حه‌وت شه‌وو

8/25/2014 12:17:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سه‌ردار محه‌مه‌د 

- شه‌وى یه‌که‌م له‌خه‌وما
مناڵه‌ عێراقیه‌کان له‌پارکه‌ به‌ناوبانگه‌کانى ته‌نیشت پایته‌خت سه‌رقاڵى وێنه‌کێشان و ژه‌نینى مۆسیقاو جوڵه‌پێکردنى ڕۆبۆته‌کانیان بوون 
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌  
یه‌کیان له‌ژێر داروپه‌ردوى ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا مشتێ‌ خۆڵ له‌چاوه‌کانیدا نیشتبوو..یه‌کیان هه‌ربانگى دایکوباوکه‌ شه‌هیده‌که‌ى ده‌کرد له‌ته‌نیشت ئوتۆمبێلێکى سوتاودا .

- شه‌وى دووه‌م له‌خه‌وما
شاروشارۆچکه‌کان زۆر به‌خێرایى به‌رفراوان ده‌بون و هێزى ئابورى ژماره‌ى ته‌لاره‌ هه‌وربڕه‌کانى گه‌یاندبووه‌ ده‌هێنده‌و دانیشتوانیش له‌که‌رتى پیشه‌سازى و به‌رهه‌مهێناندا ببونه‌ جێى سه‌رنجى دنیاو جار بۆجاریش داهاتى تاک هه‌ڵده‌کشا .
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
شاروشارۆچکه‌کان هه‌ر به‌وبۆمبانه‌ى به‌پاره‌ى ژێرخانى ووڵات هێنرابوون دوکه‌ڵیان لێ‌ هه‌ڵئه‌ستاو دانیشتوانه‌ تۆقیوو برسیه‌که‌ش نیوه‌ى له‌ژێرزه‌مینه‌کاندا بون و نیوه‌که‌ى تریش به‌پێى په‌تى ڕویان له‌سنوره‌کان ده‌کردوو هه‌ندێکیشیان له‌نیوه‌ى رێگادا ئه‌بونه‌ قوربانى .

- شه‌وى سێیه‌م له‌خه‌وما
سونه‌یه‌ک و شیعه‌یه‌ک و کوردێک و تورکمانێک شه‌ره‌فنامه‌یه‌کیان واژۆکردبوو که‌چیترجارێکى تر خۆین نه‌ڕژێت و ووڵاتى فره‌ توخمه‌که‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى سه‌دام حسین .
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
له‌به‌ر بۆگه‌نى جه‌سته‌ى سه‌ر شه‌قامه‌کان نه‌مپه‌رژا بزانم چه‌ند توخمى تر زیادى کردووه‌ .

- شه‌وى چواره‌م له‌خه‌وما
هێزێکى چاکسازوخاوه‌ن نفوس له‌که‌مترین ماوه‌دا توانى چاکسازى ڕیشه‌یى له‌سیاسه‌ت و له‌ده‌سته‌ڵات و ئیداره‌و ئابورى و شێوه‌ژیانى تاکه‌کاندا بکات و وه‌ک فریشته‌یه‌ک فریاى چینه‌ چه‌وساوه‌و هه‌ژاروماف خوراوه‌کان که‌وت و له‌بنچینه‌وه‌ ژیانى وه‌رچه‌رخاند
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌یه‌ک ته‌کسى پێیه‌و 
بانقه‌کان پڕبوون له‌مشک و ڕۆتین ملى ئه‌ستورتره‌و 
پوره‌ عه‌یناى دراوسێشمان نه‌ک هه‌ر پاره‌ى کابانى نه‌بینى ..
بێوه‌ژنانه‌که‌شى خۆمان خۆش .

- شه‌وى پێنجه‌م له‌خه‌وما
مناڵ ببومه‌وه‌و مه‌مله‌که‌ته‌که‌مان بریتى بوو له‌ده‌یان ماڵ و یه‌ک کوێخا
یه‌ک مه‌لا 
یه‌ک ڕادیۆو هه‌مووى گوێگر
یه‌ک زه‌ماوه‌ند
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
جاهێڵێک بووم مه‌مله‌که‌ته‌که‌مان بریتى بوو له‌ ده‌یان کوێخاو یه‌ک ماڵ 
ژماره‌یه‌ک مه‌لا
یه‌ک گوێگرو ده‌یان ڕادیۆ
هه‌روه‌ها له‌ولاشه‌وه‌ مۆنۆمێنتێکى ( زه‌ماوه‌ند ).

- شه‌وى شه‌شه‌م له‌خه‌وما
شه‌په‌شه‌پى ئاڵاى ووڵاته‌که‌م له‌پشت سه‌رمه‌وه‌ هێنده‌ به‌گڕووتین بوو هه‌ستم به‌تواناى سه‌روئاسایى ئه‌کردو شانازیم به‌شوناسى خۆمه‌وه‌ ده‌کرد 
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
ئه‌وه‌خۆ شه‌په‌شه‌پى چارۆکه‌ى به‌له‌مه‌ تێکشکاوه‌که‌ى سه‌ر ده‌ریاى ئیجه‌یه‌ ناهێڵێت بخه‌وم ..که‌سێ‌ رۆژه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ به‌رێوه‌م به‌ره‌و تاراوگه‌ .

- دوواین شه‌و له‌خه‌وما 
هه‌موو ئه‌وانه‌ى ووڵاتیان به‌جێهێشتبوو ده‌سته‌ ده‌سته‌ ئه‌گه‌ڕانه‌وه‌ باوه‌شى نیشتیمانه‌ ئارام و دیموکراس و ئاوه‌دانه‌که‌م ..پاشان یه‌کێک سه‌رقاڵ بو به‌ژنهێنان و یه‌کێک به‌وه‌به‌رهێنان و یه‌کێکى تر به‌نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى که‌لاوه‌که‌یه‌وه‌ 
که‌خه‌به‌رم بۆوه‌
که‌مپێکى خۆرئاوا نه‌مابوو پڕنه‌بوبێت له‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌و به‌هره‌مه‌ندى من و هه‌ر خوێنه‌وارى منه‌و له‌پێناو مانه‌وه‌دا خزمه‌تکارى نه‌خوێنه‌وارێکه‌ له‌ووخاکه‌ى تیایدا بۆ هه‌میشه‌ میوانه‌ . ئااااى چاره‌نوس .


زۆرترین خوێندراو