لوقمان عه‌بدولقادر: وه‌زاره‌تى شه‌هیدان له‌ دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌مته‌رخه‌م بووه‌

3/14/2014 8:00:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
دیمانه‌: عومه‌ر غوڵامى

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دیدارێکى تایبه‌تى جه‌ماوه‌رنیوزدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات " ده‌بێت هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌ له‌ چاو قوربانیه‌کانیدا بێت".

ناوبراو هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات " ناکرێت 250به‌رکه‌وته‌ى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بخه‌رینه‌ ڕێ بۆ لاى سێ دکتۆر ،  ده‌کرێت ناو به‌ناو دکتۆره‌کان بهێنرێت و لێره‌ چاودێرى به‌رکه‌وته‌کانى کیمیاباران بکرێت".

هه‌ڵه‌بجه‌ ئێستا بووه‌ته‌ شارێکى نێونه‌ته‌وه‌یى

هه‌ڵه‌بجه‌ ژێر زه‌وى وێران بووه‌ و دووباره‌ ده‌بێت هه‌ڵبکه‌نرێته‌وه‌ و دووباره‌ دروست بکرێته‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ قۆناغێکى باشى تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام له‌ ته‌موحو داواکارى ئێمه‌دا نییه‌، دیاره‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نابێت وه‌ک شارێکى کوردستانى سه‌یر بکرێت و هه‌ڵه‌بجه‌ ئێستا بووه‌ته‌ شارێکى نێونه‌ته‌وه‌یى بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ دێنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر که‌موکوڕێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بێت که‌موکوڕى به‌ چاوێکى گه‌وره‌ سه‌یر ده‌کرێت، ده‌بێت هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ دێنه‌ ئه‌م شاره‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌کانى له‌ چاو قوربانیه‌کانیدا بێت.

موچه‌ له‌ حکومه‌ت وه‌رده‌گرن
254به‌رکه‌وتووى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمارن له‌ کۆمه‌ڵه‌که‌مان و موچه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌رده‌گرن.

داوامان له‌ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد کردووه‌ که‌ هاوکاریمان بکات

وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ پرسى دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ون بووه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر که‌مته‌رخه‌م بووه‌، ڕاسته‌ دۆزینه‌وه‌ى زمناکۆ و هه‌ندێک کار کراوه‌ ئێمه‌ داوامان کرد ژورێکى عه‌مه‌لیات دروست بکرێت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ منداڵیان ون بووه‌ سه‌مپڵیان لێوه‌ربگیرێت و دواجار به‌ شێوه‌یه‌کى جده‌ ئیشى له‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌کراو وه‌ک کۆمه‌ڵه‌که‌مان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدابووین له‌ دوو ساڵى ڕابردوودا " ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد" مان بینى دوامان لێکرد و دواجاریش جێگره‌که‌ى که‌ به‌رپرسى ده‌زگاى موئه‌سیسى شه‌هیدى ئێرانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ داوامان لێکردووه‌ ئه‌مساڵیش له‌ سه‌ردانمان بۆ تاران چه‌ند به‌رپرسێکى کۆمارى ئیسلامى ئێرانمان بینى به‌ هه‌مان شێوه‌ داوامان کردووه‌ ئه‌و پرسه‌ بچێته‌ ناو په‌رله‌مانى ئێرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌مو هاوڵاتیانى ئێرانیدا.

ده‌کرێت حکومه‌ت کار بکات بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌هیدانه‌ى له‌ شوێنه‌ گۆشه‌گیره‌کاندان

گواستنه‌وه‌ى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئێران و گواستنه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندى به‌ که‌سوکارى شه‌هیدانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ک له‌و شه‌هیدانه‌ى له‌ ئێران شه‌هید بوون له‌ شوینه‌ جیا جیاکانى ئێران شه‌هید بوون ده‌کرێت حکومه‌ت کار بکات بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌هیدانه‌ى له‌ شوێنه‌ گۆشه‌گیره‌کاندان به‌ تایبه‌تى کرمان ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ به‌ ئاسانى نیانگه‌یتێ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى به‌هه‌شتى زه‌هرا ده‌کرێت بمێنێته‌وه‌ ئه‌توانم بڵێم به‌ شێوه‌یه‌ک پارێزراون.

ئه‌و ئیشه‌ ده‌کرێت وه‌ک له‌ کۆڵکردنه‌وه‌ ده‌کرێت

وه‌زاره‌تى شه‌هیدان هه‌ڵده‌ستێت به‌ بردنى بریندارانى کیمیاباران بۆ وڵاتى ئێران هیچ په‌یوه‌ندى به‌وانه‌وه‌ نییه‌، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى په‌یوه‌ندى به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و ئیشه‌ ده‌کرێت وه‌ک له‌ کۆڵکردنه‌وه‌ ده‌کرێت به‌ بڕواى ئێمه‌ نه‌ک وه‌ک خزمه‌تکردن.

مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرییه‌

هیوادارین کابینه‌ى هه‌شتمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کارى جدى بکات له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و چاره‌سه‌رکردنى قوربانیه‌کان بسپێرێت به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وه‌ دکتۆرى پسپۆڕ بانگهێشت بکرێت ناکرێت 250به‌رکه‌وته‌ى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بخه‌رینه‌ ڕێ بۆ لاى سێ دکتۆر ده‌کرێت ناو به‌ناو دکتۆره‌کان بهێنرێت و لێره‌ چاودێرى به‌رکه‌وته‌کانى کیمیاباران بکرێت.
له‌ ئاستى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆردێک دروست بکرێت بۆ ناساندنى که‌یسى کیمیابارانکردنى به‌ جینۆساید له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌وه‌ى تائێستا هه‌یه‌ زۆر په‌رته‌وازه‌ى پێوه‌ دیاره‌ بۆنمونه‌ مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرییه‌ و مۆنۆمێنتى ئه‌نفاله‌کان سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه‌ ئه‌توانم بڵێم بێ سه‌روبه‌رێک له‌ ئیشوکاره‌کاندا هه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانرێت به‌ شێوه‌یه‌کى زانستى ئیش له‌سه‌ر کاره‌کان بکرێت ته‌مه‌نا ده‌که‌ین ئه‌م کابینه‌یه‌ پێکهات ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکات. 


زۆرترین خوێندراو