کۆمیدیایه‌ک بۆ نه‌هامه‌تیه‌کانى په‌نابه‌ران

6/17/2015 6:10:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز


له‌سه‌روبه‌ندى یادکردنه‌وه‌ى ڕۆژى په‌نابه‌رانى جیهاندا که‌ 20 حوزه‌یرانى هه‌موو ساڵێک له‌ به‌شێکى زۆرى ووڵاتى جیهان به‌رز ڕاده‌گیرێت ، په‌نابه‌رێکى عێراقى که‌له‌ئێستادا هاوڵاتى ووڵاتى ئوسترالیایه‌ به‌ ئه‌زموونه‌کانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک په‌نابه‌رێکى ترى ڕۆژهه‌ڵاتى و خانمه‌ ئه‌کته‌رێکى دیارى ئه‌و ووڵاته‌ له‌ زنجیره‌ کۆمیدیایه‌کدا باس له‌ گرفتى په‌نابه‌رانى جیهان له‌ ووڵاتانى ڕۆژئاوا ده‌که‌ن.

ئوسامه‌ سامى ، که‌ وه‌ک ئه‌کته‌رێکى کۆمیدى خۆیده‌ناسێنێت ده‌ڵێت که‌ بۆ ئه‌و سه‌یر نیه‌ بتوانێت زۆر به‌ ئاسانى به‌شێوه‌یه‌کى کۆمیدیى باش ڕۆَڵى په‌نابه‌رێک ببینێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ بنه‌چه‌ى خێزانى ئه‌و بده‌نه‌وه‌ چونکه‌ وه‌ک  خۆى ده‌ڵێت " سه‌رێکى خانه‌واده‌که‌م کوردن ، سه‌رێکیان عه‌ره‌بى عێراقن ، خۆشم له‌ ئێران له‌ دایک بووم " ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌و فره‌ که‌لتووریه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى بردوێتى بۆ ووڵاتێکى ته‌واو جیاواز له‌ نیشتیمانه‌که‌ى و ئه‌و ووڵاته‌ش که‌ ئه‌و به‌ ئاواره‌یى لێى له‌دایک بووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى له‌ ته‌مه‌نى 13 ساڵیدا وه‌ک په‌نابه‌ر گه‌شتۆته‌ ئوسترالیا و له‌وێش چه‌ند دووچارى ململانێى و ئاسته‌نگ بۆته‌وه‌ تا له‌ که‌لتور و زمانى ئه‌وان تێبگات. ئوسامه‌ ده‌ڵێت هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ 10 ئه‌َقه‌ى کۆمیدیدا له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رێکى تر و خانمێکى به‌ڕه‌گه‌ز ئوسترالى که‌ نوێنه‌رایه‌تى گۆمه‌ڵگاى ئوسترالى ده‌کات له‌ نمایشه‌که‌دا باس ده‌کرێن. 

شاهێن شافعى که‌ ده‌رهێنه‌رى ئه‌م دراما کۆمیدیه‌یه‌و که‌سێکى به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانیه‌ ده‌ڵێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ى سه‌باره‌ت به‌ په‌نابه‌رانه‌ یاریه‌کى پیسه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ تا ئێستا نه‌گۆڕاوه‌ ، ئه‌ویش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆبه‌رده‌وامى  پیاده‌کردنى سیاسه‌تى دیپۆتکردنه‌وه‌ى په‌ناخوازان له‌لایه‌ن حکومه‌تى ئێستا ئوسترالیاوه‌ بۆ دوورگه‌کانى ناورۆ و پاپانیوگینیا یان گێرانه‌وه‌ى به‌له‌مى په‌ناخوازان بۆ ئه‌و ووڵاـته‌ى لێوه‌ى هاتوون به‌ڵام ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ین ئێمه‌ پێکه‌وه‌ به‌یه‌کترى پێده‌که‌نین. 

ڕه‌ین فوڵه‌ر ، خانمه‌ ئه‌کته‌ره‌ ئوسترالیه‌که‌ش ده‌ڵێت "به‌رده‌وام هه‌واڵى ناخۆش هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بۆیه‌ به‌هیوان له‌ گۆشه‌نیگایه‌کى تره‌وه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ ببینین و ده‌مانه‌وێت دیالۆَگ دروست بێت و منیش ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وانیش خاوه‌نى که‌لتور و ڕۆحى تایبه‌تى خۆیانن. له‌ کۆتایدا بینه‌ر بۆى ده‌رده‌که‌وێت هه‌رسێ که‌سه‌که‌ بێ جیاوازى وه‌ک یه‌ک شێتن و له‌هه‌وڵیشدان بۆئه‌وه‌ى پێکه‌وه‌ بژین."

داهاتى ئه‌م زنجیره‌یه‌ش که‌ به‌ ناونیشانى " دوو په‌نابه‌ر و خانمێکى قژ زه‌رد " ه‌ ده‌درێت به‌ سه‌نته‌رێکێکى هاوکاریکردنى په‌ناخوازان و بڕیاره‌ له‌ به‌روارى 24 ئه‌م مانگه‌دا له‌ بۆنه‌یه‌کى تایبه‌تدا له‌ ئوسترالیا نمایش بکرێت و پاشان سه‌رجه‌م ئه‌ڵقه‌کانى له‌سه‌ر یوتیوب داده‌به‌زێنرێت به‌مه‌به‌ستى بینینى له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو