4
7 فێڵبازه‌ بێ‌ ویژدانه‌که‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ڕاوی نێچیری زیاتر
23/6/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رینوز

عومه‌ر گوڵپی




به‌رده‌وام ژماره‌یه‌ک له‌‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌ تۆڕی پاراستنی کۆمه‌ڵایه‌تی مووچه‌یان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ ده‌که‌ن‌و سکاڵای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ که‌سێک ته‌له‌فوونی بۆ کردوون‌و داوای موژدانه‌یان لێ‌ ده‌کات به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌وی بۆ ده‌رچووه‌ یان چه‌ند مووچه‌یه‌کیان پێکه‌وه‌ بۆ وه‌رده‌گرێت، ئه‌و که‌سه‌ به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری که‌مئه‌ندامان یان تۆڕی پاراستنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ قسه‌ ده‌کات، هێندێک له‌‌و هاووڵاتیانه‌ش به‌هۆی فه‌قیر حاڵی، نه‌بوونی‌و بارودۆخی نه‌گونجاوی ژیان، نه‌خوێنده‌واری‌و هێندێک هۆکاری تره‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ داوی کاکی فێڵبازی له‌ خوا نه‌ترسی بێ‌ ویژدانه‌وه‌و له‌ ڕێگه‌ی ناردنی باڵانسه‌وه‌ دیارییه‌که‌ی خۆیان ده‌نێرن بۆ ئه‌و فێڵبازه‌و ئه‌ویش وه‌ک چۆن گورگ پاش ئه‌وه‌ی نێچیره‌که‌ی ڕاو ده‌کات بای بای ده‌کات‌و کاری به‌ هاووڵاتی خه‌ڵه‌تێنراو نامێنێت‌و سه‌رقاڵی ملشکاندنی که‌سانی تر ده‌بێت.

له‌‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم بۆ هه‌موو لایه‌ک ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ ڕوون بکه‌مه‌وه‌، تا جێگه‌ی سودو هوشیاری زیاتری خه‌ڵک بێت:

1ـ ئه‌م دیارده‌یه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ هه‌یه‌و که‌سێک یان که‌سانێکی فێڵباز هێندێک زانیارییان ده‌ستکه‌وتووه‌ (وه‌ک ناوی سیانی‌و ژماره‌ ته‌له‌فوون)، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان فێڵه‌که‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت به‌هۆی زانینی ناوو ژماره‌ ته‌له‌فوونه‌وه‌، چۆن ئه‌و زانیارییانه‌یان ده‌ستکه‌وتووه‌؟ ئه‌وه‌یان دیارنییه‌و پێویسته‌ ده‌زگاکانی ناوخۆ‌و دادگا بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام، بۆ ئه‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر" هه‌ر کارمه‌ندێک تێوه‌ گلابێت سزای خۆی وه‌ربگرێت یان ڕوون ببێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کان له‌ کوێیه‌.

2ـ ئه‌م فێڵه‌ ته‌نها له‌و که‌سانه‌ ناکرێت که‌ سودمه‌ندی تۆڕی پاراستنی کۆمه‌ڵایه‌تین، به‌ڵکو به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێمه‌ له‌ هێندێک چین‌و توێژی تریش ده‌کرێت.

3ـ ئه‌م فێڵبازه‌ ژماره‌ مۆبایلی جۆراو جۆر‌و ناوی جۆراوجۆر به‌کارده‌هێنێت.

4ـ له‌م جۆره‌ فێڵانه‌دا ته‌نها که‌سی فێڵکارو فێڵباز به‌ تاوانبار ئه‌ژمارناکرێت، به‌ڵکو ئه‌و که‌سانه‌شی ده‌که‌ونه‌ داوی ئه‌م فێڵبازه‌ که‌مته‌رخه‌من‌و نابێت به‌بێ‌ هۆ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک به‌ناوی هیچ شتێکه‌وه‌ بده‌نه‌ هیچ که‌سێک، چونکه‌ ئه‌وه‌ وه‌ک به‌رتیل وایه‌و به‌رتیل وه‌رگره‌و به‌رتیل ده‌ریش به‌ پێی شه‌رع‌و یاساش وه‌ک یه‌ک تاوانبارن، وه‌ک پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان (درودی خوای له‌سه‌ر) ده‌فه‌رموێت « لعنه‌ الله‌ علی الراشى والمرتشى » یاساش به‌م بنه‌مایه‌ کارده‌کات.

5ـ ئه‌م دۆسییه‌یه‌ زیاد له‌ جارێک له‌ کۆن‌و نوێدا خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست ده‌زگاکانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێک ده‌ستنه‌که‌وتووه‌، ئومێده‌وارین له‌م ڕوه‌وه‌ هاوکارو هاوڕێکانمان له‌ ده‌زگاکانی پۆلیس‌و ئاسایش کارایانه‌تر کاربکه‌ن، به‌نده‌ به‌ شه‌خسی خۆم په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی‌و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانی کردووه‌و داوامان لێکردوون له‌م ڕوه‌وه‌ کارمه‌ندو به‌ش‌و بنکه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیان ڕاسپێرن تا خه‌ڵکانی هه‌ژار له‌ داوو فێڵی ئه‌م فێڵبازه‌ ڕزگاربکه‌ن، دۆسیه‌که‌ش له‌لایه‌ن به‌شی یاسای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیمانه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌دواداچوونی بۆ ده‌کرێت.

6ـ دواجار ئه‌م فێڵکاره‌ هه‌ر ده‌که‌وێته‌ داوی یاساو پاداشتی یه‌ک به‌یه‌کی ئه‌و هه‌موو دزی‌و تاڵانیو ساخته‌چییه‌تیانه‌ی به‌رانبه‌ر هاووڵاتیان کردوویه‌تى وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت فێڵ‌و ساخته‌چییه‌تی به‌رانبه‌ر هه‌ژاران، به‌رانبه‌ر که‌سێک که‌ له‌ ماڵی دونیاو بۆ ژیانی خۆی‌و منداڵه‌کانی داهاتی ناگاته‌ 100 هه‌زار بۆ مانگێک‌و 200 هه‌زاریشی قه‌رز کردووه‌و به‌ ڕێگه‌ی باڵانس ناردوویه‌تی بۆ ئه‌م فێڵکاره‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی خواردنی پاره‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی هاووڵاتیه‌کی که‌مئه‌ندام که‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌، یان ئافره‌تێکی هه‌تیو بار که‌ به‌ئاسانی نانی بۆ منداڵه‌کانی ده‌ست ناکه‌وێت چه‌ند تاوانێکی گه‌وره‌یه‌و خوای گه‌وره‌ له‌م تاوانکارانه‌ خۆش نابێت ئه‌گه‌ر ویژدانی خۆشیان به‌مجۆره‌ مردبێت.

7ـ ئه‌م خاڵه‌ ئه‌که‌مه‌ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ کارمه‌ندانی سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی‌و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ متمانه‌ی ته‌واومان به‌ ئێوه‌و دڵسۆزیتان هه‌یه‌و ئاگادارم که‌ دڵسۆزانه‌‌و یاساییانه‌ کاره‌کان ڕاده‌په‌رێنن‌و خزمه‌تی هاووڵاتیان ده‌که‌ن، به‌ڵام پێویسته‌ زیاتر وشیارو ئاگاداربن، به‌ هیچ جۆرێک نه‌چنه‌ ژێرباری هیچ کارێکی نایاسایی، چونکه‌ له‌ کاتی ئاشکرابوونی کاری نایاسایی هه‌ر کارمه‌ندێک پله‌و پۆسته‌که‌ی هه‌رچی بێت، ئه‌وه‌ به‌ پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت‌و بچوکترین چاوپۆشی لێ‌ ناکرێت، جارێکتیر دووپاتیده‌که‌مه‌وه‌ که‌ کارمه‌ندانمان به‌ دوورن له‌م ڕه‌فتاره‌ نه‌شیاوانه‌و دڵسۆزانه‌ کاره‌کانیان ڕاده‌په‌رێنن.

8ـ له‌ کۆتاییدا ڕوو له‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌که‌م، به‌تایبه‌ت هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویان تۆماره‌ له‌ تۆری پاراستنی کۆمه‌ڵایه‌تی، چ له‌ که‌مئه‌ندامان یان له‌ چاودێری خێزان، پێیان ده‌ڵێم: ئێمه‌ هچ کارمه‌ندێکمان له‌ هیچ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ک نییه‌ به‌مجۆره‌ ته‌له‌فوون بۆ که‌س بکات، هه‌ر شتێک هه‌بێت، هه‌ر ئیمتیازێک هه‌بێت، به‌بێ‌ جیاوازی، به‌بێ‌ حزبایه‌تی، به‌بێ‌ واسیته‌و واسیته‌کاری، بۆ هه‌مووان ده‌بێت، شه‌فاف ده‌بێت، ئاشکرا ده‌بێت، له‌ رۆژانی ده‌وام‌و له‌ کاتی فه‌رمیدا‌و به‌ ته‌له‌فوونی فه‌رمی ده‌بێت، بۆیه‌ با نه‌که‌ونه‌ داوی فێڵبازه‌ خوا نه‌ناسه‌کان‌و پاره‌ به‌ هیچ که‌س نه‌ده‌ن، هه‌رکات‌و هه‌رکه‌سێک هه‌ستی کرد له‌ فه‌رمانگه‌یه‌کی ئێمه‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ کراوه‌، داوای به‌رتیل‌و شیرینی لێ‌ کراوه‌، په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بکات تا مافه‌که‌ی بۆ وه‌رگرین‌و به‌ پێی یاسا مامه‌ڵه‌ بکه‌ین له‌گه‌ڵ که‌مته‌رخه‌مه‌کاندا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌رگای ئێمه‌ وه‌ک سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان له‌ پارێزگای سلێمانی‌و فه‌رمانگه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، چ وه‌ک خودی خۆشم له‌ ڕێگه‌ی ڕاسته‌وخۆ سه‌ردانکردن یان ته‌له‌فوون‌و ئیمه‌یل‌و په‌یجی به‌نده‌ له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، کراوه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویست ناکات بیر له‌وه‌ بکه‌یته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌کی نایاساییه‌وه‌ سودمه‌ند بیت، یان په‌نا بۆ ڕێگه‌ی نایاسایی به‌ریت بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی، چونکه‌ هه‌موو ده‌رگا یاساییه‌کانت له‌سه‌ر کراوه‌یه‌، ئه‌رکمانه‌ دادگه‌ربین، یاسایی بین، جیاوازی نه‌که‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تی‌و خزمایه‌تی‌و واسیته‌و واسیته‌کاری، ڕاستگۆبین، شه‌فاف بین، سوپاس بۆ خوا ئه‌مه‌مان له‌ ڕابردوودا سه‌لماندوه‌، خودی خۆشم له‌ دوو ساڵی ڕابردوو هه‌ر به‌وجۆره‌ کارم کردووه‌، تکایه‌ ئیتر ئێوه‌ش به‌شدار مه‌بن له‌ درێژبوونه‌وه‌ی کاری ئه‌م فێڵبازه‌و به‌خۆرایی پاره‌ مه‌که‌نه‌ گیرفانی‌و به‌شدار مه‌بن له‌ به‌رده‌وامی ئه‌م فێڵه‌.

خوایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستی دادگا‌و یاسای پێ‌ ناگات‌و فێڵ له‌ خه‌ڵکی ده‌کات، ئاسان ده‌ستی تۆی پێده‌گات‌و ده‌ستی کۆتا که‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵک.

عومه‌ر گوڵپی
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانی
23ی 6ی 2017


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌جوگرافیاى قه‌یرانى به‌هاکاندا کارێکى ناوازه‌یه‌
ئایا به‌به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان په‌رله‌مانى کوردستان کاراده‌کرێته‌وه‌
چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group