4
7 چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
3/8/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز


عومه‌ر غوڵامى




    حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  له‌ 8-8-1976 دامه‌زراوه‌ له‌ دواى نسکۆى شۆرشى له‌ 6ى ئازارى 1975 له‌ 4-4- 1975بیرۆکه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا له‌ ئورمییه‌ له‌ سه‌ر پێشنیارى سه‌یدا ساڵح یوسفى هاته‌ کایه‌وه‌ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا عه‌لى هه‌ژار و کاردۆ گلاڵى و مه‌لا ناسیح و ڕه‌سوڵ مامه‌ند و دکتۆر خالید و و عه‌لى عه‌سکه‌رى و سه‌ید کاکه‌  و سه‌عدى عه‌زیز و نوره‌دین عه‌بدالرحمان به‌شدار بوون.پاشان له‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ى 10-5-1976 له‌ ماڵى سه‌یدا ساڵح له‌ شارى به‌غداد دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست و ئاماده‌ کردنى یه‌که‌م به‌یان به‌ خه‌تى سه‌یدا ساڵح به‌یانى دووه‌م که‌ مامۆستا که‌ریمى حسامى و سه‌لاح به‌دره‌ دین له‌ به‌یروت چاپیان کرد و ناردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌یانى 8-8-1976 دامه‌زراندى حزبیان ڕاگه‌یاند .حزبى سۆسیالیست له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌کانى تردا بۆ یه‌کگرتن و یه‌ک هه‌ڵوێستى و دوورکه‌تنه‌وه‌ له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ و یه‌کێتى له‌ مانگى 7- 1977له‌ دواى گفتوگۆو چووه‌ ناو نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى حزبى سۆسیالیست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان دیارى ده‌کات و له‌ چوارچێوه‌ى به‌ره‌یه‌ک کۆده‌بنه‌وه‌.حزبى سۆسیالیست چووه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ به‌ ره‌ى جه‌وقه‌د 12-11-1981 دامه‌زرا و  به‌ره‌ى جود له‌ 28-11-1981 دامه‌زرا .ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیانه‌ى حزبى سۆسیالیست که‌ له‌ دووبه‌ره‌ى دژیه‌ک به‌شدارى ده‌کات و که‌ به‌ره‌یه‌کیان له‌ چه‌ند حزبێکى هاوپه‌یمان پێکهاتووه‌ ئامانجیش له‌وه‌ نزیککردنه‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتى بوو له‌ یه‌ک.، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو نه‌هێشتنى شه‌ڕو فه‌راهه‌م کردنى ئاشتى .
ئاشتى گه‌لێک مانا له‌ خۆ ده‌گرێت واته‌ له‌ کاتى به‌رپابوونى جه‌نگدا و ململانییه‌ خوێناویه‌کاندا و شه‌ڕو شۆڕدا وشه‌ى ئاشتى وه‌ک خواستێک بۆ کۆتایى هێنان به‌ ململانییه‌کان زیاتر له‌ بره‌و دا ده‌بێت . له‌و ململانییه‌ خوێناویانه‌ى باشوورى کوردستان که‌ له‌ نێو هێزه‌ سیاسییه‌کاندا ڕوویداوه‌، حزبى سۆسیالیست وه‌ک هێزێک ده‌رکه‌وت له‌ نێو ڕووداوه‌کانى باشوورى کوردستان چه‌ند جار ده‌ست پێشخه‌رى کردووه‌ له‌ ئاشته‌واوى و نێو لاینه‌ سیاسییه‌کاندا و هه‌وڵى داوه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ى که‌ هه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کار بکات له‌ پرۆسه‌ى سیاسى باشوورى کوردستان.محه‌مه‌د شاکه‌لى، ده‌ڵێت "دروست بوونى سۆسیالیست بۆ ئاشتى بووه‌ کاتێک که‌ دروست بووه‌ وه‌ک خه‌تێکى میانڕه‌وى ئاشتى خوز دروست بووه‌ باوه‌ڕى به‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌شه‌ڕ  خۆى فه‌رز بکات و پاوانى ناوچه‌یه‌ک بکات بۆخۆى هه‌رگیز ئه‌و بیره‌ى نه‌بووه‌ و هه‌میشه‌ باوه‌ڕى به‌وه‌ بووه‌ پێکه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى قبووڵ بووه‌"به‌ره‌ى کوردستانى فکره‌که‌ى هى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بوو که‌ رۆژى 5_7 - 5- 1988 دامه‌زرا و پێکهات.

سه‌رهه‌ڵدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان:

    بارودۆخى و زه‌مینه‌ى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى کوردستان. نزیکبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان عێراق و ئێران و مۆرکردنى ڕێکه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر له‌ 6 ئازارى 1975بۆ سه‌رکردایه‌تى شۆڕشى ئه‌یلول غه‌مناک بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى شۆڕش تا دواسات باوه‌ڕیان به‌و ڕاستییه‌ نه‌ده‌کرد،باوه‌ریانوابوو که‌ ئه‌مریکییه‌کان هاوکاریان پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
 ده‌بوو بیر له‌ هه‌ڵبژارده‌ى که‌ بکه‌نه‌وه‌،دواى چونى مه‌لا مسته‌فا بۆ ئێران و کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌زا شا و گه‌ڕانه‌وه‌ى بڕیار  به‌ کۆتایهاتن به‌ شۆرش درا.ئه‌مه‌ وایکرد له‌ ژێر ئه‌و باره‌ گرانه‌ ده‌رونییه‌دا ژماره‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌ و کادیر سه‌رکرده‌کانى شۆڕش قبوڵى هه‌ره‌سهێنان نه‌که‌ن، بۆیه‌ بیریان له‌ به‌رده‌وامى شۆڕش کرده‌وه‌. 
کاتێک  سه‌رکردایه‌تى کورد هه‌ستیان به‌ ڕێکه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر کرد ڕێگاکانى به‌رده‌میان ته‌سک بووه‌ته‌وه‌ له‌و کاته‌دا سه‌یدا ساڵح پێشنیارى کرد مسته‌فا بارزانى چوار په‌یام یان نوسراو بنوسێ بۆ هه‌ر یه‌که‌ له‌ (ئه‌سه‌دى سه‌رۆکى سوریا و ئه‌نوه‌ر ساداتى سه‌رۆکى میسر و یاسر عه‌ره‌فات و بریجنیفى سه‌رۆکى سۆڤیه‌ت)، ساڵح یوسفى ئاماده‌یى ده‌ربڕى بۆ گه‌یاندنى هه‌ر چوار نامه‌که‌ و مه‌لا مسته‌فا داواى له‌ یوسفى کرد که‌ مۆڵه‌تى بیرکردنه‌وه‌ى بداتێ  ئه‌وه‌ بوو دواى چه‌ند رۆژێک مه‌سته‌فا بارزانى وه‌ڤدێکى نارده‌ لاى ساڵح یوسفى پێیانڕاگه‌یاند که‌ ڕووداوه‌کان زۆر زوو تێده‌په‌ڕن له‌م کاته‌ دا شاى ئێران ڕێگه‌ به‌م جموجوڵه‌ سیاسییه‌مان نادات تا ئه‌وه‌ بوو له‌ کۆتایدا له‌ به‌روارى 19-3-1975بارزانى کۆتایى شۆڕشى چه‌کدارى ڕاگه‌یاند . بڕیارى ڕاوه‌ستانى شۆڕشى ئه‌یلول له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فاوه‌  هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌یدا ساڵح و عه‌لى عه‌سکه‌رى له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانى شۆڕش نه‌بوون. 
محه‌مه‌د شاکه‌لى له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت : کاتێک شۆڕش له‌ ئازارى 1975 له‌ ناوچوو خه‌ڵکێکى زۆر هه‌بوو له‌ هه‌موو ناوچه‌کانى کوردستان ئه‌و واقعه‌یان پێ هه‌زم نه‌ده‌کرا ئه‌و شۆڕشه‌ به‌و توانا و ئیمکانیاته‌وه‌ وه‌ک پارچه‌یه‌کى به‌فر بتوێته‌وه‌.له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌موو شوێنێکه‌وه‌ جموجوڵ و گفتوگۆ ده‌ستى پێکرد هێشتا خه‌ڵکه‌که‌ بڵاوى لێنه‌کردبوو چۆن سه‌رله‌نوێ شۆڕش ده‌ست پێبکرێته‌وه‌؟ 
 4-4- 1975بیرۆکه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا له‌ ئورمییه‌ له‌ سه‌ر پێشنیارى سه‌یدا ساڵح یوسفى هاته‌ کایه‌وه‌ . پاشان له‌ کۆبونه‌وه‌ى 10-5-1976 له‌ ماڵى سه‌یدا ساڵح له‌ شارى به‌غداد دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست و ئاماده‌ کردنى یه‌که‌م به‌یان به‌ خه‌تى سه‌یدا ساڵح به‌یانى دووه‌م که‌ *مامۆستا که‌ریمى حسامى و سه‌لاح به‌دره‌ دین له‌ به‌یروت چاپیان کرد . 
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ سه‌رکرده‌یه‌ى له‌ مایسى ساڵى 1975بۆ عێراق  و حکومه‌تى عێراق له‌ بڕیارى لێبوردنه‌که‌ى خۆى پاشگه‌ز بویه‌وه‌ زۆربه‌ى که‌سایه‌تییه‌ دیاره‌کانى نه‌فى شاره‌کانى خوارى عێراق ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چاودێرى داموده‌زگاکانى حکومه‌تى عێراقدا بن، بۆ ئه‌وه‌ى دوور بن له‌ یه‌کترى، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ هۆى یه‌کتر نه‌بینینیان ، به‌ڵکو له‌ ژێر ئه‌و فشاره‌شدا چاویان به‌یه‌ک ده‌که‌وت، چونکه‌ ئه‌وان له‌ ئێران گفتوگۆیان کردبوو، بۆیه‌ له‌ عێراق ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یان پاراست و که‌وتنه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ى ڕێکخستنێک دروست بکه‌ن سه‌ره‌تا ناویان له‌ خۆ نا ( بزوتنه‌وه‌ى ڕاست کردنه‌وه‌) به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى که‌ چه‌وتییه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاست بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دواتر دواى تاوتوێکردنى بابه‌ته‌که‌ له‌ سه‌ر ده‌ستى هه‌ر یه‌که‌ له‌ سه‌یدا ساڵح یوسفى و عه‌لى عه‌سکه‌رى و خالید سه‌عید و تاهیرى عه‌لى والى و سه‌عدى گیچکه‌ و عومه‌ر ده‌بابه‌ و ڕه‌سوڵ مامه‌ند و عه‌لى هه‌ژار و کاردۆ گڵاڵى مه‌لا ناسیح بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى کوردستانیان دامه‌زراند. 
 ئه‌وهۆکارانه‌ى وایکرد ئه‌م پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکرده‌کانى شۆڕشى ئه‌یلول بگه‌نه‌ بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باشوورى کوردستان : سیاسیاسه‌تى شۆڤێنى به‌عس هۆکار و پاڵنه‌رى گه‌وره‌بووه‌ ،تاوه‌کو هه‌ندێک له‌سه‌رکرده‌ و پێشمه‌رگه‌ کانى شۆڕشى ئه‌یلول بیر له‌درێژه‌ پێدانى خه‌بات و به‌ره‌نگارى بکه‌نه‌وه‌، بیرى دامه‌زراندنى ڕێکخراو  پارتى سیاسى نوێ بکه‌نه‌وه‌. له‌وکاته‌دا چه‌ندین بیرو بۆچوونى جیاواز هه‌بوو له‌ناو سه‌رکرده‌کانى شۆڕش، جارێکى تر به‌ هه‌مان ئه‌و جیاوازیانه‌ درێژه‌ به‌ شۆڕش بدرێته‌وه‌،به‌تایبه‌ت ئه‌وململانێیه‌ى که‌له‌نێوان (مه‌لاى و جه‌لالى ) هه‌بووه‌ ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێکى تربوو بۆ دامه‌زراندنى رێکخراو پارتى سیاسى نوێ.
 یه‌که‌م به‌یانیان ده‌رکرد له‌ 8-8-1976 بۆ ڕاگه‌یاندنى ده‌سته‌ى چه‌کدارییه‌ بۆ شۆڕشه‌ نه‌ک بۆ دامه‌زراندنه‌که‌ى، چونکه‌ دامه‌زراندنه‌که‌ى زوتر بووه‌ ، به‌ڵام له‌ 8-8- 1976 کۆمه‌ڵێک کادیریان نارده‌ ده‌ره‌وه‌ له‌وانه‌ عه‌لى عه‌سکه‌رى و دکتۆر خالید و تاهیرى عه‌لى والى به‌گ و سه‌ید کاکه‌ و سه‌عدى گیچکه‌ و ئه‌نوه‌رى مه‌جید سوڵتان کۆمه‌ڵێک کادرى تر په‌یوه‌ندیان کرد به‌ شۆڕشه‌وه‌   زۆریش هه‌وڵدرا له‌ ڕێگاى جۆراو جۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق به‌ ئاشتیانه‌ ڕێکبکه‌ون و عێراق ئه‌و کاته‌ سه‌رکه‌وتنى به‌ ده‌ستهێنا به‌ سه‌ر شۆڕشدا ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون، بۆیه‌ به‌ ناچارى چه‌کیان هه‌ڵگرتوو ڕویان له‌ شاخه‌کانى کوردستان کرد و مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌ستى پێکرد.

چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کورستان :

       ئاشتى : بریتییه‌ له‌ گفتووگۆ و تێگه‌شتن و وه‌لانانى ناکۆکییه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ له‌شه‌ڕو دابینکردنى ئارامى مرۆڤه‌کان .
محه‌مه‌د شاکه‌لى ده‌ڵێت: تا ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکرده‌کانى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى چونه‌ شاخ  تاهیرى عه‌لى والى و  ڕه‌سوڵ مامه‌ند و سه‌ید کاکه‌ و دکتور خالید ماوه‌یه‌کیش له‌ شاخ بوون هه‌ر به‌ ئومێدبوین له‌گه‌ڵ عێراقدا به‌ ئاشتیانه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجام.
هه‌ندێک گفتوگۆى ناڕاسته‌خۆش کرابوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حزبى به‌عس که‌ عێراق ئاماده‌یه‌ هه‌ندێک مافى نه‌ته‌وه‌یى بدات به‌لاى ئێمه‌وه‌ باشتر بوو به‌ ئاشتى بگه‌ینه‌ ئه‌نجام له‌وه‌ى سه‌رله‌نوێ شه‌ڕ بکرێته‌وه‌ پاش ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ باوه‌ڕمان وابوو هێشتا خه‌سار له‌ نیوه‌ بگه‌رێته‌وه‌، بگه‌ینه‌ هه‌ندێک ئامانج، به‌ڵام له‌و بابه‌ته‌ نه‌مان پێکابوو، چونکه‌ حکومه‌تى عێراق بڕیارى دابوو کورد ته‌واو بکات و هیچ ئاسه‌وارێکى کوردایه‌تى نه‌هێڵێت.که‌وته‌ وێران کردنى گونده‌کان و چۆڵکردنى گونده‌کان ئێمه‌ ماوه‌یه‌ک به‌ ته‌مابووین له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و گفتوگۆ ناڕاسته‌خۆیانه‌ى که‌ کرا بوو عێراق چاو پیاخشاندنه‌وه‌یه‌ک بکات له‌و باردۆخه‌ى که‌ دروستى کردبوو بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵکه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ جێگاى خۆى ئه‌و خه‌ڵکه‌ى نه‌فى کردبوو بۆ باشوورى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ جێگاى خۆیان. 

حزبى سۆسیالیست چووه‌ ناو به‌ره‌ى یه‌کێتیه‌وه‌ :

     که‌مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌ستى پێکرد کۆمه‌ڵه‌ى مارکسى لینین ئه‌ویش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست له‌ ڕێگه‌ى عومه‌ر ده‌بابه‌وه‌ چووه‌ سوریا بۆ لاى مام جه‌لال هاتنه‌وه‌ ئه‌وان داوایان کرد یه‌کێتى نیشتمانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ دروست کردووه‌ داوایان کرد له‌ یه‌کێتیدا یه‌ک بگرنه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ى گفتوگۆ کرا بڕیاریاندا له‌ یه‌ک به‌ره‌ کار بکه‌ن و مایه‌وه‌ تا ساڵى 1977 له‌ مانگى 7ى 1977مام جه‌لال گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى خواکورگ کۆبونه‌وه‌یه‌ک کرا کۆبونه‌وه‌که‌ له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌ و بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى و خه‌تى گشتى پێکه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌ بڕیاریاندا له‌ چوارچێوه‌ى یه‌کێتى نیشتمانى وه‌ک نیمچه‌ به‌ره‌یه‌ک ئیش بکه‌ن.
 له‌سه‌ر پێشنیارى مام جه‌لال بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى چووه‌  به‌ره‌ى یه‌کێتى .ئه‌گه‌ر چى سه‌یدا ساڵح و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست ڕازى نه‌بوون بۆ چونه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌، چونکه‌ یه‌کێک له‌ بنه‌ماکانى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى ئه‌وه‌ بوو که‌ هیڵى سێهه‌م بن و ناکۆکى مه‌لایى و جه‌لالى نه‌هێڵن. عومه‌ر ده‌بابه‌ ڕۆڵى گرنگى له‌ بردنى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى بینى بۆ ناو نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى نیشتمانى پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى مام جه‌لال له‌ دیمه‌شق بۆ کوردستان له‌ دۆڵى خواکوڕک و له‌ به‌روارى 31-8_ 12-9-1977یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ئه‌نجامدرا و ده‌ستنیشانکردنى نوێنه‌رانى هه‌ر سێ ڕێکخستنه‌که‌ و سکرتێرى گشتى و مه‌کته‌بى سیاسى له‌ چوار ئه‌ندام پێکهێنرا. 
تا ئه‌و کاته‌ زیاتر له‌ ساڵێک بوو شۆڕش ده‌ستى پێکردبوو وه‌ حزبى سۆسیالیست ساڵێک زیار تر بوو خه‌باتى ده‌کرد دواى ئه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ درا و ئه‌و کاته‌ که‌ حزبى سۆسیالیست بڕیارى دا ڕێکخراوى تر هه‌بوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ هه‌وڵى دا هه‌نگاوه‌کان بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌ ڕازى بوو له‌ ناو نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى نیشتمانى پێکه‌وه‌ بن یه‌کێک بوو له‌و هه‌نگاوانه‌ تواناکان یه‌کبخرێت پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن تا ساڵى 1979 له‌ ناو ئه‌و نیمچه‌ به‌ره‌یه‌دا مانه‌وه‌. حزبى سۆسیالیست له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هێزترین باڵى یه‌کێتى بوو .

دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق:

    له‌ مانگى 11ى 1977حکومه‌تى عێراقى داوا له‌ یه‌کێتى ده‌کات بۆ وتوێژ و دواى زنجیره‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌ و وتوێژ بڕیاردرا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکه‌ن. له‌ به‌روارى (3_6-11-1977) عه‌لى عه‌سکه‌رى بۆ که‌رکوکه‌وه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غداد و(سه‌دام حسێن) جێگرى سه‌رۆک کۆمارى عێراقى ئه‌و کاته‌ى بینى وتوێژیان کرد، به‌ڵام هه‌ردوولا نه‌گه‌شتنه‌ ئه‌نجام . ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو به‌عس هیچ نیازێک نه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ر کردنى پرسى کورد ،ئاره‌زووى ئه‌ندامانى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست زیاتر بوو، چونکه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست وتوێژى وه‌ک ئامرازێک ده‌زانى بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى داواکارییه‌کانى کورد و به‌ تایبه‌ت سه‌یدا ساڵح یوسفى ته‌نانه‌ت له‌ کاتى شه‌ڕیشدا باوه‌ڕى به‌ بنه‌ماى ده‌رگاى کراوه‌ هه‌بوو له‌ به‌یاننامه‌ى دروستبوونى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى ئه‌مه‌ى خستۆته‌ ڕوو.  ڕێکه‌وتنى نێوان نیمچه‌ به‌رى یه‌کێتى و حکومه‌تى عێراقى  بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانى یه‌کێتى تا دۆخێکى ئارام بێته‌ پێشه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕێکه‌وتنامه‌ى 11ئازارى 1970، چونکه‌ له‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه‌دا  هه‌ندێک مافى کورد دابینکرابوو، ده‌یانویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ کارى  سیاسى خۆیان بده‌ن و له‌ که‌شێکى ئارمدا خه‌باتى مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌لى کورد بکات. 
بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست له‌ ناو نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى رۆِڵى گرنگیان بینى، به‌ڵام  هه‌ندێک کاره‌سات و ڕووداو هاتنه‌ پێشه‌وه‌ که‌ زیانى گه‌یاند به‌ سه‌رکردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست و شه‌هید بوونى سه‌عدى گچکه‌ و پۆلێک له‌ هه‌ڤاڵه‌کانى و له‌ شه‌ڕى ده‌شتیو له‌ 8 ى مارتى 1978 و ه‌ شه‌هید بوونى دوو سه‌رکرده‌ى وه‌ک عه‌لى عه‌سکه‌رى و د. خالید سه‌عید له‌ شه‌ڕى هاکارى له‌ مانگى حوزه‌یرانى 1978دا و ده‌ستگیرکردنى کاردۆ گڵاڵى و عه‌لى هه‌ژار له‌ لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ له‌ به‌روارى 9-4-1979. له‌لایه‌کى تره‌وه‌ زه‌قبوونه‌وه‌ى ململانییه‌کانى له‌ ناو یه‌کێتى نیشتمانى لێکه‌وته‌وه‌ به‌مه‌ش  سۆسیالیست له‌ 21-3-1979جیابونه‌وه‌ له‌ یه‌کێتى  له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌ید کاکه‌ ده‌نوسێت هۆکارى جیابوونه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى له‌ یه‌کێتى ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى نه‌یده‌ویست شه‌ڕى سه‌رکردایه‌تى کاتى پارتى بکات . 

گفتوگۆى ئاشتیانه‌ى نێوان سۆسیالیست وحکومه‌تى عێرق:

   بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست له‌ دواى هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى ده‌ستیان به‌ وتوێژ کرد له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق ، باس له‌وه‌ ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌کى ناڕاسته‌خۆ و له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 1978 گوایه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى ناڕاسته‌خۆ گفتوگۆ له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى و حکومه‌تى عێراقدا هه‌بووه‌، به‌ڵام پاش هاته‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ ڕیزه‌کانى یه‌کێتى زه‌مینه‌ى گفتوگۆ باشتر بوو به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌خۆ له‌ دواى به‌ستنى کۆنگره‌ و ڕاگه‌یاندنى حزبى سۆسیالیستى یه‌کگرتووى کوردستان، چونکه‌ جۆرێک له‌سه‌ربه‌خۆى زیاتریان بۆ دروست بوو له‌ په‌یوه‌ندیکردن. له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى 4- 1979حکومه‌ت چه‌ند نامه‌یه‌ک بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى باشورى به‌ مه‌به‌ستى وتوێژ ده‌نێرێت.له‌و نێوه‌نده‌شدا نامه‌ بۆ هه‌ریه‌که‌ له‌ (د. مه‌حمود عوسمان و ڕه‌سوڵ مامه‌ند) ده‌نێرێت.ئه‌و هۆکارانه‌ى واى له‌ حزبى سۆسیالیست کرد که‌ هه‌نگاو بنێت بۆ وتوێژ ئه‌وه‌ بوو له‌و کاته‌دا لایه‌نه‌کانى باشوورى کوردستان دژى وتوێژ نه‌بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزبى سۆسیالیست ده‌یویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ مافى گه‌لى کورد به‌ ده‌ست بهێنێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌دنان موفتى ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت " سه‌دام حسێن له‌ مانگى حه‌وتى 1979هاته‌ شارى هه‌ولێر وتارێکى دا و ڕایگه‌یاند ئاماده‌یه‌ به‌ ڕێگاى وتوێژ کێشه‌ى کورد چاره‌سه‌ر بکات ". له‌م نێوه‌نده‌شدا ( قاسملۆ ) ڕۆڵى بینى له‌وه‌دا حزبى سۆسیالیست بچێته‌ وتوێژه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى به‌عس.هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانى حزبى سۆسیالیست له‌گه‌ڵ وتوێژدا بوون و ڕاستى ئه‌مه‌ش له‌و نامه‌یه‌ سه‌یدا ساڵح ده‌رده‌که‌وێت که‌ ناردوێتى بۆ ڕه‌سوڵ مامه‌ند و د.مه‌حمود عوسمان و تاهیرى عه‌لى والى تێدا هاتووه‌ باس له‌ پێویستى کردنه‌وه‌ى ده‌رگاى وتوێژ ده‌کاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى به‌عس.ڕێکخستنه‌کانى ناوشارى حزبى سۆسیالیست داوایان ده‌کرد که‌ گفتوگۆى حزب به‌ بێ مه‌رج نه‌بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق. کۆبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجام دا له‌ ماڵى عه‌لى هه‌ژار و کۆبونه‌وه‌که‌ له‌ نێوان (عه‌لى هه‌ژار و کاردۆ گڵاڵى و حاجى حاجى براهیم) بوو هه‌ڵوێستى خۆیان به‌ نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ى سه‌رکردایه‌تى ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌ن. مه‌رج و داواکاریه‌کان پێکهاتبوو له‌ :
1- ئه‌گه‌ر حکومه‌ت نیازى ڕێکه‌وتنى هه‌یه‌ با ڕێکه‌وتنامه‌ى ئازارى 1970 له‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌ عێراقه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێت. 
2_ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌ له‌ گونده‌کانه‌وه‌ ڕاگوێزراون بگه‌ڕێنه‌وه‌ جێگاى خۆیان. 
سه‌یدا ساڵح پێشنیار ده‌کات بۆ ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست له‌ دانیشتنه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ حکومه‌تى به‌عس ئه‌م خاڵانه‌ بخه‌نه‌ به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه‌.
1_ڕاسته‌خۆ جاشه‌کان له‌چه‌ک دابماڵرێن و بێ چه‌ک بکرێن.
2_گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕاگوێزراوه‌کانى گونده‌کان بۆ گونده‌کانى خۆیان. 
3_کۆتایى هێنان به‌ بارودۆخى ناهه‌موارى کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخى ئاسایى. 
وتوێژ ده‌ستى پێکرد له‌ ڕێکه‌وتى 30-9-1979 نوێنه‌رانى حزبى سۆسیالیست پێکهاتبوو له‌ د. مه‌حمود عوسمان و عه‌دنان موفتى له‌ تشرینى یه‌که‌مى 1979له‌ قه‌ڵادزیه‌وه‌ بۆ که‌رکوک بران و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غداد به‌ڕێکه‌وتن له‌و چونه‌ى نوێنه‌رانى سۆسیالیست چاویان که‌وت به‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌عدون شاکیر، وه‌زیرى کاروبارى ناوه‌وه‌ و فازیل به‌راک به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاسایش و دواتریش سه‌دام حسێنیان بینى که‌ چه‌ند مانگێک بوو ببوه‌ سه‌رۆک کۆمار پاش چه‌ند دانیشتنێک هه‌ردوو لا نه‌گه‌شتنه‌ ئه‌نجام ،چونکه‌ حکومه‌تى عێراق داواى ده‌کرد خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌ن و واز له‌ خه‌باتى چه‌کدارى بهێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ژێر باڵى حکومه‌ت و حزبى سۆسیالیست ڕه‌تى داواکاریه‌کانى حکومه‌تى عیراقى کرده‌وه‌ .سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست ڕه‌تى کرده‌و  بداته‌ پاڵ حزبى به‌عس، بۆیه‌ هه‌ردوو لا له‌ ڕوانگه‌ى جیاوازه‌وه‌ سه‌یرى وتوێژیان کرد.(23) حکومه‌تى عێراقى ده‌یزانى حزبى سۆسیالیست خاوه‌ن هێزێکى چه‌کدارى به‌هێزه‌ ، به‌ڵام به‌ ته‌نها قه‌زیه‌کى کورد  به‌و حزبه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێت ، ده‌یویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ حزبى سۆسیالیست بخانه‌ ژێر کۆنترۆڵى خۆیه‌وه‌ له‌ ڕووى هێزى سه‌ربازیه‌وه‌ لاوازى بکات و خه‌باتى ڕزگارى خوازى گه‌لى کورد که‌رت بکات که‌ به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ سۆسیالیستدا ده‌یه‌وێت ئاشته‌واوى بکات ، حزبى سۆسیالیستیش هه‌وڵى ده‌دا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ زه‌مینه‌ى ئاشته‌واى دروست بکات . محه‌مه‌د شاکه‌لى ده‌ڵێت : حزبه‌کانى تر لێیان کردین به‌ هه‌ڵا وه‌ حه‌مله‌یه‌کى گه‌وره‌ى ڕاگه‌یاندنیان له‌ دژمان کرد، حکومه‌تى عێراق داواى کردبوو نوێنه‌رتان بنێرن گفتوگۆ بکه‌ین (دکتۆر مه‌حمود و عه‌دنان موفتى) هاتن بۆ به‌غداد ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ له‌ شار بووین ئاگامان له‌ بابه‌ته‌که‌ بوو، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ باشمان ده‌زانى ئه‌گه‌ر گفتوگۆکه‌ شتێکى لێ سه‌وز بێت، حکومه‌تى عێراق نیه‌تى خۆى هه‌بوو به‌ ته‌ئکید پێى خۆشبوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبى سۆسیالیست بکات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تردا تێکبچێت حزبى سۆسیالیست، به‌ڵام له‌ بیرى سۆسیالیستدا ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و گفتوگۆیه‌ به‌کار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى لایه‌نه‌کانى تر بکات له‌  گفتوگۆکه‌ شتێکى ئه‌و تۆى لێ سه‌وز نه‌بوو.
 
به‌شداریکردنى حزبى سۆسیالیست له‌ به‌ره‌ى جود و جه‌وقه‌د :

      به‌ره‌ى جه‌وقه‌د له‌ 12-11-1981 له‌ سوریا دامه‌زرا له‌ حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و حزبى شیوعى و ته‌جه‌موعى وه‌ته‌نى عیراق له‌ سوریا پێکهات بوو.د. مه‌حمود عوسمان ئیمزارى کرد.
 له‌ به‌روارى 28-11-1981 به‌ره‌ى جود له‌ کوردستان دامه‌زرا له‌ حزبى سۆسیالیست و حزبى شیوعى و پارتى دیموکراتى کوردستان و پاشان پاسۆک و پارتى گه‌لیش هاتنه‌ ناو به‌ره‌که‌وه‌ . له‌ حزبى سۆسیالیست ڕه‌سوڵ مامه‌ند و تاهیرى عه‌لى والى واژۆیان کرد . به‌ره‌ى جود و جه‌وقه‌د مه‌سه‌له‌ى ململانیه‌ى هه‌رێمى بوو به‌ره‌ى جود پێکهاتبوو له‌ پارتى و شیوعى و سۆسیالیست و و حزبى شیوعى له‌ ناو به‌ره‌ى جه‌وقه‌تیشدا هه‌بوو وه‌ ئه‌و ململانیه‌ هه‌رێمییه‌ى ئێران و عێراق و سوریا ئه‌و کاته‌ ئێران و سوریا جۆر بوون عێراق دژیان بوووه‌ حه‌ره‌که‌ى قه‌ومى عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ جه‌وقه‌د بوو پاشماوه‌کانى به‌عسى چه‌پیان پێده‌گوترا که‌ له‌ سوریا بوون . 
به‌ره‌ى جود هیچ سودێکى بۆ حزبى سۆسیالیست نه‌بوو، به‌ڵکو حزبى سۆسیالیستى خستبووه‌ سه‌نگه‌رى پارتى و شه‌ڕى یه‌کێتى و سوریا دژى بوون و ئه‌و پاره‌ و ئیمکانیاتانه‌ى که‌ له‌ سوریاوه‌ بۆ حزبى سۆسیالیست ده‌هات بڕا یه‌کێتى نوسراوێک ئاراسته‌ى حزبى سۆسیالیست کردوه‌ و داوایان لێده‌کات که‌ وه‌ک دووژمنى کورد بڕوانن له‌ پارتى و هه‌ڵویستیان ڕوون بکه‌نه‌وه‌ به‌رامبه‌ر سه‌رکردایه‌تى کاتى پارتى هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ببچڕێنن.

ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کیتى:

      به‌روارى 7-2- 1985 یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ ڕێگه‌ى شه‌وکه‌تى حاجى مشیره‌وه‌ نامه‌یه‌کى ئاراسته‌ى محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌کات له‌ نامه‌که‌دا دوو پێشنیارى تێدا بوو یه‌که‌م داواده‌کات محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ڕیزه‌کانى یه‌کێتى یان ئاشتى ده‌که‌ن ته‌نها له‌گه‌ڵ لقى سلێمانى. محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود وه‌ڵامى نامه‌که‌ى یه‌کێتى ده‌داته‌وه‌ تێدا ده‌نوسێت ئه‌وه‌ى بارودۆخى باشه‌ ئێمه‌ین و یه‌کێتى بارودۆخى خراپه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ تێکى داوه‌ و له‌گه‌ڵ عێراقیشدا تێکى داوه‌، به‌ڵام سه‌ڕاى ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ى ئاشتیمان پێباشه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ڕاستیتانه‌ و فێڵ فڕناکه‌ن ئێمه‌ شه‌ڕتان له‌گه‌ڵ ده‌وستێنین. له‌ نامه‌که‌دا هاتووه‌ ده‌ڵێت ته‌نها له‌گه‌ڵ لقى سلێمانى ئاشتى ده‌که‌ین، چونکه‌ ده‌ڵێت حزبى سۆسیالیست ته‌نها به‌ تۆوه‌ وجودیان هه‌یه‌ له‌ مه‌یدانه‌که‌ و له‌ولا هیچ وجودێکیان نییه‌، له‌ وه‌ڵامدا محه‌مه‌د حاحى مه‌حمود ده‌ڵێت یه‌ک حزبین جیا نابین و جیا نین. بۆیه‌ ده‌بوو محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود دوو  کارى بکردبایه‌ ئه‌ویش ڕازیکردنى کۆمیته‌ى سلێمانى و که‌رکوک و مه‌کته‌بى سیاسى و کۆمیته‌ى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست ڕازیبکردبایه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د شاکه‌لى ده‌ڵێت: محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ورێکى باڵاى هه‌بوو له‌ دروستکردنى ئاشتیدا، چونکه‌ ئێمه‌ له‌ ناوچه‌ى شاره‌زوور و سورێن و به‌شێک له‌ شارباژێڕ  ته‌نها هێزێک بووین که‌ هێزى سه‌ربازى خۆمان هه‌بوو سه‌یته‌ره‌شمان هه‌بوو له‌ ناوچه‌که‌ . 
مام جه‌لال به‌یانێکى بڵاو کرده‌وه‌ داواى ئاشته‌واى گشتى کرد ئێمه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود دانیشتین بڕیارماندا پێشوازى  له‌و بانگه‌وازه‌. بۆ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ى باوه‌ڕمان هه‌بوو ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆیه‌ بێ که‌ڵکه‌و سودى نییه‌، پێویسته‌ سنورێکى بۆ دابنرێت هه‌موو لایه‌نه‌کان حه‌زیان ده‌کرد ، به‌ڵام جورئه‌تیان نه‌ده‌کرد سۆسیالیست کردى وتمان ئه‌و شه‌ڕه‌ با به‌س بێت مام جه‌لال نامه‌یه‌کى نوسى بۆ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود و من دوا ده‌کات ئه‌و ئاشتی به‌رقه‌رار بکرێت سۆسیالیست ئاماده‌ بوو ئه‌مه‌ ته‌حدایه‌کى گه‌وره‌ بوو ، چونکه‌ پارتى و شیوعى پێى خۆش نه‌بوووه‌ ڕێکه‌وتنێکیش هه‌بوو (جود) پێکه‌وه‌ بڕیار بده‌ین   ده‌ست پێبکه‌ین. مه‌به‌ستمان بوو ده‌ست پێبکه‌ین  ئاشتى به‌رقه‌را بێت. پرۆسه‌ى ئاشته‌وایه‌که‌ سه‌رى گرت ده‌رفه‌تێک بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ى ڕزگارى خوازى گه‌لى کورد له‌وکاته‌دا تا به‌ توانن به‌ هێزه‌وه‌ خۆیان نیشانى دووژمنانى گه‌لى کورد بده‌ن و ئه‌م هه‌نگاوى ئاشته‌وایه‌ له‌ نێوان سۆسیالیست و یه‌کێتى ئاشته‌واى لایه‌نه‌کانى ترى به‌دواى خۆیدا هێنا .
حزبى سۆسیالیست پێباش بوو هه‌موان پێکه‌وه‌ ئاشتى ببنه‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌کانى تر نه‌یان ده‌کرد، بۆیه‌ حزبى سۆسیالیست ڕایگه‌یاند  ئاشت ده‌بینه‌وه‌ وه‌ک سۆسیالیست له‌ ناوچه‌ى سورێن و شاره‌زوور و شارباژێڕ ئه‌و فکره‌یان قبوڵ کرد دواتر مام جه‌لال نوێنه‌رى خۆى نارد بۆ ئه‌وه‌ێ محه‌مه‌د شاکه‌لى ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو " بۆ هه‌یمه‌نه‌ى ئێران و شیوعى و پارتى ده‌ترسان ئێرانیش ڕازى نه‌بێت دواتر له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان دانیشتین من و محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود پێمان وتن ئێمه‌ ئاشت ده‌بینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌و کاته‌ ئێران له‌گه‌ڵ یه‌کێتى به‌ینى باش نه‌بوو  وتیان چۆن ئاشت ده‌بنه‌وه‌ ؟ وتمان ئاشت ده‌بینه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ش به‌رژه‌وه‌ندى تێدایه‌ ئێوه‌ دوژمنى به‌عسن و سود وه‌رده‌گرن. وتیان ئێمه‌ باوه‌ڕناکه‌ین هه‌وڵه‌که‌تان سه‌رکه‌توو بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێگریمان نییه‌، به‌ڕاستى کارێک بوو ئاشکرا نه‌بوو ئه‌نجامه‌که‌ى چۆنه‌؟ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستمان پێکرد .یه‌که‌م جار من به‌ شه‌خسى ڕۆیشتم بۆ ته‌لتیفى ئه‌جوا ئه‌و کاته‌ زۆر غه‌ریب بوو که‌سێکى سۆسیالیست بڕاواته‌ ناو یه‌کێتى من  3 پێشمه‌رگه‌م له‌گه‌ڵ بوو ،پێشمه‌رگه‌ى سۆسیالیست له‌ ناوچه‌ى یه‌کێتیدا ببینرێت شتى وا نه‌بوو که‌ چووم زۆر به‌ گه‌رمى مام جه‌لال پێشوازى کردم 10 ڕۆژ نه‌هێشت بگه‌ڕێمه‌وه‌.  له‌ ڕێکه‌وتى 20-4-1986کۆبینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڤدى یه‌کێتى که‌ پێکهاتبوو له‌ دکتۆر فوئاد و مامۆستا نازم و فه‌ریدون عه‌بدولقادر ڕێکه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى  هه‌وڵى جدى بدرێت بۆ ڕێکه‌وتنه‌که‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئاشتبونه‌وه‌ى گشتى .ئه‌مجاره‌ به‌ وه‌ڤدێکى ڕه‌سمى بگه‌ڕێنه‌وه‌ وه‌ڤده‌ ڕه‌سمێکه‌ پێکهاتبوو له‌ (قادر جه‌بارى و خاڵه‌ حاجى و من ) پاش مانگێک دووباره‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ له‌وێ ئیمزامان کرد جارى کۆتایى (محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود و ڕه‌سوڵ مامه‌ند و سه‌ید کاکه‌) ڕۆیشتن و واژۆیان کرد و مام جه‌لالیش واژۆى کرد . له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى ئیران به‌ حزبه‌کان محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت پاسدار له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕى قه‌رداغى کردووه‌ و دژى ڕژێمى به‌عس بوون ئێستا ئه‌و پاسداره‌ به‌رپرسه‌ له‌ ئێران ئه‌مه‌ کارێکى باشه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان. ڕێکه‌وتنى نێوان حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى بۆ هه‌ردوولایان گرنگ بوو به‌تایبه‌ت یه‌کێتى ، چونکه‌ له‌و کاته‌دا له‌گه‌ڵ عێراقدا نه‌گه‌شته‌ ڕێکه‌وتن و له‌گه‌ڵ ئێرانیش نێوانى باش نه‌بوو و له‌که‌ڵ تورکیاش په‌یوه‌ندى تێکچووبوو که‌ ئه‌م رێکه‌وتى ئاشتتیه‌ پشوویه‌ک به‌ یه‌کێتى ده‌دات تا خۆى ڕێکبخاته‌وه‌ و بتوانێت له‌و نێواندا په‌یوه‌نده‌یکانى باش بکاته‌وه‌ ، بۆ حزبى سۆسیالیستیش گرنگ بوو چونه‌ پێشتر به‌ ناخۆشى و شه‌ڕ له‌ نیمچه‌به‌ره‌ى یه‌کێتى ده‌رچوو ئه‌م ڕێکه‌وتنى ئاشتییه‌ ده‌رفه‌تێک ده‌دات به‌ سۆسیالیست تا بتوانێت هه‌نگاوى تر بنێت بۆ ئاشتى له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌کانى تر که‌بتوانێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ یه‌کێتى لایه‌نه‌کانى بگه‌یه‌نیه‌ته‌ ئاشته‌وایى، چونکه‌ له‌ یه‌که‌م به‌یانى حزبى سۆسیالیست و خواستى سه‌یدا ساڵه‌حى دامه‌زرێنه‌رى حزبى سۆسیالیست ڕوانینیان بۆ ئاشتى باشتر بووه‌ له‌ ناکۆکى و شه‌ڕ. 
له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ که‌ پێیان باش نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئاشت بنه‌وه‌، ترسى ئێران له‌وه‌ بووه‌ که‌ ئه‌مه‌ ته‌کتیکێک بێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ و یه‌کێتى به‌کار بهێنێت له‌ دژى ئێران، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕایان وابووه‌ که‌ ئاشته‌واى حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى سه‌ر ناگرێت . یان بیرکردنه‌وه‌ى ئێران وابووه‌ که‌ ویستویانه‌ هێزه‌ کوردیه‌کان یه‌کنه‌گرن ، چون له‌ ڕابردوودا عوسمانى و سه‌فه‌ویه‌کان له‌ هه‌موو شتێک ناکۆک بوون ، به‌ڵام له‌سه‌ر که‌رتکردنى کورد ڕێک بوون .

حزبى سۆسیالیست ڕۆڵى بینى له‌ ئاشتکردنه‌وه‌ى یه‌کیتى له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى تر

    محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ که‌ یه‌که‌م نامه‌ که‌ مام جه‌لال بۆ ئاشته‌واى بۆ نێردراوه‌ و مام جه‌لال داواى ئاشته‌وایى ده‌کات دوا ده‌کات ته‌نها له‌گه‌ڵ لقى سلێمانى حزبى سۆسیالیستدا ئاشتى ده‌که‌ین، له‌ وه‌ڵامدا محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت  ئاشته‌واى ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبدا بکرێت، ئیتر دواى ئه‌وه‌ شه‌وکه‌تى حاجى موشیر و سامان گه‌رمیان و مامۆستا عه‌لى ئه‌گبه‌ر و مامۆستا مه‌حسین عه‌لى ئه‌گبه‌ر له‌ دۆڵاش و ناوگردان کۆبوینه‌وه‌ هه‌ندێک ڕێکه‌وتنى ناوچه‌یمان کرد.پاشان محه‌مه‌د شاکه‌لى چوو بۆ یه‌خسه‌مه‌ر له‌وێ مام جه‌لال داواى کرد بیان بینێت و داواى وه‌ڤدێکیان کرد ئێمه‌ش ئه‌وانمان نارد که‌ ئه‌وانیان بینى مام جه‌لال هه‌ردوو مه‌کته‌ب سیاسى ڕێککه‌وتین. 
که‌ سۆسیالیست له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئاشتى بویه‌وه‌ ئینجا به‌ره‌ى (جود ) فشاریان له‌ سۆسیالیست ده‌کرد وه‌ڤدێکیان نارد به‌ سه‌رکردایه‌تى سه‌ید کاکه‌ و مه‌لا ناسیح و خاڵه‌ حاجى نابێت سۆسیالیست ڕێکبکه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وتن ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یکه‌ین ڕاسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى شه‌ڕ نه‌مێنێت کۆتایى به‌ شه‌ڕه‌که‌ بێت ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ڕێککه‌وتین هه‌رچه‌نده‌ یه‌کێتى هه‌وڵى ده‌دا ته‌نها له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ڕێکبکه‌وێت، له‌ یه‌خسه‌مه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌ک کرا کۆبونه‌وه‌که‌ له‌ ( کانى موراده‌ ) کرا له‌ پشت یه‌خسه‌مه‌ر مقه‌ڕى مام جه‌لال بوو له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ به‌لاغێکى هاوبه‌شمان ده‌رکرد و پرۆتۆکۆلێکمان واژۆ کرد.
 دواى ئه‌وه‌ ئازاد مسته‌فا و مولازم که‌ریم له‌ پاسۆک هاتن بۆلامان دوایان کرد من برقه‌یه‌کم بۆ مام جه‌لال کرد مام جه‌لال وتى با بێن پاسۆک چونه‌ ئه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ڕێککه‌وتن دواى ئه‌وه‌ حزبى شیوعى مه‌لا ئه‌حمه‌د بانى خێڵانى دواى لێکردین ئه‌وانیشمان ڕێکخست له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌رچه‌نده‌ حزبى شیوعى هه‌ندێکیان ڕازى نه‌بوون ، که‌ ئه‌وانیشمان ڕێکخست.
 له‌گه‌ڵ مام جه‌لال به‌ جیاز قسه‌م کرد دواتر مام جه‌لالم بینى داوایان کرد ڕێکیانبخه‌ین له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وه‌ بوو خۆم چووم ئیدریس بارزانیم بینى عه‌لى عه‌بدوڵا و مه‌سعود بارزانیم بینى وتم شتێکى وا هه‌یه‌ وتیان پێمان باشه‌ هاتینه‌وه‌ به‌ مام جه‌لالمان وت دواتر کۆمه‌ڵێک هاتووچۆ کرا ئه‌نجامه‌که‌ گه‌شته‌ ئه‌وه‌ له‌ 1987دا له‌ وه‌ڤدێکى پارتى دیموکراتى کوردستان چوو بۆ لاى یه‌کێتى له‌ یه‌خسه‌مه‌ر فازیل میرانى و فه‌رنسۆ و کۆمه‌ڵکى تر بوون که‌ چونه‌ یه‌خسه‌مه‌ر ئه‌وه‌ بوو عێراق هێرشى کرد پشتى یه‌خسه‌مه‌رى گرت ئه‌م دیوى بالۆسه‌ و ڕێگه‌ى گرت بگه‌ڕێنه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ چونه‌ قه‌ره‌داغ و مقه‌ره‌کانى سۆسیالیست له‌ کانى هه‌نجیره‌ له‌وێوه‌ هاتنه‌وه‌ و چونه‌وه‌ سورێن ئه‌وه‌ یه‌که‌م بینینى پارتى و یه‌کێتى بوو دواى ئه‌وه‌ ئه‌نفال و کیمیابارانى به‌سه‌ردا هات .
دواى ئه‌وانش ئاخر جار وه‌ڤدێکى یه‌کێتى هات نه‌وشیروان مسته‌فا و فه‌ره‌یدن و عه‌بدوقادر و فواد مه‌عسوم هاتن سه‌ردانى ئێمه‌یان کرد له‌ کاولان گله‌ییان له‌ پارتى کرد که‌ گوایه‌ هه‌ندێک خه‌ڵکى ئه‌وانیان بردووه‌ . ڕه‌سوڵ مامه‌ند پێشنیارى بۆ کردن با به‌ره‌ى کوردستانى ته‌واو بکه‌ین بۆ سه‌ردانى پارتى ناکه‌ن وتیان بۆ بیکه‌ین؟ ڕه‌سوڵ مامه‌ند وتى ئیدریس بارزانى کۆچى دواى کردووه‌ به‌ بۆنه‌ى پرسه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى له‌ بادینان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ با بچین به‌ بۆنه‌ى پرسه‌که‌وه‌ سه‌رێکیان لێبده‌ین. 
یه‌کێتى بڕوایان هێنان که‌ بچن یه‌که‌م جار بوو یه‌کێتى بچێت بۆلاى پارتى  هه‌موومان سوارى سه‌یاره‌یه‌ک بووین بۆ  ورمێ و له‌وێوه‌ بۆ مقه‌ڕى مه‌کته‌بى سیاسى له‌ ڕاژان. له‌ پێشه‌وه‌ خاڵه‌ حاجیان نارد وتیان ئه‌وه‌ وه‌ڤدێکى سۆسیالیست و یه‌کێتى دێت بۆ لاتان پارتى زۆر لایان سه‌یر بوو چۆن یه‌کێتى دێت بۆ لایان؟ یه‌کێتى له‌گه‌ڵ وه‌ڤدى سۆسیالیست چونه‌ مه‌کته‌بى سیاسى پارتى پرسه‌که‌یان لێکردن و دواى ئه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌ کرا.پارتى و یه‌کێتى له‌ ژووره‌وه‌ مانه‌وه‌ ئێمه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ کاتێک ئه‌وان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ دواى سه‌عاتێک به‌ خه‌نده‌ و پێکه‌نینه‌وه‌ وتیان گه‌شتینه‌ ئه‌نجام شتێکیشمان نوسیوه‌ فه‌رمون واژۆى بکه‌ن ئێمه‌ش خوێندمانه‌وه‌ پێمان باشبوو له‌وێ کاک ڕه‌سوڵ واژۆى کرد  بۆ به‌ره‌ى کوردستانى جێگه‌ى پاسۆک و شیوعیان تێدا هێشتبووه‌ له‌وێ سۆسیالیست و پارتى و یه‌کێتى پێکه‌وه‌ واژۆیان.

ڕۆڵى حزبى سۆسیالیست له‌ دروستبوونى به‌ره‌ى کوردستان :

    هه‌وڵه‌ ئاشتیانه‌که‌ى حزبى سۆسیالیست به‌رى کوردستانى دروست کرد، فکره‌که‌ى به‌ره‌ى کوردستانى له‌ ئه‌شکه‌وتێکى سورێن دروست بوو، له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى حزبى سۆسیالیست و پاسۆک شه‌وێک  باسى له‌ ئاشتبوه‌نه‌وه‌ ده‌کرێت بڕیار ده‌ده‌ن به‌ره‌یه‌ک دروست بکه‌ن که‌ حزبه‌کان له‌ خۆ بگرێت ئه‌وه‌کات باسکردنى به‌ره‌ى کوردستانى به‌ تایبه‌تى هه‌یمه‌نه‌ى حزبى شیوعى زۆر بوو به‌سه‌ر حزبه‌کانى شاخ باسى به‌ره‌ى کوردستانى نه‌ده‌بوایه‌ بکرایه‌.
 له‌ چیاى سورێن فکره‌ى به‌ره‌که‌ دروست و پاسۆک وتیان شتێکى باشه‌ ئه‌وه‌مان ده‌وێت ، چونکه‌ ئه‌وان کوردستانى بوون له‌ بنه‌ڕتدا، به‌ڵام وتیان ئێمه‌ ناتوانین و هێزمان نییه‌،حزبى سۆسیالیست هه‌نگاو به‌ هه‌نگا له‌و ئاشتبونه‌وه‌یه‌دا ده‌ستى پێکرد  له‌ ڕاستیدا هه‌وێنى دروستکردنى به‌ره‌ى کوردستانى ئه‌و ئاشت بونه‌وه‌یه‌ بوو وه‌ زۆرى نه‌خایاندا دواى شه‌ش مانگ به‌ره‌ى کوردستانى دروست بوو. 
محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت:  "ده‌ستپێشخه‌رى حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى ئه‌نجامى به‌ره‌ى کوردستانى لێکه‌وته‌وه‌ ". 
ڕۆژێک نه‌وشیروان موسته‌فا و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى یه‌کیتى سه‌ردانى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیستیان کرد له‌ کاولان له‌ باره‌ى به‌ره‌ى کوردستانى ڕه‌سوڵ مامه‌ند قسه‌ى کرد و وتى عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژى کورد بوو.  ئه‌و کاته‌ شه‌ڕى ئێران عێراق له‌ کۆتایدا بوو تورکیا حه‌زى نه‌ده‌کرد بزوتنه‌وه‌ى کوردى هیچى هه‌بێت کورد بارودۆخى ته‌واو نه‌بوو به‌دیلى ئه‌و هه‌موو بارودۆخه‌ ئه‌وه‌ بوو کورد یه‌کبگرێت و هێزى هه‌بێت ئه‌مه‌ یه‌کێک بوو له‌ هۆکاره‌کان هۆکارێکى تریش دروست بونى به‌ره‌ى کوردستانى ده‌بوایه‌ بکرایه‌،چونکه‌ واقیعه‌که‌ قبوڵى نه‌ده‌کرد شتێکى تر هه‌بێت .هه‌موو فکره‌یه‌ک و به‌هایه‌ک هانى ئه‌وه‌ى ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى ئاشت بوونه‌وه‌ (35)
خه‌ڵکێکى زۆریش هه‌بوو له‌ ناوه‌ کاغه‌زیان بۆ ده‌نوسی و له‌ ده‌ره‌وه‌ داوایان ده‌کرد ئاشت بینه‌وه‌ داواکارییه‌کى مه‌نتقى بوو ئاشتبوونه‌وه‌ ، نامه‌نتیق شه‌ڕ بوو دواتر سه‌لما که‌ ئاشت بوینه‌وه‌ جه‌وێکى تر هاته‌ پێشه‌وه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان هاتنه‌ ناو ئه‌و ئاشتییه‌وه‌ میلله‌ته‌که‌ پێى خۆش بوو ئه‌وه‌ زه‌مینه‌ سازى کرد حزبه‌کان به‌شدارییه‌کى کاریگه‌ریان هه‌بێت له‌ ڕاپه‌ڕیندا له‌ ڕاستیدا به‌ره‌ى کوردستانى ڕابه‌رایه‌تى ڕاپه‌ڕینى نه‌کردبایه‌ به‌ فه‌وزاه‌وه‌ هێزه‌کان ده‌هاتنه‌ ناو ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌رکه‌وتویش نه‌ده‌بوو. 
محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى به‌ره‌ى کوردستانى بوو له‌ زۆر به‌ى کۆبونه‌وه‌کاندا باشدارى کردووه‌ هه‌روه‌ها سێ که‌س سه‌رکردایه‌تى کاره‌کانى به‌ره‌ى کوردستانى ده‌کرد له‌ سنورى سلێمانى و که‌رکوک  به‌ره‌ى کوردستان له‌ 5-7-1988 دروست بوو کاتێک دروست بووبارودۆخى کوردستان خراپ بوو پێشمه‌رگه‌ ڕۆیشتبووه‌ سنوره‌کانى ئێران و هێرشه‌کانى حکومه‌تى عێراق زۆر چڕبیه‌وه‌ بۆ سه‌ر کوردستان، که‌ ده‌بوو زوو به‌ره‌ى کوردستان دروست بکرایه‌ کوردستان به‌ بارودۆخێکى خراپدا تێده‌په‌ڕى له‌به‌رئه‌وه‌ حکومه‌تى به‌عس ئه‌نفال  و کیمیابارانکردنى خه‌ڵکى کوردستانى ئه‌نجامدابوو، بۆیه‌ دروست بونى به‌ره‌ى کوردستانى گرنگ بوو تا هێزێک به‌به‌رى شۆڕشدا بکاته‌وه‌ .
 
نامه‌که‌ى سه‌دام بۆ ئاشتى له‌گه‌ڵ حزبى سۆسیالیست:

     محه‌مه‌د شاکه‌لى له‌باره‌ى نامه‌که‌ى سه‌دام ده‌ڵێت له‌ کۆتایى مانگى شوبات 1988د. موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانى نامه‌یه‌کى ئاراسته‌ کردین که‌ رۆژى 5-3-1988 گه‌شت به‌ده‌ستمان. هه‌موو کاتێک حکومه‌تى عێراقى داواى ئاشتى بکردبایه‌ سۆسیالیست پێشوازى لێده‌کرد، ئه‌و نامه‌یه‌ من یه‌که‌م جار وه‌رم گرت له‌ گه‌رمیان بووم نامه‌ی نارد بوو بۆ حزبى شیوعى و پارتى و یه‌کێتیش که‌سیان جورئه‌تیان نه‌بوو باسى بکه‌ن ، سۆسیالیست باسى کرد نامه‌که‌ خولاسه‌که‌ى ده‌ڵێت " سه‌دام داوا ده‌کات گفتوگۆ بکه‌ین پێکه‌وه‌" . من هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ نامه‌که‌م پێگه‌یشت به‌ جیاز له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود قسه‌م کرد وتم ئێستا بروسکه‌یه‌ک ده‌نێرم بۆ مه‌کته‌بى سیاسى له‌ ڕێگه‌ى جیاز وتم به‌یانى بڕۆ بۆ مه‌کته‌بى سیاسى تێگه‌شت محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود مه‌کته‌بى سیاسى له‌ کاولان بوو له‌وێ کۆببنه‌وه‌ ئه‌و بروسکه‌ ئه‌گات و بڕیارى له‌سه‌ر بده‌ن. لێره‌ ئیشه‌که‌ لاى منه‌ نامه‌که‌. حزب که‌ جوابى ئیجابى دایه‌وه‌ سۆسیالیست بوو دوو ڕۆژ دواى ئه‌وه‌ ڕه‌سوڵ مامه‌ند به‌ بروسکه‌ وه‌ڵامى دامه‌وه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندین تۆ نوێنه‌رمان به‌، وه‌ڵاممان دانه‌وه‌.پارتى وتى نامه‌مان بۆ نه‌هاتووه‌ و نامه‌یشیان پێگه‌شتبوو و یه‌کێتى دواى مانگى چوار نامه‌یان پێگه‌شتبوو نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یگوت خۆزگه‌ زوو بگه‌یشتایه‌ و وه‌ڵامان بدانایه‌ته‌وه‌. هاتمه‌ خواره‌وه‌ نزیک دووزخورماتوو چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامه‌که‌ بووم ئه‌نفال ده‌ستى پێکردبوو موحاسه‌ره‌ بوین به‌ ناڕه‌حه‌ت ده‌رباز بووین، بۆ جوابى ئه‌و نامه‌یه‌ ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ بوین زۆرى نه‌مابوو هه‌موومان له‌ ناو بچین. له‌ نامه‌که‌ى د. موکه‌ڕم تاله‌بانى که‌ بۆ سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست نوسراوه‌ ده‌ڵێت : "منیش ده‌زانم زۆر گرنگه‌ و سه‌بر و نه‌فه‌س درێژى ده‌وێ، به‌ڵام واده‌زانم نه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ت و نه‌له‌لایه‌ن شۆڕشى کوردستانه‌وه‌ له‌ ڕێگاى ئاشتى و نه‌هێشتنى گیروگرفت به‌ولاوه‌ ڕێگایه‌کى تر نییه‌."
 د. موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانى سه‌دام حسێن بانگى کردبوو نامه‌ بۆ حزبه‌کان بنوسێت دوا بکات له‌ حزبه‌کان با بێن ڕێکبکه‌وین له‌گه‌ڵیاندا وادیار بوو نیازى هه‌بوو شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران بوه‌ستێنێت ده‌ڵێت بڕۆ له‌گه‌ڵیان ڕێکبکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێکنه‌که‌ون له‌گه‌ڵماندا شه‌ڕى ئێران عێراق وه‌ستا دار و به‌ردى کوردستان ده‌سوتێنم. له‌وباره‌یه‌وه‌ د. موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانى ده‌ڵێت : داوام له‌ سه‌دام حسێن کرد ئه‌گه‌ر ئاره‌زوو بکه‌یت وه‌ک ناوبژیوان ده‌که‌ومه‌ نێوانتانه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ک مێز کۆتان ده‌که‌مه‌وه‌ ئیتر خۆتان له‌سه‌ر چى ڕێکده‌که‌ون ؟ وتى ئه‌و کاره‌ بکه‌. کاغزم نوسى بۆ هه‌ریه‌که‌ له‌ مام جه‌ل و مه‌سعود بارزانى و ڕه‌سوڵ مامه‌ند و عه‌زیز محه‌مه‌د نامه‌که‌م نار بۆیان پاش ماوه‌یه‌ک یه‌که‌م وه‌ڵام بۆ من هاته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى شێخ محه‌مه‌د شاکه‌لى ئه‌و نوسیبووى ئێمه‌ ئاماده‌ین هاوکارى له‌گه‌ڵ جه‌نابت بکه‌ین. 

دانوستان له‌ دواى ڕاپه‌ڕین له‌ پێناو ئاشتى له‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق

     مام جه‌لال برقه‌یه‌کى کرد بۆ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود له‌ سورێن بوو داواى لێده‌کات سه‌ردانى بکات  برقیش بۆ نێجیر بارزانى کرد له‌ مه‌ریوان بوو برقه‌شى بۆ ڕه‌سوڵ مامه‌ندیش کردبوو مام جه‌لال له‌ گوندى خێوه‌ته‌ دانیشتبوو .
 محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود سه‌ردانى مام جلال ده‌کات و مام جه‌لال پێده‌ڵێت وه‌زعه‌که‌ خراپه‌ و پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕى پێناکرێت و ئێستا له‌ ئه‌زمه‌ڕ 10 که‌سى لێنه‌ماوه‌ حکومه‌تى عێراقى دێت و میلله‌ته‌که‌ ئاواره‌ بوو ئه‌مانه‌ى باسکرد و وتى برقه‌یشم بۆ ڕه‌سوڵ مامه‌ند کردووه‌ وه‌ڵامێکى خراپى داومه‌ته‌وه‌ جوابه‌که‌ى دا به‌ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود  سه‌یرى ده‌کات ڕه‌سوڵ مامه‌ند ده‌ڵێت مفه‌وه‌زاتمان پێ باشه‌ له‌گه‌ڵ عێراق، به‌ڵام به‌ ڕاى من به‌رپرسى یه‌که‌مین نه‌چێت بۆ به‌غداد.
محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت که‌ چومه‌ ئه‌وێ مام جه‌لال پێده‌چوو پێش من فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر چوبوون له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێکه‌وتبوون وه‌ڤدێکیان ئاماده‌ کردوو مام جه‌لال به‌رن به‌ ناو حکومه‌تدا بیبه‌ن بۆ شه‌قلاوا بۆ کۆبونه‌وه‌ له‌وێ کۆبونه‌وه‌کان بکرێت ئیتر منیش وتم ڕێکه‌وتنم پێ باشه‌ مولازم که‌ریم و قادر جه‌بارى ئه‌وانیش پێیان باش بوو، به‌ڵام وتمان به‌ مه‌رجێک بکرێت به‌رپرسى یه‌که‌مى حزبه‌کان نه‌چێت و تۆ و مه‌سعود بارزانى و ڕه‌سوڵ مامه‌ند وعه‌زیز محه‌مه‌د نه‌چن مام جه‌لال وتى ئاخر ناکرێت ئێمه‌ هاتینه‌وه‌ ئێمه‌ دورنه‌که‌وتینه‌وه‌ ئۆتۆمبیلێک هات وه‌ڤدى عێراق هات و مام جه‌لالیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد له‌ سلێمانییه‌وه‌ چون بۆ شه‌قلاوا له‌وێ کۆبونه‌وه‌ کرا له‌ نێوان حزبه‌کان له‌وێ بڕیار درا وه‌ڤدێک بچێت بۆ به‌غداد له‌ ڕاستیدا په‌له‌ بوو ئه‌و کاته‌ ئه‌وان ویستیان بچن بۆ به‌غداد بڕیارى 688ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌رچوو بوو بۆ پاراستنى کوردستان ،به‌ڵام ئه‌وان ڕۆشتن وتیان کێ بڕوات له‌گه‌ڵ وه‌ڤده‌که‌ وتیان مام جه‌لال مام جه‌لالیش وتبی به‌شه‌رتێک وه‌ڤده‌که‌ خۆم دیارى بکه‌م هه‌مویشتان واژۆى بکه‌ن بۆم ئینجا ده‌چم ، هه‌مویان ئیمزایان کرد حزبى شیوعى نوێنه‌رى نه‌نارد . هه‌مویان ئیمزایان کرد بۆ مام جه‌لال چونه‌ به‌غداد و وه‌ڤده‌که‌ 42 ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌ به‌غداد ئه‌نجامێکى نه‌بوو نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مریکا پێیان خۆش نه‌بوو هاتن ئه‌نجه‌لیکیان دانا . دواى ئه‌و له‌ به‌روارى 10-7-1991 وه‌ڤدى مه‌سعود بارزانى ڕۆشت بۆ به‌غداد ئه‌مجاره‌ له‌ حزبى سۆسیالیست د. مه‌حمود عوسمان و عه‌دنان موفتى چوو که‌ ڕۆشتن ئه‌وانیش 42 رۆژ مانه‌وه‌ به‌ هه‌ردوکیانه‌وه‌ 84 رۆژ نه‌گه‌شتنه‌ ئه‌نجام.چاوه‌ڕوانى ئاشتى ده‌کرا له‌ سه‌دام، چونکه‌ درێژه‌ به‌ کۆبونه‌وه‌ درا تا ماوه‌ى چه‌ند مانگێک جارێک مام جه‌لال قیاده‌ى ده‌کرد و جارێکیش مه‌سعود بارزانى دواتر گه‌شتنه‌ ئه‌نجام که‌ به‌عس ئاماده‌ نییه‌ هیچ بدات.
ڕوانینى حزبى سۆسیالیست بۆ  گفتوگۆى  له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق له‌و کاته‌دا به‌ گرنگ دانراوه‌، به‌ڵام به‌مه‌رج بوو ئه‌ویش داوا له‌ مام  جه‌لال ده‌که‌ن  که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانى حزبه‌کان نه‌چن باشتره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر  به‌رپرسى یه‌که‌م  له‌گه‌ڵ‌ به‌ غداد نه‌گه‌نه‌ ڕێکه‌وتن ئه‌وا هیچ بوارێکى تر نییه‌ بۆ دانوستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نونه‌ریان بڕوان  ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ ڕێکه‌وتن ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى شاندیه‌کى تره‌وه‌  دانوستان ده‌ستپێبکاته‌وه‌ و زه‌مینه‌ سازى بۆ  ئاشتى دروست بکات  و دواتر به‌رپرسى یه‌که‌مى حزبه‌کان به‌ ئاسانى بگه‌نه‌ ئه‌نجام
.
دواى ڕاپه‌ڕین و رۆڵى حزبى سۆسیالیست له‌ ئاشتیدا

    ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست له‌و باوه‌ڕه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ که‌ سه‌یدا ساڵح دامه‌زرێنه‌رى هه‌میشه‌ چه‌ختى له‌سه‌ر ئاشتى کردۆته‌وه‌ بۆیه‌ خۆى ئه‌ندامى ئاشتى جیهان و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى دانوستانى نێوان یه‌کێتى سۆڤێت و عێراق بووه‌، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاشتى بووه‌ بۆ سه‌رپه‌ره‌شتى کردنى ڕێکه‌وتننامه‌ى 11ى ئازار. 
له‌ ساڵى 1994 مه‌سعود ساڵه‌یى له‌ کۆنگره‌ى (2) ى حزبى سۆسیالیست وه‌ک نوێنه‌رى مه‌سعود بارزانى له‌وێ  داواى کرد  حزبى سۆسیالیست بێته‌وه‌ ناو به‌ره‌ى کوردستانى، به‌ڵام به‌رى کوردستانیان کوشتى بوو،له‌ شه‌ڕى ناخۆ له‌ نیوان یه‌کیتى و پارتى. حزبى سۆسیالیست ته‌نها خۆى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و له‌گه‌ڵ 3 حزب و له‌گه‌ڵ 7 حزب له‌گه‌ڵ 17 حزب هه‌تا کۆتایى شه‌ڕه‌که‌ له‌گه‌ڵیاندا بوو له‌ پێنان وسازانى ئاشتى،چونکه‌ حزبى سۆسیالیست لایه‌نى ئه‌ساسى ئاشتى بووه‌، له‌ به‌روارى 21-3-1985یه‌که‌م هه‌نگاوى ئاشتى ده‌ستپێکرد .
 له‌ ئاڕمى حزبى سۆسیالیست که‌ په‌سه‌ند کراوى کۆنگره‌ى سێهه‌م به‌ دروشمى (ئاشتى  ، دیموکراسى ، مافى جاره‌ى خۆنوسین) نه‌خشێنرا بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ مارشى حزبى په‌سه‌ند کراوى کۆنگره‌ی سێهه‌م هاتووه‌ ( په‌یامى ئێمه‌ ئاشتییه‌ ئامانجمان دیموکراتییه‌). له‌ ئامانجه‌ گشتیه‌کانى په‌یڕه‌وى ناخۆى حزبى سۆسیالیست په‌سه‌ندکراوى کۆنگره‌ى سێهه‌م له‌خاڵى سێهه‌مدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ له‌ چه‌سپاندنى ئاشتى و هاوپه‌یماننێتى له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ى ڕزگارى خوازى گه‌لى کورد. یه‌که‌م پێشنیارى ئاشتبوونه‌وه‌ سۆسیالیست خستویه‌تیه‌ ڕوو له‌ ساڵى 1984 له‌ گۆڤارى سورێن له‌ ژماره‌ 13_14 بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ . عادل موراد به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ ئاشتبونه‌وه‌ى نێوان حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى ده‌کات ده‌نوسێت " له‌ پاش کرانه‌وه‌ى سه‌رکردیه‌تى یه‌کێتى و مام جه‌لال سکرتیر به‌ ڕووى حزبه‌ کوردستانیه‌کاندا ئاشتبونه‌وه‌ى مێژوویه‌که‌ى نێوان یه‌کێتى و حزبى سۆسیالیست له‌ ساڵى 1986 ئه‌مه‌ بووه‌ هۆى ئیمزاکردنى به‌ڵگه‌نامه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ و کارى هاوبه‌ش. 
له‌ به‌روارى 9-12-1993له‌لایه‌ن حکومه‌تى هاوبه‌شه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ دژى سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نرا و له‌ به‌روارى 18-12-1993شه‌ڕى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و یه‌کێتى ده‌ستى پێکرد و له‌ 1-5-1994شه‌ڕى یه‌کێتى و پارتى ده‌ستى پێکرد  حزبى سۆسیالیست وه‌ک ناوبژیوان بۆ ڕاگرتنى شه‌ڕ و  به‌رقه‌رارکردنى ئاشتى هه‌وڵه‌کانى خسته‌ کار .
له‌ به‌روارى 5-5-2011له‌ شارى هه‌ولێر  ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنى ئه‌و کاته‌ ماوه‌یه‌کى دوور و درێژ بوو کۆبونه‌وه‌شیان نه‌کرد و له‌ ململانیه‌دا بوون ، به‌ڵام  حزبى سۆسیالیست له‌ هۆڵى کۆنگره‌ى شه‌شه‌مى کۆکرده‌وه‌ و قسه‌یان کرد پێکه‌وه‌ ئه‌وه‌ خۆى بۆ خۆى یه‌که‌م جار بوو حزبى سۆسیالیست توانى هه‌موویان کۆبکاته‌وه‌ و وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌م لێکى نزیک کردنه‌وه‌ . له‌ په‌یڕه‌وى ناخۆى حزبى سۆسیالیست په‌سه‌ندکراوى کۆنگره‌ى شه‌شه‌مى ساڵى 2011دا هاتووه‌ " حزبى سۆسیالیست له‌ خه‌باتى ڕزگارى خوازیانه‌ى کوردستان تا گه‌یاندنى ئه‌و کاروانه‌ به‌ ڕاپه‌ڕینى 1991ئازاد کردنى به‌شێکى گه‌وره‌ى کوردستانى عێراق و بۆبنیاد نانى دامه‌زراوه‌کانى فه‌رمان ڕه‌واى کردن ، په‌رله‌مان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌زاران شه‌هید و قوربانى گه‌وره‌ى پێشکه‌شکردووه‌ و به‌شدارى له‌ خه‌باتى سیاسى و مه‌ده‌نى و چه‌سپاندنى ئاشتى کردووه‌".له‌ بوارى سیاسى په‌یڕه‌وى ناخۆى حزبى سۆسیالیست هاتووه‌ کارده‌کات بۆ پێکه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان کوردستان له‌ ته‌وه‌رێکى ترى پرۆگرامه‌که‌ هاتووه‌ حزبى سۆسیالیست خه‌بات ده‌کات بۆ سه‌روه‌رى یاسا و ده‌ستاو ده‌ستکردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات،  هه‌روه‌ها له‌ مارشى حزبى سۆسیالیست چه‌خت له‌سه‌ر ئاشتى ده‌کاته‌وه‌ هاتووه‌
به‌دڵ ، به‌رۆح ، به‌هه‌ست ، به‌گیان ده‌یپارێزین کوردستان
هه‌تا ماوین دڵسوتاوى ڕۆژى ئاشتی و مهره‌بانین
گڕو تاوى کوردستان و گه‌رمه‌سێرى ئاوه‌دانین .  
له‌ دواى په‌کخستنى په‌رله‌مانى کوردستان گرژى که‌وته‌ نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتى و گۆڕان، حزبى سۆسیالیست که‌وته‌ لێکنزیکردنه‌وه‌ى لاینه‌ ناکۆکه‌کان و له‌و نێوه‌نده‌شدا چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بى سیاسى پارتى و یه‌کێتى و په‌یوه‌ندى کردن له‌گه‌ڵ  گۆڕان ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌رى گرت د.فواد حسێن سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هاته‌ سلێمانى لاینه‌کانى بینى بۆ چاره‌سه‌ر کردنى گرژییه‌کان . له‌ دواى  ئازاد کردنى شه‌نگال په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتى و پارتى کرێکاران ڕووى له‌ ئاڵۆزى کرد له‌ شه‌نگال بۆ ته‌شه‌نه‌نه‌کردنى ئاڵۆزییه‌کان له‌ نێوان پارتى و په‌که‌که‌ محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود به‌روار 23-3-2017 له‌ هه‌ولێر یاداشتێکى گه‌یانده‌ (کین گروس ) کۆنسوڵى گشتى ئه‌مریکا به‌مه‌به‌ستى ئه‌وانیش هه‌وڵه‌کانیان بخه‌نه‌ کار په‌یوه‌ندى باشکردنى پارتى و په‌که‌که‌.

 
*به‌شێک له‌ توێژینه‌وه‌ى ده‌رچون له‌ به‌شى سیاسه‌ى زانکۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى






‌ 299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌جوگرافیاى قه‌یرانى به‌هاکاندا کارێکى ناوازه‌یه‌
ئایا به‌به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان په‌رله‌مانى کوردستان کاراده‌کرێته‌وه‌
چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group