به‌ره‌و یادى 38 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

8/3/2014 12:44:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
  سۆران حسن

چه‌ند ڕۆژێکمان له‌به‌ر ده‌مماندا ماوه‌ بۆ پێشوازى له‌ یادى 38 ساڵ خه‌بات و تێکۆشانى پارتێکى نه‌ته‌وه‌یى و خه‌مخۆرى باڵاى گه‌لى کوردستان ئه‌ویش بێگومان یادى 8/8 ڕۆژى له‌دایک بوونى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستانه‌.

له‌کاتێکدا کورد له‌ کوردستانى باشوردا شۆڕشه‌که‌ى توشى داڕمان و هه‌ره‌س هاتبوو به‌ده‌ستى دوژمنه‌کانى کۆمه‌ڵێک خۆنه‌ویست و پێشمه‌رگه‌ى ئه‌م گه‌له‌ چاکى مه‌ردایه‌تییان کرد به‌لادا و به‌هێزێکى که‌م و چه‌ند چه‌کێکى ژه‌نگاوییه‌وه‌ چونه‌ ژێر به‌رپرسیارێتییه‌کى گه‌وره‌و مێژویى ئه‌ویش دروستکردنه‌وه‌ى شۆڕش و ناردنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بوو بۆ چیاکانى کوردستان.
دروستبوونه‌وه‌ى شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ى کوردایه‌تى له‌وه‌ها کاتێکدا زه‌روره‌تێکى مێژوویى بوو چونکه‌ دوژمن واى هه‌ست ئه‌کرد که‌ کورد و شۆڕشه‌که‌ى بۆ هه‌تایه‌ کۆتایى پێهاتووه‌.

حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان به‌ سه‌برێکى زۆرو ووره‌یه‌کى به‌رزه‌وه‌ شانى دایه‌ به‌ر بارى که‌وتویى میلله‌ته‌که‌مان و کاروانى خه‌باتى شۆڕشگێڕانه‌ى خۆى درێژه‌ پێدا ، که‌ له‌ مێژوویى پێ‌ سه‌روه‌رى خۆیدا چه‌ندین هه‌ورازو نشیوى بڕیوه‌و باشترین له‌ڕۆڵه‌کانى خۆى کردۆته‌ قوربانى خاکى پیرۆزى کوردستان که‌ 15 شه‌هیدى سه‌رکرده‌و زیاتر له‌ 4500 پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى له‌و پێناوه‌دا  به‌خشیوه‌ته‌ کوردستان.

 حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌ساتى دامه‌زراندن و له‌دایک بونییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ توانیویه‌تى زۆربه‌ى پێکهاته‌کانى کوردستان به‌جیاوازى ئاین و ڕه‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌وه‌ له‌ ده‌ورى خۆى کۆبکاته‌وه‌ به‌ ئامانجى گه‌یشتن به‌ ده‌سته‌به‌ر کردنى مافى ڕه‌واى گه‌له‌که‌مان له‌ به‌دى هێنانى مافى مرۆڤ و مافى چاره‌ى خۆنوسین و فه‌راهه‌مکردنى ژیانێکى ئارام و ئاسوده‌ بۆ گشت تاکێکى ئه‌م هه‌رێمه‌.

بێگومان ئه‌م ڕۆڵه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کارامه‌یى و شاره‌زایى و ژیرى سه‌رکرده‌کانى کۆن و نوێ ى ئه‌و حزبه‌ به‌تایبه‌ت ڕۆڵى به‌رچاوو کاریگه‌رى پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌ى ماندونه‌ناسى گه‌لى کورد کاک محمدى حاجى محمود، به‌ڕێزیان هه‌میشه‌ له‌شاخ وره‌وپێشه‌نگى هه‌موو سه‌روه‌رى و قاره‌مانێتییه‌کانى شۆڕش بوون که‌ تۆمار کراون به‌ خوێنى سه‌دان پێشمه‌رگه‌و به‌هه‌وڵ و ماندوبوونى خانه‌واده‌کانیان ، کاک محمدى حاجى محمود به‌ که‌سایه‌تییه‌کى سه‌ربازى و سیاسى و دیبلۆماسى ناسراوه‌و ڕۆڵى ئاشتیخوازانه‌ى خۆى به‌ردوام گێڕاوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى گرفت و کێشه‌ ناوخۆییه‌کان هه‌رچه‌نده‌ لێره‌و له‌وێ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌کانیدا دروستکراوه‌ به‌ڵام به‌شاهیدى دۆست و دوژمن که‌سایه‌تییه‌کى کاریگه‌ر بوه‌ له‌هه‌ر بابه‌تێک ده‌ستى بۆ بردبێت، له‌ خه‌باتى شاریشدا هه‌میشه‌ له‌خه‌مى گشت شاروشارۆچکه‌کانى کوردستاندا بوه‌ و هه‌وڵى بێ وچانى داوه‌ بۆ خزمه‌تکردنى عادیلانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان.

ناکرێت مێژووى پێ‌ له‌ سه‌روه‌رى و سه‌رکه‌وتنه‌کانى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان له‌ چه‌ند دێڕێک و چه‌ند ووتارێکدا قه‌تیس بکه‌ین و چونکه‌ به‌نوسینى ڕۆمانێکیش ناتوانین گوزارشت له‌ تۆمارکردنى داستانێک بکه‌ین که‌ گورزى به‌هێز له‌ دوژمن دراوه‌ سه‌ره‌ڕاى شه‌هید بوون و بریندار بوونى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و ئازارو ناسۆرى که‌س و کاریان به‌ده‌ست ڕژێمى عه‌فله‌قییه‌وه‌.

 حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان له‌مێژووى ته‌مه‌نى خۆیدا شه‌ش کۆنگره‌و پلینیۆمێکى به‌ستوه‌ به‌مه‌به‌ستى خۆ ڕێکخستنه‌وه‌و ئاماده‌سازى بۆ قۆناغه‌ جیاوازه‌کانى خه‌باتى ڕه‌واى گه‌له‌که‌مان و به‌رده‌وام به‌ هێزو گوڕێکى نوێ وه‌ ڕوبه‌ڕووى ئه‌و پلانانه‌ بوه‌ته‌وه‌ که‌ دژ به‌ گه‌لى کوردستان داڕێژراون و له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى گه‌له‌که‌مان و دروستبوونى په‌رله‌مان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جه‌ریئانه‌ به‌شدارى سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانى کردوه‌ سه‌ره‌ڕاى سه‌رنج و تێبینى له‌ جۆرو چۆنێتى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌کان هه‌ر پشتگیرى و پشتیوانى خۆى بۆ سه‌رکه‌وتنى ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان دوپات کردۆته‌وه‌و هه‌رچى یه‌کى پێکرا بێت درێغى نه‌کردووه‌ .

ئێستاش حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان و هه‌ڤاڵه‌کانى هه‌قى خۆیانه‌ له‌به‌رهه‌مى خه‌بات و تێکۆشانى چه‌ندین ساڵه‌ى حزبه‌که‌یان سوود مه‌ند بن و پشکى شایسته‌و ڕه‌واى خۆیان له‌ ئه‌نجامى خه‌باتى نه‌پساوه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ى خۆیان وه‌ربگرن .
به‌پێویستى ده‌زانم بیر جه‌ماوه‌رى کوردستان بهێنمه‌وه‌ هه‌ر وه‌ک چۆن پڵنگ ئاسا پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌کانى ڕژێمى دیکتاتۆرى به‌عسى تێک ده‌شکاند هه‌روا به‌و نه‌فه‌سه‌وه‌ وه‌ک یه‌که‌م هێزى لایه‌نه‌کان له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى گرژى و ئاڵۆزییه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى عێراق هێزێکى 500 که‌سى ئاماده‌سازى نارده‌ شارى که‌رکوکى پێ‌ گه‌وهه‌رى کوردستان به‌مه‌به‌ستى به‌رگرى له‌ جه‌ماوه‌رى به‌شه‌ره‌فى که‌رکوک و گشت پێکهاته‌کانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ که‌ ژیانیان خۆش ده‌وێت.

له‌م یاده‌دا به‌ گرنگى ده‌زانم حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان زیاتر ئاوێ‌ له‌ هه‌ڤاڵه‌کانى خۆى بداته‌وه‌و زه‌مینه‌ى باشتر خۆش بکات به‌ ئاراسته‌ى فراوانبوونى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆى و سه‌رکه‌وتنى زیاتر له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوودا.
له‌ یادى 38 ساڵه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان دا به‌ڕه‌واى ده‌زانم پیرۆزبایى له‌ یه‌ک به‌یه‌کى هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامان و که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و دۆست و لایه‌نگرانى حزب بکه‌م و هه‌موان سه‌ربه‌رزین به‌ ڕابردوو ئێستا مانه‌وه‌و کار بۆ داهاتوویه‌کى ڕوناک ده‌که‌ین .


زۆرترین خوێندراو