ئاماده‌کردنى ڕه‌شنوسى ده‌ستورو کێبڕکێ سیاسیه‌کان

5/4/2015 5:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سۆران حه‌سه‌ن

ماوه‌یه‌که‌ گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت که‌ لیژنه‌یه‌کى 21 که‌سى بۆ ئاماده‌کردنى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێم پێک ئه‌هێنرێت به‌ڵام لێره‌و له‌وێ ده‌نگۆى جیاوازى له‌سه‌ر باس ده‌کرێت ، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مڕۆ دوا بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌و به‌ئاره‌زووى پێنج حزبه‌که‌ کاره‌که‌یان مه‌یسه‌ر کردووه‌ بۆ خۆیان .

من پێم وایه‌ ئاماده‌کردن و نوسینه‌وه‌ى ڕه‌شنوسى ده‌ستور کارێکى زۆر گرنگه‌و تایبه‌تمه‌نده‌ به‌گشت تاکێکى کوردستانه‌وه‌و ئاینده‌ى سه‌رجه‌م پێکهاته‌و چین و توێژه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت ، ناکرێت چینێک ده‌ستورێک بنوسنه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و داروده‌سته‌کانیان و به‌شێکى زۆرى لایه‌نه‌کان و چین و توێژه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانى لێ مه‌حروم بکرێت، ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێ ى تێڕامانه‌ له‌ موناقه‌شه‌ى کۆبونه‌وه‌کانى په‌رله‌ماندا باس له‌وه‌ ده‌کرا که‌ پێویسته‌ زلهێزه‌کان واته‌ پێنج حزبه‌که‌ کار له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ بکه‌ن چونکه‌ ئه‌وان زۆرترین ده‌نگى خه‌ڵکى کوردستانیان هه‌یه‌ به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند لایه‌ن و چینێکى به‌رفراوانى کۆمه‌ڵگاى کوردى فه‌رامۆش ده‌کرێت که‌ بێگومان سبه‌ى ڕۆژیش له‌ به‌رپرسیارێتى دۆخى نه‌خوازراویش به‌رپرسیار نابن به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانن له‌ کاته‌ هه‌ستیارو ناخۆشه‌کاندا له‌ شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌کاندا فریاى خاک و نیشتمان ده‌که‌ون..

 به‌کورتى و به‌کوردى چوار حزبى دێرین و خاوه‌ن خه‌بات و مێژووى پرشنگدار که‌ هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌ خزمه‌تکردنى خه‌ڵک و سه‌روه‌رى یاساو سه‌قامگیرى ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌رفکردووه‌ به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان کراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ معاده‌له‌که‌و به‌ چوار کورسى په‌رله‌مان و زیاتر له‌ 000 65  هه‌زار ده‌نگه‌وه‌ ته‌نها یه‌ک ئه‌ندامیان له‌و لیژنه‌ 21 که‌سییه‌دا بۆ داناون  که‌ئه‌وه‌ زوڵمێکى گه‌وره‌یه‌ له‌ چینێکى دییارو به‌رجه‌سته‌ى ناو جه‌ماوه‌رى به‌شه‌ره‌فى کوردستان.

ئه‌و پێنج حزبه‌ى که‌ باسمان لێوه‌ کردن سیانیان (جاران دوور له‌ ئێستا) ئۆپۆزسیۆن بوون و هه‌میشه‌ باسى قۆرخ کارى و دیکتاتۆرى و خۆپه‌رستى  دوو حزبه‌که‌ى تریان ده‌کرد به‌ڵام ئێستا خۆیان  100%  نمایشى سیاسه‌ته‌که‌ى ڕابردووى ئه‌وان ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت شوێنگره‌وه‌یه‌کى باش بن بۆ درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تى دیماگۆجیه‌ت و له‌گۆڕنانى ئازادى و ڕاى خه‌ڵک.

به‌ڕاى من ئه‌م کاره‌ پێویست بوو زۆر له‌مێژه‌ کارى بۆ کرایه‌و نه‌خرایه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌رى لایه‌نه‌کان و په‌رله‌مان به‌ڵکو پێویست بوو خه‌ڵکانى زۆر شاره‌زاو لێهاتوو به‌ ئه‌زموون کاریان تیادا بکردایه‌و مامۆستایانى زانکۆ له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌یان تاوتوێ بکردایه‌و ده‌ستورێکى باش و گونجاو که‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆ ئاینده‌دا خۆى بگونجاندایه‌ ئاماده‌بکردایه‌و پاشان بخرایه‌ته‌ به‌ر ده‌ستى خه‌ڵک و دوا بڕیاریان له‌سه‌ر بدایه‌.

ئێستاش وه‌ک تاکێکى ئه‌م هه‌رێمه‌و خه‌مخۆرێکى ئاینده‌ى نیشتمانه‌که‌م پێشنیار ده‌که‌م پیاداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیاره‌دا بکرێت و خه‌ڵکانى خاوه‌ن لێهاتووى به‌رز کار له‌و لیژنه‌یه‌دا بکه‌ن نه‌ک که‌سانى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ند خواز که‌ ته‌نهاو ته‌نها ده‌ستکه‌وته‌کانى ئه‌مڕۆى خۆیان ده‌که‌نه‌ پێوه‌ر بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورو به‌ڕێ کردنى ئه‌م قۆناغه‌ى خه‌بات به‌ ئامانجى ده‌ستکه‌وتنى زۆرترین ئامانجى حزبى و شخصى خۆیان .

له‌کۆتاییدا ده‌ستور موڵک و ئاینده‌ى هه‌موو تاکێکى ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌و پێویسته‌ زۆرترین سازانى له‌سه‌ر بێت و مافى گه‌وره‌و بچوک و چین و توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانى تیادا پارێزراو بێت.
 


زۆرترین خوێندراو