کۆڕه‌و ئه‌و وانه‌یه‌ى که‌ هه‌رگیز بیر ناچێته‌وه‌

4/4/2014 7:11:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سۆران حسن 
بیست وسێ به‌هار له‌مه‌وبه‌ر نزیکه‌ى سێ ملیۆن هاووڵاتى کورد له‌کوردستان ماڵ و حاڵى خۆیان به‌جێهێشت، هه‌موومان پێکه‌وه‌ به‌ یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک هه‌ڵوێست مێژووییه‌کى گه‌شاوه‌مان تۆمار کردو به‌یه‌ک ڕیتم و به‌یه‌ک هه‌ست کوردایه‌تى کوردستانیانمان سه‌لمانده‌وه‌و هاوارمان کرد چیتر به‌سه‌ ڕژێمى دیکتاتۆرى و خوێن مژ. 

له‌م ساته‌دا جه‌ماوه‌رى گه‌له‌که‌مان له‌ پیرو گه‌نج ژن و پیاو و منداڵ به‌شدارییان له‌هه‌ڵوێستێکى نه‌ته‌وه‌یى یه‌کگرتوودا کردو هه‌ریه‌که‌و به‌پێى نزیکییان روویان له‌ناوچه‌ سنوورییه‌کان کرد.

کۆڕه‌و سه‌ره‌ڕاى ماناى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ گرنگه‌که‌ی، ڕوداوێکى گه‌وره‌و پیشاندانى سته‌مێکى بێ وێنه‌ بوو له‌ مرۆڤایه‌تى و نه‌هامه‌تى و ئێش و ئازارى جه‌ماوه‌رى کوردستان هه‌موو سنووره‌کانى بڕى و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر راى گشتیى و پشتیوانییه‌کى جه‌ماوه‌رى و فه‌رمى گه‌وره‌ بۆ ماف و داخوازییه‌کانى کورد دروست بوو. کۆڕه‌و خه‌باتێکى نوى ى سیاسى بوو گه‌له‌که‌مان هه‌ڵیبژارد له‌ ناچار بوونى و ڕازى نه‌بوونى به‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رکوت که‌رى به‌عس و عه‌فله‌قییه‌کان.

کۆڕه‌و، رووداوێکى ئاسایى مێژووى کوردستان نییه‌، به‌ڵکو ڕوداوو کاره‌ساتێکى له‌یادنه‌چووى هه‌موانه‌، رووداوێکى پێ‌ له‌په‌ندو وانه‌ى مێژووییه‌ که‌هه‌روا له‌ هزرى تاکى کوردیدا به‌سانایى ناسڕێته‌وه‌.. 

ئه‌مڕۆ یادى ئه‌و رۆژه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م گه‌لى کورد خاوه‌نى یه‌ک دروشم بوو ئه‌ویش (ڕه‌تکردنه‌وه‌ى دیکتاتۆرى و مل که‌چ نه‌کردنى کورد بوو به‌رامبه‌ر به‌ زوڵم سته‌مى چه‌ندین ساڵه‌ى به‌عسییه‌کان ) ئه‌و رۆژه‌بوو که‌هه‌مووان پێکه‌وه‌ ملى رێگایه‌کى وون بوومان گرت و جێ هێشتنى موڵک و ماڵ و هاتنه‌ پێشى داهاتوویه‌کى نادیارو ماندووبونێکى نه‌بڕاوه‌ و سه‌رماى سه‌ر سنووره‌کانمان زۆر پێ باشتر بوو له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێکى دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.

له‌کۆڕه‌ودا، یه‌کڕیزى و یه‌ک هه‌ڵوێستى گه‌له‌که‌مان له‌به‌رامبه‌ر زۆرداى حزبى به‌عس و صدامى دیکتاتۆر باشترو ڕوونتر له‌ ڕابردوو ده‌رکه‌وت و کۆمه‌ڵگاى جیهانى و وڵاتانى دراوسێ ى ناچار به‌وه‌رگرتنى هه‌ڵوێست کردو هه‌ر کۆڕه‌ویش بوو ڕاى گشتیى جیهانى له‌به‌رژه‌وه‌ندیى کورد جوڵاندو بووه‌ سه‌ره‌تاى ده‌رچواندنى بڕیارێکى گرنگ و مێژوویى بڕیارى 688 نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و پاشانیش بڕیارى 986 ى نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌خۆراک.

کۆڕه‌و کاره‌ساتێکى مرۆیى بوو، به‌ڵام په‌یامێکى سیاسى گرنگیش بوو بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌ى دۆخى کوردستان و عیراق و ناوچه‌که‌دا بوونیان هه‌بوو، که‌ سه‌ره‌کى ترینیان ڕژێمى فاشیستى به‌عسییه‌کان بوو، وه‌ دواجار بووه‌ هۆى دروستکردنى ناوچه‌یه‌کى ئارامى دژه‌ فڕین که‌ گه‌له‌که‌مان له‌مێژوى خۆیدا بڕیارى له‌و جۆره‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانى به‌خۆوه‌ نه‌دیبوو..

سه‌ره‌ڕاى هه‌موو لایه‌نه‌ گرنگه‌کانى کۆڕه‌وى سێ ملیۆنى جه‌ماوه‌رى کوردستان هاوکات که‌ره‌سته‌یه‌کى کلتوورى و فه‌رهه‌نگى گه‌وره‌یه‌و ده‌کرێت پسپۆڕان و شاره‌زایانى کورد له‌ئێستادا زیاتر سوود له‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانى ببینن و به‌کار بێنن له‌ کاره‌ ئه‌ده‌بى و سینه‌مایى و هونه‌رى و فه‌رهه‌نگى یه‌کان و هۆکارێکیش بێت بۆ زیاتر ناساندنى مه‌زڵومیه‌تى گه‌لى کورد له‌ کوردستانى باشوردا.

له‌م یاده‌دا سڵاو ده‌نێرم بۆ خۆڕاگرى خه‌ڵکى کوردستان و درودو ئه‌مه‌ک بۆ قوربانییانى کۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌که‌و ده‌ستى ئه‌وانه‌ش ده‌گوشم که‌ هاوکارییان کردین به‌تایبه‌ت کۆمارى ئیسلامى ئێران و خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى کوردستانى ڕۆژهه‌ڵات.


زۆرترین خوێندراو