محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌م دۆخه‌دا یه‌ک ده‌نگى و یه‌ک هه‌ڵوێستى کورد له‌ هه‌مووشتێک گرنگتره‌

8/6/2014 2:35:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
رۆژنامه‌ى هه‌ولێَر

به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوشارى که‌رکووک و سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ هه‌ڤیه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ له‌ میحوه‌رى که‌رکووک هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ هه‌رئه‌گه‌رێک، ده‌شڵێت: "ئێستا یه‌کڕیزى و یه‌ک ده‌نگیى گه‌لى کورد له‌ هه‌مووشتێک گرنگتره‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆ ئاگاداربوون و یه‌کده‌نگ بوونى کورد له‌به‌رانبه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌کان هه‌بێت".

هه‌ولێر: دۆخى ئێستاى عێراق و هه‌رێمى کوردستان چۆن ده‌بینی، له‌ کاتێکدا چه‌کدارانى داعش به‌رده‌وام له‌ هێرش و په‌لاماردانى هاووڵاتییانى سڤیل و پێشمه‌رگه‌، له‌ولاشه‌وه‌ سوپاى عێراق له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م چه‌کدارانه‌ بێ‌ ده‌نگه‌ و بۆ دوومانگ ده‌ڕوات سوپاى عێراق ناتوانێت ئه‌و دۆخه‌ یه‌کلا بکاته‌وه‌.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: به‌تایبه‌تى له‌ بوارى سیاسى و ئابووری، ئه‌و دۆخه‌ى ئێستاش هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ ناوچه‌که‌ به‌ قازانج و پشتگیرى کورد کۆتایى دێت، که‌به‌دڵنیایییه‌وه‌ کورد هۆکارى چاره‌سه‌ر کردنى گرفته‌کانه‌ نه‌ک دروستکردنى گرفت بۆ لایه‌نى دیکه‌ یان خه‌ڵکانێکى دیکه‌، ئه‌وه‌ش قۆناغێکى هه‌ستیاره‌ له‌به‌رده‌م کورد، ده‌بێت به‌ ووریایییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکات.

هه‌ولێر: چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو داعش هێرشێکى کرده‌ سه‌رشه‌نگال و زوممارو چه‌ند شوێنێکى دیکه‌، ئامانج له‌م هێرشه‌ چى بوو؟ چونکه‌ هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن داعش ده‌یه‌وێت ڕێگاى نێوان عێراق و سوریا بۆخۆى بکاته‌وه‌ تا له‌و ڕێگایه‌وه‌ سنوورێکى جوگرافى بۆ خۆیان دیارى بکه‌ن.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: من دوورم له‌ میحوه‌رى شه‌ڕه‌که‌، به‌ڵام پێشووتر ئاماژه‌م به‌وه‌دابوو که‌ شه‌نگال و زوممار ناوچه‌یه‌کن دابڕاون له‌ناوچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان بۆیه‌ دابڕانیان واى کردووه‌ که‌ کاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تیان هه‌بێت، وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ به‌س کوردى تێدانییه‌ به‌ڵکو عه‌ره‌ب و ئه‌و لایه‌نانه‌شى تێدایه‌ که‌ هاوکاریى گرووپه‌ تیرۆرستییه‌کان و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌کان ده‌که‌ن، هۆکارێکى دیکه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانى شه‌ێ‌ له‌و ناوچانه‌ ئه‌و شوێنانه‌ چونکه‌ خاڵى سنوور بوون و نزیک بوون له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌کانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و جۆره‌ گرفتانه‌یان هه‌بووه‌، چه‌ند هۆکارێکى دیکه‌ش هه‌ن، به‌ڵام چونکه‌ به‌رپرسیاریه‌تیم له‌ناوچه‌که‌ نییه‌ زۆر ئاگادارنیم.

هه‌ولێر: دۆخى ئه‌منى له‌و میحوه‌ره‌ى ئێوه‌ى لێیه‌ چۆنه‌؟ به‌چ شێوه‌یه‌ک خۆتان ئاماده‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌نگارى داعش یان هه‌ر گرووپێکى دیکه‌ ببنه‌وه‌ .

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود:ئێمه‌ له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ پارێزگاى که‌رکووکمان کردۆته‌ دووبه‌ش یان دوومیحوه‌ر،‌ میحوه‌رى یه‌که‌م له‌ناو شارى که‌رکووکه،‌ که‌ له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌مه‌ یه‌که‌م جه‌ژن بووبێت له‌ ماوه‌ى 10 ساڵى ڕابردوو له‌ که‌رکووک به‌بێ‌ ته‌قینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چووبێت، چونکه‌ ئاماده‌کارییه‌کى ته‌واو و ئه‌منییه‌تێکى ته‌واومان له‌شاره‌که‌ کردووه‌، هێزێکى باش له‌ناو شار بڵاوه‌ پێکراوه‌. میحوه‌رى دووه‌م له‌ سنووره‌کان و ده‌ره‌وه‌ى شار ئاماده‌کارییه‌کى باشکراوه‌ و هێزى پێویست بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک ئاماده‌ کراوه،‌ بۆیه‌ لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر پارێزگاى که‌رکووک نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ى پێویست بێت بۆ دابینکردنى ئه‌منییه‌تى ئه‌و شاره‌ ئه‌نجاممان داوه‌.

هه‌ولێر: سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌و میحوه‌ره‌ چۆنه‌؟ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌نێوان ئێوه‌ و سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ هیچ گۆرانکارییه‌کى له‌ ئاستى شێوه‌ و تاکتیکى شه‌ێ‌ هه‌بووه‌؟.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ڕێز کاک مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانه‌ و ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌کى ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵى هه‌یه، ئه‌مه‌ش واده‌کات له‌ ئاستى په‌یوه‌ندى و داواکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ یه‌کترى به‌ره‌وپێش چوونى باش هه‌بێت، هیواخوازین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌ بێت.

هه‌ولێر: باسى ئه‌وه‌ ده‌کرێت له‌ هه‌ندێک قه‌زاو ناحیه‌کانى که‌رکووک شه‌ڕو پێکدادان، یان نائارامى ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ تاچه‌ند ڕاسته‌؟ ئایا ئه‌وه‌ى له‌ناو شارى که‌رکووک ئاماده‌کاریى بۆ کراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاریش هه‌مان ئاماده‌کارى کراوه؟‌.
محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: له‌ هه‌مووشوێنێک ئاماده‌کارى کراوه‌، هه‌موو ناوچه‌که‌ وه‌ک یه‌ک گرنگن، هه‌ر له‌ سنوورى سوریاوه‌ تا ده‌گاته‌وه‌ خانه‌قین، به‌ڵام له‌ دبسه‌وه‌ بۆ خورماتوو له‌وه‌ ده‌چێت له‌ هه‌موویان گرنگتربێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانادابووه‌ بۆ ئاماده‌باشى و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى هه‌رئه‌گه‌رێک ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌ولێر: سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند چه‌کى قورس ده‌گاته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌، به‌ هاتنى چه‌کى قورس بۆ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ هیچ له‌ دۆخه‌که‌ ده‌گۆڕێت.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: ئه‌وه‌ى ڕوویداوه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ چه‌که‌وه‌ هه‌بووه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ى شه‌ڕده‌کات چه‌که‌، بۆیه‌ به‌گه‌یشتنى ئه‌و چه‌کانه‌ به‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌، وه‌زعه‌که‌ ده‌گۆڕێت و کاریگه‌ریى خۆى ده‌بێت له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌، چونکه‌ هه‌ندێک شه‌ڕهه‌یه‌ به‌ناچارى ده‌بێت چه‌کێک به‌کاربهێنێت که‌ پێشووتر به‌کارت نه‌هێنابێت، ئێستا که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ دۆخێکى تایبه‌ت و هێرشى له‌سه‌ره‌، ده‌بێت ئه‌و چه‌که‌ به‌کاربهێنێت که‌ پێشووتر به‌کارى نه‌هێناوه‌.

هه‌ولێر:پێشبینى ده‌که‌یت پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌کانى پێشووتر بگرێته‌وه‌، یان ئه‌و توانایه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌بینرێت.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: له‌سه‌ره‌تاکان هه‌ندێک شت ڕوویان داوه‌ له‌ تواناى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ربووه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى له‌ ده‌ستى داوه‌، یان ده‌یه‌وێت بیگرێت، چونکه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانى دۆخه‌که‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ى ده‌کرێته‌سه‌ری، پێشمه‌رگه‌ش ده‌چێته‌ حاڵى هێرشه‌وه‌ .

هه‌ولێر:تاچه‌ند هه‌ماهه‌نگى ده‌بینى له‌نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و قۆڵه‌کانى شه‌ڕ؟.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وام هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ باشتربکرێت که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگاى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ باشتر ده‌کرێت، چونکه‌ بابه‌تى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى کردن له‌گه‌ڵ یه‌کترى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى به‌ڕێزیاندایه‌.

هه‌ولێر: هه‌ندێک جار باس له‌ پشتگیریى هێزى نێوده‌وڵه‌تى ده‌کرێت بۆ پێشمه‌رگه‌ پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌و هاوکارییه‌ هه‌یه‌؟.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: ئه‌گه‌ر هاوکارى و پشتگیریمان بکرێت پێمان خۆشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌ هاوکارى پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌بێت شتى وانییه‌، پێشمه‌رگه‌ خۆى هاوکارى و به‌رگریکاره‌ له‌ خاکى کوردستان.

هه‌ولێر: هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: مه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى بکرێت له‌ زه‌وییه‌وه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ک نییه،‌ چونکه‌ ئێستا عێراق بۆته‌ سێ‌ به‌شى جیاواز،‌ چونکه‌ له‌ کوردستان تا سلێمان به‌گ پێشمه‌رگه‌ى لێیه‌، له‌ سلێمان به‌گه‌وه‌ تا عوزێم حکوومه‌تێکى دیکه‌یه‌ و له‌وێشه‌وه‌ حکوومه‌تى عێراق. واته‌ ئێستاى عێراق به‌ کرده‌یى سێ‌ به‌شه‌.

هه‌ولێر: بوونى ئه‌و هه‌موو لێقه‌وماوانه‌ له‌ کوردستان چۆن ده‌بینی؟ ده‌بێت ئاینده‌ى ئه‌م ڕه‌وشه‌ به‌ره‌وکوێ بڕوات.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود: داوا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌که‌ین به‌ شێوه‌یه‌کى خێرا به‌ده‌م ئاواره‌کانى ناوچه‌ى زوممار و شه‌نگال و موسڵه‌وه‌ بچن، چونکه‌ به‌ڕاستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌وه‌ده‌چێت نه‌توانێت فریاى ئه‌و هه‌موو ئاوارانه‌وه‌ بچێت، که‌ له‌دۆخێکى ناخۆشدان، تینوه‌تى و برسێتى ڕووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌،داواش ده‌که‌م له‌م دۆخه‌دا کورد به‌یه‌ک ده‌نگى و به‌یه‌ک ڕه‌نگى گوزارشت له‌ هه‌ڵوێسته‌کانى بکات و به‌رگرى له‌ خاکى کوردستان به‌رگرییه‌ له‌ شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت.

  


زۆرترین خوێندراو