هه‌موان سازن که‌چى ناسازێن

4/16/2015 2:01:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  هه‌ردى لۆته‌ری
 
 که‌شتى یه‌ سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆ له‌ناو ده‌ریایه‌ک ڕووداو تێڕژاو دا ڕێده‌کات و به‌ ده‌یان سه‌رکرده‌ و ده‌ست ڕۆیشتووى هه‌رێم به‌بیروبۆچونى جیاوازه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌که‌ن ، که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌ دیدوو تێڕاوانى خۆى وسه‌پاندنى بیرى پارته‌که‌ى ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌سه‌ بێت که‌ هه‌موان گوێ ڕایه‌ڵى بکه‌ن و ڕاى لێ وه‌ر بگرن .

ئه‌مه‌ له‌ کاتێک دایه‌ که‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ لێوان لێوه‌ له‌ قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕو ئاشوبى سه‌ر سنورو مه‌ترسى خاک داگیر کردن و شه‌ڕى ده‌سه‌ڵات و نفوز و کورسیش که‌چى ئه‌و پارت و سه‌رکردانه‌ به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ناسازێن ، ئه‌و ڕووداوانه‌ى که‌ڕوویان داوه‌ و ڕووش ده‌ده‌ن کوردستانیان له‌ گێژاوى تریش نزیک کردۆته‌وه‌ ڕووداو گه‌لێک که‌ هه‌موولایه‌ک هه‌ستى پێده‌که‌ن له‌ ڕووى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى ، سه‌رباره‌ى ئه‌وش هه‌موان له‌ چاوه‌ڕوانیدان ئاخۆ سبه‌ى چى ده‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ کامێک له‌ سه‌ر کرده‌کان هه‌نگاوى کردارى و به‌په‌له‌ بۆ چاره‌سه‌رى بنبڕى ئه‌م گرفت و کێشانه‌ بنێن که‌ له‌ داهاتوو دا کێشه‌کان که‌ڵه‌که‌ ده‌بن و  ده‌بنه‌ هۆى ماڵ وێرانى .
ئه‌وه‌ى وه‌ک گاڵته‌ جاڕیشى لێ هاتووه‌ گوتارى وه‌ها گوێ بیست ده‌بى کورد وته‌نى "ووڵات شامى شه‌ریفه‌" یه‌ک هه‌ڵوێستى و کۆ ده‌نگى باڵى ئارامى به‌ سه‌ر ته‌واوى ووڵاتدا کێشاوه‌  که‌ له‌ ڕاستیشدا وانى یه‌ ته‌نها وه‌ک خۆ خه‌ڵه‌تاندن ئه‌مانه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا بڵا و ده‌کرێنه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر وردبینانه‌تر بڕوانین بۆ هه‌بوونى  کۆ ده‌نگى نیشتمانى ئه‌وه‌ له‌سه‌رپرسى ده‌ستورى کوردستان و ولایه‌تى سه‌رۆکى هه‌رێم کام سازان و کۆ ده‌نگى به‌دى ده‌که‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌ته‌ خۆجێ یه‌کانى پارێزگاکان  و پێکهێنانى کۆمسێۆنى ڕاپرسى و هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستان و زۆرێک له‌ یاسا تێپه‌ڕینراوه‌کانى په‌ر له‌مانى کوردستان چیت بۆ ده‌ر ده‌که‌وێت ؟ جگه‌ له‌ نه‌بوونى یه‌کڕیزى و ڕێزنه‌گرتن له‌ که‌م و زۆر ، ئه‌وه‌یه‌ سازانى لایه‌نه‌کان و یه‌ک ڕیزى نیشتمانى .

نه‌بوونى کۆده‌نگى و  نه‌سازان له‌سه‌ر زۆر پرسى نیشتمانى گشتى به‌ئاشکرا له‌سه‌ر شانۆى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى دا جیاوازیه‌کان و زیانه‌کان نمایش ده‌کات .

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ گشت سه‌رکرده‌ و پارته‌کانه‌ به‌ڕاست و چه‌په‌وه‌  باسى سازان و هاوهه‌ڵوێستى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕووحیه‌ته‌ له‌ هیچ کامێکیان وه‌ک پێویست به‌دى ناکرێت ، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ هیچ له‌و پارت و سه‌رکردانه‌ متمانه‌یان به‌یه‌کتر نییه‌ وه‌ جورێک له‌ بیرکرنه‌وه‌ش زاڵه‌ به‌سه‌ریاندا که‌هه‌ر لایه‌ک بچیَِته‌ سه‌ر ڕایه‌ک یان دوانى تر ئه‌وا وه‌ک ته‌نازول بۆ خۆى هه‌واداران هه‌ژمارى ده‌کات و بۆى هه‌ژمار ده‌که‌ن ،بۆیه‌ واى به‌لاوه‌ باشتر که‌ له‌م ئاسته‌دا دوور به‌دوور هه‌م قسه‌که‌ر و سه‌یر که‌ر بن ، زۆرجارو ته‌نها یه‌ک هۆکار ئه‌وان له‌ سه‌ر یه‌ک مێز کۆ ده‌کاته‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ک کۆ ده‌نگ ده‌بن و له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌سازێن که‌ ده‌ستکه‌وت و ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ده‌که‌ن ، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موان نى یه‌ زۆره‌کان که‌مه‌کان بێ به‌ش ده‌که‌ن و له‌و لاشه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى سازان و دیموکراسى ده‌که‌ن .

له‌ ئێستاشدا دۆخى ڕامیارى کوردستان وا ده‌خوازێت که‌ ئه‌و سازان و کۆ ده‌نگى یه‌ له‌گوتاره‌وه‌ بکرێته‌ کردار که‌ به‌جۆرێک هه‌مووان ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕن که‌ که‌شتییه‌که‌ى کوردستان به‌ره‌و که‌نارى ئارام به‌رن و خه‌ڵکى ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌م دۆخه‌ خوڵقێنراوو سه‌پێنراوه‌ى ده‌ستى ئه‌م و ئه‌و خۆمان ڕزگار بکه‌ین ، که‌ هه‌موانیشپێویسته‌ بسازێین و به‌سته‌ڵه‌کى چه‌ق به‌ستووى کێشه‌ جۆر به‌جۆره‌کان تێکبشکێنرێن و ململانێ کانى پۆست و پله‌ و مه‌ترسى خاک و باڵا ده‌ستى کوێخاکانى بێگانه‌ و چاکسازى ئیدارى و سیاسى بخه‌نه‌ ژێر نه‌شته‌ر گه‌رى چاره‌سه‌رى و برینى تازه‌و کۆنى  قه‌تماغ گرتووه‌کانیش ساڕێژتر بکه‌نه‌وه‌ گیانى به‌رپرسیاریه‌تى و ناسکى دۆخى قۆناغى ئه‌مڕۆ بکه‌نه‌ هه‌وێنى سازانى گشتى پرسه‌ کۆن و ناکۆکه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانیش تێپه‌ڕێن و زه‌مینه‌ سازى بۆ یه‌ک گوتارى نه‌ته‌وه‌ى بهێنه‌ دى و  هیواکانى ئینتماى نه‌ته‌وه‌ى جارێکى تر زینده‌ به‌چاڵ نه‌که‌نه‌وه‌و ئه‌و سازانه‌ بسازێن که‌ چیتر گوتارى له‌رزۆک و جیاکارى و  نێتى نیشتمان فرۆشى زیندوو نه‌کاته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو