ژماره‌یه‌ک له‌ کاربه‌ده‌سـتانى باڵاى یه‌کێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ده‌سـتگیرده‌کرێن

5/28/2015 8:41:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


یه‌کێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ FIFA ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هه‌ڵته‌کێنرا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى جێبه‌جێکردنى یاساى فیدراڵى ئه‌مه‌ریکاوه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى و پاره‌ خواردن ئاڕاسته‌ى ژماره‌یه‌ک کاربه‌ده‌سـتى ئێسـتا و پـێشووى ئه‌م ده‌زگایه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌ کرا.

له‌سه‌ر بنچینه‌ى زانیاریـیه‌کانى ئه‌مه‌ریکا که‌ په‌یوه‌ندیـیان به‌ گه‌نده‌ڵى له‌ مافى بڵاوکردنه‌وه‌ى یاریـیه‌کانى هه‌ردوو مۆندیالى 2018 و 2022 وه‌ هه‌یه‌ ، ده‌سه‌ڵاتدارانى سویسرا ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ هه‌سـتان به‌ ده‌سـتگیرکردنى ژماره‌یه‌ک له‌ کاربه‌ده‌سـتانى فیفا له‌ زیوریخ.

ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت 47 که‌یسى تاوانه‌ و 14 که‌س پـێى گومانبارن به‌ به‌رتیل و پاره‌خواردن و ته‌فره‌دان بۆ به‌ده‌سـتهێنانى پاره‌ و هه‌روه‌ها سپـیکردنه‌وه‌ى پاره‌، واته‌ پاره‌یه‌ک که‌ به‌ نایاسایى په‌یداکرابێت و بپـى موڵک و ماڵى پـێبکڕدرێت تاوه‌کو به‌ یاسایى بکرێت.

داواکارانى گشتى ده‌ڵێن ژماره‌یه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى جێبه‌جێکارى فیفا ده‌ستیان له‌م تاوانانه‌ هه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندیـیان به‌ مافى بڵاوکردنه‌وه‌ى یاریـیه‌کانى ئه‌و دوو مۆندیاله‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریدا زیاتر له‌ 150 ملیۆن دۆلار بخۆن.

وه‌زاره‌تى دادى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ئه‌مه‌ پـلانێکى 24 سـاڵى ئه‌و کاربه‌ده‌سـتانه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌ گه‌نده‌ڵیکردن له‌ ناو فیفا ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن. ده‌شڵێن پاره‌ خواردن و حه‌واڵه‌کردنى پاره‌کان له‌ ڕێگه‌ى بانکه‌کانى ئه‌مه‌ریکاوه‌ کراون، به‌ڵام تاوانه‌کان له‌ سویسرا ئه‌نجامدراون.

سه‌رچاوه‌ : ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو