نوێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کورستان له‌له‌نده‌ن،هه‌رکات پێویست بکات ئه‌گه‌رێینه‌وه‌ بۆ به‌رگرى له‌نیشتمان

8/22/2014 10:48:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
له‌نده‌ن 

" ژیلوانى خاڵه‌ حاجى " نوێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ له‌نده‌ن  له‌ لێدوانێکدا  بۆ ڕادیۆى پێنجی( BBC ) سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى ئێستاى کوردستان و مه‌ترسیه‌کانى داعش و چۆنیه‌تى هاوکارى کردنى کوردستان له‌لایه‌ن کوردانى ده‌ره‌وه‌ى ووڵات له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ده‌خاته‌روو ،ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌دات کوردستان له‌هه‌رکات و ساتێکدا پێویستى هه‌بێت کوردانى ئه‌وروپا ئاماده‌ى گه‌رانه‌وه‌و گیان بازین له‌پێناو پاراستن و به‌رگرى له‌خاکى پیرۆزى کوردستان .

BBC / سه‌باره‌ت به‌ باردۆخى کوردستان و مه‌ترسیه‌کانى داعش ئه‌مانه‌وێت بۆچوونى هه‌ندێک له‌ کورده‌کان بزانین که‌ له‌ ووڵاتى به‌ریتانیا نیشته‌جێن . 
یه‌کێک له‌و کوردانه‌ى که‌ له‌ساڵى 1987 ه‌وه‌ له‌ ووڵاتى به‌ریتانیا ده‌ژى ( ژیلوان محمد رحیم )ه‌   
 
 BBC / ئایا تۆ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ عێراق ژیاویت ؟

  ژیلوان : به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوکم له‌ ڕابردوودا یه‌کێک بوو له‌و خه‌باتگێڕانى کورد که‌ ئه‌وکات له‌گه‌ڵ بارزانى نه‌مر له‌ شۆڕشدا بوون بۆ به‌ده‌ست هێنانى مافى گه‌لى کورد، دواتر بارودۆخى ئه‌و کاته‌ى شۆڕش به‌ جۆرێک بوو ناچار بووین ڕووبکه‌ینه‌ ووڵاتى ئێران له‌ ساڵى 1976 ، بۆیه‌ من له‌ شارى که‌ره‌ج نزیک له‌ تاران له‌ دایک بووم. 
پاشان ڕوومان کرده‌ شاره‌ کوردیه‌کان له‌ کوردستانى ئێران. پاش سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئیسلامى له‌ ئێران باوکم وه‌ک به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى حزبى سۆسیالیستى کوردستانى ئه‌و کات ،که‌ ئێستا حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانه‌، ده‌ست به‌کار بوو که‌ ڕێکخه‌رى په‌یوه‌ندى نێوان حزب و کۆمارى ئیسلامى ئێران بوو له‌و کاته‌دا.

BBC   /  که‌واته‌ باوکت که‌سایه‌تیه‌کى گرنگ بووه‌، ئایا چۆن بوو بڕیارتان دا که‌ ڕوو بکه‌نه‌ به‌ریتانیا که‌ نزیکه‌ى 20 ساڵێک  پێش ئێستا بوو ؟

  ژیلوان :  بارودۆخى کوردستان له‌و کاته‌دا به‌ جۆرێک بوو که‌ نه‌مانده‌توانى بگه‌ڕێینه‌وه‌، ڕژێمى به‌عس زۆر دڕندانه‌ گه‌لى کوردى ئه‌چه‌وسانه‌وه‌.حزبى سۆسیالیستى کوردستان یه‌کێک بوو له‌ حزبه‌ دیاره‌کان که‌ یه‌که‌مین لایه‌نى کوردى بوو که‌ چووه‌ ناو شارى هه‌ڵه‌بجه‌ دواى کیمیا باران کردنى ئه‌و شاره‌.  به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ باوکم یه‌کێک بوو له‌ به‌رپرسه‌ دیاره‌کانى خه‌باتگێڕانى کورد له‌و حزبه‌دا که‌ هاوکارییه‌کى زۆرى کورادنى ئه‌کرد که‌ له‌ئێران ده‌ژیان به‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ  لایه‌نه‌ کوردیه‌کانى تر له‌و کاته‌دا. بوونى جه‌نگى نێوان عێراق و ئێران ، جگه‌ له‌وه‌ خه‌بات کردنى باوکم و خانه‌واده‌که‌مان دژى ڕژێمى به‌عس واى کردبوو به‌رده‌وام خانه‌واده‌که‌مان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بێت .هه‌موو ئه‌و هۆکارانه‌ واى کرد که‌ ڕوو بکه‌ینه‌  ووڵاتى به‌ریتانیا و دواتر په‌ناهه‌نده‌ى سیاسیمان وه‌رگرت.

BBC / ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر باس کردنى ئه‌و بارودۆخه‌ى ئیستا هه‌یه‌، به‌پێ ى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌کێک  له‌ کورده‌کان قسه‌مان کردووه‌ که‌ لێره‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بو شه‌ێ‌ کردن دژى داعش  به‌ڵام باسى له‌ گرفتى ئه‌وه‌ کرد شاره‌زایى به‌کارهێنانى چه‌کى نه‌بووه‌ و پێشتر به‌شدارى جه‌نگى نه‌کردووه‌. ئایا تۆ خۆت ئاماده‌ کردووه‌ بگه‌ڕییته‌وه‌ بۆ شه‌ڕکردن؟

  ژیلوان : ئێمه‌ وه‌کو کورد له‌ هه‌ر شوێنێک بین دڵمان لاى کوردستانه‌ ، خوشه‌ویستى کوردستان له‌ دڵماندایه‌ هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ هانده‌رمان بێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر کوردستان بێ گوێ دانه‌ ئه‌وه‌ى شاره‌زایى به‌کارهێنانى چه‌کین یاخود نا، من وه‌کو خۆم بارودۆخى ته‌ندروسیتم به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌وتۆ نیه‌ که‌ بتوانم بجه‌نگم، هه‌روه‌ها ته‌ندروستى دایکیشم که‌ تووشى نه‌خۆشیه‌کى سه‌خت بووه‌ پێویستى به‌ چاودێرى هه‌یه‌. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ى که‌ پێویست بکات من بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌وا به‌ دڵنییایه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و به‌هه‌ر جۆرێک بتوانم له‌ خزمه‌ت کوردستاندا ئه‌بم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ کوردیه‌کان باسمان له‌ گرنگى ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌و که‌سانه‌ى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌کى رێکخراو بێت له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم و سه‌رجه‌م حزبه‌ کوردیه‌کان. 

BBC /  واته‌ مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ ڕیک بخرێن و دواتر مه‌شقیان پێ بکرێت و ڕه‌وانه‌ى به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگ بکرێن؟ 

  ژیلوان  : چوونه‌ به‌ره‌کانى جه‌نگ کارێکى زۆر گرنگه‌ بۆ هاوکارى کردنى کوردستان به‌ڵام هاوکارى کردنى کوردستان مه‌رج نیه‌ ته‌نیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ بێت ده‌کرێت هاوکاریه‌کى مرۆیی، ئابووری، داکۆکى کردن له‌ مافى گه‌لى کورد له‌ ووڵاتانى ده‌ره‌وه‌، یاخود ده‌شێت که‌سانى خاوه‌ن پیشه‌ى جیاواز بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هاوکارى کوردستان بکه‌ن له‌م کاته‌دا،  بۆ نمونه‌ پزیشکێک ئه‌توانێ به‌کاره‌که‌ى خزمه‌ت بکات به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ پیشه‌کانى تریش. بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ ئه‌م هاوکارى کردنه‌ به‌شێوه‌یه‌کى رێکخراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى کاریگه‌رى باشترى هه‌بێت. جگه‌ له‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم و حزبه‌کان نایانه‌وێت هاوڵاتى کورد به‌شێوه‌یکى هه‌ڕه‌مه‌کى ته‌نها چه‌ک هه‌ڵبگرن و ڕۆڵه‌ى کورد هه‌ر وا به‌ ئاسانى خوێنى بڕژێت. به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى که‌ داعش ئه‌یکات که‌ ته‌نیا ئامانجیان به‌ کوشت دانى کۆمه‌ڵیک گه‌نجى هه‌ڵخه‌ڵتێنراوه‌ که‌ هیچ چاره‌نوسێکیان نیه‌ جگه‌ له‌ خۆ ته‌قاندنه‌وه‌و کوشتنى هاوڵاتیانى بێ تاوان. 

BBC / هه‌ندێک بۆ چوونیان وایه‌ که‌ کورد ئه‌م کاته‌ به‌ هه‌ل ده‌زانێت بۆ فراوان کردنى ڕووبه‌رى سنورى کوردستان و دواتر ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیی، بۆ چوونى تۆ چیه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌؟ 

  ژیلوان : سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وه‌ێت ئه‌وه‌ت پێ بڵێم که‌ کورد به‌درێژایى مێژوو له‌و کاته‌وه‌ى که‌ خاکى  خۆى لێ داگیر کراوه‌ له‌سه‌رده‌مانى حوکمڕانى وینستۆن چه‌رچڵه‌وه‌ تاه‌وکو ئێستا خه‌باتى کردووه‌ بو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى خاکى داگیر کراوى خۆى واته‌ کورد زه‌وى که‌سى داگیر نه‌کردووه‌و نایکات. دواتر  کورد ته‌نیا داواى مافى خۆى ئه‌کات، گه‌وره‌ترین میلله‌ته‌ له‌ جیهان که‌ خاوه‌نى که‌لتورو خاکى خۆیه‌تى به‌ڵام خاوه‌نى  ووڵاتى سه‌ربه‌خۆى خۆى نیه‌. میلله‌تى کورد هه‌میشه‌ هه‌ڵگرى دروشمى ئاشتى و پێکه‌وه‌ ژیان بووه‌،  سه‌ره‌ڕاى بوونى چه‌ندین ئایینى جیاواز به‌ڵام هه‌رگیز نه‌بۆته‌ گرفت له‌ به‌رده‌م پێکه‌وه‌ ژیان له‌ کوردستاندا. کورد ئێستا وه‌ک نوێنه‌رى سه‌رجه‌م ووڵاتانى دیموکراتخواز و پێشکه‌وتنخواز ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بۆته‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م ووڵاتانى دونیا هاوکارى کوردستان بکه‌ن بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستاندا.  


زۆرترین خوێندراو