به‌جێ هێشتنى کوردستان به‌ئه‌رکێکى نیشتمانى ده‌زانن

7/2/2015 5:09:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
هه‌ردى لۆته‌ری

دواى ساڵى نه‌وه‌ده‌کان و له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکى پڕۆسه‌ى ئازادى عێراق تا ڕاده‌یه‌ک کۆچ کردنى گه‌نجانى کورد بۆ تاراوگه‌ ڕێژه‌ى که‌مترى له‌ ژماره‌ دا وه‌رگرت  ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات که‌ ئابوورى کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک به‌ره‌و بوژانه‌وه‌ چوو هه‌لى کار بۆ گه‌نجان ڕه‌خسا به‌ سه‌دان کۆمپانیاى بیانى ڕوویان کرده‌ هه‌ر پێنج پارێزگاکه‌ى هه‌رێمى باشورى کوردستان سه‌قامگیرى سیاسى و ئه‌منى واى کرد که‌ به‌شێک له‌ گه‌نجانى تاراوگه‌ش بۆ خاکى نیشتمان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ و دڵخۆشى و خۆش گوزه‌رانى گه‌نجانمان له‌ گه‌ڵده‌ستپێکى کێشمه‌ کێشمى سیاسى و ئابوورى هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم  و به‌غدا ئاسۆى هیواکانى به‌ره‌  تاریکى و کزبوونه‌وه‌ برد ، له‌ دواى ساڵى ٢٠١٣ وه‌  ڕووداوه‌ جۆر به‌جۆره‌کانى  سه‌ر شانۆى سسیاسى کوردستان و عێراق واى کرده‌وه‌  که‌ گه‌نجانمان به‌و په‌ڕى نائومێدیه‌وه‌ بڕوانه‌ هه‌نگاوه‌کانى چاره‌سه‌رى ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ قه‌یرانانه‌ى که‌ به‌لێشاو به‌رۆکى خه‌ڵکیان گرت په‌یامێکى واى خسته‌ دڵى گه‌نجانه‌وه‌ که‌ بیرى هه‌نده‌ران و به‌جێهێشتنى کوردستان وه‌ک چاره‌سه‌رى گشت گرفته‌کانیان ببین  و گله‌یى و ناڕه‌زاى گه‌نجان  به‌ ئاشکرا جاڕى به‌جێهێشتنى کوردستان به‌ ئه‌رکێکى نیشتمانى بزانن . داتاکانى سه‌رژمێریش  وایان ده‌رخستووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان  کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى گه‌نجه‌ به‌ڵام بێ پلانى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ولاشه‌وه‌ کێشه‌ى  سیاسى و ملاملانێ ى حزبه‌کانى باشور  هێنده‌ى تر هیواکانى گه‌نجانى له‌بار برد ، خه‌مساردى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى وه‌هاى کردوه‌  که‌ له‌ ئێستادا گه‌نجانى بێ کار و  ده‌رچوانى زانکۆ و په‌یمانگا دانه‌مه‌زراوه‌کانیش  به‌م هه‌موو توانستى کار و زانیاریانه‌ى ده‌یان ساڵى ئه‌زموونى خوێندنیان  به‌ له‌بیر کراوى له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ بێ ئومێدى له‌ چاوه‌ڕوانى یه‌کى بێ کۆتادا کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن هه‌ربۆیه‌ به‌شێکى زۆر له‌و لاو گه‌نجانه‌  دروشمى به‌جێ هێشتنى کوردستان  وه‌ک ئه‌رکێکى نیشتمانى به‌ڕووى هه‌موان دا به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و بڕیاردانیشیان  و  کۆچکردنیان  بۆ وڵاتانى ئه‌وروپى به‌تاکه‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانن بۆ ڕزگار بوون له‌و دۆخه‌ قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابوریانه‌ى که‌ کوردستانى باشور تێکه‌وتوه‌ ، چونکه‌ واى ده‌بینن که‌ کاربه‌ده‌ستانى حکومى هه‌رێم  و سیاسیه‌کانى ئه‌م وڵاته‌  له‌به‌ر  ڕکابه‌رایه‌تى  یه‌کترى  تۆخ بوونه‌وه‌ى ئینتماى حزبى و هیچ ئیراده‌یه‌ک  و پلانێکیان  له‌ هه‌گبه‌ دانى یه‌ تا ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێن  و چکسازى کارگێڕى و سیاسى بکه‌نه‌ ئه‌وه‌لیه‌تى کاره‌کانیان وه‌ک کورد ده‌ڵێت "  که‌س نى یه‌ ئاوێک به‌م ئاگره‌ دابکات که‌ وا هه‌ڵگریساوه‌ " .
 دواجار و سه‌رهه‌ڵدانه‌و بیرى به‌جێ هێشتنى کوردستان و له‌ ده‌ست چوونى هه‌زاران گه‌نج به‌زیان بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌شکێته‌وه‌ که‌ تازه‌ به‌تازه‌  به‌پێ ى وته‌ى سیاسیه‌کانى ئه‌م هه‌رێمه‌ کوردستانێکى تازه‌تر  بنیاتى ده‌نێنه‌وه‌ کار بۆ سه‌ر به‌خۆى و خۆش گوزه‌رانى ده‌که‌ن ، کاتێک کات له‌ ده‌ست چوو هیوا و خۆزگه‌ى هه‌زاره‌ها  گه‌نج خرایه‌ چاڵه‌وه‌ و چى به‌چى ده‌چێ که‌ که‌موان له‌ناو ده‌ستاڕى مه‌رگ و ژیان  ورد بوون . له‌ ئێستادا و هاوشێوه‌ى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کان  و له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠١٥ وه‌  بازارى کۆچکردن زۆر گه‌رم بۆته‌وه‌ ئه‌گه‌رچى داتا و ئامارێکى وه‌ها له‌به‌ر ده‌ست دانى یه‌ به‌ڵام  هه‌مووان ئه‌وه‌ ده‌بینن که‌ ڕۆژانه‌ به‌ سه‌دان گه‌نج به‌و په‌ڕى دڵشکاوى یه‌وه‌ ڕووه‌و داهاتوویه‌کى نادیار  له‌سه‌ر ده‌ستى چه‌ندان قاچاغ چى شاره‌و شارى وڵاتان و له‌سه‌ر ده‌ریا و وشکانى مه‌ترسى یه‌کانى ڕێ ده‌بڕن و  به‌ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوون بڕیارى بێ گه‌ڕانه‌وه‌یان  داوه‌ .
که‌چى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م نێوه‌نده‌دا وه‌ک سه‌یکه‌ر ڕۆڵ ده‌بینێت بێ ئه‌وه‌ى کارى خێرا و به‌ په‌له‌ بکات بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه‌ى که‌وا هاتۆته‌ پێشێ  " خۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌ماى جیران بێ ، بێ شێو سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ " که‌واته‌ بۆته‌ واجب له‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم که‌ هه‌رچى زووه‌  خودى خۆى کار بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه‌ و قه‌یرانانه‌ بکات  و ڕێکخراوه‌ زۆر و بۆره‌کانى کوردستانیش ده‌سته‌ وستان دانیشتون و هیچ په‌یام قسه‌یه‌کیان بۆ په‌رله‌مان و حکومه‌ت نى یه‌ که‌ به‌ خێراى هه‌نگاوى کردارى خۆى ده‌ست پێ بکات ، دواجار هه‌رێمێک له‌ خاکى کوردان ده‌که‌وێته‌ " سه‌رساجى على " که‌ زۆرێک له‌ گه‌نجه‌کانى کۆچیان  بۆ ئه‌وروپا کردووه‌ و به‌شێک له‌وان یاخى ده‌بن له‌ خۆشه‌ویستى نیشتمان و به‌شێکى تریش له‌ نیوان مه‌رگ و ژیاندا به‌دیار خه‌ونه‌ ڕه‌نگاڵه‌کانیانه‌وه‌ ده‌تلێنه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌ که‌سیش ئه‌م خه‌مه‌ ناخاته‌ ئه‌ستۆى خۆى ئه‌وانه‌ى به‌ڵا ده‌ست و به‌ده‌سه‌ڵاتیشین دواجار وه‌ک به‌رزه‌کى بانان بۆى ده‌رده‌چن.


زۆرترین خوێندراو