بۆ ده‌بێت یه‌کێتى و گۆڕان رێک بکه‌ونه‌وه‌

11/6/2014 9:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
بڕیار جه‌لال

ماوه‌یه‌کى زۆره‌ ناکۆکییه‌کى قوڵ له‌ نێوان هه‌ریه‌ک له‌ یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا هه‌یه‌، سه‌ره‌تاى ئه‌و ناکۆکییه‌ وه‌کو حزب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساته‌ وه‌ختى راگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڵام زۆر پێش ئه‌و کاته‌ ناکۆکى قوڵ له‌سه‌ر ئاستى فکرى و سیاسى له‌ نێوان خودى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ لایه‌ک و ژماره‌یه‌کى تر له‌ ئه‌ندامانى باڵاى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان بوونى هه‌بوو، به‌بڕواى من هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکارێکى سه‌ره‌کى بوو تا رێکخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان په‌نا بباته‌ به‌ر دروستکردنى بزووتنه‌وه‌یه‌کى سیاسى ترو هه‌وڵ بدات له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌م درێژه‌ به‌ کارى سیاسى خۆى بدات، هه‌میش خزمه‌ت به‌و ئامانجانه‌ى بکات که‌ له‌ناو یه‌کێتیدا پێى وابوو ناتوانێت بیانهێنێته‌ دى و له‌ پێناویدا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى دروست کرد.

دروستبوونى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان لاى هه‌ندێک زه‌روریه‌تێکى حه‌تمى ئه‌و قۆناغه‌ى دۆخى سیاسى کوردستان بوو، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ندێکى تر لایان وابوو که‌ له‌و کات و ساته‌دا دووکه‌رت بوونى هێزێکى گه‌وره‌ى سیاسى وه‌کو یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان زیانه‌کانى زۆر زیاترن له‌ سووده‌کانى، ئه‌مه‌ دوور له‌و روئیا جیاوازه‌ى که‌ به‌رژه‌وه‌ندى خوازه‌کانى ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسییه‌ى کوردستان له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌کێتى هه‌یان بوو.

روون و ئاشکرایه‌ له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى 25 ى ته‌مووزى 2009، هه‌ریه‌ک له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان چه‌ندین هه‌وڵیانداوه‌ تاکو رێککه‌وتن له‌ نێوانیاندا ئه‌نجام بدرێت و ناکۆکییه‌ قوڵه‌کانى نێوانیان کاڵ بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر کاتێک هه‌وڵێکى وا جا له‌ هه‌رلایه‌کیانه‌وه‌ درابێت زۆرى نه‌خایه‌ندووه‌ گه‌یشتۆته‌ بن به‌ست و جارێکى تر ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسییه‌ جه‌مسه‌ریان له‌یه‌ک گرتۆته‌وه‌، گه‌وره‌ترین قوربانى ده‌رى ئه‌و ناکۆکیانه‌ش دانیشتوانى شارى سلێمانیى بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و زیانانه‌ى به‌ر هه‌رێمى کوردستان که‌وتووه‌ به‌هۆى ئه‌و لێکترازانه‌ى له‌ دواى دوو له‌ت بوونى یه‌کێتى و دروستبوونى گۆڕان هاتۆته‌ ئاراوه‌.

له‌ ئێستادا جارێکى تر ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسیه‌ که‌وتوونه‌ته‌وه‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان و رێککه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌ گرنگه‌کانى پارێزگاى سلێمانى، دواترین کۆبوونه‌وه‌شیان له‌ هاوینه‌ هه‌وارى ده‌باشان به‌ سه‌رپه‌رشتى نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ئه‌نجامدا.

ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان رێک بکه‌ون و چیتر درێژه‌ به‌و ململانێیه‌ نه‌ده‌ن که‌ ساڵانێکه‌ دروستیان کردوه‌، چونکه‌ ده‌بێت هه‌ردوولا باش بزانن که‌ درێژه‌دان به‌ ناکۆکى نێوانیان هێنده‌ى تر جه‌ماوه‌ره‌که‌یان بێ ئومێد ده‌کات و هاوڵاتیانیش له‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌ دیموکراسییه‌ گرنگه‌ى که‌ ناوى هه‌ڵبژاردنه‌ سارد ده‌کاته‌وه‌، زه‌روره‌ ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسییه‌ سلێمانى له‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ رزگار بکه‌ن که‌ ساڵانێکه‌ بۆیان دروست کردووه‌، چونکه‌ ئه‌م شاره‌ ته‌نها موڵکى ئه‌وان نییه‌، به‌ڵکو موڵکى ئه‌و دانیشتوانه‌یه‌ که‌ چه‌ندین ره‌نگ و بۆن و فکرى جیاوازى تێدایه‌.

ئه‌گه‌رچى دروستبوونى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان کاریگه‌رى زۆر باشى هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵماڵینى نهێنییه‌کانى ته‌واوى هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان و ئاگادارکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکى له‌و ناعه‌داله‌تییه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونى هه‌یه‌و هه‌ڵماڵینى په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى که‌ به‌رپرسانى ئه‌م وڵاته‌ به‌ سامانى گشتییه‌وه‌ ده‌یکه‌ین، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا به‌ بڕواى من ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌کێتى جیانه‌بووایه‌ته‌وه‌، ده‌یتوانى ئێستا زۆر باشتر خزمه‌ت به‌ فکره‌ سیاسییه‌که‌ى بکات له‌ چوارچێوه‌ى حزبێکى سیاسى فراوانتردا که‌ یه‌کێتى نیشتمانییه‌ چونکه‌ ئه‌و جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى بوو، هاوکات دۆخى سلێمانیش له‌ حاڵى ئێستاى زۆر باشتر ده‌بوو خزمه‌تى زیاتریش به‌ هاوڵاتیان ده‌کرا، له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش کورد هێنده‌ لاواز نه‌ده‌بوو، چونکه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌کانى عێراق زۆر باش ئاگادارى په‌یوه‌ندى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانن و ئه‌و کاته‌ دڵخۆشن که‌ ناکۆکى له‌ نێوان حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا هه‌بێت.
ده‌بێت ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسییه‌ زۆر باش تێگه‌یشتبن له‌و زیانانه‌ى که‌ هه‌م حزبه‌کانیان  و هه‌م کورد به‌هۆى ناکۆکییه‌کانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و ته‌نانه‌ت هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستانیش پێیان گه‌یشتووه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌و له‌ پێناو سه‌رله‌نوێ دروستبوونه‌وه‌ى ئاشته‌وایى نیشتیمانى و خزمه‌تکردنى زیاتر به‌ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان و له‌ ناویاندا خه‌ڵکى سلێمانى پێویسته‌ ئه‌و دوو هێزه‌ چیتر درێژه‌ به‌ ناکۆکییه‌کانیان نه‌ده‌ن و هه‌رچى زووه‌ رێک بکه‌ون.


زۆرترین خوێندراو