له‌ په‌راوێزى رێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى به‌غدا

12/7/2014 2:54:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
هاوڕێ مه‌حموود 
مامۆستاى راگه‌ یاندن له‌  زانکۆى سلێمانى

له‌ په‌راوێزى رێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى به‌غداد  دا :   نه‌وت ده‌ڕوات، پاره‌ دێت ، پلانى ئاینده‌ى حکومه‌ت چۆن ده‌بێت ؟

نه‌وت ده‌ڕوات و پاره‌دێت  له‌ دیدى خه‌ڵکى عیراق و کوردستاندا دووباره‌یه‌کى به‌رده‌وامى مژده‌به‌خشه‌.

ئه‌مه‌ئه‌و هاوکێشه‌یه‌یه‌ که‌ به‌رئه‌نجامى هاوکێشیه‌کى سیاسی و ریکه‌وتنێکى دێرینترى حکومه‌تى عیراق و کومه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تی بوو - که‌ له‌  نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا خۆى ئه‌بینیه‌وه‌ -  به‌ناوى رێککه‌وتننامه‌ى نه‌وت  به‌رانبه‌ر به‌ خۆراک ؟

زۆربه‌مان له‌ زه‌ینماندا هێشتا زیندووه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ى گه‌لانى عێراق به‌ده‌ست دیکتاتۆرێکى بێ به‌زه‌ییه‌وه‌ هه‌ر رۆژه‌ى  نغرۆى قه‌یران و کێشه‌یه‌ک ده‌کرا تاکو کار گه‌یشته‌ قڕکردنى هاوڵاتیه‌کانىو ئه‌وانه‌ش که‌ له‌ ژیاندا مان و  به‌رشاڵاوى قرکردن نه‌که‌وتن بوونه‌ شاهید عه‌یانى بینینى مۆدیلى ڕاوى  گوڵه‌گه‌نم له‌ جیاتى پیاسه‌ى ده‌شت وده‌رو  ده‌رکه‌وتنى  خورما چاوڕه‌که‌ش له‌هه‌ندى شوێن وه‌ک به‌دیلی شه‌کر بوو  بۆ خواردنه‌وه‌ى دێژله‌مه‌یه‌ک.

ئه‌وێ رۆژێ بۆ ده‌رچوون له‌وقه‌یرانه‌ حکومه‌ته‌ که‌نارخراوه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌که‌ى ئه‌وساى  عیراق سه‌وداى نه‌وت به‌رانبه‌ر به‌ خۆراکى هینایه‌گورێ ، له‌ ئه‌نجامى سه‌رگرتنى ئه‌و سه‌ودایه‌دا هه‌ناسه‌یه‌ک به‌ به‌رخه‌ڵکیدا هاته‌وه‌، هه‌ر به‌بینینى فوڕمى بایه‌عیه‌که‌ ئیدى تا راده‌یه‌کى باش ئاوه‌دانى و هه‌رزانى  گه‌ ڕایه‌وه‌ بۆ ووڵات،هاوکات له‌ به‌رهه‌مى ئه‌و ڕیککه‌وتنه‌دا لایه‌نى دوومى رێککه‌وتنه‌که‌ش که‌کۆمه‌ڵگاى نیوده‌وڵه‌تى  بوو  بووه‌ سوودمه‌ندیکى سه‌ره‌کى له‌ وه‌رگرتنى نه‌وتى عێراقدا.

دواى ده‌رهێنان و به‌بازارکردنى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانیش - وه‌ک مافیکى سروشتى  و یاسایی حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستان-  ئیدى نه‌وت بووه‌ گرێ کوێره‌ گه‌وره‌که‌ى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غداو دواجار بووه‌  به‌هانه‌یه‌کى نایاساییش به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراقه‌وه‌ بۆ  بڕینى قووت و مووچه‌ى خه‌ڵکى کوردستان!           
 
   لێره‌وه‌  قه‌یرانێکى دارایی له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هێنایه‌ کایه‌وه‌و ژیانى مووچه‌خۆرانى به‌ره‌و دواوه‌ گێرایه‌وه‌ و بزاوتى ئابورى وجووڵه‌ى  بازارى لاوازکرد ،هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانى وه‌ستاند و سه‌دان کومپانیاو هه‌زاران کریکارى بێکارکرد !
بۆ چاره‌سه‌ر کردنى ئه‌م ڕه‌وشه‌ له‌هه‌فته‌ى رابوردوودا  به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ریککه‌وتننامه‌ى  نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى به‌غدا واژوو کرا  ئه‌مه‌ش  له‌به‌ر  مه‌بناى رێککه‌وتنى سه‌ره‌تایی نێوان وه‌زیرى نه‌وتى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بوو.

به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ گرنکه‌ که‌ئیدى  پاره‌ دێته‌وه‌ ناو بانکه‌کانى کوردستان و گیرفانى مووچه‌خوران گه‌رم ئه‌بێته‌وه‌و بازارى وه‌ستاو ئه‌بوژیته‌وه‌ و له‌و میانه‌یه‌دا  رێژه‌ی بیکارى که‌متر ده‌بێته‌وه‌،وه‌لى ئه‌وه‌ى  بێروکه‌ى بنه‌ره‌تى ئه‌م ووتاره‌یه‌  و بۆ هه‌رێمى کوردستان فره‌ گرنکه‌ ووردبوونه‌وه‌ یه‌ له‌  ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کانى ئه‌م رووداوه‌ و سه‌رپێیانه‌ سه‌یرنه‌کردنیه‌تى و سوود بینینه‌ له‌ وانه‌کانى پشت ئه‌م رووداوه‌ !
پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت که‌ ده‌سه‌لاتدارانى عێراق هه‌مان ده‌سه‌ڵاتدارانى رابوردوون  و رازى بوونیان  به‌ ناردنى به‌شه‌بوودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان  و اعترافکردنیان به‌ بۆرىی ه‌ نه‌وتیه‌که‌ى  و ناردنى مووچه‌ى هێزى پیشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌نه‌ى له‌ په‌رۆشیى حکومه‌تى عێراقه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشانه‌ له‌ گه‌ل هه‌رێمى کوردستاندا  ئه‌وه‌نده‌ زیاتر به‌رمه‌بناى لاوازى حکومه‌تى عیراق و  به‌ واقیعبوونى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان و گه‌یشتنى به‌ بازاره‌کانى جیهانه‌ ،  هاوکات  پێشهاته‌ نوێکانى  ده‌رکه‌وتنى تیرۆریستانى داعش وئاشکرابوونى  هێز و سه‌نگ و پاڵه‌وانیه‌تى هێزى پیشمه‌رگه‌ى کوردستان و به‌خشینى خوێنى ئه‌م هێزه‌یه‌ وه‌ک نوێنه‌رێکى  نێوده‌وڵه‌تى له‌ جه‌نگى تیرۆریستانى داعشدا ،ئه‌مه‌و دروستبوونى کۆده‌نگیه‌کى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر دۆزى کورد و ڕۆڵى به‌رچاوى له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعشدا هۆکارێکى ترى نه‌رمى نواندنى حکومه‌تى عێراقه‌،هه‌روه‌ک فشارى ئه‌مریکا و ئیرانیش به‌ڕوونى ئه‌بینرێت به‌ ئاراسته‌ى که‌وتنه‌ سه‌رپێی ئه‌م حکومه‌ته‌ نوێیه‌ى عێراق  که‌مه‌سه‌له‌ى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غداد گه‌وره‌ترین له‌مپه‌رى به‌رده‌م ئه‌م حکومه‌ته‌ بوو.
به‌لام ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ى هه‌رێمى کوردستان گرنگتره‌ ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ خه‌مساردانه‌ پاڵى لى نه‌ده‌ینه‌وه‌و  چاوه‌ڕى ى  دووباره‌ بوونه‌وه‌ى هه‌مان سیناریۆى بڕینى بودجه‌و مووچه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ،ئه‌مه‌ش پێوستى به‌ دانانى پلانێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ئابورى یه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستانه‌وه‌.

زه‌رووره‌ته‌ ئه‌و پلانه‌ به‌مه‌به‌ستى پاشکه‌وتکردن دابرێژریت وسیاسه‌تێکى ته‌قه‌شوفیانه‌ى ئابورى  و ده‌ستگرتنه‌وه‌ ى  ئه‌وتۆ له‌خۆ بگریت که‌ له‌کاتى دووباره‌بوونه‌وه‌ ى هه‌مان سیناریۆدا حکومه‌تى هه‌رێم نه‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر ساجى عه‌لی وئاتاجى قه‌رزکردن نه‌بێت له‌ ده‌رو دراوسى  و  له‌سه‌ر پێی خۆى بوه‌ستێت و به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد  بتوانێت بوودجه‌ى ته‌شغیلی و  وه‌به‌رهێنانى خۆى دابین بکات.
به‌ڕاى نووسه‌رى ئه‌م ووتاره‌  ناوه‌رۆکى ئه‌و پلانه‌ش پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌ک بێت که‌ توانستى پاشکه‌وتکردنى دارایی هه‌بێت  و له‌کاتى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی دا وه‌ک چاره‌سه‌ر به‌کار بهێنریت نه‌ک به‌دروستکردنى قه‌یرانى زیاترى وه‌ک  دووباره‌  دواکه‌وتنى مووچه‌و به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخى به‌نزین و  کرى ى کاره‌باو دروستکردنى قه‌یرانى غاز و ... هتد  هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌که‌ بدرێت ،ئاشکرایه‌  هه‌مووئه‌مانه‌ش  بارى سه‌رشانى هاوڵاتى ئه‌م هه‌رێمه‌ قورستر ئه‌کاتٍ ،         
      له‌و روانگه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ى خواره‌وه‌ له‌ئه‌وله‌ویاتى ئه‌و پلانه‌دا ره‌نگ بده‌نه‌وه‌ :

1- به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر سیاسه‌تى که‌مکردنه‌وه‌ى  خه‌رجی یه‌ زیاد و ناپێویسته‌کانى وه‌زاره‌ت و دام ده‌زگاکانى حکومه‌ت .
2- که‌مکردنه‌وه‌ى به‌هه‌ده‌ردان له‌ ئیفاد و گه‌شت و سه‌ردانى به‌رپرسانى حکومه‌ت.
3- که‌مکردنه‌وه‌ى کڕینى ئۆتۆمۆبیل بۆ به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران و وه‌زیره‌کان.
4- که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ تایبه‌ته‌کانى وه‌ک وه‌زیرو په‌رله‌مانتارو به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کان له‌و ڕوانگه‌وه‌ ره‌چاوى که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆکایه‌تى کۆمارو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیره‌کانى عێراق بکریت ،که‌چاوه‌روان ده‌کرێت که‌مکردنه‌وه‌ى  مووچه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوینه‌رانیشى به‌دوادا بێت.
5- بڕینى مووچه‌ى بێ ده‌وام وبێ عه‌ره‌ق و بى خێر بۆحکومه‌ت  که‌ به‌ مووچه‌ى بندیوار    ناو ئه‌برێت، که‌زۆربه‌ى ئه‌م مووچه‌خورانه‌ى بندیوار خاوه‌ن مووچه‌ى به‌رزن ئه‌مه‌ش بۆته‌ بار گرانیه‌کى  قه‌به‌  به‌سه‌ر بوودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.  
6- پێداچوونه‌وه‌  به‌ لیستى ناوى مووچه‌ى که‌س وکارى شه‌هیدان  و ئه‌نفالکراوان، مه‌به‌ستى نووسه‌ر له‌م خاڵه‌ ئه‌وه‌یه‌  که‌  له‌ په‌ناى  مووچه‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى ڕاسته‌قینه‌دا  سه‌دان مووچه‌خۆرى ترى ناراست  هه‌یه‌ که‌ به‌ ناوى که‌س وکارو وارسى   شه‌هید و ئه‌نفالکراوانه‌وه‌  مووچه‌ى بۆ دابینکراوه‌و له‌ بنه‌ره‌تدا نه‌شه‌هیدو نه‌ئه‌نفالیشى هه‌یه‌،پێویسته‌ ئه‌م لیستانه‌ ووردبینیان تیادا بکرێت  و پاک بکرێنه‌وه‌و ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌م لایه‌نه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بو خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت بخریته‌ سه‌ر مووچه‌ى وارسى  شه‌هیدان و نه‌نفالکراوانى ڕاسته‌قینه‌،ئه‌وانه‌ى به‌خوێنى گه‌شیان بونه‌ بنیاتنه‌رى ئه‌م ئازادی و کیانه‌ى ئه‌مرۆى باشورى کوردستان ،که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موومان قه‌رزاریانین.
7- که‌مکردنه‌وه‌ى نرخى کڕینى ڤیلاو پێداویستیه‌کانى ناوماڵ بو وه‌زیره‌کان و په‌رله‌مانتاران  له‌سه‌ر قووتى  ئه‌و خه‌ڵکه‌ى  که‌ هه‌ڵی بژاردوون بۆ خزمه‌تکردنیان !
8- چالاککردنى لیژنه‌ى نه‌زاهه‌ى په‌رله‌مان و دیوانى چاودیری دارایی هه‌رێمى کوردستان،به‌مه‌به‌ستى ریگرتن له‌ به‌هه‌رده‌رچوونى بودجه‌ى خه‌ڵکى کوردستان.
ئه‌مانه‌ و چه‌ندین رێکارى ترى ده‌ستگرتنه‌وه‌ى  ئابورى و سوودبینین له‌ ڕاى پسپۆرانى ئه‌و بواره‌  ریکارى به‌ په‌له‌و پێویستن بۆئه‌م بارودۆخه‌ى  ئه‌مرۆى هه‌رێمى کوردستان  تاکو له‌ پاڵ داهاتى فروشتنى بڕه‌ نه‌وتى زیاده‌ى هه‌رێمدا پاشه‌که‌وتێکى دڵنیاکه‌ربێت بۆ کاتى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى ئابوری .
ئه‌م ترسه‌ش  له‌و ڕاستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێت  که‌ به‌هۆى به‌هانه‌ نایاساییه‌کانى به‌غداوه‌  پردى متمانه‌ له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدادا هێنده‌ به‌هێز نیه‌ و  هاوکات هێشتا دڵنیانین له‌وه‌ى  که‌ ئه‌گه‌رى برینى مووچه‌و قووتى خه‌ڵکى کوردستان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى حکومه‌تى عێراقه‌وه‌  ئه‌گه‌رێکى ته‌واو ره‌فزکراوه‌ !


زۆرترین خوێندراو