چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکى سه‌ردانه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى

12/3/2014 11:47:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
کارزان هه‌ورامى 

له‌وه‌ ده‌چێت له‌ماوه‌ى هه‌شت ساڵى ڕابردووى حوکمى نورى مالیکى به‌قه‌د ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى کۆتایى ده‌سه‌ڵاتى پێشێلکارى ده‌ستورى به‌رانبه‌ر به‌ کوردستان نه‌کردبێت، چونکه‌ به‌ده‌ر له‌ هه‌موو چوار چێوه‌ى حزبى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى نورى مالیکى ئه‌نجامى دا له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى پێشێلکردنێکى ڕاسته‌وخۆى ده‌ستورى عێراق بووه‌، به‌ڵام ئاڵوگۆڕى له‌ پۆستى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ده‌رگایه‌کى دیکه‌ى بۆ گفتوگۆکانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا کرده‌وه‌، زۆرێک له‌ چاودێرانى سیاسى پێیان وابوو که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى دووباره‌ سیناریۆى نورى مالیکى دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌، جیاله‌وه‌ش پێشبینى وا ده‌کرا که‌ هیچ ئاسۆیه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان نیه‌ به‌ڵام ئێستا گه‌وره‌ترین گرێ کوێره‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا کرایه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ى پێشبینى نه‌ده‌کرا ڕێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا بوو له‌سه‌ر پرسى نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ بۆیه‌ سه‌ردانه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌ت بۆ به‌غدا چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکى سیاسى و ئابورى له‌پشته‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت له‌ چوار چێوه‌ى ئه‌م خاڵانه‌ ڕوون بکرێته‌وه‌.

پێش ئه‌وه‌ى شاندى هه‌رێمى کوردستان بچێته‌ به‌غدا چه‌ند شاده‌مارێکى به‌هێزى له‌ کوردستان دروستکرد یه‌کێک له‌وانه‌ په‌ره‌پێدان بوو به‌ سیاسیه‌تى نه‌وتى له‌ چوار چێوه‌ى ده‌ستورى عێراق تا ئه‌و ڕاده‌یه‌یى که‌ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى کوردستان بۆ تورکیا زۆر زیادى کرد، له‌هه‌مان کاتدا عێراق تووشى قه‌یرانێکى قوڵى دارایى هات کورتهێنانێکى زۆر له‌ بودجه‌ى عێراق دروست بوو بۆیه‌ به‌غدا هه‌رده‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ڕێککه‌وتنى بکردبایه‌، چونکه‌ له‌لایه‌ن به‌ناردنى نه‌وتى کوردستان ئه‌و کورتهێنانه‌ى پڕده‌کرده‌وه‌ له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، عێراق به‌رگه‌ى فشارى نێوده‌وڵه‌تى نه‌ده‌گرت چونکه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانى دراوسێ و له‌لایه‌کى دیکه‌ فشارى داعش واى کردبوو که‌ عێراق له‌ لێوارى مه‌ترسیدابێت، بۆیه‌ به‌ڕکێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر توانى ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبکاته‌وه‌.

له‌ ڕاستیدا ئێستا هه‌ندێک ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ به‌وه‌ى چۆن ده‌بێت به‌غدا له‌ %17ى بودجه‌ى کوردستان ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌کردنى 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ کوردستان، بۆ وه‌ڵامى ئه‌و ڕه‌خانه‌نه‌ دوو خاڵ هه‌یه‌ ده‌بێت له‌بیر نه‌کرێت .
خاڵى یه‌که‌م: ئێستا هه‌رێمى کوردستان نیمچه‌ ئابوریه‌کى سه‌ربه‌خۆى هه‌یه‌ چونکه‌ جیاله‌و نه‌وته‌ى ڕه‌وانه‌ى به‌غداى ده‌کات له‌هه‌مان کاتدا ده‌توانێت نه‌وتى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ش بکات لێره‌دا هه‌رێمى کوردستان هه‌م پاره‌ى %17که‌ى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌م ده‌توانێت نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بکات، جیاله‌وانه‌ش کوردستان له‌ قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى ڕزگارى ده‌بێت ئه‌مه‌ش باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ چوار چێوه‌ى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ په‌ره‌بدات به‌ که‌رتى ئابورى وڵات و ئابورى سه‌ربه‌خۆ .

له‌هه‌مان کاتدا یه‌کێک له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى شاندى کوردى به‌سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕێککه‌وتنه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى زۆر سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌نجام دراوه‌ چونکه‌ خودى سه‌رۆکى حکوومه‌ت گوتى:" ئه‌مه‌ ڕێککه‌وتنى کۆتایى نیه‌" واته‌ له‌ هه‌رئه‌گه‌رێکدا ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان بزانێت ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى خۆیدا ناگونجێت ئه‌وه‌ قابیلى دووباره‌ دانیشتن و گفتوگۆکردنى هه‌یه‌ واته‌ ڕێککه‌وتنێک نیه‌ به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستانى سه‌پاندێت یان هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌ر به‌غداى سه‌پاندبێت به‌ڵگو گفتوگۆیه‌ک بووه‌ له‌ چوار چێوه‌ى به‌رنامه‌و ستراتیژیه‌تێکى هاوبه‌ش واژۆکراوه‌، جیاله‌مانه‌ش سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌کان پشگیرى ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ ده‌که‌ن چونکه‌ جگه‌ له‌م ده‌روازه‌یه‌ پێشبینى ناکرێت ده‌روازه‌یه‌کى دیکه‌ هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر کردنى گرفته‌کان.

له‌وه‌ش ده‌چێت عه‌قڵیه‌تى به‌غداش گۆڕانکارى به‌سه‌ر داهاتبێت چونکه‌، حه‌یدره‌ عه‌بادى نایه‌وێت سیناریۆى نورى مالیکى دووباره‌ بکاته‌وه‌، مالیکى په‌یوه‌ندیه‌کى یه‌کجار خراپى له‌گه‌ڵ تورکیا و وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌بوو عه‌بادى به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌وره‌ترین هه‌وڵى ئه‌وه‌یه‌ که‌ عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ئاشت بکاته‌وه‌، مالیکى هه‌وڵى ئه‌وه‌ بوو که‌ پێکهاته‌ى سوپا له‌خۆى نزیک بکاته‌وه‌، به‌ڵام عه‌بادى ده‌یه‌وێت گۆڕانکارى گه‌وره‌ له‌ سیسته‌مى سه‌ربازى عێراق بکات، مالیکى ده‌یه‌ویست گرفته‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ماى کاردانه‌وه‌بێت به‌ڵام عه‌بادى ته‌نیا خۆى بڕیارى نادات له‌ گفتووگۆکان به‌ڵکو وه‌زیرى نه‌وتى عێراق و وه‌زیرانى تایبه‌ت مه‌ندى ڕاسپارد که‌ هاوکارى بکه‌ن له‌ گفتووگۆکانى هه‌ولێرو به‌غدا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پێشبینى ده‌کرێت عه‌بادى سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان بکات و له‌ نزیکه‌وه‌ چاوى به‌سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بکه‌وێت، خاڵى دواتر ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ تواناى عه‌بادایه‌ ناکرێت پێشبینیه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتى عه‌بادى بکرێت که‌ له‌قه‌باره‌ى تواناکانى خۆى گه‌وره‌ تربێت، چونکه‌ ئێستا عه‌بادى له‌سه‌ر وڵاتێکى وێران دانیشتووه‌، ته‌واوى دامه‌زراوه‌ى سوپا و دامه‌رزاوه‌ میریه‌کان له‌ژێر مه‌ترسیدان پرۆسه‌ى سیاسى عێراق ناجێگیره‌ گه‌نده‌ڵى گه‌یشتوه‌ته‌ لوتکه‌ ئه‌مانه‌ گرفتى گه‌وره‌ى به‌رده‌م عه‌بادین ده‌بێت ئه‌و لایه‌نه‌ش له‌ بیرنه‌که‌ین که‌ بارگرانى له‌سه‌ر عه‌بادى دروست کردووه‌.

لێره‌وه‌ خاڵى هه‌ره‌گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت هه‌رێمى کوردستان بایه‌خێکى جدى بدات به‌ که‌رتى ئابورى له‌ وڵات له‌هه‌مان کاتدا ئابورى سه‌ربه‌خۆى  گرنگترین کاره‌ ده‌بێت حکوومه‌ت به‌ئه‌رکى سه‌رشانى بزانێت.

کۆتا خاڵ له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م جاره‌ خۆشبه‌خانه‌ بودجه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ دیارى کرا به‌پێى ئه‌و بودجه‌یه‌ ده‌توانێت سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ى په‌رله‌مان جێبه‌جێ بکرێت که‌ له‌باره‌ى هێزى پێشمه‌روه‌ دراوه‌، که‌ خۆى له‌ باشترکردنى ژیانى هێزى پیشمه‌رگه‌ و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاشتى گوزه‌رانیان ده‌بینێته‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و بودجه‌یه‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ک بکات یان چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌و پاره‌یه‌ دابین بکات ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک خاڵى گرنگن که‌ له‌ ڕێککه‌وتنى هه‌ولێر ڕه‌نگى دایه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو