کاکه‌ حه‌مه‌ ‌

12/5/2014 11:39:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
خالد سلێمان‌
 
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، که‌ پارته‌که‌ى ته‌نیا کورسییه‌کى له‌په‌رله‌مانى کوردستاندا هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى تردا لۆژیکى پاره‌و «شه‌عبه‌ویه‌ت» له‌فه‌زاى سیاسیى کوردستاندا وه‌ک حزبى بچووک پێناسه‌یان ده‌کات، له‌م چرکه‌ساته‌ى مێژووى کوردستاندا، له‌گۆشه‌یه‌که‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو دیمه‌نى سیاسی، ئه‌وانه‌ى وا ده‌سته‌واژه‌ى بچووک‌و گه‌وره‌یان بۆ حزبایه‌تى داتاشی، پشتێنیان له‌فیکره‌ى به‌رگرى لێکردبوه‌وه‌، تیایدا به‌باشى ده‌رنه‌که‌وتوون. پارته‌که‌ى کاکه‌ حه‌مه‌و پارته‌کانى ترى وه‌ک حزبى شیوعیو زه‌حمه‌تکێشان، له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌ک ته‌نها ده‌نگیان که‌مبوو، به‌ڵکو له‌ ئاستى جه‌ماوه‌رى پارته‌کان خۆشیاندا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ لۆژیکى کڕینى وه‌لائى سیاسیو «شه‌عبه‌ویه‌ت»‌و تیۆریستى ناشاره‌زاى واقیع‌و گۆشه‌ شاراوه‌کانى ناو مێژوو بوون، سیاسه‌ت‌و رۆڵى سیاسیو دیموکراسیه‌تیان گرێدا به‌»ده‌نگ»ه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگى نه‌ناسراوێکیش بێت‌و دووریش بێت له‌دیدو مه‌زه‌نده‌و رسته‌ى شۆڕشگێڕانه‌ى رۆشنبیره‌کانى سه‌ر سه‌کۆى «سلۆگان»ه‌ له‌ بن نه‌هاتووه‌کان.

ئه‌و رۆژه‌ى کاکه‌ حه‌مه‌ له‌که‌رکوکدا ده‌رکه‌وت‌و «مه‌تاره‌» کۆنه‌که‌ى پێشمه‌رگایه‌تى هه‌ڵگرت‌و به‌ڵێنیدا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌کانى داعشدا بێده‌نگ نه‌بێت‌و سه‌نگه‌ر به‌جێ نه‌هێڵێت‌و به‌رگرى له‌خاکى کوردستان بکات، ژماره‌یه‌کى به‌رچاوى ناو دیمه‌نى سیاسیو میدیاو رۆشنبیرانى کورد، نه‌یانزانى کاکه‌ حه‌مه‌ ته‌نها «مه‌تاره‌»که‌ى نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ ناو دیمه‌نى به‌رگری، به‌ڵکو به‌شێک له‌ڕووحیشى تێکه‌ڵ به‌و ئاوه‌ کردووه‌، کاکه‌ عه‌تا-شى کردۆته‌ شاهیدى بێده‌نگ نه‌بوون‌و راگه‌یاندنى قۆناغێکى نوێ له‌به‌رگری، نه‌یانزانى له‌نێوان ته‌نزیرى سیاسیو مێژووى که‌سێکى وه‌ک کاکه‌ حه‌مه‌دا، که‌ره‌سته‌کانى وه‌ک مه‌تاره‌ى ئاو نه‌ک ته‌نیا به‌شێکه‌ له‌فیکره‌ى پاراستنى نیشتمان، به‌ڵکو به‌شێکه‌ له‌یاده‌وه‌ریى نیشتمانیش. نه‌یانزانى ئیتر ده‌توانرێت له‌کوردستاندا باسى حزبى گه‌وره‌و بچووک بکرێت به‌باسى هه‌ڵوێستى گه‌وره‌و بچووک، زۆرجاریش که‌سێک له‌مێژوودا ئاراسته‌ى رووداوه‌کان ده‌گۆڕێت‌و راى گشتى له‌بازنه‌ى حه‌شاماته‌وه‌ ده‌خاته‌ ناو ئه‌و گۆشانه‌ى وا تیۆریسته‌کانى شۆڕش‌و گۆڕینه‌ گه‌وره‌کان، له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت، لێى نزیک نابنه‌وه‌.

ژماره‌یه‌ک له‌ناوه‌ندى میدیاو رۆشنبیران وا ته‌ماشاى ئه‌م دیمه‌نه‌‌و سه‌ربازییو سیاسییه‌ ده‌که‌ن، که‌ ژینگه‌یه‌کى نوێ بۆ «عه‌سکه‌رییه‌کانی» ناو حزبه‌کان دروست بکات‌و جارێکى تر به‌»نفوز»ه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو دیمه‌نى سیاسه‌ت له‌هه‌رێمى کوردستاندا. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م رایه‌ - که‌ مه‌به‌ست لێى کاکه‌ حه‌مه‌ بێت یان نا- له‌م دۆخه‌دا یه‌کێک بێت له‌و رایانه‌ى کورتبینترین دنیابینیى سیاسى تێدا بێت، چونکه‌ میلیتاریزم له‌سیاسه‌ت جیا ناکرێته‌وه‌، تایبه‌تیش له‌چرکه‌ساتى به‌رگریى له‌به‌رده‌م هێزێکى فاشى وه‌ک داعشدا. ئه‌م قسه‌یه‌ له‌کاتێکدا کرا که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌جه‌له‌ولا سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ست هێنا، له‌هه‌مانکاتیشدا له‌قۆڵى که‌رکوکه‌وه‌ داعش به‌ پێى پلانێک په‌لامارى پێشمه‌رگه‌یدا، پلانه‌که‌ش وا بووه‌ که‌ که‌رکوک داگیربکه‌ن‌و جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ له‌بیرى خه‌ڵک ببه‌نه‌وه‌، له‌م چرکه‌ساته‌دا که‌سانى وه‌ک کاکه‌ حه‌مه‌و عه‌تاى کوڕیو سه‌دان پێشمه‌رگه‌ى تر،  پلانه‌که‌ى داعش تێکده‌شکێنن.

هه‌ر له‌م چرکه‌ساته‌دا کاکه‌ حه‌مه‌، وه‌ک له‌ڤیدیۆیه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت‌و به‌ده‌ست ئاماژه‌ بۆ عه‌تا ده‌کات خۆى بداته‌ لاوه‌، وێنه‌ى تافى لاوێتى دروست ده‌کاته‌وه‌و له‌چه‌ند چرکه‌یه‌کدا  زیاتر رووبه‌ڕووى چه‌ته‌کانى داعش ده‌بێته‌وه‌و ته‌قه‌ ده‌کات. ئه‌م پیاوه‌ له‌وێنه‌که‌دا پێمان ده‌ڵێت که‌ به‌هاى مه‌تاره‌که‌ چه‌ند گه‌وره‌یه‌و له‌و چرکانه‌دا چه‌ندێ پێویستى به‌ئاو بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شى له‌به‌رچاوبوو که‌ خۆیو کوڕه‌که‌یو پێشمه‌رگه‌کانى تر له‌به‌رده‌م دووژمنێکى فاشیدا ده‌جه‌نگن‌و له‌نێوان ژیان‌و له‌ده‌ستدانیدا ته‌نها چه‌ند هه‌نگاوێک ماوه‌، هه‌ر ئه‌م چرکه‌یه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌ ره‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ «پێشمه‌رگه‌» له‌ ناو سیاسه‌تدا نه‌مابوو، چونکه‌ له‌مێژووى سیاسه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتدا سه‌رکه‌وتن‌و شکست، به‌ته‌نها پێوه‌رى سه‌بازییان نه‌بووه‌، به‌ڵکو به‌شێکیش بوون له‌قوڵایى ستراتیژو سیاسه‌ت.

پێترایۆس له‌عیراقدا نه‌خشه‌ى سیاسه‌تى ئه‌مریکاى گۆڕیو هه‌موو ناوه‌نده‌کانى بڕیارى سیاسى له‌واشنتۆن گوێى لێده‌گرن، ئه‌ى چۆن سه‌رکرده‌یه‌کى کورد که‌ نه‌خشه‌ى هه‌ڕه‌شه‌و ترس ده‌گۆڕێت گوێى لێ نه‌گیرێت. لێره‌وه‌ ده‌توانرێت بووترێت کاکه‌ حه‌مه‌، که‌ له‌م چرکه‌یه‌دا له‌ ناوه‌وه‌ ده‌گرییو فرمێسکى بێده‌نگى ده‌ڕێژێت، له‌نوێکردنه‌وه‌ى وێنه‌که‌یو گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ تافى لاوێتی، شتێکى گه‌وره‌ به‌گوێماندا ده‌چرپێنێت‌و ده‌ڵێت: گه‌وره‌و بچووکیى له‌هه‌ڵوێستدایه‌، نه‌ک شتێکى تر. ئه‌م پیاوه‌ هه‌رگیز شتى واش راناگه‌یه‌نێت، بۆیه‌ مۆڵه‌تم به‌خۆمداو لێره‌دا به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ قسه‌م کرد.


زۆرترین خوێندراو