سه‌فین دزه‌یى : کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکا له‌هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئێران دروست ناکات

10/3/2014 1:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش
 
سه‌فین موحسین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان باس له‌و بنکه‌ سه‌ربازییه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌نیازه‌ له‌هه‌رێم بیکاته‌وه‌و پێی وایه‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌یه‌ نابێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێران‌و ده‌ڵێت "نابێت هه‌رێمى کوردستان ببێته‌ جێگه‌ى ململانێى زلهێزه‌کان".
 
سه‌فین دزه‌یی له‌چاوپێکه‌وتنێکی تایبه‌تی "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌شه‌ وه‌زاره‌تى کورد زۆر که‌متره‌ له‌مافى خه‌ڵکى کوردستان لانى که‌م پێوسته‌ چوار وه‌زاره‌ت بدرێته‌ لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان، راشیده‌گه‌یه‌نێت ئێستا نزیکه‌ى ملیۆنێک‌و 400 هه‌زار که‌س له‌ناوچه‌ جیاجیاکانى عێراق‌و سوریاوه‌ ئاواره‌ی هه‌رێم بوون‌و رونیشیده‌کاته‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌رووداوه‌کانى ئه‌م دوایه‌دا چاوه‌ڕوانى هه‌نگاوى زیاتر بوو له‌حکومه‌تى تورکیا.
 
هه‌ر له‌م دیداره‌دا دزه‌یی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی "نیقاش" له‌باره‌ی نه‌وت‌و په‌یوه‌ندی هه‌رێم‌و به‌غدا ده‌داته‌وه‌.
 
نیقاش: له‌ئێستادا ژماره‌ی ئاواره‌کان گه‌یشتوونه‌ته‌ چه‌ندو ره‌وش‌و گوزه‌رانیان چۆنه‌؟

سه‌فین دزه‌یی : له‌ده‌ستپێکى 2014 تائێستا 850 هه‌زار که‌س ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان بوون، جیا له‌وه‌ى له‌دواى 2005ه‌وه‌ له‌ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست‌و باشوورى عێراق نزیکه‌ى 350 هه‌زار که‌سى تر ئاواره‌وه‌ى هه‌رێم بوو بوون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ به‌شێکى زۆریان له‌ناو شاره‌کانى کوردستان نیشته‌جێبوون‌و کاریان کردووه‌ بۆ خۆ ژیاندنیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌دواى رووداوه‌کانى سوریاوه‌ نزیکه‌ى 230 هه‌زار له‌کوردانى رۆژئاوا (سوریا) روویان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، به‌گشتى ئێستا نزیکه‌ى ملیۆنێک‌و 400 هه‌زار که‌س له‌ناوچه‌ جیاجیاکانى عێراق‌و سوریاوه‌ په‌ناهه‌نده‌و ئاواره‌ى هه‌رێم بوون، بۆ ئه‌وه‌ش بارێکى گران له‌رووى داراییه‌وه‌ که‌وتووته‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم که‌ پێویستمان به‌هاوکاریو کۆمه‌کى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ تاهاوکارى ئاواره‌کان بکه‌ین.

 
نیقاش: له‌دواین راپۆرتیاندا نه‌ته‌وه‌‌یه‌کگرتووه‌کان، حکومه‌تى هه‌رێم به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که‌ جیاوازى له‌نێوان ئاواره‌کانى نێوان رۆژئاواى کوردستان (سوریا)‌و ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست‌و باشوورى عێراق ده‌که‌ن، ئایا بۆ؟

سه‌فین دزه‌یی: هه‌ر تۆمه‌تێک له‌وباره‌وه‌ له‌هه‌ر لایه‌نێکى فه‌رمى یان نافه‌رمى بێت بێ بنه‌مایه‌و ئێمه‌ ره‌تیده‌که‌ینه‌وه‌، چونکه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایانه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان‌و که‌مپه‌کانى ئاواره‌کانیان کردووه‌ هه‌ڵوێستى حکومه‌تى هه‌رێمیان زۆر به‌رز نرخاندووه‌و ستایشى حکومه‌تى هه‌رێم‌و خه‌ڵکى کوردستانیان کردووه‌، له‌کاتێکدا حکومه‌تى هه‌رێم‌و خه‌ڵکه‌که‌ى به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى رووى تێکردووین له‌دۆخێکى خراپداین، که‌چى حکومه‌تى هه‌رێم‌و خه‌ڵکى کوردستان به‌وپه‌ڕى سینگفراوانییه‌وه‌ پێشوازیان له‌په‌نابه‌رو ئاواره‌کان به‌گشت نه‌ته‌وه‌‌و ئایینه‌وه‌کانه‌وه‌ هه‌ر له‌مه‌سیحیو یه‌زیدیو کاکه‌ییو تورکمان‌و عه‌ره‌ب‌و شیعه‌و سوونه‌و کوردانى رۆژئاواى کوردستان کردووه‌، ئه‌و رێکخراوه‌ بیانیانه‌ى له‌هه‌رێمى کوردستانیش کارده‌که‌ن به‌رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیشه‌وه‌ ئه‌و واقیعه‌ باش ده‌زانن‌و له‌راپۆرته‌کانیشیاندا ئه‌و هاوکاریانه‌ى خه‌ڵک‌و حکومه‌تى هه‌رێمیان به‌رز نرخاندووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ى له‌راپۆرته‌که‌ى ئه‌م دوایه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا هاتووه‌ بۆ ئێمه‌ش جێگه‌ى سه‌رسورمانه‌.
 
نیقاش: ئێوه‌ وه‌کو حکومه‌تی هه‌رێم چه‌نده‌ پاره‌تان بۆ ئاواره‌کان ته‌رخانکردووه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: پارێزگاره‌کان سه‌رپشککراون له‌سه‌رفکردنى پاره‌ى پێویست بۆ ئاواره‌کان، به‌تایبه‌تیش پارێزگارى دهۆک، سه‌رفکردنیش ته‌نیا بریتى نییه‌ له‌دابینکردنى بڕیک پاره‌ بۆ خواردن‌و پێداویستییه‌کان، چونکه‌ هه‌ندێک هاوکارى هه‌یه‌ نابینرێت وه‌ک گه‌یاندنى ئاوو کاره‌باو پێداویستى پزیشکیو فه‌راهه‌مکردنى ئاسایش‌و ئیداره‌ى که‌مپه‌کان، ته‌نیا له‌دهۆک له‌و ماوه‌ى که‌مه‌ى رابردوودا له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ زیاتر له‌50 ملیۆن دۆلار پاره‌ى کاش دراوه‌ به‌پارێزگارى دهۆک بۆ دابینکردنى خوارده‌مه‌نیو پێداویستى رۆژانه‌.
 
نیقاش: به‌شێک له‌ئاواره‌کان له‌سنوورى پارێزگاى دهۆک‌و هه‌ولێر له‌قوتابخانه‌کاندا ده‌ژین، ئایا که‌ى ئه‌مانه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کان‌و قوتابخانه‌کان ده‌گه‌رێننه‌وه‌ بۆ قوتابیان؟

سه‌فین دزه‌یی: 650 قوتابخانه‌ له‌پارێزگاى دهۆک له‌لایه‌ن ئاواره‌کانه‌وه‌ به‌کارهاتبوو بۆ نیشته‌جێبوون، به‌ڵام ئێستا له‌قه‌زاکانى به‌رده‌ڕه‌ش‌و ئاکرێ‌و ئامێدیو شێخان 95% قوتابخانه‌کان به‌رووى قوتابیان‌و خوێندن واڵاکراون‌و ئاواره‌کانى ناویان گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کان، به‌ڵام فشاره‌ زۆره‌که‌ له‌مه‌رکه‌زى دهۆک‌و زاخۆو سێمێله‌ که‌ تائێستاش 110 هه‌زار ئاواره‌ له‌450 قوتابخانه‌دا نیشته‌جێن، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین که‌مپ له‌و ناوچانه‌ له‌ژێر دروستکردن دان‌و مانگێک بۆ دوو مانگى تر ئه‌و قوتابخانه‌ش چۆڵده‌کرێن‌و ته‌سلیمى په‌روه‌رده‌ ده‌کرێنه‌وه‌و ئاواره‌کان بۆ که‌مپه‌کان ده‌گوازرێنه‌وه‌.
 
نیقاش: ئایا تائێستا حکومه‌تى عێراق هیچ هاوکارییه‌کى پێشکه‌شى ئاواره‌کان کردووه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: حکومه‌تى عێراقى له‌رێگه‌ى خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌کیان پێکهێنابوو بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ئاواره‌کان به‌بڕى یه‌ک ملیۆن دینار بۆ هه‌ر خێزانێک، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لیژنه‌که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌مه‌هه‌نگیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم‌و ئیداره‌ى پارێزگاکان نه‌بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌کمان له‌وباره‌وه‌ نییه‌ که‌ ئاخۆ بڕى چه‌ند به‌سه‌ر ئاواره‌کان دابه‌شکراوه‌و به‌چ میکانزمێکیش بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا بڕى 50 ملیار دینار له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقییه‌وه‌ ته‌رخانکراوه‌ بۆ کۆمه‌کى ئاواره‌کان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌گه‌یشتووته‌ هه‌رێم. 
 
نیقاش: نه‌گه‌یشتنى ئه‌م بڕه‌ هاوکارییه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌سته‌ به‌کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ی پرسى بودجه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌و بابه‌ته‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێکى مرۆییه‌و له‌سه‌ر حکومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ پێویسته‌ هاوکارى ئه‌م ئاوارانه‌ بکات، چونکه‌ ئه‌مانه‌ خه‌ڵکى عێراقن نه‌ک وڵاتێکى تر.
 
نیقاش: له‌سه‌ره‌تاى رووداوه‌کانى شنگال ژماره‌یه‌ک وڵات به‌خێرایى کۆمه‌کى مرۆییان گه‌یانده‌ ئاواره‌کان، ئایا تائێستا ئه‌و کۆمه‌کانه‌ به‌رده‌وامن‌و بایى چه‌ند کۆمه‌کى مرۆیى گه‌یشتووته‌ ئاواره‌کان؟

سه‌فین دزه‌یی: له‌گه‌ڵ گۆڕانى رووداوه‌کان بێگومان هاوکارییه‌کانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، سه‌ره‌تا که‌ خه‌ڵکێکى زۆر له‌سه‌ر چیاى شنگال بوون هاوکارییه‌ مرۆییه‌کان بۆ خه‌ڵکى چیاکه‌ زۆرو خێرا بوون، به‌ڵام ئێستا که‌ ژماره‌ى ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌وێ که‌مبۆته‌وه‌، بێگومان هاوکارییه‌کانیش که‌متر بوونه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکى ئه‌وێ، به‌ڵام به‌گشتى به‌رده‌وام هاوکارى مرۆیى بۆ ئاواره‌کان دێت، به‌داخه‌وه‌ هاوکارییه‌کان له‌ئاست گه‌وره‌یى رووداوه‌کان نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سوپاسى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ین بۆ پێشکه‌شکردنى هاوکارییه‌کانیان، ئێمه‌ داواکارین هاوکارییه‌کان زیاترو به‌رده‌وام بن تا له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى باران بارین بتوانین هاوکارى زیاترى ئاواره‌کان بکه‌ین.
 
نیقاش: تائێستا چه‌ند وڵات هاوکارى سه‌ربازیان پێشکه‌شى حکومه‌تى هه‌رێم‌و پێشمه‌رگه‌ کردووه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: هه‌ریه‌که‌ له‌وڵاتانى ئه‌مریکاو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نساو ئیتاڵیاو چیک، هاوکارى سه‌ربازیان پێشکه‌شى هێزى پێشمه‌رگه‌ کردووه‌، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ى به‌رێگه‌ى هێزى ئاسمانى بۆ لێدانى پێگه‌و مۆڵگه‌کانى چه‌کدارانى داعش چه‌ند وڵاتێک به‌شداریان له‌پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌کان کردووه‌، چه‌ند وڵاتێکى تریش به‌ڵێنى هاوکارى سه‌ربازیان به‌هه‌رێم داوه‌.
 
نیقاش: په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا به‌یاسا رێگه‌ به‌حکومه‌ته‌که‌ى نادات چه‌ک‌و هاوکارى سه‌ربازى بداته‌ ئه‌و لایه‌ن‌و ناوچانه‌ى له‌شه‌ڕدان، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار حکومه‌تى به‌رلین له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌ هاوکارى سه‌ربازى پێشکه‌شى پێشمه‌رگه‌ کرد، له‌کاتێکدا ئێستا پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ داعش له‌شه‌ڕدایه‌، ئایا ئه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ چى ده‌گه‌یه‌نێت؟

سه‌فین دزه‌یی: راسته‌ حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا له‌دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه‌ خۆیان پابه‌ندکردبوو که‌ هاوکارى سه‌ربازى هیچ لایه‌نێک‌و ناوچه‌یه‌ک نه‌که‌ن که‌ له‌کاتى شه‌ڕدابن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و رێچکه‌یان بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ شکاند، ئه‌مه‌ش جێگه‌ى سوپاس‌و پێزانینه‌، ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌‌نێت که‌ وڵاتانى ئه‌وروپاو ئه‌مریکاو جیهان له‌مه‌ترسى ئه‌و هێزه‌ دڕنده‌یه‌ تێگه‌یشتوون نه‌ک ته‌نیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان‌و عێراق، به‌ڵکو بۆ سه‌ر ته‌واوى جیهان مایه‌ى مه‌ترسین.
 
نیقاش: وابڕیاره‌ ئه‌مریکا بنکه‌یه‌کى سه‌ربازى له‌هه‌ولێر بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر داعش بکاته‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌کوێ گه‌یشت؟

سه‌فین دزه‌یی: له‌رووى ته‌کنیکییه‌وه‌ گفتوگۆکان له‌مباره‌وه‌ به‌رده‌وامن، به‌ڵام تائێستا له‌رووى کرداییه‌وه‌ هیچ شتێک نه‌بووه‌.
 
نیقاش: ئه‌م بنکه‌یه‌ شوێنی بنکه‌ی ئینچه‌رلیکی تورکیا ناگرێته‌وه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر، چونکه‌ بنکه‌ی ئینچه‌رلیک به‌شێکه‌ له‌بنکه‌کانى هاوپه‌یمانى (ناتۆ)، ئه‌و بنکه‌یه‌ش وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى وابڕیاره‌ له‌هه‌ولێر بکرێته‌وه‌ بۆ کاریگه‌رتربوونى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى هێزه‌کانى داعشه‌ له‌ناوچه‌که‌دا.
 
نیقاش: کردنه‌وه‌ى ئه‌م بنکه‌یه‌ تاچه‌ند ده‌بێته‌ هۆى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاینده‌ى ئێران؟

سه‌فین دزه‌یی: بنکه‌ى ئینچه‌رلیکى تورکیو بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانى ئه‌مریکا له‌وڵاتانى که‌نداو وه‌ک به‌حرێن‌و قه‌ته‌رو کوێت‌و ئیمارات هه‌موویان نزیکن له‌ئێران، ئه‌وه‌ى له‌هه‌ولێریش ده‌کرێته‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى داعشه‌، نه‌ک مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى ترى ناوچه‌که‌، هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ نابێت هه‌رێمى کوردستان ببێته‌ جێگه‌ى ململانێى زلهێزه‌کان.
 
نیقاش: له‌م ڕوانگه‌وه‌ دڵنیایتان داوه‌ته‌ ئێران که‌ کردنه‌وه‌ى ئه‌م بنکه‌یه‌ نا‌بێته‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئێران؟

سه‌فین دزه‌یی: له‌روانگه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پته‌وه‌ى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان‌و ئێران هه‌یه‌، هه‌ڵوێستى هه‌رێم به‌رانبه‌ر ئێران زۆر ئاشکرایه‌.
 
نیقاش: سه‌رۆک وه‌زیرانى کوردستان راگه‌یاند که‌ نامه‌یه‌کى بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ناردووه‌ تا کێشه‌کانى نێوانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئایا له‌و نامه‌یه‌دا باسى چى کراوه‌و وه‌ڵامى ئه‌و نامه‌یه‌ش نه‌گه‌یشتۆته‌وه‌ ده‌ست هه‌ولێر؟

سه‌فین دزه‌یی: له‌ناوه‌ڕۆکى نامه‌که‌دا باسى کێشه‌کانى ناوچه‌که‌و مه‌ترسى داعش‌و کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا کراوه‌، به‌چڕیش باسى چۆنیه‌تى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ کراوه‌ که‌ به‌هۆى ئاواره‌کانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان دروست بووه‌ تاحکومه‌تى عێراق ڕۆڵى کاریگه‌ر ببینێ بۆ هاوکارى ئاواره‌کان، هه‌روه‌ها له‌نامه‌کدا ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ هه‌رێم ئاماده‌یه‌ شاندێکى خۆى بنێرێته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان‌و چۆنیه‌تى هاوکاریکردنى ئاواره‌کان، تائێستاش وه‌ڵامى نامه‌که‌ نه‌گه‌یشتۆته‌وه‌ هه‌ولێر.
 
نیقاش: ئایا هه‌ولێر رازى ده‌بێت نه‌وته‌که‌ى له‌رێگه‌ى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقییه‌وه‌ بفرۆشرێت؟

سه‌فین دزه‌یی: به‌پێى ده‌ستوورى عێراق هه‌رێمى کوردستان بۆى هه‌یه‌ کار له‌سه‌ر کێلگه‌ نه‌وتییه‌کان بکات‌و نه‌وتیش هه‌نارده‌ بکات، به‌ڵام باوه‌ڕى به‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ت‌و سامانى عێراق هى هه‌موو خه‌ڵکى عێراقه‌و به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان داهاته‌کان دابه‌شبکرێن، له‌مانگى 12ى ساڵى رابردوو تامانگى نیسانى ئه‌مساڵ چوار جار شاندى هه‌رێم به‌سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى کوردستان سه‌ردانى به‌غداى کردو تێگه‌یشتنێکى باشیش هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواجار به‌غدا هه‌ر پێداگیربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کۆنترۆڵى نه‌وت له‌ده‌ستى ئه‌واندا بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌توانین هاوبه‌ش بین، به‌جۆرێک (سۆمۆ) به‌شێک بێت له‌ده‌رهێنان‌و هه‌نارده‌کردن‌و هه‌ژمارکردن‌و به‌بازاڕکردن‌و فرۆشتن‌و دابه‌شکردنى داهاته‌کان به‌شێوه‌یه‌کى شه‌فاف، به‌مه‌رجێک هاوبه‌ش بین‌و به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ین، به‌ڵام کۆنترۆڵ بدرێته‌ به‌غداو ئه‌وانیش به‌که‌یفى خۆیان نه‌وت هه‌نارده‌ بکه‌ن‌و به‌ئاره‌زووى خۆیان بودجه‌ بده‌نه‌ هه‌رێم یان نه‌یده‌نێ، ئه‌وه‌ جێى نیگه‌رانى ئێمه‌یه‌، هه‌میشه‌ له‌وه‌ده‌ترساین به‌غدا کارتى بودجه‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێم به‌کاربهێنێت، به‌ڵام پێویستى نه‌کرد چاوه‌ڕێى ئاینده‌ بکه‌ین، ئێستا له‌داهاتووداین‌و ئه‌وه‌ ماوه‌ى 9 مانگه‌ به‌غدا بودجه‌و قوتى خه‌ڵکى هه‌رێمیان بڕیوه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ش کارتێکى سیاسیه‌.
 
نیقاش: پێشنارێک هه‌بوو که‌ هه‌رێم رۆژانه‌ بڕى 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بکات، له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌غدا بودجه‌ى هه‌رێم بنێرێت، گه‌ر کوردستان له‌وه‌ش زیاتر نه‌وتى ده‌رهێنا بتوانێ خۆى ئه‌وه‌ى تر هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بکات، ئایا به‌غدا به‌وه‌ راز ده‌بێت؟

سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و پشنیاره‌ له‌مانگى نیسانى رابردووه‌ هه‌بوو، که‌ وه‌ک نیاز پاکییه‌ک هه‌رێمى کوردستان بڕیاریدا رۆژانه‌ بڕى 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى سۆمۆ بکات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى دانوستاندنه‌کان به‌ره‌و ئاقارێکى پۆزه‌تیڤ بچن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌غدا وتى ئه‌و بۆریه‌ى نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کات به‌هۆى کرده‌وه‌ى تیرۆرستى له‌کار که‌تووه‌، بۆیه‌ پیشناره‌که‌ نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام، ئێستاش حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و پیشناره‌ى دووباره‌ کردووته‌وه‌.
 
نیقاش: بڕیار بوو له‌هه‌فته‌ى یه‌که‌مى ده‌ستبه‌کاربوونى عه‌بادى سولفه‌یه‌ک له‌بودجه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێم بکات، ئایا بۆ ئه‌مه‌ بۆ داواکه‌وت؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر هیچ بڕیارێکى له‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ ته‌نیا قسه‌ بووه‌.
 
نیقاش: دانانى سێ مانگ بۆ حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى ته‌نیا گوشاره‌ بۆ هاتنه‌ ژێر بارى داواکارییه‌کانى کورد، یاخود ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستى جددیه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر مه‌سه‌له‌که‌ گوشار نییه‌، به‌ڵکو له‌پێکهێنانى هه‌موو حکومه‌تێک لایه‌نه‌ به‌شداره‌کان داواکارى خۆیان ده‌بێت، ئه‌و سێ مانگه‌ى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کانیش بۆ حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى دایناوه‌ وه‌ک سه‌قفێک وایه‌ بۆ نیاز‌و نیه‌ت پاکى حکومه‌تى نوێ له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانى هه‌رێم، چونکه‌ به‌شێک له‌و کێشانه‌ وه‌ک مادده‌ى 140و نه‌وت‌و گازو پێشمه‌رگه‌ له‌و ماوه‌یه‌ جێبه‌جێناکرێن، به‌ڵام گرنگه‌ نیه‌ت پاکى نیشان بدرێت‌و هه‌نگاو بنرێت.
 
نیقاش: وه‌زیره‌ کورده‌کان بۆچى ناچنه‌ به‌غداو سوێندى یاسایى بخۆن، ئایا حزبه‌ کوردییه‌کان له‌ناوخۆیاندا له‌سه‌ر کاندیده‌کان ناکۆکن یاخود داواى وه‌زاره‌تى زیاترتان کردووه‌و پێتان نه‌دراوه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: نازانین چۆن ناوى ئه‌و وه‌زیره‌ کوردانه‌ له‌کاتى پێکهنانى کابینه‌ى نوێ هێنران، چونکه‌ سه‌رکردایه‌تى کوردستان ناوى هیچ کاندیدێکیان نه‌دابوو، ئه‌و چه‌ند وه‌زاره‌ته‌ى بۆ کوردیش دانراون زۆر زۆر که‌متره‌ له‌رێژه‌ى ئه‌ندامانى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق‌و رێژه‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ به‌و پێیه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کانى له‌حکومه‌تى هه‌رێم به‌شدارن پێویسته‌ له‌حکومه‌تى به‌غداش به‌شداربن، به‌ڵام کاتێک ئه‌وان دوو وه‌زاره‌تیان بۆ کورد داناوه‌، ئایا ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ له‌ناوخۆى هه‌رێم بدرێته‌ کام لایه‌ن؟، گه‌رچى ناکۆکى ئه‌وتۆ له‌مباره‌وه‌ له‌نێوان حزبه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان نییه‌، به‌ڵام به‌شه‌ وه‌زاره‌تى کورد زۆر که‌متره‌ له‌مافى خه‌ڵکى کوردستان لانى که‌م پێوسته‌ چوار وه‌زاره‌ت بدرێته‌ لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆکان به‌رده‌وام‌و تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام. 
 
نیقاش: په‌یوه‌ست به‌مه‌سه‌له‌ى فرۆشتنى نه‌وت، ئایا ئێستا رۆژانه‌ چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشن‌و داهاتى فرۆشتنى نه‌وت تائێستا گه‌یشتووته‌ چه‌ند؟

سه‌فین دزه‌یی: له‌مانگى ئایاره‌وه‌ که‌ نه‌وتمان هه‌نارده‌ کردووه‌ تا مانگى ته‌مموز نه‌وته‌که‌مان نه‌فرۆشتبوو، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێک، ئێستا رۆژانه‌ له‌رێگه‌ى بۆرییه‌وه‌ نزیکه‌ى 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانی تورکی ده‌کرێت، تائێستا پاره‌ى فرۆشراوى نه‌وتى سێ چوار که‌شتى گه‌یشتووته‌ ده‌ستمان که‌ بڕى فرۆشتنى هه‌ر که‌شتیه‌ک 90 تا 100 ملیۆن دۆلار بووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستى دابه‌شکردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران سودى لێوه‌رگیراوه‌، گه‌رچى نه‌یتوانیوه‌ به‌شى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران‌و پێداویستیه‌کانى هه‌رێم بکات.
 
نیقاش: ته‌نیا له‌رێگه‌ى بۆریو له‌تورکیاوه‌ نه‌وت ده‌فرۆشن یان له‌رێگه‌ى ئێرانیشه‌وه‌ پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌؟

سه‌فین دزه‌یی: هه‌نارده‌کردنى نه‌وت له‌رێگه‌ى بۆرییه‌وه‌ کردارى (عه‌مه‌لی) تره، ئێستا هیچ بڕه‌ نه‌وتێک له‌رێگه‌ى ئێرانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ناکرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێران دانوستاندن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گه‌ر بکرێت له‌رێگه‌ى ئه‌و وڵاته‌وه‌ش نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بکه‌ین.
 
نیقاش: دواجار کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ره‌و کوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟

سه‌فین دزه‌یی: به‌شداربوونمان له‌حکومه‌تى ئێستاى عێراق‌و ده‌رفه‌تدان پێى ماناى ئه‌وه‌ ده‌به‌خشێت ئێمه‌ لایه‌نگیرى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانین له‌رێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌‌، چونکه‌ نامانه‌وێت به‌وه‌ تۆمه‌تبار بکرێن که‌ رێگرین له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان‌و شکستى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق، له‌هه‌مانکاتیشدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانمان له‌به‌رچاوه‌ و موسامه‌وه‌ى له‌سه‌ر ناکه‌ین.
 
نیقاش: هۆکاری چیبوو تورکیا پشتیوانی هه‌رێمی نه‌کرد له‌شه‌ڕی دژه‌ داعش له‌کاتێکدا په‌یوه‌ندییه‌کی باشتان له‌گه‌ڵ‌ تورکیا هه‌بوو؟

سه‌فین دزه‌یی: ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌خۆیانه‌وه‌، ئێستاش ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشمان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌، تورکیاش له‌رێگه‌ى مرۆییه‌وه‌ هاوکارى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌ له‌م رووداوانه‌و چادرگه‌ى ئاواره‌کان له‌دهۆک دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌کاتى رووداوه‌کان دیاره‌ له‌تورکیا پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕى پۆستى سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆک وه‌زیران له‌ئارادابوو، هه‌روه‌ها بوونى 49 بارمته‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌ده‌ستى داعش ره‌نگه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆکاربن بۆ که‌متر به‌شداریکردن‌و هاوکارى کردنى هه‌رێم، به‌ڵام ئێستا که‌ بارمه‌ته‌کانیان ئازادکراون ره‌نگه‌ هه‌ڵوێستیان بگۆڕێت.
 
نیقاش: نه‌بوونی ئه‌م پشتیوانییه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی ساردبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم‌و تورکیا؟

سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر، راسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى هه‌نگاوى زیاتر بوو له‌حکومه‌تى تورکیاو ئێستاش چاوه‌ڕوانى زیاتر ده‌که‌ین.

 هیوا به‌رزنجى- هه‌ولێر 


زۆرترین خوێندراو