کارزان سه‌لام : خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دواخستنى به‌پارێزگا بونى شاره‌که‌یان نیگه‌رانن

3/4/2014 3:11:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز 

کارزان سه‌لام ، چالاکه‌وانى مه‌ده‌نى له‌ دیدارێکى رێبازى ئازادى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات " له‌ ڕاستیدا له‌ ڕووى ئه‌و بینایانه‌ى که‌ هه‌یه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى تێدا نابینرێت که‌ بکرێته‌ پارێزگا، ئه‌وه‌ شتێکه‌ هه‌موان ده‌زانن، به‌ڵام کاتێک بڕیارى به‌ پارێزگا بونى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌چێت مه‌رج نییه‌ یه‌که‌م ڕۆژ پارێزگارێکى بۆ دیارى بکرێت".

*په‌یامى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان له‌ خۆپشاندانه‌کانى 2ئازار چى بوو؟

ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێکه‌ پلانى ئه‌وه‌مان داناوه‌ که‌ له‌ ڕۆژى 16/3په‌یامێکى ئاشتیانه‌ و هێمنانه‌ بده‌ینه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خواسته‌ ڕه‌وایه‌ى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ماوه‌ى زیاتر له‌ 15ساڵه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌ یه‌کێک له‌ داوا پێشینه‌کانى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ شاره‌که‌یان بکرێته‌ پارێزگا.
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ گوێبیستى ئه‌وه‌ بوین که‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ڕه‌زامه‌ندى نیشانداوه‌ له‌سه‌ر به‌ پارێزگا بوونى هه‌ڵه‌بجه‌ دواتر ڕه‌وانى په‌رله‌مانى عێراق کراوه‌، بۆیه‌ په‌سه‌ند کردنى بڕیاره‌که‌ ئه‌مه‌ به‌ڕاستى مایه‌ى دڵخۆشى بوو.

*له‌گه‌ڵ ساڵیادى کیمیا بارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌ چ هه‌ڵوێستێکتان ده‌بێت؟

یه‌کێک له‌ هه‌نگاوه‌کانى به‌رزکردنه‌وه‌ى داواکارییه‌کانمان ئه‌م خۆپیشاندانه‌ بوو ئێمه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ ئه‌گه‌ره‌کان به‌کار هێناوه‌ به‌وه‌ى گه‌ر بزانین ئه‌م پرسه‌ دواده‌خرێت رشه‌نگه‌ بڕیارى خۆمان هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌گه‌ره‌کانین و کاتى خۆى بڕیار ده‌دات، به‌ڵام به‌شێوه‌ى گشتى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دواخستنى ئه‌و پرسه‌دا نیگه‌رانه‌.
گه‌ر بڕیارى به‌ پارێزگا بونى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ڕوى ده‌رونیه‌وه‌ خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ دووچارى بێ هێواى هه‌ست به‌ شکست هێنان بکات و ڕه‌نگه‌ په‌رچه‌ کردارى خراپیشى لێبکه‌وێته‌وه‌.

*ئایا هه‌لومه‌رجه‌کانى بوون به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌ باشى ته‌واوى بۆ کراوه‌؟

له‌ ڕاستیدا له‌ ڕووى ئه‌و بینایانه‌ى که‌ هه‌یه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى تێدا نابینرێت که‌ بکرێته‌ پارێزگا، ئه‌وه‌ شتێکه‌ هه‌موان ده‌زانن، به‌ڵام کاتێک بڕیارى به‌ پارێزگا بونى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌چێت مه‌رج نییه‌ یه‌که‌م ڕۆژ پارێزگارێکى بۆ دیارى بکرێت  و بیناى بۆ دابینبکرێت.
له‌کاتى بڕیارداندا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پلانێکى کورت خایه‌ن له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا کۆمه‌ڵێک بیناى گونجاو  و شوێن دروست بکات بۆ پارێزگاکه‌، به‌ڵام له‌ ڕووى که‌سه‌کانه‌وه‌  و ئیداره‌که‌وه‌ ڕه‌نگه‌ کێشه‌یه‌کى ئه‌وتۆ نه‌بێت، چونکه‌ له‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا کۆمه‌ڵێک کادیرى به‌ توانا هه‌یه‌ و له‌ ڕووى ئیدارییه‌وه‌ ده‌توانن کار بکه‌ن.

*سه‌باره‌ت به‌و قه‌زا و ناحیانه‌ى که‌ ناڕه‌زاییان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ چى ده‌ڵێن؟

هه‌ست ده‌که‌ین جۆرێک له‌ ساردبونه‌وه‌ و هاوسۆزى له‌ نێوان ئه‌و ناوچانه‌دا هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌  پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، چونکه‌ کاتێک باس له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ین باس له‌ خودى هه‌ڵه‌بجه‌ ناکه‌ین به‌ڵکو باس له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ین.هه‌ست ده‌که‌ین هه‌ندێک شوێن گرفتیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بوو ئێستا نه‌ماوه‌ و خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌ش هاوسۆزن له‌گه‌ڵ پرسى بوون به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.



زۆرترین خوێندراو