رێکخه‌ری کۆمسیۆنی په‌نابه‌رانی جیهانى له‌هه‌رێم: کار وا بڕوات ناچار ده‌بین داوای هاوکاری له‌وڵاته‌ کۆمه‌ک به‌خشه‌کان بکه‌ین

10/18/2014 10:10:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش   

رێکخه‌ری کۆمسیۆنی په‌نابه‌رانی جیهانی (UNHCR) له‌هه‌رێمی کوردستان تیشکده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وشی ئه‌و په‌نابه‌رو ئاوارانه‌ی روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ بوونی که‌موکوڕی‌و کێشه‌ی جۆراوجۆر، به‌ڵام هیچ که‌سێک له‌و لێقه‌وماوانه‌ برسى نین‌و نه‌خۆشی له‌نێوان بڵاو نه‌بۆته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات کار وابڕوات له‌کاتی هاتنی ژماره‌یه‌کی زیاتری په‌نابه‌ری سوری بۆ ناو  هه‌رێمی کوردستان ناچارن داوای هاوکاری له‌وڵاته‌ کۆمه‌ک به‌خشه‌کان بکه‌ن.
 
 ئیمانوێل ژینیاک رێکخه‌ری کۆمسیۆنی په‌نابه‌رانی جیهان (UNHCR) له‌هه‌رێمی کوردستان له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی (نیقاش) زانیاری زیاتر  له‌باره‌ی ئاواره‌کانی ناوخۆی عێراق‌و په‌نابه‌رانی سوریا له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌خاته‌روو.
 
نیقاش: ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ به‌وردی چه‌ندن؟

ژینیاک: به‌گوێره‌ی دوا ئاماری رێکخراوه‌که‌مان ئێستا زیاتر له‌ 210 هه‌زار په‌نابه‌ری سوریا که‌ زۆربه‌یان له‌نه‌ته‌وه‌ی کوردن له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراق نیشته‌جێکراون، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ زیاتر ده‌بێت ئه‌ویش به‌هۆی بارودۆخی ئێستای شاری کۆبانی له‌سوریا، بۆئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌ک له‌په‌نابه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ش گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت پێشبینی هاتنی ژماره‌یه‌کی زیاتر ده‌کرێت.
 
نیقاش: ئاماده‌باشیه‌یه‌کی رێکخراوی UNHCR چیه‌ تاکو کاری پێویست بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بکرێ؟

ژینیاک: ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا هه‌یه‌ تواندراوه‌ پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیان بۆ دابین بکه‌ین‌و پلانمان هه‌یه‌ چه‌ندین که‌مپى تر له‌شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان دروست بکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کار وابڕوات‌و ژماره‌که‌ له‌وه‌ زیاتر بێت ئه‌وا ناچار ده‌بین په‌نا بۆ وڵاته‌ کۆمه‌ک به‌خشه‌کان ببه‌ین تاکو هاوکاری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ بکرێت، چونکه‌ ناتواندرێ له‌یه‌ک کاتدا پێشوازی له‌ژماره‌یه‌کی زۆری په‌نابه‌ر بکرێت.
 
نیقاش: ئه‌و پێداویستیانه‌ چین که‌ سه‌ره‌تا ده‌یبه‌خشنه‌ په‌نابه‌ران؟

ژینیاک: ئێمه‌ وه‌ک رێکخراوی UNHCR کاتێک په‌نابه‌ر دێنه‌ ناوه‌وه‌ پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک چادرو خواردنی گه‌رم‌و ئاویان بۆ دابین ده‌که‌ین، دواتر له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی تری سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌رووی خۆراکی ساردو به‌رده‌وام‌و ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده‌ هاوکاری ده‌کرێن.
 
نیقاش: سه‌باره‌ت به‌ئاواره‌کانی ناوخۆی عێراق که‌ ئه‌وانیش روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ چیتان کردووه‌؟

ژینیاک: هه‌رچه‌نده‌ مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌کانی ناوخۆ که‌ له‌موسڵ‌و ئه‌نبارو ناوچه‌کانی تری عێراق روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غداوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌گوێره‌ی توانا کارمان کردووه‌و بۆ ئه‌وانیش پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیان بۆ دابینکراوه‌و 350 هه‌زار که‌س سوودیان له‌و هاوکاریانه‌ی UNHGRوه‌رگرتووه‌ ، بڕیاریشه‌  10 که‌مپى تریان بۆ بکه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌وانیش 4 له‌دهۆک‌و 3 له‌سلێمانی‌و 3 له‌هه‌ولێر.
 
نیقاش: هه‌رێمی کوردستان‌و ناوچه‌که‌ له‌وه‌رزی زستان نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی ئێوه‌ چییه‌ بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ره‌کان؟

ژینیاک: به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌رنامه‌و پلانمان هه‌یه‌، له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌باشی کراوه‌ تاکو شوێن‌و که‌لوپه‌لی زستانه‌یان بۆ دابین بکه‌ین،  له‌وانه‌ نه‌وت‌و ئامێری گه‌رمکه‌ره‌وه‌و پێخه‌ف‌و شتی تر، ئه‌و هاوکاریانه‌ش ته‌نها به‌نابه‌رانی سوریا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵکو ئاواره‌کانی ناوخۆش سوودمه‌ند ده‌بن.
 
نیقاش: هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن، ره‌وشی په‌نابه‌ران له‌هه‌رێم ناله‌باره‌و به‌رپرسانیش رایه‌کی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌، ئێوه‌ به‌گشتی ره‌وشی ئاواره‌و په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن؟

ژینیاک: هه‌رچه‌نده‌ ژیانی ئاواره‌ییو په‌نابه‌ری ناکاته‌ ژیانی ئاسایى خێزانه‌کان له‌ماڵ‌و حاڵی خۆیان ، به‌ڵام ره‌وشی په‌نابه‌ران‌و ئاواره‌ ناوخۆییه‌کان به‌راورد به‌شوێنی تر تاڕاده‌یه‌ک باشه‌، راسته‌ که‌موکوڕی هه‌یه‌و پێدویستی به‌هاوکاری تر ده‌بێت، به‌ڵام که‌س له‌و خه‌ڵکانه‌ی به‌هۆی توندوتیژه‌کانه‌وه‌ روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردوو برسى نین، یان نه‌خۆشیه‌کی کوشنده‌ له‌نێویان بڵاونه‌بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، چونکه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌کاتێکی که‌مدا ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی لێقه‌وماو روو له‌شوێنێک بکات، بۆیه‌ بێگومان کێشه‌و که‌موکوڕی هه‌یه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری بکه‌ین.
 
نیقاش: رۆڵی هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌و به‌غدا له‌هاوکاریکردنی  په‌نابه‌رو ئاواره‌ی ناوخۆ چۆن ده‌بینی؟

ژینیاک: هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو حکومه‌ت کاریان بۆ لێقه‌وماوان کردووه‌، له‌وانه‌ حکومه‌تی به‌غدا 35 ملیار دیناری به‌خشیوه‌ تاکو  شه‌ش که‌مپ له‌دهۆک دروست  بکرێت‌و بڕیاریداوه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک به‌و خێزانانه‌ بدات،  به‌ڵام ئه‌وی ده‌بینین سیسته‌مێک نیه‌ بۆ رێکخستنی ئه‌و کارانه‌و پێویسته‌ زیاتر رێکبخرێت، بۆیه‌  زۆر کار ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ن تاکو کێشه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ که‌متر بێته‌وه‌، له‌وانه‌ پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ناوچه‌کانی تر هاتوون موچه‌کانیان بۆ هه‌رێمی کوردستان بگوزارێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وان زۆر باش ده‌بێت.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌قه‌یرانێکی داراییدایه‌و  موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دواده‌که‌وێت، که‌چی کارى باشیان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کردووه‌ .

ئا : هێمن عه‌بدوڵا


زۆرترین خوێندراو