به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: به‌ ئاسانى ناچینه‌ شه‌ڕى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌

8/3/2014 2:34:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
ئاژانسى ئه‌نادۆڵ 

سکرتێرى حزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستان و سه‌رپه‌رشتیارى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌رى که‌رکوک ده‌ڵێ په‌یوه‌ندى ئێمه‌ و حکومه‌تى عێراق ته‌نیا له‌ڕێى ئاسمانیه‌.
 
سه‌رپه‌رشتیارى پلانى سه‌ربازیى بۆ پاراستنى پارێزگاى که‌رکوک محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى له‌ ره‌وشى ئاسایشى سنورى پارێزگاى که‌رکوک و پێشهاته‌کانى رووبه‌ڕوونه‌وه‌ دژى چه‌کدارانى داعش و هێزه‌ شه‌ڕه‌که‌کان کرد.

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌سه‌ره‌تاى دیداره‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات  که‌ره‌وشى ئاسایشى که‌رکوک به‌تایبه‌تى ناوشار به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌شت ساڵى رابردوو زۆر باشتر و ئارامه‌ و ئاسایش به‌رقه‌راره‌. چه‌ند جارێک چه‌کدارانى داعش هێرشیان کردۆته‌ سه‌رهێزه‌کانمان، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان سه‌رکه‌وتوونه‌بووه‌. به‌تایبه‌تى له‌ هه‌فته‌ى رابردوو داعش هێرشیانکرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و هێرشه‌که‌یان شکستى هێنا و چه‌ند ته‌رمێکیان که‌وته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌. 

سه‌رپه‌رشتیارى پلانى سه‌ربازیى بۆ پاراستنى پارێزگاى که‌رکوک هه‌روه‌ها وتی: "داعش به‌وشێوه‌یه‌ مه‌ترسى نین بۆسه‌ر ئاسایشى که‌رکوک، راسته‌ ئه‌وان به‌دواى ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێن له‌ پێشمه‌رگه‌ بده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ئاماده‌باشیداین و ده‌توانین رووبه‌ڕووى هه‌موو په‌لاماره‌کانى ئه‌وان ببینه‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان مه‌سعود بارزانى و وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وتی: "سه‌ردانى بارزانى و شاندى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زیاتر بۆ پاڵپشتى پێشمه‌رگه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش کارێکى باشه‌ چونکه‌ پێشمه‌رگه‌ ئێستا پێویستى به‌پشتوانى هه‌موولایه‌که‌."

به‌وته‌ى خۆى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ئاگادارى ئه‌وه‌نییه‌ سه‌رۆکى هه‌رێم باسى له‌ چه‌ک کڕین کردبێ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ییه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ له‌ڕێى میدیاکان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا قسه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕى یه‌کلاکره‌وه‌ ده‌کرێ به‌هاوکارى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ئه‌و ناوچانه‌ کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌که‌ چه‌کدارانى داعش ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتووه‌.

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود که‌ هاوکات سکرتێرى حزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستانه‌ وتی: "تا حکومه‌تى داهاتووى عێراق دروست نه‌کرێ و به‌رنامه‌یه‌کى هاوبه‌ش دانه‌ڕێژرێ، شه‌ڕى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ناکرێ ئێمه‌ش به‌شدار نابین، چونکه‌ ئێستا له‌ شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ و داعش هێزه‌کانى ئێمه‌ له‌قۆناغى به‌رگریدان نه‌ک هێرشکردن. له‌لایه‌کى دیکه‌ داعش و حکومه‌تى عێراقیش له‌شه‌ڕدان. وه‌کو جوگرافیا ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌نێوان ئێمه‌ و حکومه‌تى عێراق نه‌ماوه‌، بێگومان شه‌ڕى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ شوێنى خۆمان بگرینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ خۆمان پاراستوه‌".

سه‌رپه‌رشتیارى پلانى سه‌ربازیى بۆ پاراستنى پارێزگاى که‌رکوک له‌ به‌رده‌وامى قسه‌کانیدا وتی: "شه‌ڕى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ئاسان نییه‌، چونکه‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى سونه‌ و شیعه‌ و کورده‌. ئه‌مڕۆ شه‌ڕه‌که‌ له‌ناوچه‌ى سونه‌یه‌ و چه‌ند گروپێکى چه‌کدار له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ئاسان نییه‌ کورد ئه‌و شه‌ڕه‌ بکا. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا به‌رگرى له‌خۆى ده‌کات. راسته‌ هه‌ندێ جار داعش هێرشى کردوه‌، به‌ڵام به‌توندى وه‌ڵاممان داونه‌ته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنى پشتێنى ئه‌منى به‌به‌شدارى کورد و حکومه‌تى عێراق له‌سنورى که‌رکوک، محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وتی: "حکومه‌تى عێراق به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ بتوانێ به‌رگرى له‌خۆى بکا ته‌نانه‌ت له‌ به‌غداش، ئیتر ئێمه‌ چۆن په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ببه‌ستین. ئه‌م حکومه‌ته‌ نه‌یتوانیوه‌ رێگاى خاڵس، عوزێم و سلێمان به‌گ بکاته‌وه‌، هه‌رکاتێک توانى ئه‌م رێگایه‌ بکاته‌وه‌ ئه‌وکاته‌ ئێمه‌ قسه‌یه‌کى تر ده‌که‌ین."

له‌کۆتایى دیداره‌که‌دا محمه‌دى حاجى مه‌حمود باسى له‌وه‌شکرد ئێستا وه‌حده‌ى عێراق له‌ڕووى زه‌وى و وشکانیه‌وه‌ بچراوه‌ و بووه‌ به‌سێ به‌ش ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌واقیعدا له‌نێوان کورد و حکومه‌تى عێراق ته‌نیا له‌ڕێى هێڵى ئاسمانیه‌وه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو