا‌و، بەدیاریکراوی لەپاش رووداوەی 11ی سێپتامبری ساڵی 2001 لەگەڵ چەندین قەیران‌و نائەمەنی رووبەڕوو بووەوە کە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی لە بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەبیرەوەری گشتی نەتەوەکان‌و بەتایبەت خەڵکی ناوچەکە بەجێماوە. چاوچنۆکی زلهێزەکان لەناوچەکە تێکەڵ بە چەقبەستوو فکری هەندێ لە کوتلە سیاسیو مەزهەبییە ئیسلامگەراکان، یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەیە کە سەرەڕای توندکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان، کێشمەکێشە مەزهەبییەکانیشی پەرەپێداوە.

بەستێنەکانی دەرکەوتن‌و دروستبوونی گروپی داعش

پاش شکستی تاڵیبان لە ئەفغانستان، گروپی چەکداری سەر بەم رێکخراوە بە ناوی ئەلقاعیدە کە دروستبوونەکەی بۆ ساڵی 1367‌و لەسەردەستی ئۆسامە بن لادەن دەگەڕێتەوە، لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی لەوانە لەعێراق خۆی راگەیاند. ئەم رەوتە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد جەوهەرێکی بان نەتەوەیی هەیە، لە عێراق "ئەبو مەسعەب زەرقاوی" بە پێکهێنانی گروپێکی بەناوی "جەماعەتی تەوحید‌و جیهاد" لەساڵی 2004 وەک نوێنەری ئەلقاعیدە لەئێران ناساند. دوو ساڵ دواتر، واتە لەکۆتاییەکانی ساڵی 2006ی زاینی گروپێکی سەربازیی بەناوی "دەوڵەتی ئیسلامی عێراق" بەسەرکردایەتی کەسێ بەناوی ئەبو عومەر بەغدادی لەسامەڕا راگەیەنرا‌و هاوشانی ئەلقاعیدە‌و جەماعەتی تەوحید دەستی بە چالاکی کرد. لە ئەپریلی ساڵی 2010ی زایینی، ئەبو عومەر بەغدادی لە هێرشی ئەمریکاییەکان بۆ سەر حەشارگەکەی کوژرا‌و ئەبوبەکر بەغدادی بەجێگەی ئەو دەسەڵاتی گرتە دەست، کە چوار ساڵ دواتر داعشی دامەزراند.

بنەما فکریو عەقیدەتییەکانی داعش

ئەندێشەکانی گروپی داعش لەهەمان ئەندێشە سەلەفییەکانی ئەلقاعیدەوە هاتووە، بەو جیاوازییەوە کە زۆر رادیکاڵتر لە ئەلقاعیدە هەوڵ بۆ ئامانجەکانی دەدات. سەلەفی خۆی بە پەیڕەوی "سەلەفی ساڵح" واتە پێشینیانی چاکەکار دەناسێنێت‌و باوەڕی تەواوی بە ئەولەویەتی وەحی بەسەر عەقڵ هەیە. ئەم رەوتە هەموو جۆرە چالاکیەکی ژن بۆ بەشداری لەکۆمەڵگا قەدەغە کردزە‌و پێیوایە ژن دەبێت لەخزمەتی هاوسەرەکەیدا بێت. لە رونگەی ئەم رەوتەوە "ئەحمەد بن حەنبەل" دوایین نەوەی سەلەفەیەیە‌و ئەوان پەیڕەوی لەو دەکەن. ئەبوبەکر بەغدادی پاش ئەوەی بوو بە سەرکردەی گروپەکە، ماوەیەکە بە نهێنی پرۆپاگەندەی بۆ بۆچوونەکانی خۆی دەکرد‌و لەم ڕووەوە تا ئێستا زانیارییەکی تەواو لەسەر بۆچوون‌و دیدگاکانی ئەو بوونی نیە، بەڵام دەرکەوتنی ئەو لەنوێژی هەینی موسڵ لە 13ی پوشپەڕی 1393‌و وتە توندەکانی دژی نەیارانی داعش‌و ئەوەی کە شمشێر تەنیا رێگەی دامەزراندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە، نیشانەی پەیڕەوی ناوبراو لە ئەندێشەکانی توندی ئەلقاعیدەیە. ئەو لەوتەکانیخۆیو لەکاتێکدا جەختی لەسەر ئایەتە جیهادییەکانی قورئان دەکردەوە راگەیاند "لەسەختییەکاندا سەبرتان هەبێت‌و بزانن پاداشێکی گەورە لە جیهادکردندا هەیە" کە خودا لە قورئاندا ئاماژەی پێکردوە. لەم جیهادە تەنیا رێگە بۆ نەهێشتنی هەڕەشە‌و، دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی، بەکارهێنانی شمشێرە. لەسەر ئێمە واجیبە کە ئەوان ئاگادار بکەینەوە‌و ئێستاش حکومەتی ئیسلامی ئەم ئەرکە قورسەی بە ئەستۆ گرتووە. لەسەر بنەمای ئەندێشەی تەکفیری داعش، جیهاد هەمان جێبەجێکردنی کردەوە تیرۆریستییەکانە کە بە کوشتاری نەیارانی حکومەتی ئیسلامی دێتەدی. بەبڕوای داعش لەسەروی ئەم نەیارانە، شیعە‌و لایەگرانیان‌و حکومەتە سیکۆلارە ئیسلامییەکانە‌و پێیوایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی، هەموو ئەمانە دەبێت لەناوببرێن‌و بسڕدرێنەوە.

لەدیدی داعشەوە زەوی گۆڕەپانی هاتنەدیو جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودایە‌و ئەم فەرمانانە لە "سیرەی سەلەفی پێغەمبەر"دا تۆمار کراوە. لەم رووەوە هەرچەشنە ئیجتیهادێک بیدعەیە‌و هەر شیفاعەتێکیش شیرک‌و کوفەر. هەرچەشنە هەوڵێک بۆ رەسەنایەتی بەخشین بە هاوڵاتیان لادانە لە خوداسالاریو، دەرکەوتن‌و پەسەندنی گوناهان سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتدارانی سیکۆلار‌و بیدعەی (داهێنان)ی مرۆڤی مۆدێرنە. کۆتایی گوناهەکان تەنیا بە جێبەجێکردنی سنوری ئیلاهی لە بەرچاوی گشتیی خەڵک مسۆگەر دەبێت. نەیارانی داعش کافرن‌و خوێنیان حەڵاڵە. رێگەی رزگاربوون لە سەختییەکانی ئەمرۆی دنیا، گەڕانەوە بۆ رێساکانی سەرەتای ئیسلام‌و سونەتەکانی سەلەفی ساڵحە. داعش لەسەر بناغەی بیری خۆدروستکراوی رێکخستن، هەوڵدەات تا بەها تەکفیرییەکانی جێ مەبەستی خۆی، وەک نۆرمێکی دینی لەعێراق‌و سوریا دەسەڵات پێبدات. مەرجی پێویست بۆ ئەم کارە لە روانگەی داعشەوە، برەودانە بەو بیرە دۆگمە تەکفیرییانەی کە لەسەر بنەمای فیکری گروپە دواکەوتووە ئیسلامییەکانی وەک تاڵیبان دروست بووە. کافربوونی شیعە، جەختکردنەوە لەسەر شمشێر بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەشێکی دیکە لە گرنگترین بنەما فیکرییەکانی ئەم گروپە پێکدەهێنن.

تاوانەکانی داعش

گروپی داعش وەک نمایشێکی نوێ لە فێندامێنتالیزم ئیسلامی توندڕەو، چەندین تاوانی لە عێراق‌و سوریا‌و باقی وڵاتان بە بیانوی زیندوکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی ئەنجام داوە‌و وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رۆڵێکی روو لەگەشە لە هاوکێشە جیهانییەکانی ئێستا دەبینێت.

تاوانە جەنگییەکان وەک کوشتاری خەڵکی مەدەنی یان سەپاندنی رەنجی ناپێویست بەسەریاندا، کوشتنی دیلەکانی شەڕ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی وەک ئەشکەنجە، ئازاردانی پەیڕەوانی باقی دین‌و مەزهەبەکان بەهۆی  عەقیدەیانەوە، کوشتنی لایەنگرانی دین یان مەزهەب، یان بۆچوونێ:ی سیاسی بەهۆکاری عەقیدەتیو بە مەبەستی لەناوبردنی هەموویان، لەناوبردن‌و وێرانکردنی ئاسەوار مێژووییو فەرهەنگییەکان‌و... بەشێکن لەو تاوانانە.

میدیاکانی داعش

گروپی تیرۆریستی داعش هەر لەسەرەتای چالاکییەکانی خۆی، چەندین میدیای جۆراوجۆری بۆ  کاریگەری خستنەسەر رای گشتییو راکێشانی هێز بەکارهێناوە. سەرەڕای ئەوەی گروپە تیرۆریستیەکانی پێش داعشیش بۆ ئامانجەکانیان کەڵکیان لەئامرازی پەیوەندییەکان وەرگرتووە، بەڵام ئامارەکان باس لەوە دەکەن بەپێچەوانەی گروپەکانی پێشوو، داعش بە باشی توانیویەتی بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی خۆی کەڵک لە میدیا وەربگرێت. بەکارهێنانی بەرینی داعش لە میدیا مەجازییەکان‌و ئینترنێت، بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لەتوێژەران ئینترنێت بە "گۆڕەپانی سەرەکی داعش" ناولێببەن. داعش بە کەڵکوەرگرتن لەمیدیا، سێ مەبەستی سەرەکی دەپێکێت، لەلایەک بەنمایش‌و بڵاوکردنەوەی تاوانەکان‌و کردەوە دڕندانەکانی خۆی لە دنیای میدیا‌و بەتایبەت لە ئینترنێت‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵدەدات ترس‌و دڵەڕاوکێ بخاتە ناو دڵی خەڵک‌و، لەلایەکی دیکەش بە بڵاوکردنەوەی پێشڕەویو سەرکەوتنەکانی خۆی لەدنیای مەجازی، خەڵک لەچالاکیەکانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە. سێیەمین مەبەستی میدیای داعش، بڵاوکردنەوە‌و نمایشی هەندێ دیمەنی مرۆڤ دۆستانەیە کە لەگەڵ مەبەستی یەکەمدا ناتەبایە. داعش هەوڵدەدات بەم هەڵسوکەوتە دوالیستیو پڕ لەناتەباییە، لەلایەک هێزی خۆی نیشان بدات‌و لەلایەکی دیکەش لەناو خەڵکی جیهان بەڕێژەیەک خۆشەویستی بەدەستبێنێت! بۆ نمونە داعش هاوکات کە دیمەنی تاوانەکان، سەرە بڕدراوەکان‌و تەرمی کۆمەڵکوژییەکانی لە دنیای مەجازیدا بڵاودەکاتەوە، چەندین دیمەنی چەکدارەکانی خۆیان لەکاتی شیردان بە بەچکە پشیلە یان یاریکردن لەگەڵ منداڵان‌و دابەشکردنی بەستەنیو شکولات لەنێو منداڵان بڵاودەکاتەوە! ئەم کارە نیشانی دەدات کە داعش دەیەوێت خەڵک لەهەمانکداتدا لەوان دەترسێن، ئەوانیشان خۆش بوێت. داعش بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پڕ لەجیاوازییە، میدیای هەڵبژاردوە.

ئەنجام

دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یان رێکخراوی داعش بەگشتی وەک باقی رێکخراو‌و بزوتنەوە عەقیدەتییەکانە کە لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی بیرکردنەوە ‌و هەڵسوکەوت جێگیربووە. بیرکردنەوەی ئەم گروپە بە ئامێرە جەنگییەکان کۆنترۆڵ ناکرێت. جێگەی باسە کە گوتاری نیۆسەلەفیو داعشی بەمانۆردان لە دنیای مەجازیو نێودەوڵەتیو ناوچەیی، بە پەرەپێدانی دەسەڵات‌و بیری خۆی لەنێو لاوانی ئوروپاییو ئەفریقاییو وڵاتانی دیکە‌و، پێکهێنانی بنکەکانی راهێنان لە سوریا، عێراق، یەمەن، سومالی، پاکستان‌و .. هەڕەشەیەکی جیدی دژ بە ئاسایشی ناوچەکە‌و ئاسایشی نێودەوڵەتییە. گروپی داعش بانێکی مرۆڤ کوژە کە هەموو پرەنسپ‌و بەها ئینسانییەکانی خستۆتە ژێر پێیوە. لەکۆتاییدا ئەمرۆکە ناکرێت کێشەو گرفتەکانی ناوچەکە، لەوانە پرسی گەشەسەندن‌و پەرەگرتنی تیرۆریزم تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەیی چارەسەر بکرێت، بەڵکوو هەموو لەسەر ئەو بڕوایەن بۆ بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم‌و توندرەوی لەجیهان دەبێت هاوکاری یەکتر بین.


زۆرترین خوێندراو