عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : ئه‌وه‌ى سوپاى عێراق پێى نه‌کرا پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رکه‌وتوویى ئه‌نجامى دا

8/13/2014 6:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان و کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌هه‌ڤپه‌یڤینێکى ژماره‌ (1958) ى رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر " که‌له‌ 13-8-2014  ئاماژه‌ به‌مه‌ترسی چه‌کدارانى داعش ده‌کات و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو له‌سه‌ره‌تاوه‌ هیچ که‌سێک ئه‌مین و دڵنیانه‌بووه‌ له‌بوونى داعش ، که‌ئه‌مه‌ ده‌قى دیداره‌که‌یه‌ .

هه‌ولێر :  هاتنى داعش بۆ عێراق و گۆرانى ئاراسته‌ى هێرشه‌کانى داعش بۆ کوردستان چۆن بوو ؟

 عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : سه‌رهه‌ڵدان و جێگیربوونى هیزه‌کانى رێکخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عیراق و شام ناسراو به‌ (داعش) وه‌ک واقیعێک له‌ موسڵ، په‌یوه‌ندى به‌و دۆخه‌ گشتییه‌ى سیاسى و دواتریش عه‌سکه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو که‌ له‌ قه‌یرانه‌کانى عێراقدا ژینگه‌ى خۆى دۆزیه‌وه‌ و شێوازى حوکم کردنى به‌غدا به‌ دروستکردنى قه‌یران و دواتر هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌منى و سه‌ربازى ئه‌و قه‌یرانانه‌ بوارێکى باشترى بۆ ئه‌و هێزه‌ ره‌خساند ،که‌ وه‌ک بینیمان له‌ ماوه‌یه‌کى کاتیى زۆر کورتدا توانى وه‌ک باشترین ده‌رفه‌ت یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین شاره‌کانى عێراق و ناوه‌ندى به‌هێزى سوننه‌کان بگریت و ئه‌وه‌ ماوه‌ى دوو مانگیشه‌ به‌ناوى خیلافه‌ى ئیسلامى به‌رێوه‌ده‌برێت ، به‌هۆى پێداچوونه‌وه‌ى عه‌سکه‌ریى عێراق و خۆ کۆکردنه‌وه‌و ئه‌و پشتیوانیه‌ ئیقلیمیه‌ى هه‌یه‌تى سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵێکى چڕوپڕى  ئه‌و هێزه‌ به‌ر به‌ جووڵه‌ى داعش بۆ ناوه‌ڕاستى عێراق و به‌تایبه‌تى شوێنه‌ گرنگه‌کانى وه‌ک سامه‌ڕا و به‌غدا گیرا، که‌ چوونى داعش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسى شه‌ڕێکى تایه‌فى خوێناوى گۆڕانکارى گه‌وره‌ى سیاسى له‌سه‌ر ئاستى ئیقلیمیش لێ چاوه‌ڕوانده‌کرا و ئه‌مه‌ بووه‌ به‌ربه‌ستێک بۆى و گۆڕانکارى له‌ ئاڕاسته‌یدا ڕوویدا.

ئه‌م هێزه‌ که‌ له‌ ماوه‌ى شه‌و و ڕۆژێکدا بووه‌ دراوسێى هه‌رێمى کوردستان به‌ درێژایى پتر له‌ هه‌زار کیلۆمه‌تر، هێزێکى په‌ڕگیرى رادیکاڵیه‌، ناسنامه‌ى ڕوون نیه‌، سه‌ره‌تا وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر سیاسه‌تى عێراق و وێنه‌ى له‌سه‌ر زه‌وى دروستبووى ناڕه‌زایى سوننه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى عێراق ده‌رکه‌وت، دواتر خیلافه‌ى ئیسلامى ڕاگه‌یاند و به‌ناوى جێبه‌جێکردنى شه‌ریعه‌ته‌وه‌ له‌ موسڵ چیرۆکى جیاوازى له‌باره‌وه‌ ده‌بیسترا و جارجاریش ئه‌م هێزه‌ (داعش) وه‌ک چه‌کوشێکى بێ مێشک ده‌بینرێت که‌پێویسته‌ بزانرێت کێ به‌کارى ده‌هێنێت و به‌ کوێ ده‌گات ؟
ده‌بێت مرۆڤ خۆى ماندوو بکات، واته‌ هێزێکى ته‌مومژاوى ناڕۆشن که‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ که‌سمان له‌ کوردستان لێى ئه‌مین و دڵنیا نه‌بووین،.


هه‌ولێر :  ئاراسته‌ى داعش به‌ره‌و کوێ ده‌روات ؟

 عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود :  به‌بڕواى من داعش له‌دواى قایم کردنى شوێن پێى خۆى، وه‌ک ئامانج ده‌یه‌وێت به‌ هێڵه‌ گرنگه‌کانى گه‌یشتن به‌ نه‌وت و ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ستراتیژییه‌کانى موسڵ و که‌رکوک بڕوات، له‌وێ هه‌م قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى فراوان بکات و هه‌م به‌سه‌رچاوه‌ى داهات بگات و له‌ ڕێى به‌قاچاخ بردنى نه‌وته‌وه‌ مانه‌وه‌ى خۆى مسۆگه‌ر بکات و ئامانجه‌ گشتیه‌که‌شى وه‌ک هێزێکى په‌ڕگیرى رادیکاڵى باشتر به‌ره‌و پێش ببات که‌ خۆى له‌ ئێستادا به‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى ئیسلامى له‌ ناوچه‌که‌دا و تێکدانى سنوورى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ و هه‌رکات ویستى کاره‌ساتى مرۆیى بخوڵقێنێت.

هه‌ولێر :  سه‌رکه‌وتنى پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌کان چۆن ده‌بینى ؟ 

 عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : پێشمه‌رگه‌ به‌ هێزێکى خۆراگر و به‌توانا ناسراوه‌ و بینیشمان که‌ ئه‌وه‌ى سوپاى عێراق به‌ هه‌موو توانا و ئۆردوى خۆیه‌وه‌ پێى نه‌کرا، پێشمه‌رگه‌ به‌ ئیمکانیه‌تى زۆر خاکه‌رایى خۆیه‌وه‌ کردى و تیاشیدا تا ئه‌وپه‌ڕى سه‌رکه‌وتوبوو، له‌گه‌ڵ گۆڕینى دراوسێ سنوورى هه‌رێمى کوردستان به‌ هێزێکى تازه‌ى نه‌ناسراو به‌ درێژایى زیاتر له‌ 1150 کم، سه‌لماندى به‌رامبه‌ر شه‌ڕى ئه‌و هێزه‌ ده‌وه‌ستێ و مقاوه‌مه‌ت ده‌کات که‌ شه‌ڕى جیهان ده‌کات و به‌ڕاسته‌ و قه‌ڵه‌مێک ده‌یه‌وێت سنوورى دنیا بگۆڕێت، هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسى تیرۆر جیهانیه‌ و به‌ته‌نیا لایه‌نێک ناتوانرێت ئه‌و شه‌ڕه‌ ته‌واو بکرێت.


زۆرترین خوێندراو