سێ حزبه‌که‌ باشیان گۆڕى !!!

7/27/2014 12:55:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
  بڕیار جه‌لال

 ساڵى 2009 کاتێک بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دروست بوو، هه‌ر ئه‌و کات دوو حزبه‌ ئیسلامییه‌که‌ش زمانیان پژا، له‌و قاوغه‌ ترسنۆکه‌ى خۆیان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ جورئه‌تیان نه‌بوو باسى مافه‌کانیشان بکه‌ن، به‌ڵام له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى 2009 خۆیان خسته‌ سه‌ر شوێن پێکانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و تا هه‌ڵبژاردنى 21/9/2013 بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ر شتێکى بووتایه‌، ئه‌وانیش بێ پێچ و په‌نا، بێ بیرکردنه‌وه‌ ده‌یانوته‌وه‌، دواجاریش ئاستى جه‌ماوه‌ریان دابه‌زى و له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى له‌سه‌ر یه‌کدا هه‌ر یه‌ک له‌و دوو حزبه‌ زیاتر له‌ 50 هه‌زار ده‌نگ که‌میان کرد.

سه‌یرتر له‌و به‌زمه‌، ئه‌و سێ حزبه‌ که‌ پێشتر خۆیان وه‌ک ئۆپۆزسیۆنى ده‌ره‌جه‌ یه‌ک ده‌ناسى، هه‌ر که‌ به‌شداریان کرد له‌ حوکمڕانى ئه‌م وڵاته‌، ئیتر مافى هاوڵاتیان خرایه‌ ناو زبڵدانى مێژووه‌وه‌، گۆڕان وه‌زاره‌تى دارایى وه‌رگرت هه‌موو باش ده‌زانین ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌ ئێستادا له‌ چى فیلمێکدایه‌ (سبه‌ى موچه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌ت، دوو سبه‌ى ئه‌م ، سێ سبه‌ى ئه‌و... ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌شى پاره‌یان زۆر پێویسته‌ با جارێ له‌ خوا بپاڕێنه‌وه‌)،،، هه‌رچى یه‌کگرتووى ئیسلامییه‌، وه‌زاره‌تى کاره‌باى وه‌رگرت، کاره‌باى نیشتیمانى که‌ ساڵى پار له‌م به‌رواره‌دا 23 سه‌عات هه‌بوو، ئێستا که‌متره‌ له‌ 18 سه‌عات له‌ شه‌وو رۆژێکدا، کۆمه‌ڵى ئیسلامى وه‌زاره‌تى کشوتوکاڵى وه‌رگرت، هه‌موو باش ده‌زانن که‌ نرخى به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کان له‌ بازاڕدا له‌ چى ئاستێکى به‌رزدایه‌و هه‌ر یه‌ک به‌ دڵى خۆى نرخى داناوه‌ (ئه‌وه‌ گه‌نمى جوتیارانى قوڕبه‌سه‌ر له‌و لاوه‌ بۆستێت که‌ ئاینده‌ى نادیاره‌).

به‌ دین و ئیمانم ئه‌و کات و دۆخه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان که‌ له‌ 29 ى 1 ى 2011 به‌یاننامه‌یه‌کى 7 خاڵى تیادا ده‌رکرد که‌ ئه‌و کات کاک د. به‌رهه‌م سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو، مسقاڵه‌ زه‌ره‌یه‌کى ئێستا کێشه‌ى (سیاسى، خزمه‌تگوزارى، ئابوورى، کۆمه‌ڵایه‌تى ....) له‌ هه‌رێمى کوردستاندا بوونى نه‌بوو، هه‌ر دواى ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ بوو که‌ له‌ 17ى شوبات و رۆژانى دواتر ده‌یان گه‌نج که‌ هیواو ئاواتیان زۆر بوو چاوه‌ڕێ بوون بیاننهێننه‌ دى، به‌ هۆى هاندانى ئه‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌وه‌ چونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و دواجار شه‌هید کران.

ئه‌رێ به‌راست که‌ چونه‌ ناو حکومه‌ت ( هێزى نیشتیمانى یه‌کخرایه‌وه‌، بکوژانى شه‌هیدانى قه‌ڵه‌م به‌ سزاى خۆیان گه‌یشتن، ئه‌رێ به‌راست له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى خۆپیشانداندا توانیتان به‌و بڕگه‌یه‌ لابه‌رن که‌ ده‌تانگوت خۆپیشاندان مۆڵه‌تى ناوێت، ئه‌رێ کوا موچه‌ى کابانى ماڵ، توانیتان گه‌نده‌ڵى له‌ ریشه‌وه‌ ده‌ربهێنن و به‌ردى بناغه‌ى چاکسازى دابنێن ، به‌راست دۆخى ئاوو کاره‌باو خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ترى هاوڵاتیان بۆ وا جوان چاره‌سه‌ر کران!، پێم ناڵێن کام یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانى به‌یاننامه‌ شه‌ش خاڵییه‌که‌ى خۆتان ( گۆڕان ، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ) جێبه‌جێ کران، ئه‌رێ به‌راست سیستمى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ گۆڕا بۆ سیستمێکى دیموکرات و ته‌ندروست....).
داخه‌که‌م ئه‌و سێ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ى رابردوو به‌تایبه‌تى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌و ناره‌زایى و توڕه‌بوونه‌ى له‌ ناو ناخى جه‌ماوه‌رى کوردستاندا هه‌بوو له‌ خۆیدا تواندیه‌وه‌و دواتریش له‌گه‌ڵ چونى بۆ ناو ده‌سه‌ڵات خستیه‌ ژوورى داخراوه‌و نایکاته‌وه‌ تاکو ئه‌و کاته‌ى ئیشى پێى ده‌بێت.

هه‌ر ئه‌و سێ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ بوون که‌ داوایان ده‌کرد موچه‌ى حزبه‌کان ببڕدرێت و ئه‌و پاره‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خزمه‌تى گشتى هاوڵاتیان، به‌ڵام که‌ ئێستا په‌رله‌مانى کوردستان به‌ده‌ست ئه‌وانه‌یه‌، له‌ یاساى رێکخستنى بودجه‌ى حزبه‌کاندا موچه‌ى حزبه‌کانى خۆیان هێنده‌ زۆر کردووه‌ ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتیانى هه‌رێم بڵێن "سه‌د ره‌حمه‌ت له‌ کفن دز"، گۆڕان بودجه‌که‌ى له‌ 600 ملیۆنه‌وه‌ بۆته‌ 3 ملیارو 600 ملیۆن دینار واته‌ بۆ ساڵێک له‌ 7 ملیارو 200 ملیۆن دیناره‌وه‌ بۆ (43) ملیارو 200 ملیۆن دینار فڕیوه‌.

هه‌رچى یه‌کگرتووى ئیسلامیشه‌ پێشتر 450 ملیۆن دینار هه‌بوو ئێستا بۆته‌ ملیارێک و 140 ملیۆن دینار واته‌ بۆ ساڵێک له‌ 5 ملیارو 400 ملیۆن دیناره‌وه‌ بۆ (13) ملیارو 680 ملیۆن دینار فڕیوه‌.

کۆمه‌ڵى ئیسلامیش که‌ پێشتر 350 ملیۆن دینارى مانگانه‌ى هه‌بوو بۆ 780 ملیۆن دینار زیادکراوه‌، واته‌ له‌ 4 ملیارو 200 ملیۆن دیناره‌وه‌ بۆ 9 ملیارو 360 ملیۆن دینار فڕیوه‌.

به‌راستى باشتان گۆڕى، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى 6 مانگى حوکمڕانیتان بوو ده‌بێت بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ و نیوى تر چى له‌م میله‌ته‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌ بکه‌ن.


زۆرترین خوێندراو